په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\١١\٢٠١٠

کورتە چیڕۆک:

ھەڵەشە.


مستەفا رابەر  


مام ھەمزە پیاوێکی فرەوێژی بەتەمەنی پشتکوڕی قسەخۆش بوو ئێواران پشتی بەدیواری مزگەوتی گوندەکەوە دەنا بەھۆی دەژمنداری بە ھەستیاری ووریای ھاتو چۆی ڕێبواران بوو ، سێ ڕێچکانە و دامەی لەگەل دۆستەکانی دەکرد ناوە ناوەش بەئەسپایی بە دەنگە گڕەکەی لاوکی دەگۆتن یان ئەگەر کەسێک تاقەتی ھەبوایە گوێی لێبگریت بەسەرھاتی ڕۆژە سەختەکانی زیندانی خۆی دەگێڕانەوە بێئەوەی شەرم لەڕابردوی خۆی بکات وێڕا دەچوو:


پاش ئەوەی دادگا بڕیاری سزای قورس بەسەرما سەپاند ھەفتەیەکی نەبرد پۆلیس بەقۆڵ بەستراوی پێ لەزنجیر ڕادەستی فەرمانگەی بەندیخانەی ئەبو غرێب یان کردم ...سەرەتا بەنیگەرانی و دڵەڕاوکێ چاوێکم بەقاوشی تاوانبارە سزا قوڕسەکان گێڕا....لای سەرەوە قوژبنێکم دۆزیەوە پریاسکەکەم کردەوە دوو شڕە بەتانیەکەم ڕاخست.


ھۆلەکە تەژی بوو لە عارەبی دەشتەکی ، یەکێکی بەساڵا چوو بەدەست خێراتنی کردم ، ھێشتا عارەبیم نەدەزانی بە ھێما داوام لێکرد قیبلەم پێ نیشاندا لای دەرگای نیشاندام کاتی نوێژ بوو لەسەر جامانەکەم نوێژم دابەست .. ھەندێک لە بەندەکان کاتی نوێژیان دەکرد وەکوو خۆمان باسکیان لەسەر یەک دادەنا ھەندێکیش دەستیان بە خۆیاندا شۆر دەکردەوە لەوەوە زانیم ئالۆزی بلۆزی لە خوا پەرستێش ھەیە.

 
ھەوای ناو زیندان گەرم و بۆگەن بوو باسی خراپی خواردن ھەر تەواو نەدەبوو دەووترا دزی لە پارەی خواردن دەکرێت . زەنگینەکان جگەرەی پاکەتی غازی یان دەکێشا ھەندێک سیغاری زەڵ ، بە سەبری عەتابە دەگۆترا ، ھەندێک حیکایەت خوان بوون ھەندێک بە ژەنگیانە دیاری جوانیان دروست دەکرد ، خوێندەوارەکان بە خۆرایی نامەیان بۆ نەخوێندەوارەکان دەنووسی چاوەشێکیش ناوە ناوە دوو زەلەی لێئەداو غەریبی ھەندێ کەسی ھەلدەساند و دەگریان ھەندێ یاری سادەش دەکرا من لەوێ فیری دامە بووم ،دامە یاریەکی سادەیە بۆ خۆ خافلاندن باشە ، یاری ناو بەندیخانە و خەلکی بندیوارە، ئەگەر خۆم یاریم دەکرد ئاسان دەمدۆڕاند ، بەلام کە دەبوومە لای کەسێک خێرا دەیبردەوە ئەوکات زانیم من بۆ خۆم نا بەلام بۆ خەلک زۆر عاقلم. ماوەیەکی زۆری پێچوو ھەتا ڕاھاتم خەلکم ناسی ووردە ووردە فیری قسەی رۆژانەیان بووم.


ھەمویان بڕو بیانویان بۆ تاوانەکانیان ئەدۆزیەوە ھەبوو خۆی بە پالەوان دەزانی بەتایبەتی دزەکان ، پیاو کوژەکان ، قۆڵبڕەکان، نەفس نزمەکان خۆبەخش ببونە داردەست و سیخوری ئۆردیانەکان .


بەڕێکەوت شوێنەکەم کەوتە تەنیشتی پیرە مێردێکی عارەبی ِشارەزای گەڕیدەی ڕاھاتوو لەگەل کەش و ھەوای ناو زیندان بەندیەکان بەژیرو مام موتکیان دەزانی لە( دێوەرە ) ێی دا فێری زمانی کوردی ببوو نوکتەی دەگێڕاوە رۆژێکیان کوڕە تاقانەکەی ھات بۆ مواجەھە پێم گۆت خوا لێت نەسینی کوڕەکەت جوانە گۆتی بەداخەوە کوڕی جوان ھەموو چوو لەکەر ! تومەز وەخت خۆی بەپشتی ماکەر کاسبی کردووە درەنگ خێزانی پێکەوەناوە . ئەویش بەھۆی تاوان کردنەوە لێی تێکچو بو لەگەل ئەوەشدا زۆر گەشبین بوو نەروخابو قسەی خۆشی دەکرد.


نازانم مەبەستی چیبوو کە دەیگۆت ھەر شتێک ھەرواز بڕوا دەبی دابەزیت بەلام کاتی واش ھەیە ئەو شتەی دادابەزی ناتوانی بەرز بیتەوە.


دەربارەی شەڕە جنێویش دەیگۆت دەزانن سەگ ئەگەر برسی ، یا توڕە یان بترسێت دەوەڕیت یان پەلامار ئەدات ، ئەگەر بەراود لە نێوان جنێوی مرۆڤ و ڕەوینی سەگ بکەین ئەوە جنێودان رەوێنی مرۆڤە ،زۆرجاریش ڕەوین کارەساتی کرێتی لێدەکەویتەوە ، ئەوی ڕاست بیت خۆمیش لە جنێودان زەرەر مەندبووم بۆیەش بڕوام بە قسە ھەلەق و مەلەقەکانی دەکرد.

 
دەم نادەم پێمی دەگۆت حەزدەکەم بزانم لەسەر چ کەتنێک حوکم دراویت ڕاستم پێ بلیێ مەبەستی ئەوەبوو درۆی لەگەل نەکەم چونکە زۆر جار باسی ئەوەی دەکرد کە درۆ دوو جۆری ھەیە درۆیەک لە کێشە رزگارت دەکات ھەیشە کێشەت بۆ دروست دەکات ، باشترین درۆ ئەوەیە تروسکایەکی ڕاستی تیا بیت!


دەی حەمزە سەرەتا پێم بڵێ چ گۆبەندێکت کردووە بە چ تاوانێک دادگایی کرایت پاشان چ ڕویدا منیش ووتم پاشان چ رویدا وەکو دەڵین چرا ھەلکەو بزانە چی تیاماوە ... ئەوەی بەسەرمان ھات بەئاسانی باسەکەی تەواو نابیت بەکورتی ماڵی ھەردولامان کاول بوو ، کێشەکەمان کەوتە سەوداو مامەلە لە بازاڕی پۆلیس و داداگای شار، کەسوکارم ھەرچی ھەیان بوو فرۆشتیان بڕیکیان دایە برا گەورەی خێلەکەمان و خەلکیش ئامۆژگاریان کردین ووتیان دەتوانن ڕاستەو خۆ بەرتیل بدەنە پۆلیس بەلام بۆ دادوەر دەبی پارێزەر بگرن چونکە ھەندێکیان دەتوانن بەئاسانی لەگەلیان سازەش بکەن و بەرتیلیان بدەنێ، لای خۆیانەوە بەرەبابی بەرامبەر پارەو پولیان کۆکردەوە دایان بەکوێخایەکی دەست ڕۆیشتوی ناوچەکە بۆ ئەوەی فشار بخاتە سەر دادگاو دادوەرەکان ھەتا سزایەکی قوڕسم بەسەردا بسەپێنن ، سەرت نەیەشینم دادوەرەکان سەریان لێشێوا نەیاندەزانی بەگوێی کام تەرەف بکەن ، سەرەنجام بە پانزە ساڵ حوکمیان دام ، کوێخای گۆرین ھێشتا سزاکەی بەدڵ نە بوو وای زانی سوکایەتی پێکراوە زۆری نەبرد مالی سەرۆکی دادگایان سووتاند ،لەو رۆژەوە داگاو مادگا رێزو ھەیبەتی نەماوە.


دێوەرە دەستی کرد بەپێکەنین ووتی قوڕت وەسەر کاتێ لێرە دەرئەچیت سەرو رێشت تاڵیکی ڕەشی تیا نامینێ دەبینی لە دێکەتان ھیچ شتێک وەکو خۆی نەماوە ، ئەگەر بەخێر ئازاد کرایت تێدەگەی جیاوازی لەنێوان ئێرەو دەرەوە نەماوە.


بەلام بۆچی پێت شەرمە باسی تاوانەکەت بکەیت خۆ ئێمە کەسمان کاری لەتۆ باشترمان نەکردووە کاریش لەکار ترازاوە پێمگۆت دەزانم کارێکی کرێتم کردووە بەلام ھەتا ئەمڕۆ لە ڕوم نەھاتووە بەڕاشکاوی باسی بکەم ھەرچەند شەوو ڕۆژ دیمەنی سامناکی ڕووداوەکەم لە خەیال و لەبەر چاوە ئێستاش با لەبێن خۆمان بیت:


لە گوندەکەمان ھەرزەکارێک دەیویست دڵداری لە گەل کچەتیوێکی دراوسێمان بکات ھەرچەند ئەو کچە بەخزمایەتیش پێوەندی بەئێمەوە نەبوو کوڕەکەش وازی نەدەھینا ، ناوە ناوە دوور بە دوور شەوقی ئاوێنەی دەگرتە ماڵی کچەکەو ئێمەش پێمان وابوو ئەگەر بێدەنگ بین عەیب و شوریە ئاخر لەمالان لە مزگەوت لە دیوەخان لە بن دیواران باس ھەر باس و خواسی شەرەف و مەرەف بوو ئەو بەندو بالۆرەیە ڕشتمی دەکرد رۆژێکیان بەئاشکرا شەڕم پێفرۆشت بە جنێودان بەھەڵشەیی پەلاماریمدا ئەویش داینەھێناو بەگژ یەکدا ھاتین و زۆرانمان گرت وەکوو خوێن بەرچاومی گرتبی بە ھەموو ھێزمەوە خەنجەرێکم تێسرەواند بەدبەخت ھەر لەوێ گیانی سپارد.


دێوەرەی دونیا دیدە چاوەکانی زەق کردەوە ووتی دەک بەخێر نەیەیتەوە پاشان بە شێوەیەکی ترسناک جەختی لەسەر ئەوە کرد ئەگەر سولح کرا نەکەی بەتەمای سولحی عەشایەری پشتی لێ بکەیتەوە چونکە وەکو من بزانم لەم وولاتە کەس بەتەواوەتی ڕێز لە پەیمان و بەڵێنەکانی ناگریت.

 

لەندەن

ماڵپه‌ڕی مسته‌فا رابه‌ر