په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٠\٣\٢٠١٩

ھەڵەبجە دۆزەخێک بۆ رۆژھەڵاتییەکان.


عەلی مەحمود محەمەد  


ناکرێت مێژووی کوردستان لە ھەشتاکانی سەدەی ڕابردوود، لە مێژووی گشتگیری پەیوەندییەکانی لایەنە کوردییەکان لە گەڵ ئێرانیەکان جیابکەیتەوە، باجی ئەم پەیوەندییانە ئەوەندە گەورە بوون، وێڕای ئەوەی سەرتاپای بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کوردی بۆ کۆتایی ھێنان بە ستەمی نەتەوایەتی ناشرین کرد، ھاوکات بونیادی کۆمەڵگای گەلی کوردی سەرتاپا گۆڕی، تەنانەت پریشکی زیانەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستانیشی گرتەوە، لە کیمیاباران و بۆمبابارانکردنی شارە سنوورییەکانەوە بگرە تا دەگاتە کیمیابارانکردنی بۆتێ و شەھید کردنی پێشمەرگەکانی گوردانی شوانی کۆمەڵە و پێشمەرگەکانی دیموکرات و سوپای رزگاری .

لە کوێوە بچیتە ناو تاوان و تراژیدیاکانی ئەو مێژووە ڕەشەوە خوێن بەرت پێ دەگرێت، ئەو کەس و لایەنانە پێیان وایە سەرتاپای مێژوویان پاکیزەییە و ھیچ لەکەیەکی بەسەرەوە نییە، تەنھا بەوەی لە بەر ئەوەی پێشمەرگە و لە بەرەی نەیاری بەعسدا بوونە، لە حەقیقەتدا ڕاست ناکەن و دەیانەوێت فێڵ لە مێژوو و گەلەکەمان بکەن، ناشرینیەکانیان تنۆک تنۆک شەرمەزاری لێ دەتکێتەوە، ئەو مێژووە ھەر دەکەوێتە بەر خوێندنەوەی نوێ و نھێنیەکانی ئاشکرا دەبن، بۆیە نابێت باوەڕ بە قسەو یاداشتەکانیان بکەین کە سەرتاپای تژییە لە پاکانە بۆ ھەڵەو تاوانەکانیان و راست کردنەوەی بە درۆ، ئەو مێژووە پێویستی بە خوێندنەوەی راستگۆیانە ھەیە.

ئەکتەرە سیاسییە بڕیار بە دەستە باڵاکان ھەمیشە شکست و تراژیدیایان خولقاندووەو قوماریان بە کۆمەڵگاوە کردووە، ئەمەش بۆتە بەشێک لە نەرێت و کلتوری سیاسیان، وای پیشان دەدەن شکست و ھەڵە گەورەکان پەیوەندیان بەوانەوە نییە، ئەوان نوخبەیەکی بێ ھەڵەو تاوان لە ئاسمانەوە دابەزیون و تاوانبار تەنھا داگیرکەرانن، بە دان نەنان بە راستیەکان و ھۆنینەوەی حکایەتی درۆ خۆیان دەخەنە دەرەوەی روداو تاوانەکان، دەروێشەکانیشیان شاباشی شکستە گەورەکانیان دەکەن، ئەمە لە خوێندنەوەی وردی تاوانی ھەڵەبجە دەردە کەوێت، کارەکتەر و بکەر و بڕیار بە دەستەکانی شەڕی ھەڵەبجە، نھێنییەکانی، وردەکاریەکانی تا ئێستا دوای ٣١ ساڵ وەک خۆی ماوەتەوە.

باسکردنی ھەڵەکان ، پەنجە خستنە سەر حەرامەکان ئازایەتی و دەستپێشخەری دەوێت، ھەرچەندە ئەوان ئەو ڕێگایەیان بە ترس و بە شاردنەوەی ڕاستییەکان لە گەل گرتووە، بەڵام دەبێت دەرگا داخراوەکانی بکرێنەوەو زانیاری و نھێنییەکانی ئاشکرا بکرێن.

ھێرشی فەجری ١٠ کە بە نھێنی یارەسواللە بۆ داگیرکردنی ھەڵەبجە دەستی پێکرد" یەک و نیوی شەوی ١٢ لەسەر ١٣ی ٣-١٩٨٨ ھێرش بە رەمزی یا رەسولەڵا دەستی پێکرد. لە ناکاو چاومان لە چەخماخەو ئینجا تەقە لەسەر قوللەی چادرگە (بەفری میری) سەر لوتکەی شنرۆێ دەستی پێکرد لە لایەن سوپای پاسدارانەوە- گازبارانی ھەڵەبجەو راستی روداوەکە، حەمەی حەمە سەعید، ٢٠١٤ ل٧٩ " کەواتە یەکەم تەقە پاسدار کردویەتی "، بووە ھۆی ئەوەی ئێران سەرکەوتن تۆمار بکات پاش زنجیرەیەک شکست لە باشورو ناوەڕاستی عێراقەوە، بە دوایدا ھەردوو ھێرشی زەفەری ٧ لە خورماڵ و بەیت المقەدەس ٤ لە بەرزاییەکانی شەمێران و سورمڕ لە سەر دەریاچەی دەربەندیخان ئەنجام بدات، ٥ شاری عێراقی بۆ یەکەمجار لە گەڵ نزیک ١٠٠٠ کم دووجار خاک بکەوێتە ژێر دەستیان، ھەڵەبجە گەورەترین شاری عێراقی بوو ئێران لە ماوەی جەنگی ٨ ساڵەی عێراق - ئێران داگیری بکات، دوای شەڕەکە ھیچ زەوییەک بە دەست کوردەکانەوە لە رۆژھەڵاتی کوردستان نەما کە تا ئەوکات ناوچەی نەوسود لە ژێر کۆنترۆڵی ھێزەکانی دیموکراتدا بوو، بەمەش ئێران کۆمەڵێک ئامانجی پێکا.

ئەو لایەنانەی بوونە قۆنتەراتچی ھێنانی پاسدار بۆ سەر ناوچەکە، تەنھا قوماریان بە خەڵکی سڤیلی شاری ھەڵەبجەو ناوچە ئەنفالکراوەکانەوە نەکرد، بەڵکە بە کوردی پارچەکانی دیکەشەوە کردیان، لەو ھەموو شەڕانەدا ئەگەر بۆ خۆیان بە زیانێکی کەم دەرچوون" لە ھەموو ئەو بەناو داستانەدا ٨ پێشمەرگەی ینک ، ٦ی سۆسیالست و ٤ی پارتی بوونە قوربانی ، دیار نییە چەندیان بە گازی کیمیاوی گیانیان بەخت کردووە"گازبارانی ھەڵەبجەو راستی روداوەکە، حەمەی حەمە سەعید، ٢٠١٤ ، ل١٨٤""، ئەو فەرماندانەی خەڵکی ناوچەی ھەڵەبجەو دەوروبەری بوون ماڵ و مناڵیان پارێزرا چونکە پێشتر ئاگادار کرانەوە، لێ مەرگە ساتیان بۆ ئەو خەڵکە ساز دا.

