١٩\۴\٢٠١٠
هەڵمەتى
گۆڕانکاریی و نوێبوونەوە لە حیزبى شیوعیدا، چۆن و بە کێ دهکرێ؟

هیوا رەش
ئەگەر خوێندنەوەیەکى واقعى بۆ سەرەتاى سەرهەڵدان و دامەزراندنى حیزبى
شیوعى بکرێت مێژوو ئەوە دەرئەخات کە پێکهاتەیەکى چینایەتى لەسەر بنەماى
تیئۆرى مارکسیزم - لینینیزم بۆتە هەوێنى دروست بوونى، لە مێژووى دروست
بوونیشیەوە وێڕاى دڕندەیى دوژمنانى دەرەکى بۆ وەستاندن و دواخستنى
ڕەوڕەوەى تێکۆشانى ، ڕۆژ لەدواى ڕۆژ ئەندامان و کادیران و سەرکردایەتى
حیزبەکە بە وورەیەکى پۆڵایینەوە نەک بەرەو ڕووى پلان و پیلانى دژ بە
حیزبەکە بوونەتەوە بگرە بەوپەڕى قارەمانێتییەوە زیندانەکانیان بە ماڵى
یەکەمى خۆیان هەڵبژاردووە و تەنانەت بێباکانە پەتى قەنارەشیان ناوەتە
گەردن لە پێناوى داکۆکیى لە بەرژەوەندى چینى زەحمەتکێشان کە جگە لە دوو
سکرتێر ، دەیان ئەندامى کۆمیتەى ناوەندى و مەکتەبى سیاسى و هەزاران
کادیر و ئەندام و هەواداریشى کردۆتە قوربانیى ئەو ڕێبازەى هەڵى
بژاردبوو هەر بۆیەشە حیزبى شەهیدان کراوەتە ناسنامەى ، ئەمە ڕاستییەکى
حاشا هەڵنەگرە و هەتا دوژمنە سەرسەختەکانیشى ناتوانن نکوڵى لەو مێژووە
پرشنگدارە بکەن و هەڵوێستى هاوڕێ (( فەهد )) ى دامەزرێنەر و یەکەم
سکرتێرى حیزب باشترین بەڵگەى زیندووە کە بە ووتە بەناوبانگەکەى ((
شیوعیەت لە مردن بەهێز ترە و لە دارى سێدارە بڵند ترە )) گیانى خۆى
خستە ئۆغرى مافە ڕەواکانى چینى ڕەنجدەرانى بیر و بازووەوە .
حیزبى شیوعى لە 30 ساڵى سەرەتاى تەمەنى تێکۆشانى دا 1934 - 1963 بۆ
چرکەیەک لە تێکۆشان و قوربانیدان دوا نەکەوتووە و بەردەوام بێ سڵ
کردنەوە لەهەر چەشنە قوربانییەک ، خەباتى چینایەتى و نیشتمانى پێکەوە
گرێ داوە و سەرقافڵەى ڕووداوە خوێناوییەکانى گۆڕەپانى سیاسى و پیشەیى و
کۆمەڵایەتى بووە بۆ بەدى هێنانى مافە زەوتکراوەکانى سەرجەم چین و توێژە
بەشمەینەتەکانى گەل ، ئەمە واى لێکردووە ببێتە جێى چاووڕاوى دوژمنان ،
و بە تایبەتى لە کودەتا شوومەکەى 8 ى شوباتى بەعسییەکان بەدواوە زەبرى
گورچک بڕى بەرکەوتووە و هاوڕێ سەلام عادلى سکرتێر و چەندین ئەندامى
سەرکردایەتى و هەزاران لە هەوادارانى ترینجێنرانە کونجى زیندانە
وەحشیگەرانەکانى بەعسەوە و شەهید و بەند کران .
