١٨\٣\٢٠١٢
ھەڵەبجە و ئەنفال
مەیدانێک بۆ کاسبی کردن!

تاھیر حەسەن
لە ١٦\٣ ی ھەموو ساڵێکی دوای ساڵی ١٩٨٨ وە
بەتایبەتی دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ی خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان دژی
سیستەمی زاڵی فاشیزمی بەعس، ئەم مانگی سێ و چوارە ھەموو کات بۆ چەند
ڕۆژێک لەلایەن دەسەڵاتدارانی کوردستانەوە دێتەوە نێو مەیدانی لێدوان و
بەڵێنی بێجیبەجێ کردنەوە، بۆ لێقەوماوانی شاری ھەڵەبجە و کۆی ڕزگار
بوانی ئەنفالکراوانی گوندەکانی کوردستان. مەیدانەکانی میدیای سەر بەم
دەسەڵاتەش درێغی ناکەن لە نیشان دانی ئەو وێنە مەرگەساتانەی کە بۆیان
بووەتە سەرمایە و ھەردەم لە ڕێگای پیشاندانی ئەو وێنانەوە خەروارێک لە
بەزەیی نیشاندان و فرمێسک ڕشتن دەکەن بەدیاری بۆ خەڵکی کوردستان. خودی
ئەو تاوانە کەم وێنە جینۆساید کردنە، گەر لە ھەرچ وڵاتێکی تری ئەم
جیھانەدا ڕوی بدایە، نەک بۆیان دەبوو بە جێگای کاسپی پێوە کردن، بە
تایبەتیش لەلایەن دەسەڵاتەکانیانەوە، بە پێچەوانەوە دەکرا بە دۆسییەی
گرنگی ڕۆژانە تا ئەوەی لە جێگای ئەو پەروەردە فاشیستی و ڕاسیستیە کە
بەرھەمھێنەری ئەو کوشتارگایەی بەدی ھێنا، پەروەردەیەکی تەندروست لە
جێگای ئەو دڵ ڕەقیە بنیات بنرێتەوە بۆ ئەو سیستەمەی کە ژیان تێیدا
تەنھا جەھەنمێک بوو بۆ زۆربەی خەڵکە ھەژار و بەھەڵوێستەکەی، یانی لە
بری دوبارە کردنەوەی ھەمان حیکایەتی ھەڵوێست نواندنی حەماسی لەلایەن
دەسەڵاتدارانەوە، ژیانێکی شایستە بەو خەڵکە بەرکەوتوە دیاری بکرایە، تا
دەگات بە جێبەجێ کردنی ژیانێکی یەکسانیخوازانە بۆ کۆی خەڵکی کۆمەڵگاکە..
بەڵام دەسەڵاتدارانی کوردستان تا ئێستاشی لەگەڵدا بێت تەنھا ئەو ساتە
بیری خەڵکی کیمیاباران کراوی ھەڵەبجەیان دەکەوێتەوە کە پێ دەنێینە
مانگی سێ وە.
ئاخۆ تۆ بڵێی ھۆکارەکەی چیە وا تا ئێستا ئەم
دەسەڵاتە خەمخۆرە نایەت چارەسەری ئەو مرۆڤانە بکات کە لە کەناری
مەرگدان، بەھۆی ئەو گازە ژەھراویەوە کە ڕژێمی بەعسی ناسیۆنالیست فاشیست
بەکاری ھێنا، دژیان؟! تۆ بڵێی ھۆکارەکەی بۆ بێ ئیماکانێتی مادیی
بگەڕێتەوە کە ئەم دەسەڵاتە کوردیە لە ماوەی ئەم بیست و یەک ساڵەی
تەمەنیدا نەیتوانیوە ببێتە خاوەنی ھێندە ئیمکاناتی مادیی کە بڕێکی زیاد
بوایە بۆ چارەسەری ئەو مرۆڤە بەڕێزانە یان ھۆکارەکەی ئەوە بێت بۆ ئەوەی
وەک وەرەقەیەکی جەخت کردنەوە لە بەرانبەر حیزبە نەیارەکانیان وە
زلھێزەکانی جیھاندا بەکاری بھێنن و بڵێن ئەگەر بڕوا ناکەن بەوەی بەعس
کیمیابارانی ھەڵەبجەی کردبێت، فەرموون، بێن و ببینن بزانن ئەو مرۆڤانە
