٩\٦\٢٠٢٤ هەلەکەسەما !
دارا خونچە لەوەتەی خزمایەتیم دەگەڵ باغ هەیە و دەگەڵ گزنگی سپێدان وەئاگادێم؛ وە ژنەوتنی چرکەچرکی رسکانی خونچە و چرۆیان ١، ٢ وە ''هەلەکەسەما''یان دەکەوم ٣ وە دیتنی شنەشن و لارولەنجەی نەونەمامان شاگەشکە و شێتووێت دەبم ٤ وە بۆنی گیا و خونچەگوڵان سەوداسەر و سەرمەستەبم ئیدی بست بست بەژنی حەز و ئارەزووانم باڵادەکەن زۆری زلۆر و پووشتەمرۆیان نایوەستێنن! ٥، ٦ چەند ئەستەمە بێ پرسوڕا کاروان بڕوا. چەند قورسە قورس.. زۆر دژوار و پڕ ئازار و گورچکبڕە؛ پەلکێشی دوڕ گۆوەندێت کەن.. سەرچۆپییەکەت وە مل دابڕن.. یارۆش لەوان دەرییان نەوێ! ٧ چەند باڵکێشە ئێستا ئەزم هەڵمەتدەبەم گوڵدانەکان.. زیندانە شووشەبەندەکان تێکدەشکێنم و گوڵان دە ئامێزی زەوی دەهاومەوە! ٨ ئێستا ئەزم وە ئەرکی خۆمی دەزانم دەستتێوەردان و هەمواری توخم و تۆرمەی گوڵان راگرم ٩ هەرچی زانکۆی زفت هەیە تاقیان وە پێوە نەهێڵم تاکو چیدی کەس وە ناوی پەیدۆزی کار لەبەر دەریی خاوەنکاران هەڕاج نەکرێ ناچار نەکرێ دارودەوەن.. گوڵ و گولزاران سەرژێکا! ١٠ چەند ئەستەمە بێ پرسوڕا کاروان بڕوا. چەند قورسە قورس.. زۆر دژوار و پڕ ئازار و گورچکبڕە؛ پەلکێشی دوڕ گۆوەندێت کەن.. سەرچۆپییەکەت وە مل دابڕن.. یارۆش لەوان دەرییان نەوێ! گەر کرابا چیایەکانی نیشتیمانم تەختدەکرد دا ترسیان هەڵبڕیبا و ئەشقیا نەبان ١١، ١٢، ١٣ جا پێدەشتان بەرواکەن و کێڵگە کێڵگە زێدی خۆیان دە گوڵان گرن! ١٤ لەوەتەی خزمایەتیم دەگەڵ باغ هەیە هیچ چارم نییە و هەر دەبی واژەی ''مامۆستا'' پەلدەم و نێرەوزیی لە بنەوەڕا دەربکێشم ١٥ وە چەپکێ گوڵی سۆرەوە رێز و شکۆ لۆ مێینان وەگێڕمەوە! ١٦ با گلەییم لە دەستانی خۆشم هەیە زۆر جار دەرفەت نەڕەخسایە یاخود مەژییم رێڕەوی خۆی لێ گوم بووە بیرمچووە دەست وە سەری یار دابینم باخچەیێ گوڵی وەناوکەم! ١٧ چەند ئەستەمە بێ پرسوڕا کاروان بڕوا. چەند قورسە قورس.. زۆر دژوار و پڕ ئازار و گورچکبڕە؛ پەلکێشی دوڕ گۆوەندێت کەن.. سەرچۆپییەکەت وە مل دابڕن.. یارۆش لەوان دەرییان نەوێ! لەوەتەی خزمایەتیم دەگەڵ باغ هەیە و دەگەڵ گزنگی سپێدان وەئاگادێم لە هەلەکەسەمایان ناکەوم! ________________________________________________________ ١- وە: بە. ٢- ژنەوتن: بیستن. ٣- هەلەکەسەما: جۆرە سەمایەکی توند و خێرایە. ٤- شاگەشکە: سەرسوڕمانەکی زۆر، واقوڕمان، ئەبڵەقبوون، سەرسام، سامگرتیی، هۆپ لەخۆدیتن، هیک