لە مێژووى حیزبى شیوعى دا هەمیشە باڵێکى ترسنۆک و هەلپەرست و
خۆبەدەستەوەدەر و پاکانەچى بوونى هەبووە و پاشینەیەکى فیکرى نامۆ بە
پرەنسیپەکانى شیوعیەت دزەى کردۆتە ڕیزەکانیەوە و دیوارەکانى
ڕێکخستنەکانیان بڕیوە و خۆیان گەیاندۆتە لووتکەى بڕیار و نێو کۆمیتەى
سەرکردایەتى حیزب ، بەڵام نەیانتوانیوە گەراى خۆیان دانێن ، لە دواى
شەهید بوونى زۆربەى هاوڕێیانى کارا و خاوەن گیانى شۆڕشگێڕیى لە
سەرکردایەتى حیزب دا زەمینەیەکى لەبار ڕەخسا بۆ ئەوانەى بەدواى هەلێک
دا ئەگەڕان ئاراستەى سیاسەتى حیزب بگۆڕن و مەرامى خۆیانى تێدا وێنا
بکەن ، ئەوە بوو وەکو دیارترین ڕێبازى هەلپەرستانە و خۆبەدەستەوەدەرانە
لە ساڵى 1964 بە ناوى - هێڵى ئاب - بێپەردە هاتنە پێش و لەژێر ناوى -
بنیات نانى سۆشیالیزم - ەوە نەهجى یەکگرتن و خۆهەڵوەشاندنەوەى حیزب و
خۆتواندنەوە لە ناو بزاوتى شۆفینیستى عارفییەکان دەرکەوت ، بێگومان
ئەمە لە چاوى سۆڤیەتییەکان و فشارى ئەوان بەدوور نەبوو کە دەمێک بوو
هەوڵیان بۆ ئەدا و بۆ ئەو مەبەستەش کەسانى نموونەى لایەنگرانى ئەو هێڵە
دزێوەیان لە ڕیزەکانى حیزب دا پەروەردە کردبوو بۆ ئەوەى دەسەڵاتى
حیزبەکە بەڕێوە ببەن و بە ئارەزووى ویستى ئەوان و پاراستنى
بەرژەوەندییە ئابورى و سەربازییەکانیان حیزب بکەنە ڕۆبۆتێک و سیاسەتى
ئاییندەى بەلەبەرچاو گرتنى سیاسەتى سۆڤیەتى پێ داڕێژن ، هەرچەندە ئەبێت
ئەو ڕاستییەشمان لا ڕوون بێت کە هەلپەرستیى ڕەگێکى لە مێژینەى هەیە و
ئەتوانین بڵێین هاوتەریبە لە گەڵ تەمەنى حیزبى شیوعى دا ، نووسینەکانى
هاوڕێ - فەهد - یش باشترین گەواهیى بەرجەستەن کە چۆن هەوڵى داوە بەر بە
شەپۆڵى هەلپەرستى بگرێت و تا ڕادەیەکى زۆر باشیش سەرکەوتنى لە بەڕەنگار
بوونەوەیان دا بەدەست هێناوە و نەیهێشتووە چەکەرە بکەن .
لە هاتنە پێشەوەى کاک - عەزیز محەمەد - و دەست بەکار بوونى وەکو
سکرتێرى حیزب بەدواوە و درێژە پێدانەوەى هێڵى ئابى سازشکارانە بەختى
هەلپەرستان ڕوو لە هەڵکشان چوو ، لە بەرامبەر دا لە پێگەى حیزبییش دا
بەهەمان شێوە دەنگى ناڕەزایەتى بەرەو هەڵکشان ئەچوو وەکو پەرچە کردارێک
بەرامبەر دوور کەوتنەوەى سەرکردایەتى لە ئەرک و ڕێبازى شۆڕشگێڕیى خۆى ،
پەنا وەبەر بردن و کەوتنە دواى پێگەى حیزبى بە دواى - عەزیزلحاج - و
ڕوودانى لەتبوون لە ڕیزى حیزب دا پەیامێکى ڕوون و زەنگێکى ئاگادار
کردنەوە بوو بۆ سەرکردایەتى حیزب تا دەستبەردارى سیاسەتى ملکەچیى ببن ،
لێرەش دا سۆڤیەتییەکان ڕۆڵى سلبى خۆیان گێڕا لە پشتیوانى کردنى ڕێبازى
سازشکارانەى دەست ڕۆییشتووى ناو حیزب و سەرکەوتنى کرد بە یاوەریان ،
ئەمەو جگە لە مەرامى کەسیى خودى - عەزیزلحاج - ى خۆسەپێن بەسەر ڕەوتە
جیابووەوەکەدا ، ئەم لەت بوونە مۆرکى ململانێى کەسیى بەخۆیەوە پێچا بوو
پتر لە کێشەى ڕێکخستن و ململانێى فیکریى و لەو نێوەندەدا حیزبى شیوعى
ماندوو کرا و زەمینەیەکى زۆر گونجاو تر ڕەخسا بۆ ئەوەى ژەهرى لادان و
ڕیڤیژنیزم بخرێتە جەستەیەوە و گیان و مێژووى دەیان قارەمانى ڕۆژانى
تەنگانە بووە خۆراک و بەردەبازى خۆپەرستى و هەلپەرستى سەرانى حیزبەکە .