یەکێک لە لایەنە شەرمەزارییەکانی دیکەی شەڕی ھەڵەبجە، وێڕای تاڵانکردن و بە بارمتە گرتنی خەڵکی سڤیلی شارەکە بوو کە بۆ خۆی بە پێوەری جیھانی تاوانی جەنگە، شەھید بوونی پێشمەرگەکانی ڕۆژھەڵات و داگیرکردنی بارەگاکانیان بە سانایی و بێ بەرامبەر تەسلیم بە کۆماری ئسلامی ئێران کرانەوە.

با لە گەڕان بە ناو وتەی شایەد حاڵەکاندا بزانین ئەندازیارانی شەڕی ھەڵەبجە، ھەڵوێستیان چۆن بووە لەسەر ھێزەکانی ڕۆژھەڵات.

لە ٢٨ ساڵ لەمەوپێشەوە، کە خەڵکی شاری ھەڵەبجە و تەواوی کوردستانیان ساڵانە یادی ٥٠٠٠ قوربانی ھەڵەبجە دەکەنەوە، پێویستە لە گەڵ ئەواندا یادی ھەموو قوربانیەکانی رۆژھەڵات بکەنەوە کە لە ھەمان پرۆسە گیانیان بەخت کردووە، ھاوکات ناویان لە لیستی قوربانیانی ھەڵەبجە بنوسرێت، کە بریتین لە ٧٢ پێشمەرگەی کۆمەڵەو ٥ی دیموکرات، ٥٢ پێشمەرگەی سوپای رزگاری" ھێزی رزگاری لە ناو بیارە ٧ کوژراو ٤٥ دیلیان دا " کۆمەڵکوژی کورد لە جەنگی ئێران عێراقدا- ھەڵەبجە ١٦-٣-١٩٨٨ بە نموونە ل ٢٩٥" "، سەرباری رەشبگیری ئەو خەڵکە سڤیلە رۆژھەڵاتیانەی لە ناوچەکە بوون " کۆی گشتی ٣٥٠ دیل، ٢٧ تەسلیم بوونەوە" کۆمەڵکوژی کورد لە جەنگی ئێران عێراقدا - ھەڵەبجە ١٦-٣-١٩٨٨بە نموونە ل ٢٩١ "، ھاوکات دۆکۆمێنتەکانی بەعسیش لە ھەڵەبجە گرتران کە ناوی زۆر لە نەیارانی کۆماری ئیسلامی تێدا بوو، دواتر کەوتنە بەر پەلامار و ھەڕەشەکردن لە ناوخۆ، سەرباری ئیعدام و زیندانی دی کە ئامار نەکراون، واتا زیانی رۆژھەڵاتیەکان لە تاوانی ھەڵەبجە زۆر لەوە زیاترە کە باسی لێوە دەکرێت.

سەرەتای گەشتی ھێنانی پاسدار بۆ سەر ھەڵەبجە و گفتو گۆکان لە بارەیەوە.

شەوکەتی حاجی مشیر کە بە ئەندازیاری سەربازی شەڕەکە دێتە ژماردن، لە پەرتووکەکەیدا سەبارەت بە دۆسیەی رۆژھەڵاتییەکان لە تاوانی ھەڵەبجەدا بۆ خۆی دان بەوەدا دەنێت کە :

١- راستەوخۆ لایەنەکان لە ھێرشەکە ئاگادار نەکراونەتەوە، بەڵکە وەک گریمانەی سەربازی ھەواڵی ھێرشەکەیان پێ گەیەنراوە لە ڕێگەی خۆی و فەرماندە ھەرێمییەکانەوە، نەک وەک ئەوەی ھێرشێکی سەربازی سەرتاپاگیری نەخشە داڕێژراوی بەرفراوان بەڕێوەبێت.
٢- سەرکردایەتی ئەو لایەنانە کە پەیوەندییەکی گەرم و گوڕیان لەگەڵ ینک ھەبوو، دەشیا لە لایەن سەرکردایەتییەوە بە شێوەی فەرمی ئاگادار بکرانایەتەوە لەو ھێرشە بەرفراوانە،ڕاستییەکانیان پێ بوترای،جدییەتی زیاتر دەبوو.

" نەدەکرا ڕاستەوخۆ بەرنامەکەی خۆمانیان پێ بڵێین ، لەبەر پاراستنی نھێنی چالاکی یەکەو ئاشکرا نەبوونی . دیاربوو زۆریان پێ ووتبون بەڵام لایەنی دیموکرات گاڵتەیان بە ھەواڵەکە ھاتبوو ووتبویان پڕوپاگەندەی کۆماری ئیسلامی ئێرانە بۆ چەواشە کرنی ئێمە ، لە ڕاستیدا لەم لاشەوە چونکە ھێز کۆکردنەوەکانی ئێمەو ئێرانیش ئەوەندە بە نھێنی بوو کە بە شەو جموجۆڵمان ئەکرد و بە تایبەتی حکوومەتی ئێران ھێزەکانی زۆر بە نھێنی ئەجوڵان بە ئۆتۆمۆبێلی داخراو بە شەو لە ناوچەکانی نێوان ((پاوەو جوانڕۆو باینگاندا)) بڵاوەیان پێ کردبوو لە دۆڵ و شیوو ناو دارستانی ناوچەکەدا جێگایان چاک کردبوو ، ھاتوو چۆشیان لەو ناوچەیە قەدەغە کردبوو ((کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل١٠٦). ((لە ھەمان ڕۆژیشدا نامەیەکیان ناردبوو بە کەسێکی دڵسۆزدا کە بیگەیەنێتە لێپرسراوەکانی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی ئێران - (کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل ١٠٦)، باسی ھێزی رزگاری ناکات چونکە ئەو تاوانەی بەرامبەر ئەوان کرابوو وەک کۆمەڵەو دیموکرات لە قاو نەدرابوو، بە ھۆی لاوازی پێگەی سیاسی و پەیوەندیەکانی سوپای رزگاری لە گەڵ بەعس ، زیاتر وەک ھێزی پاشکۆ دەناسران .

(( ئەم ھەوڵانە لە ڕێگەی تیپی ١١ ی ھەورامانی ینک ئەوە ئەنجام درا (کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل١٠٥).

ئەو پێشمەرگانەی لەگەڵ حدکا دانیشتوون و پەیامی ھێرشەکەیان پێ گەیاندوون، کاک شەوکەت بەم شێوەیە ڕیزبەندییان دەکات ((ئەوانەی لە گەڵ دیموکرات دانیشتن بریتی بوون لە شەوکەت حاجی مشیر ، مامۆستا ساڵەح قادر، قادر کۆکۆیی، محەمەد حەمە سەعید- کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل ١٠٧)).

وەلێ کاک حەمەی حەمە سەعید دەڵێت"قسە کردن لە گەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵەی ئێران و سوپای رزگاری، ئەویش سپێردرابوو بە ( من و کاک حامید و نیازی). گازبارانی ھەڵەبجەو راستی روداوەکە، حەمەی حەمە سەعید، ٢٠١٤ ل٧١"، کەواتە ئەم برادەرانە لە ژیاندا ماون دەبێت رونکردنەوەی زیاتر بدەن لەسەر پەیوەندیکردن بە کۆمەڵەو رزگارییەوە، بۆ سەلماندنی وتەکانیان ھەر ئەوەندە بەس نییە بڵاویان کردۆتەوە، بە دانپێنانی خۆیان بەرپرسی یەکەمن.

((کۆمەڵە ئەگەر چی دوورتر بوون لە سنوری ئێمە و تێکەڵاویشمان زۆر کەمبوو پێکەوە لەو سەردەمەد، ھەندێ ساردیش ھەبوو لە نێوان ھەندێ لێپرسراوانی ئەو سنورەی ئێمە و ئەواندا ئیتر ھەر باوەڕیان بە ھەواڵەکە نەکرد و گاڵتەشیان پێ ھاتبوو و ھیچ وەڵامیشیان نەداینەوە نە بە نامە و نە بە نوێنەریان - کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل١٠٧.((، وەلێ حەمەی حەمە سەعید ھەواڵەکە دەکات بە نامەو نامەبەریش ناوی دیار نییە، کەسیش نازانێت گەیاندویەتی یان نا؟، ھاوکات نازانرێت کە لەو چرکە ساتەدا پەیوەندی کۆمەڵەو رزگاری چۆن بووە، کە پێشتر باش نەبوو، دوو لایەنیش پەیوەندیان باش نەبێت چۆن بە یەک نامە ھەردوولا ئاگادار دەکرێنەوە، ئاوا باسی دەکات "..... نامەیەکمان بۆ کۆمەڵەو گوردانی شوان لە بیارە ناردوو ھەمان قسەو باسمان بۆ نووسیبوون وە لە نامەکەدا داوامان کردبوو ئەوان خۆیان لە گەڵ سوپای رزگاری قسە بکەن " گازبارانی ھەڵەبجە و راستی روداوەکە - حەمەی حەمە سەعید ٢٠١٤ ل ٧٣"..... " کۆمەڵە وەڵامیان نەبوو، دووبارە من و کاک شەوکەت و چەند کەسێکی تر چووینەوە بۆ لای دیموکرات بۆ بارەگای سەرەکیان لە گوندی دەرەتفێ لە گەڵ مەنسوری فەتاحی و کاوەی بارامی و حەمەی وەلەدبەگی و حەمەی مزەفەری دانیشتین، ئەمجارە بە جدی داوامان کرد ھەرچەندە ئەمە قسەی ئێرانییەکانە گوایە لێرەوە پەلامار نادەن - گازبارانی ھەڵەبجەو راستی روداوەکە، حەمەی حەمە سەعید، ٢٠١٤ ل ٧٤" باشە دیموکرات بەو ھەموو کۆبونەوەیە باوەڕو متمانەیان پێتان نەکردبێت، کۆمەڵە وەڵامی چی ھەبێت بە نامەیەکی نەسەلمێنراو، کە وەڵامیان نەبووە بە دواداچونیان نەکردۆتەوە بۆ جاری دی وەک ئەوەی بۆ حدکا کردیان چوار جار لە گەڵیان دانیشتوونە.

لە بەر ئەوەی خۆیان بەشکن لە ئاگادار کردنەوەی گوردانی شوان و سوپای رزگاری بۆیە ھەر بەڵگەی نا رون و جیاواز دەھێننەوە، تەواوی بەڵگەکانیش بکەر کە گەیەنەری نامەیە یاخود ناردنی ھەواڵە نا دیارە " کاوەی بارامی دەڵێ : ئەو کەسەی ناردمان بەدوای ھێزی بەیاندا پێمان وت داوا لە کۆمەڵەش بکات بێن پێکەوە دەردەچین بەڵام وەڵامیان نەبوو- " گازبارانی ھەڵەبجە و راستی روداوەکە - حەمەی حەمە سەعید ٢٠١٤ ل ٩٧"لێرەشدا ھەر کەسەکە نادیارە، وەلێ زۆربەی سەرکردەکانی ئەوکاتی کۆمەڵە کە من پرسیارم لێکردوون ، ھاشا لەوە دەکەن کە ھێزەکەیان لە بیارە ئاگادار کرابێتنەوە لە ھێرشی کۆماری ئیسلامی ئێران.

لە راستیدا ھۆنینەوەی ئەم چیرۆکی نامەو ھەواڵە تەنھا ھەوڵێکە بۆ خۆدەرباز کردن لە ئابڕوچونێکی گەورە تا ئاستی تاوان و خیانەتی نەتەوەیی، کەسیش باوەڕ بەم چیرۆکانە ناکات تا ئەوکاتەی لێکۆڵینەوەیەکی وردی بەڵگەدار نەکرێت.