لەخۆدیتن، و... هتد. (تێبینیی: ئەو هەمووە وشەیەمان هەیە کە هەر یەکەیان لە جێی خۆی و وە جۆرەک لە جۆرەکان واتای ''سەرسوڕمان'' دەبەخشی کەچی کەسانەکی زۆر تەنانەت هێندەکیان خۆیان وە نووسەر و رۆژنامەنووسیش دەزانن لە نەزانیی خۆیان و لە وەکەمزانینی ئەو زمانە زەنگینەی خۆمان و لە خۆوەکەمزانینیان وشەی ''شۆک''ی زمانی هەژاری ئینگلیزی - لە رووی زمانەوە نەک لە رووی فراوانیی وەکاربردنی کە وە هۆی داگیرکارییەوە خۆی داسەپاندیە - وەکاردەبەن و دەبەنگانە پۆزی پێ لێدەدەن!). ٥- زۆری زلۆر: کەسانەکی زۆر کە بێ کردەوە و بێ کاریگەرن، واتە گفتاریان هەیە و بێ رەفتارن. ٦- پووشتەمرۆ: مرۆڤی نالەبار و بێ توانا. ٧- نەوێ: نەبێ، نەبی. ''ت'' و ''تن'' هەر یەکەیان لە نێوچیەک بەو شێوەیە وە کۆتاییەکەی دەلکێندرێن (نەبێت، نەبێتن). لە راستییدا ئەو ''ت'' و ''تن''ە کە دەخرێنە سەر کردارەکان وەک (دەخوا - دەخوات، دەخواتن)، (دەڕوا - دەڕوات، دەڕواتن)، (دەسووڕێ - دەسووڕێت، دەسووڕێتن) هیچ لێکدانەوە یان هۆکارەکی بەجێی رێزمانیی و جوایەزییەکی واتایی لە نێوانیان چێناکا. کەواتە نووسین و گۆکردنیان هەر وەک خۆیان (دەخوا، دەڕوا، دەسووڕێ) زۆر باشتر و سووکترە و لەسەر زارانیش خۆشترە. ٨- دەهاومەوە: دەهاوێمەوە، دەهاوێژمەوە. ٩- تۆرمە: تۆرەمە. رەچەلەک، رەسەن، بنەچە. ١٠- سەرژێکا: سەرببڕی. ١١- دا: لێرە واتای ''تا، تاکو'' دەدا. ''دا'' زۆر واتای دیکەی وەک ''با، بڵا''، ''پێدان''، ''لێدان''، ''خواستن''، لە دەم و جێدا بوون'' و... تد دەدا ، واتە کاتەک لە پێش و پاشی وشەیەک دێ یان دەبتە پێشگر یان پاشگری وشەیەک وە پێی وشەکە واتایەکی تایبەتی خۆی هەیە. ١٢- هەڵبڕیبا: هەڵبڕین واتە دەرکردن و راوەدوونانی کەسەک یان هەر گیانەوەرەک. ''هەڵبڕین'' وە واتای ''بڕین''یش دێ. ١٣- ئەشقیا: ئەو کەسەی کارەک وە پێچەوانەی دابونەریت و رەوشتی باو یان دین یان دەسەڵاتداران دەکا و لە ترسی لێپێچینەوە و سزادان وە مەبەستی خۆپاراستن پەنا دەباتە بەر جێیە سەختەکان و خۆی لەوێ حەشاردەدا. ١٤- دە: لە. ١٥- نێرەوزیی: نێرینەیی، رەوشت و هەڵسوکەوتی نێرسالاریی. ١٦- وەگێڕمەوە: بگێڕمەوە، گەڕاندنەوەی هەر تشتەک کە لەدەستچووە یان بردرایتە جێەکی دیکە. ''وەگێڕمەوە'' واتای گێڕانەوەی چیڕۆک و سەربردە و هەر تشتەکی دیکەش دەدا کە وە ئاخڤین دەگێڕدرێنەوە، ١٧- وەناوکەم: وەناوبکەم، وەخاوەنبکەم، تشتەک وە ناوی کەسەک بکەی.
نیسان و مایسی ٢٠٢٤ - لەندەن
|