١٧\٣\٢٠١١
هەڵەبجە لە
نەورۆزێکدا.
حوسێن ئیسماعیل خان دەلۆ
دوند و لوتکەکانى هەورامان و باڵامبۆ و شنروێ و سورێن لە خۆسازاندابوون
بۆ پێشوازى کردن لە جەژنى نەورۆز و هێدی هێدی لە ئاسۆیان دەڕوانى و
بەفرى سەر چیاکان دەتوایەوە و گوڵاڵە سوورەکانى کوردستان ئاڵو واڵا تر
ببوون و مژدەى سەرفرازى و رزگار بوونى خۆیان لە سەرما و سۆڵەى زستان بە
یەکتر رادەگەیاند و گۆرانیان بۆ ژیان دەچڕى و بنار و دەشت و دوڵ و
چیاکانیان دەڕازاندەوە، سروشت بۆ ئاهەنگی نەورۆز خەریکی جوانکارى خۆى
بوو هێشتا لە ئارایشت کردن نەبووەوە ،دەستە جلە نوێیەکانى خەڵکى شار
ئێوارە لەلاى بەرگدروو بۆ یادکرنەوە نەورۆز هێنرانەوە.
سەر لەبەیانى 16ی ئازارى ساڵى 1988هەڵەبجە کەیل و سەرمەستى
سیاچەمانەیەک بوو وهێشتا هۆریەک لەگەروودا بۆ چڕین خۆى مەڵاس دابوو،
زەڵم و سیروان لە کەف چڕین و قەڵبەزە دابوون و تابلۆیەکى جوانیان
دەنەخشاند، پەپولەکان لە گواستنەوەى ماچی گوڵەکان شەکەت نەبوون و
باڵیان پەروانە ئاسا سەمفونیایەکى نزمى پڕ لە ئارامى بوون،هەنگەکان
شیلەى گوڵە نێرگس و بەیبون و وەنوشەکانى دەگواستەوە بۆ ماڵەکەى
خۆیان،گمەى کۆترێک سەدایەک بوو بۆ هاوجووتەکەى تاکو جوانیەکانى ژیان
بنەخشێنن و لەولاوە کۆترێک هەر دەفڕی و تێر نەدەبوو لە فڕین ، مراویەک
باڵى دەتەکاند و خۆى بۆ مەلەیەکی دیکە ئامادە دەکرد ، قوتابیان لە
قوتابخانەکەیان دوێنێ مێژووى نایابیان خوێندبوو ،منداڵەکان لە گەمەى
گەڕەک بوون و خەونى ئەرخەوانیان بەداهاتووە دەبینی ، کوڕان و کچان
ئۆقرەیان لێبڕابوو پەلەپەلی هاتنی ئێوارە بوون بۆ ژوانى کانى عاشقان
ماڵێکیان لە ئومێدى گەورە لە دڵدا چێ کردبوو، پیرە پیاوەکان لەسەر
سەکۆى بەرماڵاندا بە ژیانى پڕ لە ئەزموون و چەرمەسەریدا دەچوونەوە و
حیکایەتى خۆانى گەورە بوون، دایک بە نیاز بوو پاش کەمێکی تر منداڵەکەى
تێر شیر بکات ،باوکێک قردێلەیەکی رەنگاو ڕەنگی بۆ کچە بچکۆڵەکەى کڕی
بوو هێشتا لەڕێگاى بازار بوو نەگەیشتبووە ماڵەوە ، باڵندەکان هێلانەیان
چێ دەکرد بۆ وەرزى زاوزێ و نوێ بوونەوە ، درەختەکان چرۆیان دەکرد بۆ
داپۆشینی خۆیان گەڵایان دەکردە چەترى ڕیبوارە ماندووەکان هاوین ،گوڵێک
بۆنى عەترى دەڕژاندە ناو باخچەکەى خۆى ، چەندین کوڕ و کچ زەماوەندى
بەیەکگەیشتنی خۆیان دواخستبوو بۆ وەرزى بەهار ، کات بەرەو نیوەرۆ بوو
پرشنگی هەتاو وەکو ئاڵتون دەبریسکایەوە ،زەمەن ڕاوەستا و ئاسمان گریا و
زەمین ناڵە و فوغانى لەو دیوی کەشکەڵانى ئاسمان بوو فڕۆکەکان مەرگیان
داباراندبوو ئاپورەى مەرگ شاڵاویان هێنا بۆ گیانى پێنج هەزار خەڵکی بێ
تاوان و دارو بەردى هەڵکروزاند و زەوى سوتماک کرد و خۆڵەمێشى لەدوا
بەجێما ، ئاخ چی مەرگەساتێک بوو،لە رۆژى حەشر دەچوو بۆ دونیایەکى تر
هەموو پێکەوە مردن ؟ شاریان غەرقى کوست کەوتن کرد ئاگردانەکانیان
کوژاندەوە و فویان لە مۆمى تەمەنى مرۆڤەکان کرد .
