١٩\٩\٢٠٢٢
هێڵێک هەیە باریک.

ئەرسەلان مەحمود
•
زەمەنی ڕوت.
گەردون تاریکە،
تەنها ئەستێرەکان شک دەبات!
زەمەن ڕوتە، تەنها تارماییەکان
دائەپـۆشـێت!
•
خودکوژی.
تــــاکــە بـژاردەی
ئایدیالیستێکی سەرسەخت، خۆکوشتنە!!
خودکوژی وەک چارەیەکی هەمیشەیی بۆ
کـێشەیـەکی کاتی!
•
گەڵاکان.
درەخـتەکـان
وەک سییەکان پڕن لەهەوا،
جوانی لەڕەنگی گەڵاکانیاندا
دەشارنەوە!
•
ڕامان.
هێڵێک هەیە باریک،
پێکەنین و ئازار، کۆمیدیاو تراژیدیک،
گاڵتەو حەقیقەت، ئاسمان و ئەستێرەکان،
سەرەتاو کۆتایی جیهان جیادەکاتەوە لـەیەکتری،
کەس ناچێتە ژوانێ، کەس بەزمانی خۆی نادوێ،
هیچ هەواڵێک لـەمەرگ نییە، هیچ لەسەر
ژیان ناوترێ، بێدەنگ لەم دورگەیەدا،
راماوم لەبەلەمێکدا!
•
خنکان.
ئەو دێڕانەی
لەسەر جوانی نووسیم،
جۆرێک لەناشرینی و تۆزێک لەئازار،
شتێک لـەدانایی و بڕوکێک لەگێلی،
نەشازی لەخاڵی کۆتایدا
خنکاندنی!!
•
زڵزڵە.
هیچ زستانێک ئـەبەدی نییە،
هیچ بەهارێک نۆرە بڕی پێناکرێت،
شۆڕشێک دژی برینەکان بەرپابکە،
قەتماغە زڵـزڵـەی خۆشناوێ!
•
سەوز.
درەختەکانت خۆش بوێت،
پشت لەڕوتبوونەوەیان مەکە،
دڵیانبدەوە، سەوز دەبنەوە!
•
یاد.
لـهوێـنـدهرێ،
لەکۆتا وێستگەی سەفـەرێکدا،
بەسەیوانێکی سەر شینەوە گورج،
دێتەوە یـادم، بـەدوای ژوانێکدا
دەگەڕا، مانگ!
•
وڕمان.
ساڵەهای ساڵە،
هیچ هەواڵێکم لەخۆم نییە!!
بێسەرو بێشوێن، هێندە ونم
واقم وڕماوە!
•
نان و ئازادی.
ژیان خەونێکە، خەوتووەکـان نایبینن،
مردن پشوودانـێکە، بێدارەکـان نیانە!!
هـەن وتار ئەدەن و هەشن دەجەنگن،
هەشە تەسبیحات دەکـاو وەشە یاری،
نان و ئازادی نەبێ، هەرشتێک بەلاشە!
•
منتنیم.
وەک جاران
کوچەو کۆڵان و شەقامی من نیت،
ئەوەی ئێستا دەتهۆنێتەوە، یەکـێکی ترە،
ئەوەی ئیتر دەتنووسێتەوە، کەسێکی ترە،
ئـەوەی ئەمڕۆ گۆرانیت بـۆ دەڵێت،
منتنیم!!
•
کۆتایی.
لەدڵمدا تۆو
لەدەستمدا قەڵەمێک و
لەباخەڵمدا پاکەتێک جگەرەو
لەپەنجەرەی ڕوانینمدان،
کۆتاییەکان!
•
ژوان.
هەتا مانگ و خۆر لەئاسماندا بن،
هەتا ژەنگە سوورە گوڵەباخ بمژێ،
هیچ کەسێک نیە بچێتەوە ژوانێ!
•
بەساڵاچوون.
زەوی بەساڵاچووەو
شەپۆلەکان زیاتر لەکەنار ئەدەن،
ئەمەش زۆر ئاساییە، لەکۆتاییدا
هەر شتێک دەمرێت!
ماڵپهڕی ئهرسهلان مهحمود
|