په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٦\٢٠١٢

هەڵهاتن!

نەهرۆ           


هانا کچێکی تەمەن ٤٢ ساڵە بوو، باڵایەکی بەرزو سەروسیمایەکی جوانی هەبوو، لەیەکەم رۆژی ئیشکردنم دا ناسیم، لەبەرانبەریدا حەپەسام و زۆر پێ سەرسووڕمان بووم، من لەبەرانبەر ئافرەتی جوان هەست بە لاوازی و دارووخان دەکەم، پێم وایە جوانیەکەی کۆنترۆڵم دەکاو زاڵ دەبێ بەسەرم دا دواتریش هەر بیری لێدەکەمەوە تاوەکو تووشی نامۆ بوونم دەکا، منیش تەمەنم ٤٨ ساڵە، باڵام مامناوەندییە، تاڕادەیەک ئافرەت حەز بەدەموچاوم دەکا، بۆیە بەرانبەر بە جوانیەکەی هانا ئەزموونەکانم هینایە یادی خۆم، دەبێ وا بیر بکەیتەوە کە جوانی ئافرەت کاتی یە، لەوانەیە ئەمڕۆ جوان بێتە پێش چاوت بەڵام کە سبەی دەست بە خۆی دا نەهێنێ، شێوەیەکی دی بنوێنێ، هانا لەکاتێ دەست بەتاڵی بلوزی دەچنی، هەمیشە جلی کۆنی لەبەر دەکرد، هەندی جار جلەکانی دڕا بوون، پرچێکی درێژی پێوەی بوو زۆر جار شانەی نەدەکرد، جارو بار بیرم دەکردەوە، ئاخۆ بۆ ئەم ئافرەتە دەستی لە خۆی بەرداوە! لەوانەیە لە بەر جوانیەکەی بێ، منەتی بە ژیان و دەوروبەر نیە، بەژنێکی درێژ و رێکی هەیە، چەهرەشی جوانە، روحیشی سووکە، بەڵام جاروبار بێدەنگ ئەبوو تەنیا یاری بە مۆبایلەکەی دەکرد، من سەرەتا وامزانی دوستی هەیە، گوتم ئافرەتێکی جوانی وا دەبێ پیاوێکی دیل کردبێ و لەژێر فەرمانەکانی دا بێ، رۆژێکیان گوێم لێبوو لەگەڵ ئافرەتێکی دی قسەی دەکرد باسی پیاوە دەرهێنەرەکەی کرد، منیش وامزانی پیاوی هەیەو دەرهێنەرە!

 

من کە سەرەتا هاتمە نەرویج نامیلکەیەکم لە عەرەبییەوە تەرجەمە کرد دەربارەی کەلتوری وڵاتی نەرویج، ئامۆژگارییەکانی ئەم نامیلکەیە بوون بە بەڵگەو بەو پێیە رەفتارم دەکرد، من یەکی لەو کەسانەم زیاتر بەقسەی نووسراو گووش کراوم گووش دەبم، لەبەر ئەوەی بەردەوام گومان لە راستگۆیی کەسەکانی نێو کۆمەڵگا دەکەم، تەنیا نووسەرەکان بەڕاستگۆ دەزانم، لەو نامیلکەیە هاتووە کە خەڵکی نەرویج زۆر حەزیان بەوە نیە پرسیاری تایبەتمەندییان لێبکەیت! بۆیە منیش بە هیچ شێوەیەک هانام نەدەدواند، تەنیا باسی ئاووهەوای رۆژانەم لەگەڵیا دەکرد لەگەڵ هەندێ بابەتی گشتی کە تووشی ئیحراجی نەکا، بەڵام ئەو پرسیاری لەمن دەکرد، چەند ساڵە لە نەرویج دەژی؟ پیم گوت ١٣ ساڵ، ئاخۆ بەتەنیا دەژی؟ بەڵی، رۆژێکیان گوتی بەتەمام شەو لە فەرمانگا وەک ئیشکگر بمێنمەوە دەزانم تۆیش دەمێنییەوە، هەموو فەرمانبەرەکان دەناسم تەنیا تۆ نەبێ، گوتی بچین بۆ ژوورەکەت و دانیشین هەندی قسە بکەین، گوتم خۆت دەزانی، گوتی من شتێکی ئەوتۆم نیە بۆ باس کردن، لەوەڵام دا گوتم کەواتە منیش شتێکم نیە شایانی باس بێت، ئیدی دانەنیشتین، بەڵام هەر لەو دەمە گوتی تۆ پیاوێکی ئاینی یی، پێم گوت بروام بەئاین نیە! دەبوایە لەگەڵی برۆیشتمایە، لەبەر ئەوەی ئەو دەلاقەیەکی کردەوە بۆ دانیشتن، دەبوایە منیش دەستپێشخەری بکەم، بەڵام پێشتر دابوومە بەر گوێی کە تۆ ئافرەتێکی جوانی و لە وێنەت کەمە.

