٢٠\٦\٢٠١١
هەڵبژێردراوانی
فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیە دیاریکران.
مهنسوور جیهانی
 هەڵبژێردراوانی
بەشە جۆراوجۆرەکانی؛ باشترین سیناریۆ، باشترین دەرهێنان، باشترین
ئەکتەری کچ، باشترین ئەکتەری کوڕ و خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوانی
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیە لە شاری رانیە دیاریکران.
بە پێی ڕاپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیە،
ڕێورەسمی کۆتایی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیە بە
بەشداری ژمارەیەکی زۆر لە هونەرمەندان و هۆگرانی هونەری سینەما و
هەندێک لە لێپرسراوانی حیزبی و حوکمی لە هۆڵی 5ی ئازار لە شاری رانیە
بەڕێوەچوو و تیایدا هەڵبژێردراوانی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم فێستیڤاڵە
لە لایەن ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانەوە دەستنیشان کران و لە لایەن
بەرپرسانی فیستیڤاڵەوە تەندیسی چۆلەکەی زێڕین و دیپڵۆمای فەخری
بەرسەریاندا دابەشکرا و هەروەها بڕوانامەی رێزلێنان پێشکەش بە هەندێک
لەو کەسانە کرا کە بە خۆبەخشانە یارمەتی فیستیڤاڵیان داوە.
لە سەرەتای ڕێوڕەسمی کۆتایی یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی
رانیە، گروپی هەڵپەڕکێی کوردی منداڵانی رانیە سەر بە ماڵی رۆشنبیری
شاری رانیە، چەندین تابڵۆی جوان و رێکووپێکی هەڵپەڕکێی کوردییان پێشکەش
کرد.
هەروەها قائیم مقامی قەزای رانیە وتارێکی پێشکەش کرد و لە درێژەی
بەرنامەکەدا "ئازاد سەوزە" بەرێوەبەری فیستیڤاڵ و سەرۆکی
بەرێوەبەرایەتی هونەری سینەمای سلێمانی، سەبارەت بە گرینگی بەڕێوەچوونی
ئەم جۆرە فیستیڤاڵانە هاتە ئاخاوتن و راپۆڕتێکی لەسەر ئەم فیستیڤاڵە
پێشکەش کرد.
لە بەشێکی دیکەی ئەم ڕێوڕەسمەدا لە کۆمپانیای سینەمایی "ستاک فیلم"ی
سنە بە سەرپەرەستی سەتار چەمەنی گوڵ و ڤیدا ساڵحی لە هەستکردن بە
لێپرسراوییەتی سەرخستنی کارەکانی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیە، و
دڵسۆزانە کارکردن بۆ گەیاندن و پەخشی فیلمەکانی سینەماکارانی کوردستانی
ئێران، بڕوانامەی رێزلێنانیان پێشکەش کرا.
بەرپرسانی فیستیڤاڵ بە پێشکەش کردنی لەوحەی فەخری، رێزی تایبەتیان لە
تەواوی ئەو دەرهێنەرانە کرد کە فیلمەکانیان لە رۆژانی بەڕێوەچوونی
فیستیڤاڵ نمایش کراوە.
لە بەشی کۆتاییدا ئەندامی لێژنەی ناوبژیوانی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی
رانیە کە بریتی بوون لە: تاهیر عەبدوڵڵا، تەها کەریمی، گۆنە حەمە ساڵح،
سۆسەن سومەر و سەلار فەتاح، دەنگی خۆیان لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئەم
فیستیڤاڵە بەم شێوەیە راگەیاند:
1ـ خەڵاتی باشترین سیناریۆ:
خەڵاتی تەندیسی چۆلەکەی زێڕینی ئەم بەشە بەخشرا بە جەعفەر نوورمحەمەدی
بۆ نووسینی سیناریۆی کورتە فیلمی "هێلانەیک لەسەر بەرد" لە شاری ئیلام.
2ـ خەڵاتی باشترین دەرهێنان:
خەڵاتی تەندیسی چۆلەکەی زێڕینی ئەم بەشە بەخشرا بە تەیموور قادری بۆ
دەرهێنانی کورتە فیلمی "هەنار میوەی بەهەشت" لە شاری کامیاران.
3ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری کچ:
خەڵاتی تەندیسی چۆلەکەی زێڕینی ئەم بەشە بەخشرا بە نگین شەریعەتی بۆ
رۆڵ بینین لە کورتە فیلمی "زەوی فۆتبۆڵً" لە شاری سنە.
4ـ خەڵاتی باشترین ئەکتەری کوڕ:
خەڵاتی تەندیسی چۆلەکەی زێڕینی ئەم بەشە بەخشرا بە مەتین عیبادی بۆ رۆڵ
بینین لە کورتە فیلمی "چنینی بەرە بەیان" لە شاری کامیاران.
5ـ خەڵاتی تایبەتی لێژنەی ناوبژیوان:
خەڵاتی تەندیسی چۆلەکەی زێڕینی ئەم بەشە بەخشرا بە ئەکبەر شەهبازی بۆ
دەرهێنانی کورتە فیلمی "هاوڕێ" لە شاری بانە.
یەکەمین خولی فێستیڤاڵی فیلمی منداڵانی رانیە بە چاودێری قائیم
مقامییەتی قەزای رانیە، و لە لایەن وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی حکومەتی
هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەری سینەما، بەڕێوەبەرایەتی
هونەری سینەمای سلێمانی و هەروەها بەڕێوەبەرایەتی رۆشنبیری منداڵانی
رانیە، بە بۆنەی رۆژی جیهانی منداڵانەوە بە نمایشی 21 کورتە فیلمی لە
دەرهێنانی سینەماکارانی لاوی هەرێمی کوردستان و کوردستانی ئێران لە
رۆژانی 12 تا 15ی حوزەیرانی 2011 لە هۆڵی 5ی ئازار لە رانیە بەڕًێوەچوو.
بەڕێوەبەرایەتی راگەیاندنی گشتیی فێستیڤاڵی
فیلمی منداڵانی رانیە
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|