٧\٥\٢٠١٣
هەلێکیتری زێڕین
لە دیدی شەقامی کوردی و دەسەڵاتەوە!

مەهدی خالید خەمبار
هەلێکیتری زێڕین... بەڵێ زێڕین! گەورەم مەبەستت چیە؟ دیارە هێندە
دەبەنگ و کاڵفامی بۆیە لێم تێ ناگەیت، من بە کورتی و بە کوردی پێت
دەڵێم، هەلێکیتری زێڕین عەیار ٢٤ مان هاتۆتەپێش و وەک تۆپێک لە
دەستمانە! دەوابڵێ گەورەم ، کەواتە (فت و خۆمان خۆش)! گەورەم بۆ وا
ڕەنگت گۆڕا؟ هەست دەکەم ناڕەحەت و نیگەرانم کردی ؟ بڕوا بکەن هەزار لوچ
کەوتە نیوچەوانی و زانیم خەریکە کار لە کار دەترازێت، وتم وا چاکە
مشورێک لە حاڵم بخۆم و حیلەشەرعێک بدۆزمەوە! گەورەم، من لەو کاتەی کە
جەنابتان قسەتان دەکرد و باسی تۆپ و زێڕتان دەکرد، من وامزانی باسی
جامە ئاڵتونیەکەی (کۆپا دێل ڕەی) دەەکەن، کە حەیف بەرشەلۆنە بە ڕیاڵ
مەدریدی دۆڕاند!!
ئێ... ئێ... ئێ... تێگەیشتم، دە بڕوا بکە ، ئەگەر مەبەستت لە شتی تر
بایە ئەوە بە دەردێکم دەبردی با بە دەواری شڕی نەکردبێت. تۆ بەو
ساویلکەیی و نەفامی خۆتەوە دەتەوێت قسە لە قسەی منا بکەیت و زمان درێژی
بکەیت؟ نا.. نا .. نا گەورەم چۆن من کاری وا دەکەم و بە ئاقاری ئەو
جۆرە هەڵانەیا دەڕۆم و سنورە سورەکان دەبەزێنم کە ئێوە بۆتان
دیاریکردوین!
١- لە مێژوی گەلەکەماندا، مەخابن سەرکردە سیاسی و سیاسەتمەدارەکانمان
بەردەوام دەستاو دەست بە ژمارەیەک خەسڵەتی خەراپەوە دەکەن و لێان
کردوین بە (صراط المستقیم) و هەرچەند دەکەین و دەکۆشین نە لێی تەوەلا
دەبن و نە بەسەر خۆشیانی دەبەن! واتە قەت ڕۆژێک لە ڕۆژان نە خۆیان بە
هەڵە زانیوە و نە بە خشکەییش هەوڵی ڕاستکردنەوەیان داوە و نە کەسیش
مافی لەلکردنی پێدراوە!
٢- ئاڵودەبون بە قوماری تژی لە دۆڕان وهەڵخەڵەتان و لەخشتەبردن،
هەروەها پشودرێژی لە هەڵپەڕین بە دهۆڵی دڕاو و زوڕنای شکاوی نەیاران!
٣- خویەکی تری دزێوی سەرکردەکانمان کە دەقیان پێوە گرتوە، ئەویش خۆی لە
(لە خۆ بە کەم زانیی و کورتە باڵایی) و سێبەری دوژمن بە گەورە زانییدا
دەبینیتێتەوە وە بە تایبەتیش لە بەرامبەر ئەو گەل و دەسەڵاتانەی کە
کوردستانیان داگیر و لەت لەتکردوە و بەردەوام بە براگەورەیی ئەوانەوە
شانازیان کردوە و لە پێناوی هێشتنەوە و درێژەدان بەو کەلتورە نەفرەت
هەڵگرە، لە هەندێ کاتدا کار بە ئاراستەیەکی زۆر مەترسیداریشدا براوە،
بەڵام ئەم نەرم و نیانی و گونجاندن و قبوڵکردنە، لە نێو خودی خۆماندا،
لە دیدی دەسەڵاتی خۆماڵیمانەوە هەم (بڤەیە) و هەمیش سیکڵدانۆچکەکانیان
بە جۆرێک تەنگ دەبنەوە کە نە ئەسپە کەحێلەی ڕقیان، ئەگەر بە فویەک،
عەرش و قورش بە سەر یەکدا بڕوخێنێ، هێشتا کەف و کوڵیان دانامرکێتەوە!