ئەو پەپولانەیان خنکاند کە هێشتا کامى دڵى خۆیان لە ماچەکان نەشکاندبوو
، ئەو باڵندەیان کوشت کە هێشتا لە هێلکە نەجوقابوو ، ئەو منداڵەیان
کوشت کە هێشتا نەیدەزانى کوردە ،بۆنى نانى گەرمى بەرتەنوورى ماڵانیان
تێکەڵاو بە بۆنى ژەهر کرد و فڕۆکەکان هەتاویان دڵشکاند و سیروان و
زەڵمیان لە کەنارەکانى خۆیان تۆراند و تا ئێستاش هەر کش و مات دەکشێن و
سەربوردەکانیان بۆ دەریا و زەریا دەگێڕنەوە، مزگەوت چۆڵ بوو لە الله
ئەکبر و سڵاوات ، مەکتەب بێناز بوو لە منداڵ و مامۆستا، دیوەخان خامۆش
بوو لە قسەى خۆش و سەربووردەى بەچێژ و تەکیە بێ دەروێش و خانەقا بێ
سۆفی کرا ، چایخانەیان بێ هاتوچۆ کرد و رێگایان بێ رێبوار کرد ، هەموو
ویژدانە زیندووەکان هەژاند ، نەسیم بۆنی سێوی هێنا خەڵکى هەڵەبجە
وایاندەزانى نۆبەرەى بەهارو نەورۆزە بۆیە پڕ بە سیەکانیان تاسوقی خۆیان
شکاند ،ئاى لەو بەهارەى کە مردن گەمەى نەدەزانى و بەزەى لە
توێشەبەرەکەیدا نەبوو، نالى ڕابە وا بووکى شارەزوور خەڵتانى مەرگ کراوە
و شوشە لە هەزار لاوە شکاوە، گۆران رۆژى حەشرە لە هەڵەبجە ، بزانە کام
ئەستێرەى گەش ئەوەندەى هیواکانی عومەرى خاوەر درەوشاوە بوون ، ئەحمەد
موختار بەگ سەر لە گۆڕ بێنە دەر فریاى دوا مەزەى ماچی ماڵئاوایی
یەکجارەکی ناکەوى ، عەبابەیلێ وپیرانى تەریقەت نزاى ئێوەش مەفەرى
دەربازبوونى خەڵکى نەدا بێ ئیزنی ئیزائیل دڕندەکانى بەغدا لەو ساڵەدا
بڕیارى خنکاندنی هەڵەبجەیاندا ، گوناهیان ئەوە بوو کورد بوون ، هەڵەبجە
نامرێ چونکە تەمەنى لەگەڵ مێژوو ئاوێزان بووە ، بووە ناسنامەى
نەتەوەیەکی مافخوراو هەموو ساڵێک بەر لە نەورۆز لەگەڵ گوڵاڵە سورەکاندا
پێنج هەزار رۆحی پاک و بێگەرد دێنەوە هەڵەبجە و هەموو شەقامەکانى شار
تەى دەکەن و سەربە ماڵ بەماڵ و کوچەبەکوچەى شاردا دەکەن، هەموو ساڵێک
لەم کاتەدا بەڕائەتى ئەوان پشتیوانى دۆزى کورد دەکەن .
ماڵپهڕی حوسێن ئیسماعیل خان دهلۆ
|