 

ئەو شەوەی کە ئیشکگر بوو سەعات نۆ لە دەرگای دام پێیگوتم ئەگەر ئیشێکت هەبوو ئەوا من لەخوارەوەم، لەشەوێکی دی دا هەمان کردەوەی دووبارە کردەوە، بەڵام من نەرویشم بە دوای دا، لەبەر ئەوە بروام بەوە نەکردبوو کە ئەو ئافرەتە حەزی لە من کردبێ، لەلایەکی دیکەوە ئەترسام ئیشەکە لەدەست بدەم، لە رووی یاساییەوە نابێ لەکاتی ئیشکردن کردەوەی ناشایستە ئەنجام بدەی، لەوانەیە بە دزییەوە لەژێر پەردە زۆر کەس دەیکا بەڵام لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دی جیاوازیی هەیە، ڕەنگە ئەم شوێنەی من زۆر هەستیار بێ! زۆر بیرم کردەوە، رۆژێکیان لای برادەرێکی بە ئەزموون باسی رەفتارو گوفتاری ئەو ئافرەتەم کرد، پێیگوتم دەبوایە برویشتیتایە بۆ لای بە دەم دانیشتن و قسە کردنەوە مەبەست و نیازی ئەوت بۆ دەرئەکەوت، لەوانەیە حەزی لێبێ جارێک تاقیت بکاتەوەو لەگەڵتا بخەوێ، لەوانەیە حەزێ لێبووە بەڵام من بە دەنگیەوە نەچووم.

 

رۆژێکیان هانا لەگەڵ فەرمانبەرێکی دی قسەی دەکرد بەڵام توانجی لە من ئەدا، گوتی حەزی لەوەیە لەگەڵ ئافرەتاندا بدوێ هەروا زۆر حەزی لەپێڵاوە، منێش بەسەر خۆمدا شکامەوەو بێدەنگیم هەڵبژارد، دواتر دوو جووت لە پێڵاوە کۆنەکانم فرێ دا، لەگەڵ خۆمدا قسەکەی ئیمام عەلیم دەگوتەوە( مافاز باللژات الا من کان جسورا) کەواتە ئەوەی ئازا نەبێ لەزەت وەدەست ناهێنێ، لەراستی دا من بەتەمای پیلانێک بووم، دوای سێ مانگ ئەم وڵاتە بەجێبهێڵم و ماوەی شەش مانگ لەوڵاتی خۆمان وەک پرۆڤەی ژیان تاقی بکەمەوە، ئەگەر بۆم لوا ئەوە لەوێ دەمێنمەوە ئەگەر نە ئەوە دەگەرێمەوە بۆ هەمان ریتمی رۆتینی ژیانی ئێرە، ئاخر لێرە تەمەنی من هی دیسکۆتێک نیە، ئەوەش نەچێتە دیسکۆتێک زەحمەتە دوستی دەستکەوێ، بۆیە دەستم لەژیانی ئێرە شووشتوە دەربارەی پەیداکردنی دوستی کچ، لەسەر کاریش رێکدەکەوێ، کچێک بتناسێ و دوستایەتیت لەگەڵ بکا، منیش بەم شێوەیە هانام ناسی بەڵام هانا پارووی من نەبوو، دەموچاوو بەژن و بالای سینەمایی بوو، وێرای ئەوەش خۆم پێنەگیرا رۆژێکیان پێمگوت هانا بەتەنیا دەژیت؟ لە وەڵام دا گوتی بەڵی بەتەنیا دەژێم، زیاتر درێژەم پێنەدا دەمزانی خەونی ئەم ئافرەتە لە قەوارەی منێکی رۆژهەڵاتی گەورەترە، بەڵام لەمیانەی قسەکانی دا پێیگوتم نزیکەی بیست ساڵ لە دەرەوەی نەرویج ژیاوە، لەفەرەنساو ئینگلتراو یابان و ئەمریکا ژیابوو بەڵام نێوەی ئەو کاتەی لە ئەمریکا ژیابوو!