چوونە قوڵایى مێژووى پاش و پێش بەناو - بەرەى نیشتمانى و نەتەوەیى
پێشکەوتووخواز - لەگەڵ بەعسییە شیوعی کوژ و کودەتاچییەکانى شوبات
پانتاییەکى زیاترى گەرەکە بۆ لێدوان وەلێ هێندەى ئەمەوێت ، مەبەستم
وێستە کردنە لەسەر هەندێک دیاردەی پێکەنیناوى کە لەم دواییەدا خۆى
ئەنوێنێ ، لاى هەمووان ئاشکرایە کە هەموو جارێک لە ژێر پەردەى (((
مەترسى ))) یەوە و هەر جارەى جۆرێک ((( مەترسى ))) کراوەتە بیانوو بۆ
سڕینەوە و نەهێڵانى ڕۆڵى شایستەى شیوعییەکان لە مەیدانى سیاسى خەبات دا
بۆ ئاراستە کردنى حیزبەکە بەرەو پاشکۆیەتى و کلکایەتى و خۆبەدەستەوەدان
، گەورەترین و دیارترین بزووتنەوەى بەڕەنگاریى سیاسەتى چەواشەکارانەى
سەرکردایەتى حیزبى شیوعى لە دواى بەکەلاوە کردنى حیزب لە لایەن باڵەکەى
کاک - عەزیز محەمەد - و ڕادەست کردنى حیزبەکە بەوان بۆ تەواو کردنى
پەیامى بە ئاکام نەگەییشتوویان و لاواز کردنى حیزب و لە ئۆغر دانانى
سیاسەتەکەى لە دەربارى دەسەڵات و پشت کردنە خواستەکانى جەماوەر و
دابڕِان لێیان تا ڕووخانى ڕژێمى سەدامى فاشى ، کە لەوە بەدواوە ئیتر
هیچ پاساوێک بە ناوى ((( مەترسى ))) یەوە بە دەستى سەرکردایەتی
سازشکارەوە نەما تا بڕوبیانوو بهێننەوە لە وەلاخستنى ڕۆڵى شیوعییەکان ،
و گەندەڵییە فیکرى و ڕێکخراوەیى و سیاسى و ڕۆشنبیرى و داراییەکان تا
ئەهات ئاووستر ئەبوون و حیزبیان هێنابووە پەلەقاژەى مەرگ ، ئەوە بوو
زۆرێک لە کادیرە ناوەندەکانى حیزب بە تایبەتى لە شارى سلێمانى بەو
ئاقارەدا بیریان کردەوە یاداشتێک بکەنە هەوڵێکى دڵسۆزانە و بە ڕێگەیەکى
شەرعى ئاراستەى سەرکردایەتى بکەن بە مەبەستى سنوور دانان بۆ ئەو
نەهامەتییە بەردەوامانەى سات لە دواى سات دووچارى حیزبەکە ئەهاتن ،
مخابن دەست ڕۆییشتووانى حیزبەکە لە جیاتى ئەوەى بە پیر ئەو هەوڵە
دڵسۆزانەیەوە بێن پەنایان وەبەر سەرکوتى تەنزیمى و نانبڕین و چاو سوور
کردنەوە هەتا بە هەڕەشەى سەربازیش ئەگات برد ، ( کۆڕى تێکۆشان لە
پێناوى چاکسازى حیزبى شیوعى کوردستان ) هاتە بوون و بە گیانێکى پڕ هەست
کردن بە بەرپرسیارێتیى مێژوویى بەرامبەر بە چینى زەحمەتکێشان و دواڕۆژى
