په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٢\٢٠١٠

هێلکە و تەماتە.


فەرهاد کەریم   


هەندێ جار وا دێتە بەرچاوم ئەو گەلە دەڵێی لە خافلەتیی و لە هیکڕا تەماتەیان لە بناگێی داوە.. ئەی بابە بابت دەگێم، ئەو جنێوە وەڵامی تەماتەکەیە، ئیتر یەک تەغارە جوون بە ئەژدادی گەورە و گچکەی هەمووان دێتە خوارێ، دوایی هیچی پێ نامێنێ و فش دەبتەوە و دەچێتەوە ناو قاوغی خۆی بۆ سەدەیەکی تر خەوی لێدەکەوێ، ئای کە گەلێکی خەو خۆشین، مالی ئەوەیە یا هیلکەبارانمان کەن، یان هێلکەمان لە بن دابنێن و کورک بین و جووچکه‌ هەلبێنین، ئەوجا ئەو جووچکه‌ بیژییانە پێمان بڵێن لە‌سەر کوردبوونتان بۆ خۆتان هەر کورک بن، خۆ گەر لە خەوهەڵستان و تەماتەیان تێگرتن، سەروکەللەی هێلکەیی و جامانەی تەماتەیی هەڵبژێرن.. تا خەو خێل و کورتان و کورکبوونتان مسۆگەرکەن...


تازە هاتبوومە ئێرە پەناهەندەیەکی ماندوو و پەشێو و وێران بووم، بە شەو ئیشم دەکرد، شەوێکیان پەیدان لە پایسکل دە و خێراکە بۆ کار، لە هیکڕا لە ترومبێلێکەوە هێلکەیان تێگرتم و یەک بە دەنگی خۆیان هاواریان کرد: دۆڕاو.


منیش بێ ئەوەی خۆم تێکبدەم بە دۆڕاو و هێلکە راهاتبووم بە هەمان ئاوازی ئەوانەوە گوتم: سوپاس.


ئەمەریکیەکان دەلێن هەموو هێلکەکان لە سەبەتەیک دامەنێن.. ئیتر رەنگە هەر ئەو گۆتەیە بێ بۆیە هێلکەیان تێگرتم و هێلکەمان لە بن دادەنێن.. هەر بۆ ئەوەی نیشتمان ئاواکەین، سوپاس بۆ هێلکەکان.. هێلکەی دوو زەردێنەی پیس و هێلکە و روون و هێلکەی کولاو، هێلکەی گیرفان و بەرد، هێلکەی پێلاو و گەرد، هێلکەیتر و تۆرکە، هێلکەی پەرستگا و کۆخە، هێلکەی داکت بگێم لە پێش چاوم بزربە دەنا هەستمەوە سوارت دەبم یان دەمت داخە و تا نەم گای، بەڵام ئەوەی من دەیبینم و دەزانم زۆرینەی هێلکەکان هێلکەی دەست بە کلاوی خۆت بگرە و قوچکەوەیە، زووتر لە شیعرێکمدا گۆتیتم (لوولدراو چرکەکانی ژیان لە بن پێی مردن) بەلام گەر شیعرێک هات و گووتی بمنووسە، داواکارییم ئەوە دەبێ لێی دەپرسم من هێلکەی دوو زەردێنەم، یان بێ زەردێنە، هەمووتان دەزانن زەردێنە کۆلسترۆلە، لە کۆلسترۆل و لە من تێدەگەن چیدەلێم، ئەی هێلکەکان ئێوە هەم قامچینە و هەم کەرەکەن، هەم گوللەن و تفەنگەکەن... لە پڕ دا هاوسەرەکەم دەرگای ژوورەکەمی کردوە و نەیهێشت شیعرەکە تەواو کەم. دوای بەیانی باش.. گوتی:

- چ دەخۆی بۆت دروستکەم؟
منیش گوتم:

- شامینۆک و شاورمە و شۆربا - هەر بە کوردی -.

هاوسەرەکەشم تەنها زمانی ئیسپانی و ئینگلیزی دەزانێ. ئەویش کردی بە وات وات و کۆمۆ بە مانای چی چی بە هەردوو زمان. ئێ خۆمنیش پێی نالێم دەرگاکە داخەوە جارێ وەختی گونم و روون و گووخواردن نییه، لەسەرخۆ گوتم:

- جارێ برسیم نییه‌ و دەنووسم..
ئەویش گوتی:

- زۆر باشە کەواتە نیوەرۆ دەعوەتی منی لە چێشتخانە.

بە هێواشی دەرگای لەدوای خۆی داخست.. نە من هێلکەم نە ئەویش، نە من کورکم و جووچکه‌ هەڵدێنم نە ئەویش.. ئای هێلکەکان نانی ئەو بەیانیەشم ئێوە خۆش، ئای هێلکەکان ئەم بەیانییه‌ نە ئامێز و نە ماچێکیش. ئای هێلکەکان هێندە پڕم گەر تەماتەشم بە بنگوێی نەکەوێ نەفرەتبارانتان دەکەم...

 


ماڵپه‌ڕی فه‌‌رهاد که‌ریم