په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

 

هەڵکەوت زاهیر لەنیشانەى تیرێکدا .


بابەتێک بۆ گفتوگۆ و لێدوانی زیاتر.


ئاسۆ عوسمان     


نیشتیمانەکەى من ئێستا بەدەست پیاوە بچوکەکانەوە بۆتە دواکەوتوترین جوگرافیا لەسەر ئەم هەسارەیە ،لە کوردستانى مندا خەڵکانێک بونەتە کار بەدەست و بەرپرس ئەوەى خەمیان نەبێت داهاتوویی نیشتیمانەکەیانە.ئەوسەیروسەمەرەیەى کە لەکوردستاندا ئەبینرێت پێم وانییە لەمێژووى کۆن و نێودا بوونى هەبێت،قەدەرى وڵاتێک چارەنوسى ملوێنان خەڵک لە نادیاریدایەو بەرپرسەکانیشى شەو ڕۆژ خەریکى گیرفان پڕکردن و نۆکەریکردنى بێگانەن . زۆرمان لەسەر سیاسیەکان نووسى کەخەریکى عەرەبچێتى و عێراقچێتین،لەباتى ئەوەى دەرس وەر گرن و بیرێک لە چارەنووسى کوردستان بکەنەوە تائێستاشى لەگەڵدابێت خەریکى شین و شەپۆڕن بۆ عێراقى عەرەبى .سەرکردەکانى وڵاتەکەى من هێندە نەزانن کە شەوڕۆژیان لەسەریەکدانەوە تابرا عەرەبەکان یەک بگرنەوەو کێشەکانیان چارەسەربێت بۆئەوەى بکەونە وێزەى کوردستان و ئەم جارەش ئەنفال و جینۆسایدمان بکەن،سەرکردەکانى وڵاتەکەى من لە تاوانبارترین دڕەندە خۆش دەبن کەدەیویست کورد قڕبکات،کەچى بەمێژووى خۆیان لەیەک کورد نەبوراون و دەیان خەڵکى شۆڕشگێڕیان خستۆتە زیندان و ئەگەر ڕۆژنامەنووسێک رەخنەى لێگرتبن بەدوژمنیان زانیوە و لەزیندانیان توندیان کردووە،ئێستا ڕۆژنامەنووس و ڕۆشنبیرانى ئەم نیشتیمانە کۆکن لەسەر ئەوەى کە ئەم بەر پرسانەى کورد نە گوێیان ماوەو نەچاو ڕوو ئەوەى دەیانەوێت گیر فان و دەسەڵاتى خۆیانە ،یەک مەسئول لەوڵاتەکەى من شەرمەزارى داینایگرێت کە بە بەر چاویانەوە دوو خێزان لەبەر نەبوونى سووتەمەنى لەم چلەى زستانەدا غاز بەکاربێنن بۆ گەرمکردنەوەى خۆیان و سەرنجام تێکڕایان بەو غازە ژیان لەدەست بدەن .کەچى خۆشیان بەفالینەى قۆڵ کورت و شۆرتەوە لەبەرسبلیتى چوارتەنى ئەخەون .من چەندى تر بنوسم لەسەر گەندەڵى و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵات لەم نیشتیمانەدا کۆتایى نایەت،دەشزانم مەسئولەکان ناشیخوێننەوە خۆئەگەر ناوى یەکێکیشیان بهێنم دەمدەنە دادگا.

ئەوەى من لێرەدا مەبەستمە قسەى لەسەر بکەم یەکێکە لەموستەشارەکانى سەرۆکى حکومەت بەناوى هەڵکەوت زاهیر،هەڵکەوت زاهیر ڕێک وەک موستەشارە کۆنەکانى زەمانى ڕەحمەتى هەڵسوکەوت ئەکات، ئەوەى لەنزیکى نەبێت و ئەوەى خۆى بە هونەرمەندى نەزانێت پشتى تێدەکاو ڕێگر ئەبیت لەوەى کە حکومەت ءدەزگاکانى تر هاوکارى بکەن ،بەداخەوە ئەڵێم کە سەرۆکى حکومەت کەسێکى  وەک هەڵکەوت زاهیرى  کردۆتە ڕاوێژکارى خۆى ، بۆیە بەداخیشم کە سەرۆکى حکومەت کەسێکى چالاکە و یەکێکە  لەو  بەرپرسە  کەمانەى  کە بەدڵسۆزییەوە ئیش وکارەکانى خۆى ئەکات . ساڵى 2006  لەسەر داواى من و  کاک (ستیڤان شەمزینانى) هاورێم داوامان لە یەکێک لە هونەرمەندە بەتوانا و دڵسۆزەکانى کوردستان کرد کە داواى مافى خۆى بکات و ئەویش وەک هەموو هونەرمەندەکانى تر ئەو مافەى هەیە کە هاوکارى بکرێت بەڵام ئەو ڕازى نەبوو بۆیە من و شەمزینى خۆمان بەناوى ئەو هونەرمەندە نامەیەکمان ئاڕاستەى سەرۆکى حکومەت کرد بۆئەوەى مافى خوراوى ئەو هونەرمەندە بگێرَێتەوە،بەڵام جێگاى سەرسامى بوو کە نامەکەمان نەگەیشتە جێگاى خۆى ولەلایەن هەڵکەوت زاهیرەوە راگیرا بەو بیانووەى ئەوە ئەرکى وەزارەتى ڕۆشنبیرییە نەک ئەنجوومەنى وەزیران، ئاخر سەیروسەمەرەکە لەوێدایە کە هەڵکەوت زاهیر ئامادەیە بەهەموو شێوەیەک هاوکارى( لەیلاى فەریقىو ناسرى ڕەزازى و چۆپى فەتاح) و چەندین هونەرمەندى کە بکات بەڵام کاتێک دەگاتە سەر هونەرمەندێکى وەک(خالید ڕەشید) ئیتر ئەرکى هەڵکەوت زاهیر نییە،بەڵێ هەڵکەوت زاهیر ئامادەیە کلیپ بۆ لەیلاى فەریقى،دروست بکات لەگەڵ هونەرمەندانى عەرەب وەک ئەوەى کورد ئەوەندە زمانى عەرەبى لا خۆش بێت و بە شیرینى بزانێت ،ئێستاش ڤێتنامیەکان دژى ئەمریکان، کەچى ڕاوێژکارى حکومەتەکەى من خۆى دەستی هونەرمەندەکانمان دەگرێت تا گۆرانى لەگەڵ ئەو عەرەبانە بڵێت کە کچە ئەنفالەکانى ئێمەیان دەکڕى .ئاخر شورەیى نییە بۆ وڵاتێک هونەرمەندە ڕەسەنەکانیان بێ خانەو لانە بن و ئەو کەسانەشى کە خەریکى شێواندنى هونەرى کوردین دەیان باڵەخانەیان بەناوەوە بێت ،گۆرانیبێژى واهەیە بەدۆنم زەوى پێدراوە ئێستا هونەرمەندمان هەیە بەقەد جوتیارێک زەوى هەیە .لەبەرامبەریشدا دەیان هونەرمەندى ڕەسەن و خاوەن هەڵوێست لەپەراوێزدان و مافەکانیان دەخورێت .کەس نییە هونەرمەندێکى گەورەى وەک (کەریم کابان )نەناسێت کە ئێستا لەتەمەنى( 81 )ساڵیدایەو تائێستاش خەونى ئەم پیاوە تەنیا خانویەکە ،کاتێک باسى (حەمەى نێرگز) دەکرێت خۆشەویستى جوانى کوردستانت بیر دەکەوێتەوە کە تائێستا خۆی و خێزانەکەى لەکرێچێتیدا ژیان بەسەر دەبەن ،ئەی بۆ سەیری (حسێن زارین)ناکەن لەوەتی ژیانی هەیە بۆ هونەرەو دەیان شانۆ و شەش کورتەفیلم و حەوت کلیپی بەرهەمهێناوە و دووخەڵاتی بەدەستهێناوە لەسەر کارەکانی و بەرهەمەکانی چوونەتە فێسیڤاڵە جیهانییەکانەوە نەک ئاوڕی لێنەدراوەتەوە بەڵکو بەخۆی و سێ منداڵە لەگەڕەکێکی پەڕاوێزی شاری سلێمانیدا کرێچییە و هەر فریای ئەوە دەکەوێت مفەوەزات لەگەڵ خاوەن خانوو بکات،ئاخر کاک هەڵکەوت شەو و رۆژ بەرێی میسرەوەیە بۆ نەیبینی کە(قاسم حۆل)ی رەخنەگری ناسراوی عەرەبی لەسەر زارین و کورتە فیلمەکەی (خاک) نوسیوە.