ھەرچەندە لە جێگەیەکی دی و لە لێدوانی بۆ بەڕێز یۆست ھلتەرمان دەڵێت ((.... لە مارتی ١٩٨٨دا جەنگاوەرانی حدکا و کۆمەڵە، لە شاخەکانی سەروی ھەڵەبجەوە بوون و لە لایەن ڕژێمی عێراقەوە دەپارێزران، ئەوان ئەگەر ھۆکاری سەرەکیی داگیرکردنەکەی ئێران نەبووبن، ئەوە بە دڵنیاییەوە یەک لە ئامانجە سەرەکییەکانی بوون .ھەر کە ھێزەکانی ئێران ھاتنە ناو عێراقەوە، ھێزێکی تایبەت یەکسەر چووە سەر ئەم دوو گروپە، بەڵام ینک، کە پەیوەندیەکی باشی ھەبوو،لانیکەم لە گەڵ حدکاد، ھەردوو حیزبەکەی ئاگادار کردبوەوە لەو پەلامارەی بەڕێوەبوو، وەک ھەوڵێک بۆ دەرباز بوونیان، ھەموو فەرماندەکانی ینک لەسەر ئەوە کۆک بوون و بۆ نموونە، شەوکەتی حاجی مشیر (لە چاوپێکەوتنێکی ساڵی٢٠٠٢دا)وتی کەوا ویستووییەتی دۆستەکانی لە حدکا ڕازی بکات بۆ ئەوەی ئەو ناوە بەجێبێڵن، چونکە بنکەو بارەگایان لە گوندەکانی ھاوار و دەرەتفێ بوولە نزیک جەنگاوەرانی ینک ەوە((من چوار کۆبونەوەم لە گەڵ کردن و نەمدەتوانی بڵێم ئۆپەراسیۆن لە کات و ساتدایە.ھەموو ئەوەی توانیم کە بیڵێم ئەوەبوو کە عێراق پلانی بۆ ڕووخاندنی ھەڵەبجە داناوەو ڕەنگە شەڕ بەرپا ببێت.ئەوان باوەڕیان پێ نەکردین و بێجگە لەوەش لە ژێر فشاری عێراقدا بوون بۆ مانەوە-کارێکی ژەھراوی ،ل٢٥٥)).

حاتەم مینبەری یەکێک لە کادیرانی حدکا لە بە شی یەکەمی یاداشتەکانی ئەو ڕۆژگارەید، بە ناوی لە پەراوێزی خنکانی ھەڵەبجەد، بەم شێوەیە ئەم ھەوڵانەی یەکێتیمان بۆ دەگێِرێتەوە ((ئەوەی من ئەمەوێ باسی کەم زیاتر نەقش و رۆڵی حیزبەکانی باشووری کوردستان لە پێکھاتنی ئەم وەزعە دا و بەسەرھاتی زیاتر لە ھەزارپینجسەد پێشمەرگەی رۆژھەڵاتی کوردستان و بنەماڵەکانیان لەم رووداوەدایە کە زیاتر لە سەدکەسیان کوژران و بە سەدانیان ناچار بوون خویان رادەستی ریژیمی ئێران کەنەوە)).

((ھەرچەند زۆر جار ھاتووچووی پاسدار و کاربەدەستانی ئەرتەشی ئێران بۆ بنکەکانی یەکیەتی ئەبووە ھۆی نگەرانی و ناڕازی بوونی ئێمە بەڵام چەند کەس لە بەرپرسانی ی.ن.ک. ئێمەیان لە ھەموو جمووجووڵێکی دەوڵەتی ئێران ئاگادار ئەکرد و لەبەرانبەر رەخنەی ئێمەش دا بۆ ھاتووچووی ئێرانیەکان بۆ بنکەی ئەوان بەپێکەنینەوە ئەیانوت کە دەستتان بۆ بەرن دەستیان ئەبڕین!).

((دووحەفتە پێش ھێرشی ئێران بۆ سەر شارەزوور و ھەڵەبجە دوو بەرپرسی یەکیەتی ھاتنە لای ئێمە و بەرپرسانی ئێمەیان ئاگادار کرد کە ریژیمی ئێران بەنیازە ھێرشێکی بەرین بکاتە سەر ھەموو پارێزگەی سلێمانی و نەک ھەر ھەڵەبجە و سەیدسادق بەڵکوو دوورنیە سلێمانیش بگرن و یەکیەتی، پارتی و حەرەکە ئیسلامیش ھاوکاری دەکەن و قەرارە دوای ئازادبوونی، ناوچەکە بدەنە دەست ھێزە کوردیەکان! بۆیە پێشنیارتان پێدەکەین کە ھێزەکەتان یان ھیچ نەبێ ژن و مناڵەکەتان لەمناوە دوور خەنەوە با تووشی لەگەمارۆ کەوتن و گیر و گرفتی خراپ نەبن! ئێمە پێمان وانەبوو لەدەسڵاتی سپای ئێران دا ھەبێ '' شنروێ''، ''سوونێ'' و ''باڵامبۆ'' کە ھەرکامەیان ھەزاران سەرباز و سەنگەری بتۆنی و کاناڵ و جێگای سەختی لێ ھەڵکەنرابوو دەربێنێ، چوونکە پێشتریش دەیانجار ھێرشیان کردبوو و تێکشکابوون، بەڵام ئەمجارە دۆستانی یەکیەتی زۆر بەدڵنیاییەوە قسەیان ئەکرد و زۆریش دڵخوش بوون کە حەتمەن ناوچەییکی بەرین ''ئازاد '' ئەبێت و ئەوان ئەبنە حاکمی ( ساڵێک دواتر ھەرکە ئەمقسانەم بیر ئەھاتنەوە قسەییکی خوشی ک- فەتاح کاویانم وەبیر ئەھاتەوە و لەبەر خومەوە بەوپەڕی دڵبریندارییەوە نەم ئەتوانی پێشی پێکەنینی خوم بگرم) بەھەرحاڵ ئێمە بەقسەی دۆستانمان نەکرد، ژن و مناڵ و پیر و پەککەوتە لەوێ مانەوە و رۆژی دەستپێکرانی شەڕیش تازە کار لەکار ترازابوو، نەک دەربازکردنی ئەو گشت خەڵکە بێدیفاعە، بەڵکوو رزگاربوونی خوشمان کەوتە مەترسییەوە و خەریک بوو ھەموو لەبەین بچین و گەورەترین کارەساتی میژوی پێشمەرگەی کوردستان لەسەر ئێمە تۆمار بکرێ)).

پێشمەرگەکانی یەکێتی لە ھەوڵەکانیان بەردەوام دەبن بۆ قەناعەت پێ ھێنانی حدکا بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە (( تێبینی: نابێت لە یادمان بچێت حدکا لەو کاتە لە ناوچەکە بارەگای گەورەی ھەبوو بەتایبەتی لە ناوچەی سنووری نەوسوود، کۆماری ئیسلامی بەھەموو شێوەیەک ھەوڵی دەدا لەو ناوچەیە دەریان بکات ، بەھۆی پەیوەندی ینک و ئەو لایەنانە لە گەڵ ئێران ،دەشێت ئەو ھەوڵانە وەک فێڵێک بۆ چۆڵکردنی ناوچەکە سەیر کرابێت و بە پڕۆژەی کۆماری ئیسلامی زانرابێت)) و بەڕێز شەوکەت حاجی مشیر بەم شێوەیە درێژەی پێ دەدات (( دوای چوار ڕۆژ جارێکی تر وەفدێکی ترمان چووینەوە بۆ لایان کە ئەمجارەیان "شەوکەت حاجی مشیر+مامۆستا ساڵەح قادر+ قادر کۆکۆیی+ محەمەد حەمە سەعید"بووین و چووینە بارەگاکانیان لە "دەرە توێ" ھەموو لێپرسراوەکانیان کە لەوێ بوون لە گەڵمان دانیشتن و دوو ئەندامی کۆمیتەی ناوەندییان کە " مەنسور ڕەشید ھەورامی + کاوەی بارامی "بوون لە گەڵ "محەمەدی وەلەد بەگی "دا ئەمجارەیان زۆر بە جدیتر پێمان ووتن برایان تکامان وایە بە گوێمان بکەن و ئەم سنورە چۆڵ بکەن بۆ ماوەیەک خراپ نییە با دوا ڕۆژ توشی زیان نەبین ھەمو لامان . ئەگەر باوەڕیش ناکەن پەیوەندی بکەن بە سەرکردایەتی خۆتانەوە چونکە ئەوان ئەتوانن پەیوەندی بکەنبە سەرکردایەتی یەکێتی و باشتر باوەڕ ئەھێنن- کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر،ل١٠٧ )) .

کاک شەوکەت دان بەو ڕاستییەدا دەنێت کە بەو ھەموو تەم و مژو دەر نەخستنی ڕاستی و دڵنیا نەبوون لە یەکتری و گومانەوە، نەیان توانییووە قەناعەتیان پێ بێنن لە مەترسی پەلامارەکە ((ھەموو ئەو ھەوڵ و کۆششەی دامان لەگەڵ "دیموکرات و کۆمەڵەدا" " ھەرچەندە ھەوڵەکەیان لە گەڵ کۆمەڵە تەنھا ناردنی نامەیەکی نادیارە"بە ھیچ شێوەیە باوەڕیان پێ نەکردین و ھێز و ماڵ و مناڵیان لەو سنورە دوور نەخستەوە ئەمەش لەبەر چەند ھۆیەک بوو:

١- ھیچ ھەستیان بە جموجۆڵی ھێزی گەورەی ئێرانی نە ئەکرد لەسنورەکەدا و بیریان لای ئەوە نەبوو کە حکوومەت ئەگەر بیەوێت لەماوەی ٢٤ کاتژمێردا گەورەترین ھێز کۆئەکاتەوە و بەڕێی ئەکات.
٢- زۆر جار حکومەتی ئێران بۆ چەواشە کردنی ھێزەکانی عێراق ھێزی کۆ ئەکردەوە لە سنورێک دا بەڵام لە پڕ لە شوێنێکی ترەوە ھێرشی ئەکرد کە دوور بوو لەو شوێنەی دەنگ و باسی بڵاو بونەوەی ھێزی کۆکراوەی ھەبوو.
٣- زستان بوو سەرمایەکی سەخت بوو ئاسان نەبوو ئەو ھەموو بارەگایانە بگوازنەوە. لەو لاشەوە باوەڕیان نەبوو ئێران بەو زستانە جموجۆڵ بکات لەو ناوچە شاخاوییە ساردەدا.
٤- وەک پێشتر باسمان کرد "٥٠٠"پێشمەرگەی شەڕ کەریان بە باشترین چەکەوە لە سنورەکەدا بوو ، جگە لە ھێزی بەرگری و لایەنگری حیزب کە نزیکەی ٢٥٠-٣٠٠ کەس چەکداریان ھەبوو. ھەموو شاخە بەرزەکانی دەورو پشتی خۆشیان گرتبوو قایمیان کردبوو، زاتا زۆر باوەڕیان بە خۆیان بوو ئەگەر ئێران ھێرش بکاتە سەریان ئەی شکێنن، جگە لەوەش باوەڕیان ھەبوو کە ھێزی ینک لە گەڵ ھێزی ئێران ناچنە سەریان و شەڕیان ناکەن.
٥- دیاربوو ئەم پروپاگەندەو دەنگ و باسەش کەوتبووە بەر گوێی حکومەتی عێراق و ئەویش ھەواڵەکانی بە درۆ ئەدا لە قەڵەم لای دیموکرات رێگەی پێ نەئەدان ھەروا بە ئاسانی ئەو سنورە چۆڵ بکەن . چونکە بە لای عێراقەوە ئەوە تەنھا پرۆپاگەندەی ئێرانە بۆ چەواشەکردنی ھێزی سەربازی عێراق کە سەر قاڵی شەڕی سەرکردایەتی بوو-کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل ١٠٨)).

نەک تەنھا لایەنە سیاسییەکان ، بگرە لە لایەکی دیکەوە کۆنترۆڵی جوڵەی خێڵەکانی ناوچەکەشیان کردووە (( لە پێشدا ھەوڵماندا"حیزبەکانی دیموکرات و کۆمەڵە"ی ئێران تێ بگەیەنین سنوورەکە چۆڵ بکەن و بەڵێنمان پێدان ئەم جموجۆڵەی بە ھیواین لەم سنورەدا دژی ئەوان نابێ بەمەرجێ بە گوێمان بکەن و ھاوکاریمان بکەن. داواشمان کرد ئەو ماوەیەی ئێمە پێویستمان بەو سنورە ھەیە با خەڵکی ئەوان لەو ناوەدا ھاتووچۆ نەکات.لەو لاشەوە بۆ عەشیرەتەکان لە چەندین شوێن پاسەوانمان دانا ناوچەکە کۆنترۆڵ کەین و نەھێڵین ھاتووچۆی تێدا بکرێ بۆ ئەوەی ھەواڵەکانمان دەرنەچێ لەو عەشیرەتانەی سنوورەکە پێک ھاتبوون لە "ایناخی+امامی+کڵاشی+باوەجانی+بەلەبزانی+تاو گۆزی"کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل١١٣)).