٤- بەداخەوە، سەرکردە و سیاسەت کارانمان، بەجۆرێک دوچاری ئەم پەتای لە
بیرکردنە هاتون، کە کار گەیشتۆتە ئەوەی ئەمڕۆ دوێنێ دابپۆشێت و سبەیش
ئەمڕۆ! لە یادکردن و نەگەڕانەوە بۆ مێژو، خەسڵەتێکی تریانە، بەڵام سەیر
لەوەدایە، کە ئاخۆ بۆ مێژوە تاڵەکانی ناو خودی خۆمانیان بیر ناچێتەوە و
هەر ساتێکیش بیانەوێت بیکولێننەوە و بەخوێنیدا بهێننەوە، ئەوا وەک ئەوە
وایە ئەمڕۆ ڕویاندابێت!
٥- ئۆباڵتان بە گەردەنم، لە ڕوی ژمێریاری و دانانی خاڵ لە سەر دراو و
داهات، ئەوە لە بیرتیژی و زیرەکیدا، کەسیان پێ ناگات و تۆزی پێیان
ناشکێنن ! یانیش بۆ هەر باس و بابەتێکیش کە وابەستە بێت بە
حەپەلوشکردن، گوێیان هێندە سوکە و مەگەر هەر ئەمان توانیبێتیان گرەو لە
(....) ببەنەوە! خۆ گورج و گۆڵیشیان نە دور و نزیکی و هیلاک بون
دەناسێتەوە و نە پان و تەنگی ڕێگاش دەبێتە لەمپەر لە بەردەمیاندا!
٦- من ئەگەر لە حوزوریاندا بپرسم، ئەرێ لە کام خولی گفتوگۆکانتاندا، لە
کام سات و سەردەم و لە کاتی کام حوکمڕانی دوژمناندا، لە شکستی
پێشمەرگایەتی ئێوەدا، دوژمنان دەستی چارەسەری ئاشتیانەی بۆ ئێوە
درێژکردبێت و ویستبێتی دەستبەرداری بە ناهەق ڕشتنی خوێنی ڕۆڵەکانی ئێمە
بوبێت؟ ئەرێ کام دێری مێژو باس لە سەرکەوتنی تاکە جارێکی ئەو شێوە
خەباتەی ئێوە دەکات، کە بە خەباتی ئاشتی ناوزەدتان کردوە و هەر بەوەش
لە لایەک میللەتتان پێ چەواشە کردوە و هەمیش دوژمنانتان لە
بەچۆکداهێنان و تیاچون ڕزگار کردوە و باب و باپیران و ئێمەشتان پێ
دەستخەڕۆ کردوە و دەیکەن؟ ئەگەر تەنانەت تاکە جارێکیش جیا لە
تۆمارکردنی دۆڕانێکی تر و لە بەریەک هەڵوەشانێکی تری هێزەکانتان، تەنها
سەرکەوتنێکتان بۆ گەل تۆمارکردبێت، ئەوا ئەمڕۆ هەمو لەم چارەسەرە
تەمومژاویە لێوان لێو لە فرت وفێڵ و نیەت گەڵاویە دا لە پشتانەوە
دەوەستین و شورایەکی پۆڵاین دەبین لە دەورتان.
٧- گەر گفتوگۆکانی ئەم دواییەی نێوان حکومەتی هەرێم و ناوەند بە نمونە
بهێنمەوە، کە ئەم هەڵا گەورە یەی بەدوای خۆدا هێنایە ئاراوە، گەلۆ جیا
لە هەندێ خاڵ و داواکاری کرچ و کاڵ، کە پارە سێبەری بە سەر هەر ٧
خاڵەکەوە کردوە و چی دەستکەوتێکی سیاسی و نەتەوەیی لە خۆ گرتوە؟ لە کام
خاڵدا ڕاشکاوانە وێراوتانە باس لە گەڕانەوەی ناوچە داگیرکراوەکان وە بە
تایبەتی کەرکوکتان کردوە و لە دژی ئەم سیاسەتی بە عەرەبکردنە زاتتان
کردوە بوەستنەوە کە تا ئێستاش درێژەیان هەیە؟؟ لەوێشدا، جیا لە ئاماژە
بە هەردو کارەساتی کەمەرشکێنی (هەڵەبجە و کیمیاباران) و (شاڵاوەکانی
ئەنفال) و (ڕاپەڕین) و (گۆڕە بەکۆمەڵەکان) کە گومانی تێدا نیە تا
ئەنفالی (بارزانیەکان) بڕی کردوە و بە هیچ جۆرێک باس لە قوربانیانی
(کۆڕەو) و لەو هەمو تاوان و ڕەشەکوژیانە نەکراوە کە بە درێژایی مێژوی
حوکمڕانیەتی عێراق دەرهەق بە خەڵکانی شار و شارۆچکە و ناوچەکانی کەرکوک
و هەولێر و سلێمانی و تەنانەت هەندێک لە ناوچەکانی بەعقوبە و موێل، بە
تایبەت تریش ناوچەکانی کەرکوک و گەرمیان، کە من خۆم وەک شایەتحاڵێکی
کارەساتێکی (قەتڵ و عامکردنی) لادێیەکم لە ناوچەی (شوان)، کە لە هەمان
ڕۆژی کارەسات بارکردنی هەڵەبجە، واتە ١٦/٣/١٩٦٦ ئەو گوندە کە ناوی دێی
(ئۆمەربەگ)ە کەوتە بەر هێرشی شۆڤێنیستەعەرەبە (بەدوەکان) و کەسوکار و
خێڵی جەنابی (مەشعان جبوری) کە بەداخەوە ماوەیەکی زۆر لە سەر حیسابی
ئازار و مەینەتیەکانی ئێمەمانان لە پایتەختی کوردستان دەلەوەڕا!! جیا
لەو دێیە ، هەر لەو ساڵەدا، چەندین لادێی (شوان و شێخ بزێنی و ساڵەیی)
کەوتنە بەر پەلەمار و هێرشی ئەو فاشیستە عەرەبانە و جیا لە (تاڵان) و
(فەرهود) و (غەنیمە) بردن، دەستیان بە خوێنی دەیان ژن و مناڵ و پیاو ی
سڤیلی ئەو لادێیانە سور کردوە و بە دەیانیان لێ شەهید و بریندار کردون.