تا ئیستاش لە چ بارێکی ناتەندورستدا دەژین بەھۆی ئەو گازە ژەھراویەوە؟
ئاخۆ ئەگەر دەسەڵاتی کوردی لە خەمی چارەسەری ژیانی ئەو ھەزاران
ئینسانانەی بەردەم شاڵاوی گازی ژەھراوی و قڕکردنی بەناو ئەنفالن، بۆچی
ئامادە نین لە ناسۆری ژیانی ئەو مرۆڤە بەدبەختانە تێبگەن؟
تاوانی بەدناوی ئەنفالیش وا بەم نزیکانە- دیسانەوە دەکەوێتە بەر گوێوە
و دیسان میدیاکانی ئەحزابی بۆرژوازی کوردی دێنەوە مەیدان و شەیپوری
گریان و ھاواری لایلایەی ئەو پیرە ژنە بەڕێزانە دەخەنەوە سەر شاشەی
تیڤیەکانیان، جارێکی تر بە کۆمەڵگا ڕادەگەیەنن کە ئەوانە چەند جێگای
بەزەیین، (بەزەیی لە بری ڕێزگرتن؟!). دوبارە کردنەوەی ئەم یادانە لە
ھەموو ساڵێکدا نەک نەیتوانیوە ئەو خەم و پەژارە دەرونیەی نێو ئەو
خێزانانە برەوێنێتەوە بەڵکو دەھێندەی تر خەم و پەژارە دەخاتەوە نێو ئەو
خێزانانە و ھەزاران خێزانی بە ھەڵوێستی کوردستانەوە. یادی ھەڵەبجە لە
ئەم ساڵدا وە دەربڕینی ناڕەزایەتی لەلایەن ئەو خێزانانەی کە بەرکەوتوی
ئەو چەکە دژی مرۆڤانەیەن، دەریخستەوە کە ئەم دەسەڵاتە بە شوێن چارەسەری
ژیان و گوزەرانی ئەو خەڵکە ھەژارەوە نیە، ھێندەی ئەو یادە بۆ بردنە
پێشی مەرامە سیاسی و بەرژەوەندیە چینایەتیەکانی خۆیان بەکار دەھێنن. خۆ
ئەگەر بڕیار بوایە ئەو دەسەڵاتە لە خزمەتی ژیانی ئەو خەڵکە ھەژارەدا
بوایە، دەبوا لە ماوەی ئەم بیست و یەک ساڵەی تەمەنی ئەم دەسەڵاتە
کوردیەدا ھیچ یەک لەو مرۆڤە بەرکەوتوانەی دەستی ڕژێمی فاشیستی بەعس
بەچەکی کیمیاوی بەبێ چارەسەر، نەبینرانایە. یان دەبوا سەرۆکی ھەرێم و
سەرۆکی عێراق ھێندە شانازی نەکەن بەوەی ئەوە ھەڵەبجە و ئەنفالە کە
کوردیان ناساندوە بەجیھان، لە بری ئەوەی بیان گوتایە سەد خۆزگا تاوانی
کارەساتی کیمیاباران و ئەنفالی خەڵکی بەشمەینەتی گوندەکانی کوردستان
ڕوینەدایە و با کورد ھەر نەناسرایە لە نێو ئەم جیھانە بەرژەوەند
خوازەدا؟ ئاخۆ سەرانی دەسەڵاتداری سیستەمی سەرمایەداری بۆخۆیان
فرۆشیاری یەکەم نین لە دانی عێراق بەو چەکە یاساغانە؟ ئیتر چۆن بەئاگا
نەبوون لە کاتی ڕودانی ئەو تاوانە کەم وێنەیەدا؟!
پاساوەکانی سەرانی دەسەڵاتی کوردی ھێند لاوازن، ھیچ مرۆڤێکی ئازادیخواز
ناتوانێت بڕوا بھینێت کە ئەم دەسەڵاتە دەتوانێت چارەسەری ڕیشەی ژیانی
ئەو مرۆڤە بەدبەختانە بکات. چونکە دەرئەنجامی ئەو خەتە چینایەتیەی کە
بۆ سەرانی دەسەڵاتی کوردی ھەڵکەوت، ئەو دوو تاوانە قێزەونەی ڕژێمی بەعس
ئەنجامی دا دژی خەڵکی بێدیفاعی کوردستان، بوو بە مایەی دەوڵەمەند بونی
ئەو دوو زلھێزەی کوردستان و مانەوەیان لە سەر کورسی دەسەڵات تا ئێستا.