کاک حاتەم مینبەری لە درێژەی یاداشتەکانیدا بەم شێوەیە درێژەی پێ دەدات و پشکێک لە ڕاستییەکان دەخاتە بەر دەست و دەڵێت: سێ رۆژ پێش دەستپێکرانی ھێرشی ئێران جارێکیتر بەرپرسێکی ی.ن.ک. ھاتە بنکەی کومیتەکەی ئێمە (کومیتەی کرماشان) و بەوردی باسی ھێرشی ریژیمی کرد و وتی زیاتر لە بیست ھەزار کەسی ھێناوەتە پاوە و مەریوانیش پڕە، دڵنیابن ھێرشەکە جددییە! . من نازانم بەرپرسانی ئێمە چۆن ئەم وەزعەیان بۆ دەفتەری سیاسی و شەخسی د. قاسملوو باسکردووە و ناشزانم کە رێنوێنی و بڕیاری ئەوان چیبووە، بەڵام سەرەنجام ئێمە ھەروا لە جیگای خۆمان دا مەینەوە ئەو ئێوارەیە کە بەیانییەکەی ھێرشەکە دەستی پێکرد کەم کەم ژمارەییک ژن و مناڵ بەرەو ھەڵەبجە بەڕێ کران، بەڵام تازە دێرببوو و بەیانی سەعات چوار شەڕ لە ھەرچوارلاوە دەستی پێکرد و ناوچە بوو بە یەک پارچە ئاور.

شەوکەتی حاجی مشیر دەڵێت ((کە ئێمە گەیشتینە دێی بوێن بۆ دواجار ھەواڵمان نارد بۆ ئەو دەستەیەی دیموکراتی ئێران کەئیتر بەبەرییەوە نەماوە پێویستە حسابی تەواو بۆ خۆیان بکەن ، بەڵام ئەوان کە بەھێزی خۆیانەوە شانازییان ئەکرد و دەوروبوریان باش قایم کردبوو ئەمجارەش زۆر گرنگیان نەدابوو بەم ھەوڵەی ئێمە ،لە ڕاستیشدا چونکە ھاتووچۆی خەڵکمان بە باشی قەدەغەکردبوو ،جگە لەوەش زۆربەی جموجۆڵەکانمان بە تاریکی شەو بوو بۆیە ھەوڵێکمان لانەبوو کە بیسەلمێنێ لەم ناوچەیەدا شەڕێکی قوورس ھەڵگیرسێ ، واتە ھەمان زانیاری یان ھەبوو کە حکومەتی عێراق ھەی بوو لەسەر ناوچەکە و لەوەش دڵنیابوون کە ئێمە بە تەنیا جێیان ناھێڵین.

ئێمە بۆ ئەوەی چارەسەری کەم تەرخەمی "دیموکرات"بکەین .دوو دەفتەر وەرەقەی خۆمانمان بە "مۆری تیپی١١ی ھەورامانی ینک"مۆر کرد و ئامادە کرد، کە ئەگەر ھەر لایەنێک و کەسێکی کوردی ئێران ی لە کاتی شەڕەکەدا ڕووبکەنە لێپرسراوەکانمان بۆ داوای یارمەتی یەکسەر وەرەقەی بۆ بکرێ بۆ ئەوەی تووشی گرتن و دەردی سەری نەبێ . بە پێی ڕێککەوتنامەکەی نێوان ئێمەو نوێنەرانی حکومەتی ئێران کە لە کرماشان بڕیاریان لەسەر دابوو، پێشتر واشمان کرد کە ھەموو بەرواری کۆنی لێ بدرێت بۆئەوەی "حیسابی"بۆ بکرێت کە لە کۆنەوە ئەو کەسە بڕیاری خۆی داوە، ئەم وەرەقە مۆرکراوانەمان دابەش کرد بەسەر لێپرسراوی رەِتلەکان و بارەگاکانی ناوچەکەدا بەشێکمان نارد بۆ ناو شار لای ڕێکخستن بێت بۆ ھەمان مەبەست-کارەساتی کیمیابارانی ھەڵەبجە بەھاری ١٩٨٨- شەوکەت حاجی مشیر ل١٢٠ ))، ئیتر نازانرێت ئەو کاغەزە مۆرکراوانە دواتر بەکار ھاتووە یان نا ؟، ھیچ کەسێکی رۆژھەڵاتی وەریگرتووە ؟

کە گەیشتنە ڕۆژە ڕەشەکە ، کە کار لە کار ترازا ، ھیچ پێشمەرگەیەکی ڕۆژھەڵات ئەو نامە مۆردارانەیان نەبینی . ھەرچەندە لە گۆڤاری لڤیندا بەرپرسێکی یەکێتی کە ناوی دیاری نەکراوە، وا قسە دەکات کە ئەو کاغەزە مۆردارانەیان داوە پێیان ((گۆڤاری لڤین لە ڕاپۆرتێکی شیکاریدا لە ژێر سەر دێری "ئەو ھەڵە ستراتیژییەی کیمیابارانی لێکەوتەوە"ڕاپۆرتی یاسین ڕەسوڵ عوسمان ، بەم شێوەیە ئاماژە بە کێشەی ئەو تێکۆشەرانە دەدات، بەوەی کۆماری ئیسلامی لە پەلاماری ھەلەبجە جگە لە ئێراق بە دوای لێدانی ئەوانیشەوە بوووە و بۆ ئەم مەبەستە جاشی بۆ پەلاماریان ھێناوە، لە ڕاپۆرتەکەی لڤیندا ھاتووە: "... بە وتەی بەرپرسێکی ینک شەوی پێش دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە سێ بەرپرسی ینک لە گوندی ھەوارە کۆن چوونەتە لایان(دیموکرات) و لە نیازی ئێران ئاگاداریانییان کردوون، دیموکراتەکان ڕێگەی شەڕو بەرگرییان ھەڵبژارد و پاشان داوای چەند بەڵگەیەکی مەرەخەسیان کردووە، تا لە تەنگانە وەک ھێزە کوردەکانی باشوور بەکاریان بھێنن...... )).