بەدڵنیاییەوە ئەمە مشتێکە لەو خەرواری تاوانی کۆمەڵ کوژی و سوتماک
کردنەی عەرەبی عێراقی لە دژی گەلی کورد و نیشتیمانەکەی ئەنجامیان داوە
و ناکرێت هیچ کەس و حکومەت و لایەنێک چاو لەو خوینانە بپۆشێت.
٨- ئێمە لە کاتێکدا، وەک هێلکەی پاکراو ، سیاسەت و پلانی حکومەتە لەق و
لۆقەکەی مالیکیەکان و عەلاویەکانمان بۆ سپی بۆتەوە و دوا بڕیای ئەوان و
ئەوانیتریش بە گوێی هەموماندا، ڕاشکاوانە چرپێندراوە و دەچرپێندرێت .
لەم بارودۆخە چارەنوس سازەدا کە گەلەکەمانی لە هەر چوار پارچەی
کوردستان پێدا تێدەپەڕێ و مەسەلەکەمان چۆتە قۆناخێکی ترەوە و مامەڵەی
هەڵە لە گەڵیدا ئۆباڵێکی میژویی قورسە و نابێت ئیدی یاریکردن بە
چارەنوسی نەتەوەکەمان هیچ کەس و لایەنێک توخنی بکەوێت و بە هەدەری
بدات.
٩- خاڵێکی گەش لە لە ئێستادا کە کورد دەتوانێت کاری لە سەر بکات و بە
قازانجی خۆی هاوکێشەکە بشکێنێتەوە، ڕاپەڕین و سەرهەڵدانی سونەکانە کە
لای خۆیانەوە تەنگیان بە سیستەمی حوکمی تایەفەگەری مالیکی هەڵچنیەوە،
بۆیە لەم کاتەدا ئامادەیە دەست بە هەر بنچکێکەوە بگرێت کە فریای لە
بەینچونی بکەوێت. لەم لاوازیەی ناوەنددا هەر جۆرە ڕێکەوتن و مۆرکردنێک
کە حکومەتی هەرێم ئەنجامی بدات وەک سەرکەوتن و دەستکەوتی نەتەوەیی لێکی
بداتەوە، ئەوە بە دڵنیاییەوە هەم وەک بڵقی سەرئا وە و هەمیش تەمەنی لە
تەمەنی گوڵێک درێژتر نابێت.
بەڵام مەخابن ئەوەتا لەم وەختە هەستیارەدا و لە بەرامبەری چاوپۆشی لە
چەند بوشکە نەوتێک، دەیانەوێت ببنە فریدڕەسی حکومەتەکەی مالیکی، ئەوەتا
بە هەڵپە هەڵپ و هەڵەداوان وەک ئەوەی هەنگوینیان لە کلۆری داری بەغداد
دا دۆزیبێتەوە و ڕویانکردەوە ماڵە باوان و بەمەش ماڵیان ئاوابێت هەم
حکومەتەکەی مالکیکیان لە لرخەلرخ ڕزگارکرد و هەمیش هەلێکی زێڕین تریان
لە دەست گەلەکەمان دا، کە بە پێچەوانەوە دەکرا بڕیاری چارەنوسساز لەمەڕ
ناوچە داگیرکراوەکانی کوردستانەوە بدرێت و دوا شەڕی کوردستانیبونی
ناوچە داگیرکراوەکان چ بە خۆشی یان ناخۆشی یەکلا بکرایەتەوە و خەڵکانی
ئەو ناوچانەش لە دڵەڕاوکێی کوردستانی بون و نەبون ڕزگاریان دەبو و چیتر
نەدەکران بە (گیسکەکەی هەیاس)!
mehdi.mm@wmail.fi
|