حیزب وەخۆ کەوتن و بەدوور لە گیانى لەتخوازى مکوڕ بوون لەسەر ئەوەى
پێداچوونەوە بە هەڕەمى تەنزیمى و سیاسەتى حیزب بکرێت بۆ ئەوەى
سیاسەتێکى سەربەخۆ دابڕێژن و بەناو سەرکردایەتیى حیزب نەکەن بەدەسکەلا
بۆ خۆیان و خۆشیان نەبن بە دەسکەلاى ئەملاولا و کار بۆ ئاشتەوایى نێوان
شیوعییەکان و سەرجەم چەپەکان بکرێت تا بە ڕۆڵى ڕاستەقینەى خۆیان هەستن
و ئەرکى مێژوویى خۆیان ڕاپەڕێنن ، بێگومان ئەمە سەرانى حیزبەکەى تووشى
هەناسە تەنگى کرد و هەموو شێوازێکیان بەکار هێنا بۆ دوور خستنەوە و
ناشرین کردنى ئەو ڕەوتە شۆڕشگێڕە .
تواناکانى ( کۆڕى تێکۆشان ) لە ڕوانگەى هەست کردن بە بەرپرسیارێتى
بەرامبەر ئاییندەى حیزب هەڵقوڵا بوو لە پێناوى چاوخشاندنەوە بە سیاسەتى
حیزب و هەستان بە ڕۆڵى مێژوویى حیزب و ئەنجام دانى ئەرکە ڕاستەقینەکانى
خۆى بۆ داکۆکى کردن لە بەرژەوەندییەکانى چینى کرێکاران و جوتیاران و
تەواوى ڕەنجدەران و گێڕانەوەى متمانە ى جەماوەر بە حیزب ، لەو گەرمەى
ململانێیەى ئێمە و دەستە و تاقمەکانى سەرکردایەتى دا زۆرێک
پڕوپاگەندەچى و زوڕناژەن هەبوون نەفس نزمانە بە دوور لە هەموو بەهایەک
شووڵیان لێ هەڵکێشا بۆ دژایەتى کردنمان و نانبڕینمان و دەرکردنمان و
درۆ و بوختان هەڵبەستن بۆمان ، لە پێناوى جێپێ تۆکمە کردنى کەسایەتى
نزم و داڕووخاویان هەرچییان پێ کرا بە زیادەوە کردیان ، نمونەى زیندووش
بۆ ئەو ووشترمرخ - نعامە - انە کۆمەڵەى پێشمەرگە دێرینەکان بوون کە
جڵەوەکەى بەدەستى هەندێک شوناس ناسراوى قێزەوونەوە بوو ، کەچى لەم
ماوەیەى ڕابردوودا دەنگى نەشازى خۆیان بۆ چاوبەستەکى هاوڕێ دڵسۆزەکانى
ڕیزەکانى حیزب بەرز کردۆتەوە و باس لە گۆڕانکارى و چاکسازى ئەکەن ،
دیار ئەمەش جۆرێکە لە ئاخر شەڕى کە - ڕەجەب ئەیەوێت ببێتە سەرپاڵە - !
! ! ئەم ڕەجەبۆکانە ئەو هەڵوێستانەیان لە هەست کردن بە لەرزینى کورسییە
لەقەکەى سەرکردایەتییەکەیان سەرچاوەى گرتووە بۆیە هاتوونەتە قسە ،
باوەڕ ناکەم کەس بە تەپڵى ئەوان هەڵپەڕێ چونکە لە شاخ و لە شاخیش
ئەمانە خۆیان هۆکارى بەرەو دواوە بردنى حیزبەکە بوونە و ئەبن بۆ
لەمەودوا .
ڕەوتى ناڕەزایەتى شیوعییەکان لە ئەداى سەرکردایەتییە خۆسەپێنەکەیان تا
دێت لە برەو سەندن دایە ، و ململانێیەکى ناشەریفانەى توندیش لە نێو
خودى سەرانى حیزبەکەش بە هەمان شێوە ، ئەم دوو ڕەوتە هاوکات و دژە
یەکانگیر بوونە ، باڵى لاوازى هەڵپەکەر بە دواى کورسى دەسەڵات و پۆست و
پلە و پارە و پایە و ئیمتیازات بێشەرمانە ئەیانەوێت سوارى پشتى گەمیى -
بلم - ى ئەو ناڕەزایەتى و هەوڵە دڵسۆزانەیەى شیوعیەکان ببن و لەو
ڕێگەیەوە ئەیانەوێت زۆرانبازییەکەى نێوان خۆیان یەکلایى بکەنەوە و
دەنگە ناڕازییەکان بۆ خۆیان بکەن بە مقاش و بەسەر پشتى شیوعیەکانەوە
بپەڕنەوە بۆ مەرامە پەنهانەکانیان ، بۆیە ئەمڕۆ لە هەموو کاتێک زیاتر
لە شیوعییە ڕاستەقینەکان ئەخوازێت کە لە سەر هەوڵى ماندوو نەناسانەى
خۆیان بەردەوام بن و بە ووریاییەوە ڕەفتار بکەن و ڕێگر بن لە
دەستوەردان و دزە کردنى ئەوانەى تا دوێنێ بوو وەکو سەربازێک دەست لەسەر
سنگ وەستابوون لە حزورى - هاوبیر و هاوبەرژەوەندى - یەکانى سەرکردایەتى
و دژایەتى خۆیان بۆ هەر ڕەوتێک و ڕەخنەیەک ناشاردەوە کە داواى چاکسازى
ئەکرد ، کە بەو ساختەکارییانەیان ئەیانەوێت تواناکانی نوێبوونەوە و
گۆڕانکاریى بخەنە خزمەتى مەرامە تایبەت و گڵاوەکانی خۆیانەوە و ئیفلیجى
بکەن ، چونکە هەر ئەوانە خودى خۆیان پارێزەر و برەو پێدەر و درێژە
پێدەرى سیاسەتى خۆبەدەستەوەدان و بوونە دەسکەلاى دەسەڵات بوون و
شانازیشیان پێوە کردووە ، کێ هەیە لەوە ئاگادار نەبێت کە ئەوانە
حیزبەکەیان کردبوو بە کۆمیتە و ناوچە و دڵڕازى کردنى بەرپرسى لق و
مەڵبەندەکانیان گەلێک لە سەرووى دڵنەوایى دایکە شەهیدێکەوە دائەنا ؟ کێ
ئەوەى لەبیر ئەچێتەوە کە خانەوادەى شەهیدانیان بە سواڵکەر ئەشوبهاند و
پێشمەرگە دێرینەکانیشیان بە گێل و نەفام ناو ئەبرد ؟ ئەدى هەر ئەوانە
نەبوون بە دارایى گشتى حیزب ویژدانى هاوڕێکانى خۆیان ئەکڕى و
ئەیاندایەوە بە گژى هاوسەنگەرەکانى دوێنێکەیان ! هەر ئەوانە بوون پارەى
مۆڵ و زەوى دووبارە و خانەنشینى باشیان بۆ خۆیان بە ڕەوا ئەبینى و
جێگۆڕکێیان بە هەق و ناهەق ئەکرد ، ڕەش و سپى ، پێشمەرگە و جاش ،
کۆڵنەدەر و بەزیویان لە تەرازووەکانیان دا لاسەنگ ئەکرد ، ئەمڕۆ لە
هەموو کاتێک پێویستترە دەنگى چاکسازى و گۆڕانکارى و خۆنوێکردنەوە و
بەخۆداچوونەوە لە نێو بۆتەى ووریایی شۆڕشگێڕانە دا بتوێنرێتەوە و ڕێگە
نەدرێت مساوەمەچییەکان هەوڵى شیوعییە دڵسۆزەکان لەبار بەرن .
ڕۆڵى حیزبى شیوعى هێندە بچووک بۆتەوە متمانەى هاوڕێکانى خۆشى لەدەست
داوە ، ئەگینا بە چ لۆژیکێک ئەندامى مەکتەبى سیاسى حیزبێکى تەمەن سێ
چارەگە سەدە نەتوانێت دەنگێکى ئەوتۆ بە دەست بهێنێت کە نەگاتە کۆى
دەنگى هەوادار و دۆست و ئەندام و کادیرانى حیزبەکە لە شارێک دا بە
مەرجێک لە هەر شارێک دا یەک کاندید هەبێت و پاساوى پەرش و بڵاوى
دەنگەکان لە ئارادا نەبێت لە هەڵبژاردنى پەرلەمانى عێراق دا کە باس
کردنى ڕووى ناو مەجلیسى نەبێت ؟ ! و بەڕێزیشیان چاو قایمانە تەشەبوس بە
کورسییەکانیانەوە ئەکەن کە ئەبوایە ئەگەر دەستیش لەکار نەکێشنەوە لە
سەر داواى خۆیان لە کاروبارى حیزبى سڕ بکرانایە ، نەک ئەمە نەکرا بەڵکو
خەتاکەیان خستۆتە ئەستۆى پێگەى حیزب .
کۆنگرەى حیزبى شیوعى لە دواى ئەو هەموو شکستانەوە بۆتە خواستێکى
هەنوکەیى و پێویستە پێداگیرى لە سەر بکرێت و لەسەر ئەم خاڵانە
بنەماکانى دیارى بکرێت :
یەک - کۆنگرەیەکى فراوانى سەرجەم شیوعییەکان ببەسترێت بە دەرکراو و
ڕەتێنراو و وازهێنراو و دابڕاوەکانیشەوە تێیدا بەشدار بن .
دوو - مەرجە ڕێگە لە دووبارە هەڵبژاردنەوەى دەستەو تاقمى ئێستاى
سەرکردایەتى بگیرێت تا کۆنگرەیەکى تر بۆ ڕێگە گرتن لە گەییشتنەوە بە
سەنتەرى بڕیار ، چونکە پشتیوانى کردنى ماددى و مەعنەوى و ڕاگەیاندنیان
لە دەرەوەى حیزبەوە ئاراستەى کۆنگرە بە بەرژەوەندى ئەوان ئەشکێنێتەوە ،
ئەمە وەکو سزایەکى حیزبى بەسەریان دا بسەپێنرێت و بە گشتى بەرپرس بکرێن
لە نەهامەتییەکان چونکە ئەوەى بەشداریشى لەو سیاسەتە چەوتە نەکردبێت
بەڵام بێدەنگیى هەڵبژاردن لە بەرامبەرى دا بەشدار بوونە لێى .
سێ - ئەرکى سەرەکیى کۆنگرە پێچەوانەى نەهجى سازشکارانەى ئێستاى سەرانى
حیزبەکە دەست نیشان بکرێت بەوەى حیزب لە باوەشى دەسەڵات دەربهێنرێت و
بگەڕێتەوە سەنگەرى ڕاستەقینەى خۆى کە سەنگەرى گەلە .
چوار - تواناکانى کۆنگرە تەرخان بکرێت بۆ ئاشتەواییەکى بەرفراوانى
نێوان سەرجەم هێزە چەپەکان .
پێنج - لێپێچینەوە لە داهات و خەرجى و موڵک و ماڵ و سامانى سەرانى حیزب
و چۆنێتى وەدەست هێنانى بکرێت .
شەش - ناو و ناسنامە و سیاسەتى گشتیى حیزب دووبارە بەڕاى کۆنگرە پەسەند
بکرێت .
حەوت - ڕەخنە لە ڕابردووى نزیک بگیرێت و داهاتووى لەمەودوا
هەڵبسەنگێنرێت و بە ئاشکرا ڕابگەیەنرێت .
هەشت - فاکتەرەکانى نەهامەتییەکانى حیزبەکە دەست نیشان بکرێن و کەسانى
بەرپرس بە یەکجاریى لە حیزب دەربکرێن بە تایبەتى ئەوانەى لە مەکتەبى
سیاسى دان و کێشەى مەلەفە جاسوسییەکان بخرێتە بەردەم هاوڕێیان و
جەماوەرى حیزب و بڕیار لە چارەنوسیان بدرێت .
نۆ - خانەوادەى شەهیدان و پێشمەرگە دێرینەکان و زیندانییە سیاسییەکان و
تێکۆشەرانى خەباتى ژێرزەمینى لە سەردەمى دەسەڵاتى بەعس دا بە گشتیى بێ
کۆت و بەند و مەرج بانگهێشتى کۆنگرە بکرێن .
دە - لە کۆنگرەدا ووتەکەى هاوڕێ - فەهد - بە هەند وەربگیرێت ((
ڕێکخستنەکانى حیزب بەهێز بکەن ، ڕێکخستنەکانى بزووتنەوەى نیشتمانى
بەهێز بکەن )) نەک وەکو ئێستا بۆ مەرامى تایبەتى پێچەوانە بکرێتەوە و
پایەکانى دەسەڵات بەهێز بکرێت و ڕێکخستنەکانى حیزبیش لاواز !
بەم کارە گوڕێک بە حیزبەکە ئەدرێت و گورزێکیش لە دوژمنانى ، ئەمەش
شیوعى جوامێرى ئەوێت نەک گەندەڵچییەکانى دوێنێ کە تا سەر ئێسک نغرۆى
گەندەڵیین و ئێستا ئەیانەوێت چاکسازى و گۆڕانکارى بکەن بە دروشم ، ئەو
حیکایەتەم دێنێتەوە یاد کە ئەگێڕنەوە : کۆمەڵە گەنجێک لە شوێنێک دا
پێکەوە ئەژیان یەکێَک لەناویان دا دز و دەسپیس ئەبێت و هەر جارەى کە
هاوڕێکانى بچن بەلایەک دا جەنابى زەفەر بە یەکێکیا ئەبات و دزییەکى لێ
ئەکات ، بیر لە چارەسەریى بۆ ئەم کێشەیەى بەرۆکى پێ گرتوون ناچارى ڕا و
تەگبیریان ئەکات ، هەموویان کۆک ئەبن لە سەر ئەوەى لە کاتى چوونە
دەرەوەدا ڕەفیقە دزەکەیان لەو شتە بەنرخانە ئاگادار بکەنەوە کە لە
ژوورەکەدا جێ ئەمێنێ و پێى ئەڵێن تا دێینەوە چاوت لێ بێت ، دزەى
برادەریشیان ئەکەوێتە ئەمرى واقیعەوە و ناچار ئەبێت ئەبێتە پاسەوانى
شتومەکى هاوڕێکانى ، ئێستاش ئەبێت شیوعییە ڕاستەقینەکان بەو ڕوحیەتە
ڕەفتار لەگەڵ ئەو گەندەلچییانەدا بکەن و متمانەیان پێ نەبەخشن چونکە
باوەڕ هێنان بەوان ڕیسەکە لێ ئەکاتەوە بە خورى ، بەڵام سوود لە توانا (
کەلێن ) ەکانیان وەربگیرێت بۆ زیاتر بەرچاو ڕوونى کارێکى باشە و خراپ
نیە و بە عەقڵ و لۆژیک مامەڵەیان لە تەک دا بکرێت نەک بە هەست و سۆز
چونکە ناوبراوان کارامەن لە ختوکەدانى سۆزى دەوروبەرەکەیان لە کاتى
تەنگەتاوى دا ، ئەوان تەنها مەتڵەبیان چڕنووک گیر کردنە بە کورسى
ژەنگاوى و قەپ گرتنە بە پارووى چەورى خۆیانەوە و هیچى تر ، ئەوان
تەواوى تەمەنى ئەم دواییەیان بە ڕیایى و نیفاق بەسەر بردبێ بۆ
لەمەودواش شەرم دایان ناگرێت گەمە بە بەڵێنەکانى خۆیانەوە بکەن و لێى
پاشگەز ببنەوە بۆیە باشتر وایە ڕەواج بە هاش و هووشیان نەدرێت و بکرێن
بە پاسەوانى ئەمرى واقیع نەک سەرقافڵەى چاکسازى ، چونکە چاکسازى بە
ئینسانى چاک ئەکرێت نەک چاکدز ، چاکترین چاکسازیش پاکسازییە لە ناپاکان
.
07701309524
Hewarash1@yahoo.com
|