٢٠\٣\٢٠١٢
ھەڵەبجە، ئەو
تاوانە مێژووییەی ویژدانە مردووەکانیشی راچڵەکاند.
سامان عەبدولحەکیم*
بیستوچوار ساڵ پێش ئێستا ، بەعسییەکان وەکو گەلەگورگی برسی و ھار ،
تینوو بە خوێن و قاتوقڕیی ، چڕنوک درێژ و کەڵبە تیژ لە ئامادەباشیدا
بوون بۆ دەسکەنە کردنی دواگەورەترین مەڵۆی تاوان بۆ ئەوەی خەرمانی
دڕندایەتییان بەرەکەت بدات ، بەعسییەکان پلانیان دادەڕێژا تا
خوێناویترین تابلۆی مەرگ لە نێو فەرھەنگی شەرمەزاریی خۆیاندا جێگە
بکەنەوە ، تۆپ و کاتیۆشاکانیان ، تانک و زرێپۆشەکانیان ، ھیلیکۆپتەر و
فڕۆکە جەنگییەکانیان بە ژەھر و باروت ئاوس.. ئاوس ، لە چاوەڕوانیی
سەددامی فەرماندەی دژەژیان و دژەژیاردا بوون تا بارانی مەرگ بەسەر ماڵ
و منداڵ و کێڵگە و مەزراکان دابارێنن ، ھەڵەبجە بە چەقەدوکەڵی چەکی
کۆکوژ داپۆشن و جەستەی دانیشتوانەکەی بە مەرگی کیمیاوی بسپێرن .
بەھارمان لێکرا بە خەزان ، دەستوپێی ھەڵەبجەم خوێنبەندان کرا ، زرمەی
ڕۆکێت چووە جێگەی قاسپەی کەوان ، لە باتی پەڵە ھەور ، تەمومژی خەردەل و
سیانید زەوی و ئاسمانی تەنی ، گوڵاڵەسوورەکان ژاکێنران ، گەرووەکان وشک
کران ، ژیان لە پەلوپۆ خرا ، تابلۆیەک لێوانلێو لە تاوان ، سیخناخ لە
دڕندایەتیی ، پڕپڕ لە شەرمەزاریی نەخشێنرا ، مرۆڤایەتی ھەتک و بەعسێتیش
ڕووڕەش کرا ، مەرگەسات بەسەر شارێکی خامۆشدا داکرا و دنیای سیحر و
جوانی خەفێنرا ، پێنج ھەزار فریشتەی پاک ئاوێزانی مەرگ کران و شارێک
سوتماک و سوتەمەڕۆ کرا .
لە یادی بیستوچوار ساڵەی وەرینی بیستھەزار پەنجەدا ، کوژانەوەی تروسکە
لە دەھەزار چاواندا ، ڕەواندنەوەی خەندە لە لێوی پێنجھەزار ئینساندا ،
لە گەرووی تاساوی قوڵپی گریانی قەتیسماومانەوە ، لە ترپەی دڵی شکاوی
بێئامانمانەوە ، لەگەڵ خیزەی ھەناسەی سییە پڕ حەسرەتەکانمانەوە ،
پێنجھەزار گوڵ و پێنجھەزار ماچ و پێنجھەزار کڕنووشمان ، پێنجھەزار
جاران بۆ گلکۆی شەھیدانمان دەنێرین .
ڕووڕەش بێت ئەو عەقڵەی قەتڵوعام دەکا.
نەوی بێت ئەو سەرەی لە حزوری ئەم تاوانەدا ناچەمێتەوە.
سەروەری و سەرفرازی بۆ شەھیدانی ھەڵەبجە و گشت شەھیدانی ڕێگای ئازادی.
______________________________________________
* (سامان
عەبدولحەکیم): بەڕێوەبەری قوتابخانەی - قامیشڵو - لە گەڕەکی کوردستان -
فەیلەق -ی شاری کەرکوکی داگیرکراو.
١٨\٣\٢٠١٢
|