بەڕێز محەمەدی حاجی مەحموودیش لە یاداشتەکانی خۆید، بەم شێوەیە بەسەرھاتی ڕۆژە سەختەکانی ئەو تێکۆشەرانەمان بۆ دەگێڕێتەوە (( ... کاک شەوکەت و کاک حامید ووتیان ئێران دەزانێ ھێزی دیموکرات لەو ناوەیە و ئێستا ھەرچی بەسیج و کوردی لای پاوە و جوانڕۆ ھەیە ھێناویانە بۆ ئەوەی بیانناسن و ئەگەر بگیرێن دەبێتە عەیبەیەکی گەورەو ئابڕومان دەچێت ووتیان ئێمە ھیچمان پی َناکرێت و مەسئولەکانیان لە عەبابەیلێ لە (٢-٣) جێگا شاردومانەتەوە، من لە ڕۆژی ٢١-٣-١٩٨٨ دوای نیوەڕۆ ڕۆیشتمە عەبابەیلێ لە ژێرزەمینێکدا بون ھەموویان نزیکەی (٢٥) کەس لە مەسئولەکانیان لەوێ بوون زۆر وەزعیان خراپ بوو زۆر ناڕەحەت بوون گلەییان لە کاک شەوکەت و یەکێتی کرد کاک شەوکەت پێی وتوون ھیچ چارەیەک نییە یا شەڕ بکەن تا دەکوژرێن یا تەسلیم بن بە ئێران ئەگەر خێزانەکانیان تەسلیم بێت ھیچیان لێ نایات یا بۆیان دەبەنە سەردەشت یەکێتی من کە چووم ھەندێک دڵخۆشیم دانەوەو ووتم ھەوڵ دەدەم کە ھیچ تان تووش نەبێت ووتیان (٩٠٠) کەسین ووتم با (٢) ھەزار کەسیش بن لەوانە کاک موزەفەری میتران ئەندامی سەرکردایەتی دیموکراتی ئێران و زۆری کەش بوون کاک کەماڵ دشەیی لە ھۆڵە بەگیەکان جیھازێکی بی سیمی ھێنا ووتی دکتۆر قاسملو دەیەوێت قسەت لەگەڵ بکات و سوپاست بکات من یەکسەر ئەوەم وەبیر ھاتەوە جارێک لای واوان و لە مەقەڕی مەکتەبی سیاسی دیموکرات دکتۆر قاسملو بە کاک ڕەسوڵ و دکتۆر محمود و برادەرانی ئێمەی وتبوو حمەی حاجی محمود سەربەخۆو لەسەرحیسابی کورد پەیوەندیەکی توند و تۆڵی لەگەڵ ئێران لە سنوری مەریوان دامەزراندوەو برادەرانی ئێمەی ئیحراج کردبوو کاک ڕەسوڵ وتبوی ئێمە خۆمان ئاگادارین لە پەیوەندییەکانیان یەکسەر ئەو قسەیەم وەبیرھاتەوە ووتم کاک کەماڵ سڵاوی لێبکە چونکە جیھازەکان ھەموو کۆنترۆڵ بون ووتم ئێمە کوردین و لە ھەموو ناخۆشیەک لەگەڵ میلەتی خۆمانین لە ھەر جێگایەک ھەبێت لەناو ژووەکە ھەموویان دەستیان دەکرد بە پشتێنەکەمدا لە ناو عەشائیری ئەو مەعنای ئەوەیە کە ڕجا دەکەین دکتۆر قاسملو بە جیھازەکە ھاواری دەکرد دەیوت حیزبی دیموکرات مردن و زیندوبونەوەی بە دەستی کاک مەحمودی حاجی محمەدە ئیتر منیش (٢-٣) پێشمەرگەی خۆمم نارد مەلا فائیق و چەند کەسێکی تر بە سەیارەکانی خۆمان ھەموو مەسئولەکانیان لە گۆمە لار و خورماڵەوە لە بەری ھێلان پێ وە و لە ناو ھەموو سوپای پاسداران و جەیشی ئێرانەوە گەیاندە مەقەڕەکانی سورێن لە میری سورەوە بۆ شەوی دوایی کاک شەوکەت و کاک حامید ھێزەکەی دیموکراتیان گەیاندبووە نزیک خورماڵ لەوێ تەسلیم بە برادەرانی ئێمەیان کردبوو ( ڕۆژمێری پێشمەرگەیەک - محمد حاجی محمود - بەشی سێ یەم - ل١١٧-١١٨).

کاک حاتەم مینبەری لە بەشی دووی یاداشتەکانیدا "لە پەراوێزی خنکانی ھەڵەبجەدا" دەڵێت: ((سپای ئێران بەرەو سەید سادق و شانەدەری لە حاڵی پێشڕەوی دابوون و رادیۆ تاران مزگێنی گیرانی سلێمانی بە بیسەرانی ئەدا؛ نێوان ھەڵەبجە و بەرەکانی پێشەوەی شەڕ زیاتر لە سی (٣٠) کیلۆمەتر دەبوو، واتا ئێمە ‌و خەڵکی ھەڵەبجە زیاتر لە سی کیلۆمەتر لە پشتەوەی بەرەی شەڕ لە گەمارۆدا و سەرگەردان سەعاتمان بۆ رووداوی چاوەڕوانکراو ئەژماردن. ئەگەر ھێزەکانی ی.ن.ک و پ.د.ک بیانویستبا ئەیانتوانی پێشی خەڵک بەردەن و لانیکەم لەشار چووبانایە دەرەوە تا ئەگەر شار بۆمبارانیش کرا خەڵک نەکوژرێ؛ بەڵام ئەوان لەلایەک فریوی فروفیشاڵی تەبلیغاتی ئێرانیان خوارد و لەلایکیترەوە دڵڕەشی سەدام و بەعسیان بەکەم گرت، تا ئەو بەڵایە بەسەر خەڵکی ھەڵەبجە و خورماڵ و سیرواندا ھات.

لاپەڕەکانی ئەو ڕۆژگارە پڕە لە خیانەت و مرۆڤ فرۆشتن، پڕە لە دەڵاڵی کردن بەسەری براکانەوە، با بزانین کاک حاتەم لە بەشی سێیەمی یاداشتەکانیدا چۆن باسی لاپەڕەیەکی ناشرینمان بۆ دەگێڕێتەوە،ئەو لاپەڕەیەی لە باشووردا لە سەردەمی ئەنفالدا دەیان کەلەسەری بردەوە بۆ ئەنفالچییەکان، پێویستە کاک حاتەم ئەو کەسە دیاری بکات، دەنا ئۆباڵی مێژوو لێی نابورێت((رۆژیک پاش شیمیایی بارانەکە ‌''موحسین رەزایی'' فەرماندەی سپای پاسدارانی ئێران، خوی ھاتبووە ھەڵەبجە و کێشەی ئێمەی لەگەڵ بەرپرسانی یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا باس کردبوو، ئەوانیش کەسێکیان بۆ لاێ ئێمە نارد و وەزعەکەیان لەگەڵدا باس کردین، یەکێک لە بەرپرسانی ی.ن ک پێشنیاری کردبوو کە ئێمە بچینە ھەڵەبجە و لە چەند ماڵی بەرزدا کە بە "شۆقە سپیەکان" بە ناوبانگ بوو خومان حەشار دەین و ئەو بەڕێزە قەولیشی دابوو کە ئەگەر ئێرانییەکانیش بزانن کاریان پێمان نابێ! دیارە ئەمە پلانێکی خاوی ئەو بەڕیزە و ''برادەر رەزایی'' بوو تا ھەموومان لەو ماڵانە کەن و دوایە بە بەرنامە بێنە سەرمان و بێزیان لە بەینمان بەرن، بۆیە ئێمە قەبووڵمان نەکرد. ئێوارەکەی ھەلیکۆپتەرێکی ئێران نزم نزم ھات بەسەرماندا فڕی و ئەوانە وەک من چاویان کز نەبوو ئەیان وت بە کامێرای ڤیدیۆ فیلمیان لێ گرتووین، ئێمە بەیەک فیشەک ئەمان توانی ئەم کۆپتەرەی دژمن بخەینە خوارەوە بەڵام ئەم کارە وەک درۆخاندنی ھێلانەی زەردەواڵە وابوو، پاش چەن دەقێقە ھەزاران سەربازی ئێرانیمان وەسەر دەگەڕان و تووشی شەڕیکی نەخوازراو ئەبووین.