ئەی بۆ کاک هەڵکەوت سەیری هونەرمەندی نازت بێ نازت بێ(کەریم خەمزەیی)ناکات ئەو هونەرمەندە دوای دەیان ساڵ لەخزمەتی هونەری کوردیی نەک شار لەخۆی ناگرێت بەڵکو لەخانوویەکی ناشایستە بەژیانی ئەو هونەرمەندە لەگوندەکەی خۆی دەژی،ئاخر هونەرمەندی گەورە(خەمزەیی)لەبری ئەوەی بێت سوپاسی حکومەت و راوێژکارە هونەرییەکەی بکات ناچارە سوپاسی خەڵکی گوندی خەمزە و قووڵە رەش بکات چونکە تەنیا ئەوانن رێزی لێدەگرن نەک حکومەت و دامودەزگا هونەرییە درۆزنەکان،ئەی کاک هەڵکەوت بۆ سەیری ژیانی هونەرمەندی دەنگ و هەست رەسەنی کورد(زاهیر جەلال)ناکات ئەو نەک لەژیانێکی باشدا ناژی و رێز لەکارە هونەرییەکانی ناگیرێت بەڵکو ئەو بەدەست هەژاریی و خەمی نانەوە بڕشتی لێبڕاوەو ئەگەر لەچاو قایمی خۆی نەبێت دەبوایە لەدەمێک ساڵەوە وازی لەهونەر بهێنابایە،ئەو کە لەهەموو بۆنە نەتەوەیی و نیشتمانییەکان ئامادەیە بەڵام لەهیچ رێورەسمی خەڵات و پارەی دایەشکراوی وەک نوقڵی بەراتی حکومەتدا نابینرێت بەڵکو رێگەی لێدەگیرێ چونکە ئەو خەڵاتانە بۆ ئەو (هونەرمەندانەیە) هەر رۆژەی لەسەر پەتێک یاری دەکەن رۆژێک پەتی زەرد و رۆژێکی تر پەتی سەوز و لەرابردوودا لەسەر پەتی بەعس،ئەدی کاک هەڵکەوت بۆچی ئاوڕ لەژیانی هونەرمەند (سەلاح مەجید) ناداوەتەوە خۆ هیچ نەبێت دەتوانێ لەرێی (باخان)ی کچییەوە کەزۆر هاورێی هەڵکەوتە سۆراخێکی ژیانی ئەو هونەرمەندە بەئەزموونە بکات کە ئێستا ئەویش وەک ئەو پۆلە هونەرمەندە بەتواناوبەئەزموونانە هێشتا مۆتەکەی کرێچێتی لەیەخەی نەبووەتەوە،یان هەڵکەوت زاهیر مێش میوانى نییەو تە نیا جارێک نەیویستوە بیریک لەو هونەرمەندە گەورانە بکاتەوە ،ئەو هونەرمەنداى کەڕۆژێک دێت و بەجێمان دێڵن و دەبێتە لەکەیەکى تر بەسەر مێژوومانەوە.ئێمە زۆرباسى ڕێز گرتنى هونەرمەندو زانا و پیاوە ناودارەکانى خۆمان دەکەین بەڵام،لەڕاستیدا مێژوومان پڕییەتى لە زوڵمء بێڕێزى بەرامبەر بە وپیاوە هەڵکەوتوو و دڵسۆزانەى کە لەنێوانماندابوون خۆ ئەگەر لەڕابردوودا بەهانەمان هەبوو بێت کەژێردەستە بووین و دەسەڵاتى داگیرکەر بەسەرمانەوە بووە خۆئیستا خۆمان حکومەتین و بەملیار دۆلاریشمان هەیە. هەڵکەوت زاهیر دەبوو لە خەمى ژیانى ئەو هونەرمەندانە،بێت لەگەڵ سەرۆکى حکومەت قسەى بکردایەو پێشنیارى بۆبکردایە کەیارمەتى ئەو هونەرمەندانە بدرێت نەوەک ئەو کارەى کەئێستا خەریکێتى لەگەڕان بەداواى هونەرمەندى عەرەب و بەرنامەى ستۆدیۆ ئەستێران کە تەقلیدێکى فاشیلیانەى کەناڵە عەرەبییەکانە.بۆیە دەبێت هەڵکەوت زاهیر ڕاستیەک باش بزانێت،کە ئەو ڕاوێژکارى سەرۆکە حکومەتى هەرێمى کوردستانە نەک ڕاوێژکارى سەرۆکى وڵاتێکى عەرەبى،دەبێت هەڵکەوت زاهیر ئەو ڕاستییە بزانێت کە خەڵکى چاودێرى کارەکانى دەکەن و هونەرمەندان وخەڵکى ئەم وڵاتەش ڕۆژێک دێت لەسەر ناعەدالەتى و ناهەقییەکانى دێنە دەنگ و کورسییەکەشى تاپۆى عوسمانی نییەو ڕۆژێک دێت بەجێى دێڵێت ،بۆیە باشتر وایە ئەرک و کارەکانى بەباشى بکات و ئەویش نەبێتە ئەو مەسولانەى کە دڵیان بە عەرەب و بێگانە بکرێتەوە لەباتى خزمەت بەمیلەتەکە یان خزمەت بەعەرەب و تورک و فارس بکەن .هیواشم وایە ئەم نوسینە ببێتە مایەى وریاکردنەوەى ء بەجدى ئاوڕێک لەو هونەرمەندانە بداتەوە .

 

 

Asoahmad2004@yahoo.com
Lawa_0@hotmail.com