ئەوان لە بری ئەوەی لەم یادەدا بێن تاوانەکانی زلھێزانی جیھان و
دەسەڵاتی ڕژێمی بەعس لە گۆڕنێن و لە جێی ئەودا پەروەردەیەکی
یەکسانیخوازی بۆ خەڵکی کوردستان بھێننە بەرھەم، بە پێچەوانەوە تەنانەت
لە یادکردنەوەی ئەم ڕۆژەشدا درێغی ناکەن لەوەی پەلاماری ئەو مرۆڤە
ناڕازیانە بدەن کە ڕەخنەی گەورەیان ھەیە لە دەسەڵات. دەسەڵاتێک بۆخۆی
بووە بە جێگرەوەی کۆی ئەو ڕۆشنبیریە دیکتاتۆریەی کە سیستەمی
سەرمایەداری بەعس جێبەجێی دەکرد دەرھەق بە ژیانی ھەرچ ئیناسانێک کە
ناڕازی بوایە بەو دەسەڵاتە. ئەم دوبارەکردنەوەیە ڕێک نیشانەی ئەو
کەلتورە دەردەخات کە خودی ئەم دەسەڵاتەش لەسەر ھەمان ھەیکەلەی سیستەمی
ترس و کوشتن و تیرۆرکردن خۆی ڕاگرتوە، وە نەک ناتوانێت بەرگەی ڕەخنەی
ئەو خەڵکە ناڕازیە بگرێت بەڵکو بە بوونی ھەردەنگێکی ناڕازی بەرانبەر
بەو ژیان و گوزەرانەی زەحمەتەی دراوە بەسەر ژیانیاندا، ئەم ڕاستەوخۆ
زمانی ھەڕەشە و بەدناو کردن دێنێتە مەیدانەوە. ھاتنی سەرانی دەسەڵاتدار
بۆ شاری ھەڵەبجە، نیشانەی ئەوە نیە ئەم بەڕێزانە لە خەمی چارەسەری
پیسبوونی ژینگەی ئەو شارە و خەڵکەکەیدان، بەڵکو دەیانەوێت لەم ڕێگایەوە
ئەو پەیامە بەخەڵکی بدەن کە ئەگەر ئەمان نەبن، ئەوە کوردستان قابیلی
ئەوەیە جارێکی تر ڕوبەڕووی ھەمان تاوان و چارەنوسی ڕابردوو ببێتەوە
لەلایەن ئەو دەسەڵاتانەی کە ھاوشێوەی ڕژێمی بەعسی ڕابردوون؟ دیارە ئەم
بەڕێزانە کە ئێستا خاوەنی سەرمایەی بێ ئەژمارن، ھەر ھەموو
سەرمایەکانیان لە ڕێگای ئەو بە کۆیللە کردنەی خەڵکی بەشمەینەتی
کوردستانەوە پێکەوە ناوە. باشە گەر سەرانی ئەم دەسەڵاتە ترسیان لە
خەڵکی ناڕازی کوردستان نیە، ئەوە کام ھۆکارە لە ڕێگای میلیشیاکانیانەوە
ھەردەم بە زمانی چەک وەڵامی خۆپیشاندەران و ئازادیخوازان دەدەنەوە؟
بۆ خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان ڕێگا چارە ئەوەیە کە بایکۆتی ئەم یاد و
گریان و شیوەنانە، بکەنەوە، چونکە یاد کردنەوەی ئەم ڕۆژە بە بەزەیی
نواندن، نەک بە چاوێکی کەم سەیری ئەو مرۆڤە ڕزگار بوانە ناکات، بەڵکو
ھێشتا لە پلەی خوار مرۆڤ بوونەوە دەبینرێن. یاد کردنەوەی ئەم ڕۆژە
پێویستە بە جۆرێک بێت کە خودی ئەو خەڵکەی لەو تاوانەدا ڕزگاریان بووە،
بیکەنە ڕۆژێک بۆ وەدەستخستنی داواکاریەکانیان و بەرز کردنەوەی پەیامی
ئەو داخوازیەی؛ کە ھەرچی دەوڵەت و کۆمپانیایەک لە بەرھەمھێنانی ئەو
چەکەدا دەستیان ھەیە بدرێنە دادگای نێو دەوڵەتی تا ئەوەی ڕۆژێک دابێت
ئەو چەکە نەفرەتیانە بۆ ھەمیشە لەنێو ببرێن.. کارێکی ئاوا مەزن شایانی
ڕێز لێنانە بۆ خەڵکی ھەڵەبجە و ڕزگاربوانی دوای ئەنفالە بەدناوەکان،
نەک پەتی سێدارەی ملی عەلی کیمیاوی بەدیاری پێشکەشی خەڵکی ھەڵەبجە و
مۆنۆمینتی ئەو شارە بکرێت؟؟؟؟؟؟! پەتی سێدارە نیشانەی دڕندەی ئەو
دەسەڵات و سیستەمە دەگەیەنێت، نەک نیشانەی داد پەروەری، چونکە تا
سێدارە بوونی ھەبێت، مانای وایە سیستەمێکیش لە تەنیشتیدا ڕاوەستاوە کە
ئازادیەکان و حورمەتی مرۆڤ پێشێل دەکات!؟
١٧\٠٣\٢٠١٢
ماڵپهڕی تاهیر
حهسهن
|