پێمگوت جیاوازی نیوان خەڵکی نەرویج و خەڵکی ئەمریکا چی یە؟ گوتی وێرای ئەوەی خۆم خەڵکی نەرویجم بەڵام خەڵکی نەرویج کەمدووساردوو سرو بەگومانن، بەڵام خەڵکی ئەمریکا وا نین، لەساتی یەکەمەوە دەست ئەکەنە قسەکردن لەگەڵتا زۆر گەرم گوڕن، کە دەچی لە دوکان بلیتی پاس دەکڕی، پێت دەڵێن رۆژەکەت چۆن دەگوزەرێ، وەزعت باشە، لەکوێ دەژی؟ دەیان پرسیاری تر، بەڵام لە دوکانی نەرویجی پارەکە ئەدەی و بلیتەکە وەردەگری.


رۆژێکیان پێمگوت جگە لەم ئیشە حەز لەچی دەکەی بەتایبەی لە کاتی دەستبەتاڵیت دا، گوتی حەز دەکەم لەدوای کامیرا ئیش بکەم، تەنانەت رۆژێکیان کامیراکەی هینا لەگەڵ چەند کەسێک چاوپێکەوتنی ئەنجام دا، پێیگوتم ناتەوێ چاوپێکەوتن ئەنجام بدەی، لەوەڵام دا گوتم حەز ناکەم یادگاری من لای تۆ بمێنێتەوە نەوەکو یادەوەریم دیل بکەیت!


دوو ساڵ لەگەڵ هانایە یەکترمان دەناسی، ئەو کچەی حەزی لێدەکەم حەز دەکەم هەموو پارەی گیرفانم بۆ ئەو بێ، چەندین جار شەربەت و کولام بۆ دەکڕی، بەهیچ مەبەستێک نە، بەڵکو تەنیا بەمەبەستی پیشاندانی دیوی شاراوەی خوشەویستیەکەم، بێگومان بەرانبەر هەستی پێدەکا بەڵام بەسەر خۆی ناهێنێ. رۆژێکیان هات بۆ لام گوتی دەمەوی خوا حافیزیت لێبکەم، گوتم بۆ؟ گوتی بلیتم کڕیوە رۆژێ شەممە سەفەر دەکەم بۆ ئەمریکا، گوتم بۆ ئەمریکا؟ گوتی ١١ ساڵ خۆم و مێردەکەم لەوی ژیاین، پیاوەکەم ئەمریکی بوو، دەرهێنەری فیلم بوو لە هۆڵیود کاری دەکرد، نزیکەی ١١ فیلمان پیکەوە داناوە، شانبەشانی ئەوە منیش کاری مۆدیلم دەکرد، ئاخر ئەو ئافرەتانەی جوان نەبن ناتوانن کاری مۆدیل بکەن! پێمگوت دەبوایە بمزانیبایە، سەروسیماو هەیکەڵت لە کچی نێو گۆڤارەکان دەچی! بەنیگەرانییەوە پێیگوتم بەڵام دوای ١١ساڵ لە پێکەوە ژیان مێردەکەم دووچاری شیرپەنجەی سی بوو و مرد، گوتم ئێستا خەمی لێدەخۆی، گوتی ئەی چۆن بەڵام ژیان بریتی یە لە تێپەراندن، دەبێ لەگەڵ ساتی نوێ دا خۆمان بگونجێنین، پێمگوت باشە ئێستا دەچی بۆ لای کێ؟ لەوەڵام دا گوتی کچێکی نەرویجی هەیە ژوورێکی بچکۆڵانەی بەکرێ گرتووە تاوەکو چەند مانگێک دەچم لەگەڵ ئەو دەژێم، هەتا ئیقامەکەم درێژ ئەکەمەوەو دواتر لە ئیشێک دەگەڕێم، پێمگوت ئەی دوستی پیاو، گوتی دوایی بیری لێدەکەمەوە، هاورێیە کچەکەشم دوستی پیاوی نیە، سەرەتا زەحمەتە دوستێکی پیاوی هەمیشەییت دەستکەوێ، بیرم چوو ئەوە باس بکەم، رۆژێکیان هانا هات بۆ ئیش لای چاوی شین ومۆر ببوەوە، پێدەچوو یەکی لێدابێ! بەڵام بەهیج شێوەیەک پرسیارم لێنەکرد!


گوتی دەزانم تۆیش دەچیتەوە بۆ کوردستان لەوانەیە لە بواری وەرگێڕان ئیشێکت دەستبکەوێ، لەبەر ئەوەی پیشتر ئاگادار بوو کە کاری وەرگێڕان دەکەم، گوتی ئەگەر ژیانت نەگونجا دەتوانی بگەرێتەوە، منیش ئەگەر لەئەمریکا ژیانم باش نەبێ دەگەرێمەوە، هەموو شتێ تاقیکردنەوەیە! وەک رەفتاری ئاسایی ئێرە گۆنام خستە سەر گۆنای و ئومێدی خۆشبەختیم بۆ خواست!!
 

نەرویج

ماڵپەڕی نەهرۆ

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک