١٩\١٢\٢٠١١
هەڵبژێردراوانی
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دهۆک
-
بەرلین دیاریکران.
مهنسوور جیهانی
هەڵبژێردراوانی
بەشی پێشبڕکێی کورتە فیلمی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دهۆک -
بەرلین دیاری کران و تەندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی نەقدی
بەسەر هونەرمەنداندا دابەشکرا.
بە پێی ڕاپۆڕتی راگەیاندنی گشتیی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین - دهۆک،
رێوڕەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی فیلمی کوردی دهۆک ـ بەرلین، بە
بەشداری ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوان، دەرهێنەرەکانی بەشداربوو لە
فیستیڤاڵ و هۆگرانی هونەری سینەما لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی شاری دهۆک
بەڕێوەچوو. لەم بەرنامەیەدا سەرەتا عادڵ حەسەن سەرۆکی فیستیڤاڵی فیلمی
کوردی دهۆک ـ بەرلین سەبارەت بە بەڕێوەچوونی ئەم فیستیڤاڵە وتارێکی
پێشکەش کرد و لە درێژەدا ئەندامانی لێژنەی ناوبژیوانی فیستیڤاڵ
دەنگەکانی خۆیان راگەیاند و تەندیسی فیستیڤاڵ، دیپڵۆمای فەخری و خەڵاتی
نەقدی بەسەر هونەرمەندانی سەرکەتوودا دابەشکرا.
ئەندامانی لێژنەی دادوەری ئەم فیستیڤاڵە کە بریتی بوون لە: مەمەد
ئەکتاش بەرهەمهێنەر و سەرۆکی کۆمپانیای سینەمایی "میتۆس فیلم" لە وڵاتی
ئەڵمانیا وەکوو سەرۆکی لێژنەی ناوبژیوان، شەوکەت ئەمین کۆرکی دەرهێنەری
دوو فیلمی سینەمایی لە هەرێمی کوردستان، نیزامەدین ئاریچ سترانبێژ و
موزیکزان لە وڵاتی ئەڵمانیا، برێند بۆدێر یەکێک لە ئەندامانی فیستیڤاڵی
نێونەتەوەیی فیلمی بێرلیناڵە لە وڵاتی ئەڵمانیا و خاتوو ئێلینا
سکرزیۆسکا لە وڵاتی ئەمەریکا دەنگەکانی خۆیان بەم شێوەیە راگەیاند:
ـ پلەی یەکەم:
تەندیسی زێڕینی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری پێشکەش کرا بە جەلال
ساعیدپەنا بۆ سازکردنی کورتە فیلمی "دەنگی باران" لە شاری سنە لە
کوردستانی ئێران.
ـ پلەی دووەم:
تەندیسی زێوینی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری بەخشرا بە بێنیوسا بێریڤان
بۆ سازکردنی کورتە فیلمی "پیاسە کردن" لە شاری برووکسێل لە وڵاتی
بەلجیکا.
ـ پلەی سێیەم:
تەندیسی بورەنزی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری پێشکەش کرا بە ئارییەن
ئانان ئەسڵان بۆ سازکردنی کورتە فیلمی "پێش بانگ" لە شاری دەرسیم لە
باکووری کوردستان.
ـ خەڵاتی تایبەتی
لێژنەی ناوبژیوان:
تەندیسی فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری بەخشرا بە حوسێن حەسەن بۆ سازکردنی
کورتە فیلمی "وڵام نییە" لە شاری دهۆک لە هەرێمی کوردستان.
جێی ئاماژە پێدانە لە یەکێک لە رۆژانی فیستیڤاڵدا بەرێوەبەرانی شەشەمین
خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین ـ دهۆک لە کارێکی شایستەدا بە
پێشکەش کردنی تەندیس فیستیڤاڵ و دیپڵۆمای فەخری و چەپکە گوڵ، رێزیان لە
چەندین کەسایەتی کورد گرت کە بە کار و ماندووبوونی خۆیان خزمەتیان بە
هونەری سینەما کردووە، لەوانە: "فاتۆش گونەی" هاوسەری سینەماکاری
ناودار و گەورەی کورد یۆڵماز گونەی، "محەمەد موحسین" پێشمەرگەی دێرین و
هاوڕێی ئێستای سینەماکارانی کورد و عەباس غەزالی بەرهەمهێنەری چەندین
فیلمی سینەمایی و فیلمی بەڵگەنامەیی و کورتە فیلم.
خاڵێکی دیکەی بەرچاوی شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین ـ
دهۆک ئەوەیە کە بۆ یەکەمین جار، فیلمی سینەمایی "یۆڵ" لە دەرهێنانی
سینەماکاری هەڵگری خەڵاتی چڵە بەڕووی کان "یۆڵماز گونەی" بە زمانی
کوردی بڵاوکرایەوە. ئەم فیلمە بە هاوکاری کۆمپانیایی "میتۆس فیلم"
دوبڵاژکرابۆوە بۆ سەر زمانی کوردی.
شەشەمین خولی فیستیڤاڵی فیلمی کوردی دهۆک ـ بەرلین لە لایەن
بەڕێوەبەرایەتی گشتی هونەری دهۆک سەر بە وەزارەتی رۆشنبیری و لاوانی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە هاوبەشی و هاوکاری کۆمپانیای "میتۆس
فیلم"ی ئەڵمانی و هەروەها بە سپۆنسەری نزیکەی 20 ناوەندی کلتووری،
رۆشنبیری و هونەی لە هەرێمی کوردستان و بە نمایشکردنی 9 فیلمی سینەمایی،
4 فیلمی دیکۆمێنتاری و 11 کورتە فیلم لە بەشی پێشبڕکێی و 12 کورتە فیلم
لە بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی لە سینەماکارانی کورد و بیانی لە وڵاتانی
تورکیا، ئێران، ئەڵمانیا، کەنەدا، فەرەنسا، نەرویج، بەلجیکا و هەرێمی
کوردستان و هەروەها 8 سیمیناری پسپۆڕانە لەسەر هونەری سینەما لە رۆژانی
12 تا 17ی دیسەمبەری 2011 لە هۆڵی کۆنگرەی زانکۆی دهۆک و هۆڵی هوتێل
ژیانی ئەم شارە بەڕێوەچوو و لە لایەن بینەرانەوە پێشوازییەکی باشی
لێکرا.
راگەیاندنی گشتیی
فیستیڤاڵی فیلمی کوردی بەرلین - دهۆک
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|