پێویستە کاک حاتەم پیاوی نەخشەی شوقە سپییەکان ئاشکرا بکات ، دیارە لاپەڕەکان ھەموو ڕەش نین، مرۆڤە خاوەند باوەڕەکانیش جێگەی ستایشن، کاک حاتەم لە بەشی پێنجی یاداشتەکانید، بەم شێوە باسی ڕۆڵی کۆمەڵێک لە تێکۆشەر دەکات و دەنووسێت ((سەرئەنجام لای ئێوارە ھەروەک رۆژی پیشوو بە ھاوکاری حەمەسیاسی و ھاوڕێیانی لە سەفێکی رێک و پێک دا بەرە خورماڵ بە بناری کێوەکان دا کەوتینەڕی، ھێشتا نیوسەعات رێگامان نەبڕیبوو لەسەر جادەی تەوێڵێ - ھەڵەبجە تووشی ستوونێکی سپاێ ئێران بووین! یەکیەتییەکان چوونە پێشی سپاکەی ئێران، داوایان لێکردن رێگامان بدەن و وتیان ئێمە ھێزی یەکیەتین و ئەچین بۆ میری سوور! ئێرانیکانیش بێ گیر و گرفت رێگایان بۆ کردینەوە و بە نێوان ستوونەکە دا تێپەڕین و درێژەمان بە رێگا دا، نزیکەی سێ سەعاتێک روویشتین، بەناو دەیان دۆڵ و چەندین چۆم دا تێ پەڕین و بەرپرسان ھەر ھاواریان ئەکرد کە ئاو نەخوەنەوە ئاوەکە '' مەسموومە'' بەڵام پێشمەرگەی ماندووی تینووی ھێز لێبڕاو کەی گوێ لەم ھاوارانە ئەگرت! چەندین کەسم بینین مشتیان پڕ دەکردە ئاوو و دوای خواردنەوەی ئەیانوت ئاو چۆن '' مەسمووم ئەوێ''.

یۆست ھەلتەرمان بەمشێوەیە ئەو گەشتە سەختەی دیموکراتەکان دەگێڕێتەوە لو ڕۆژە ڕەشە پڕ لە خیانەتەدا (( کوردە ئێرانییەکان دوو ڕۆژ شەڕیانکرد لەگەڵ ئەوانەی پەلاماریان دان و تەنھا ٣ پیاویان لە دەستدا و دوا جار بەرەو خورماڵ پاشە کشەیانکرد، لەوێوە مەفرەزەیەکی ینک کەوتنە تەک جەنگاوەرەکان و خێزانەکانیان بۆ پارێزگارییان لە گەشتێکی مەترسیداردا وماوەی سێ ڕۆژ بەڕێوە بوون تەنھا بە شەو ڕێیان دەکرد، بە درێژایی زنجیرە شاخ و بە دەوروپشتی ڕەبایەی تازە دامەزراوی ئێراندا و بەسەر ھێڵی بەرەدا، لە نزیک شارۆچکەی سەید سادقەوە، گوزەرکردن بە ناوچەکەدا زۆر سەخت و دژوار بوو، چونکە بە خەستی مینڕێژ کرابوو. پێشمەرگەکانی ینک بەو ھۆیەوە کە چەند ساڵ بوو نەچوبوونە ئەو ناوچەیە، شارەزای ئەو شوێنانە نەبوون کە مەترسیدار بوو، ھەر چۆنێک بوو سێ جەنگاوەری حدکا بە مین بریندار بوون لە کاتی کشانەوەیاند، بەڵام پێش ئەوەی بپەڕنەوە بۆ بەری عێراق ، بە بێتەل سەرکردەکانی خۆیان لە بۆلێ، بە چیای قەندیلەوە، ئاگادار کرد و داوایان لە سەرکردەکانیان کرد بە فەرماندەکانی عێراق بڵێن لە سەید سادق لە کاتی تێپەڕینی ئەماندا تەقە نەکەن -کارێکی ژەھراوی ،یۆست ھلتەرمان ،کۆمپانیای ئاوێنە،ل٢٥٦ )).

ئەم ھاوکارییانە بۆ پێشمەرگەکانی حدکا جێگای پێشوازی سەرکردایەتی یەکێتی نەبووە، تەنھا دەسپێشخەری دڵسۆزانە بووە،بۆیە پێی ناچێت ھەڵوێستی حیزبی بووبێت ، ئەگەر لەکاتێکدا ئەم وتانەی کاک شەوکەت دوور بێت لە تاکتیکی دیبلۆماسیەتەوە ((یەکێتی نیشتمانی کوردستان زیاتر یارمەتیدەر بوو بۆ حدکا و شەوکەت سەرزەنشتکرا لەسەر ئەو ڕۆڵەی لە ڕزگار کردنیاندا گێڕای و لە کەدار بونی پەیوەندی دواتری لەگەڵ ئێرانییەکاندا - کارێکی ژەھراوی ل٢٥٦)). ھاوکات بەھۆی ھاوکاری کوردەکانی رۆژھەڵاتەوە بۆ ماوەیەک حەمە سیاسی و حامیدی حاجی غالی لە ئێرانییەکان قاچاغ دەبن وەک خۆیان دەڵێن، وەلێ لەو رۆژانە کاک حامید سەفەری ئێران دەکات بۆ ھێنانی کۆسرەو مەکینەی کارەبا.

 

ماڵپه‌ڕی عه‌‌لی مه‌حمود محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک