په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٩\٢٠٢١

هەڵمەتی (ناوی من ناوی دایکمە)

یان هەڵمەتی (خۆدەرخستن و بەرژەوەندیی کەسیی)!؟

دارا خونچە       


بە هۆی ئەوەی کوردستان لە لایەن دوو بنەماڵە و کۆمەڵە بازرگانەکی چەتەگەریی بەڕێوەدەبردێ و سیستەمەکی زۆر شێوا و بێسەروبەریان بەسەر میللەت داسەپاندیە؛ دامودەزگە سیخوڕییەکانی پارتییەکان ناوەناوە بە پێی تاکتیکە بێزەوەرکانیان بابەتەکی وەها دەورژێنن تا خەڵکی پێوە سەرقاڵ بکەن و نەپەرژێنە سەر ئەوەی بەرانبەر پێدرێژییەکانی دەسەڵاتداران بوەستنەوە، هەر لە ژێر هەژموونی ئەو سیستەمەشدا بە سەتان رێکخراو بە ناوی (کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانیی) لە ژێر فەرهەنگی خێڵەکیانە و چەتەگەرییانەی پارتییەکان و بە شێوەی قووچەکیی دروستبوونە.. ئەوانیش لە پێناو خۆدەرخستنی کەسەک یان چەند کەسەک لە سەرێی قووچەکی رێکخراوەکانیان و رەخساندنی دەرفەتی خۆهەڕاجکردن و خۆفرۆشتنیان بە دەسەڵاتدارن و سەرئەنجام پەیداکردنی بڕە پارەیەک و دامەزراندنان لە نێو پارتییەکان و دامودەزگە بە ناو حکومییەکان.. بە هەمان شێوە ناوەناوە پرس و بابەتەک دەورژێنن و هەڵمەتەک بە ناوی گوشار خستنە سەر دەسەڵات و پشتگیرییکردن لە ئازادیی و ماف و داخوازییەکانی خەڵک رادەگەیەنن.. جا چونکێ بە راستیی و راشکاویی لەدوو ئامانجەکە نین دەرفەتەکی چاک دەدەنە دەست دەسەڵاتداران کە بە ئاسانیی پرس و بابەتەکە بشێوێنن و پتر وەکاریببەن!

هەر لەو دواییانە چەند رێکخراوەکی لەو بابەتە خەڵکیان بە هەڵمەتەک بە ناوی (ناوی من ناوی دایکمە) سەرقاڵ کردیە! هەڵبەتە ئەو هەڵمەتە کە بانگەشەی ئەوە دەکا لە پێناو ئازادیی ناونانی منداڵ بە ناوی داک راگەیاندرایە.. پێویستی بە کەسانەک هەیە کە زۆر راشکاوانە لە هەردوو رووی گفتار و رەفتاردا بڕوایان بە ماف و ئازادییەکانی خەڵک هەبی و بە کردەوەش لە پێناویاندا تێبکۆشن، لێ بە داخەوە ئەو هەڵمەتە ئەوە نییە بەڵکە دەیانەوێ رێک بە پێی هۆشمەندیی فەرهەنگیی سەردەمی دەرەبەگیی ریوییە بەستەزمانەکە لە پێناو کەوڵەکەی راوبکەن! دەکرێ لێرە ئەو تێڕوانینەی خۆم لەبەرانبەر ئەو هەڵمەتە بەو چەند خاڵەی خوارێ پشتڕاستبکەمەوە:

رێکخراوگەلەکی قووچەکیی کە لەسەر بنچینەی فەرهەنگی پارتیایەتی دامەزانە و بە پێچەوانەی رێکخراویی ئاسۆیی و کاری بەکۆمەڵ لە لایەن چەند کەسەکی قامچی بەدەستی سەرێی رێکخراوەکانیان تاکڕەوانە نەخشە دەکێشن و بڕیاردەدەن هاوکاتیش لە هەموو هەڵمەتەکانی دیکەیان مایەپووچ بوونە و تەنێ بەرژەوەندیی کەسیی و خۆدەرخستنی خۆیان لە کن مەبەست بووە.. هەرگیز ناتانن هەڵمەتەکی لەو جۆرە بە ئامانج بگەیەنن بەڵکە پرسەکە پتر دەشێوێنن.

هەڵمەتەکە سەرتاسەریی نییە و تەنێ لە یەک نێوچەی داخراو و فەرامۆشکرای نێو هەرێمی کوردستان راگەیەندرایە، ئەوە سەرەڕای ئەوەی روویان لە دەسەڵاتدارە داگیرکەرە رەگەزپەرست و ئیسلامییەکەی ئێراقە تا لە نێو پەرلەمان بە یاسایە ئیسلامیی و پلاستیکییەکانیان دان بە داواکارییەکانیان بنێن! ئەوە رێک وەک ئەوەیە کە داوا لە (ئایەتوڵا سیستانی) بکرێ ناوەکەی خۆی بکاتە (میستەر سیستانی) تا ئەویش لە رقان بیکاتە (ئایەتوڵا سەید عەلی سیستانی ئیمام زەمانی ئۆمەتی ئیسلام)!

هەر ئێستا کە لە بەرانبەر دەسەڵاتداران گیردەخۆن یەکسەر هەڵمەتەکەیان دەشێوێنن و بە شێوەکی تاکتیکبازانە دەبێژن: (هەڵمەتەکەمان لە پێناو منداڵە بێ بابەکانی کوردە ئێزیدییەکانە.. تکایە ئەوان زۆر ''گوناهـ!''ن با بە ناوی داکیان بیانناسێنین! واتە ''ئەگەر زانیت ئەزم.. ئەگەر نەتزانی دزم''! هەر رێک وەک تاکتیکە بێزەوەرکانی پارتییەکانی کوردستانە کە لە پێناو کوژمە پارەیەکی دەزگە سیخوڕییەکانی جیهان بە ناوی پاراستنی ئازادیی دینیی داوا لە وڵاتە زلهێزە داگیرکەرەکان دەکەن و دەبێژن: ''فریامان بکەون ئیسلامییە توندڕەوەکان خەریکی ژینۆسایدی یەزیدییەکان و مەسیحییەکانن''!

لە مانگی سێی ٢٠١٣ من و سێ کەسی دیکە لە ئەندامانی دەستەی بەڕێوەبەریی ماڵپەڕی ئەمڕۆ (دارا خونچە، فەرهاد مازێ، ناڵە بەڵقیس، ئەرسەلان سافیە) بە بۆنەی رۆژی جیهانیی ژنان هەڵمەتەکمان لە پێناو گۆڕینی ناوی باب بە ناوی داک راگەیاند لە ئەنجامدا لە ماوەی یەک مانگدا بیست و دوو کەس ناوی دووەمی خۆیان کردە ناوی داکیان، لەو کاتدا زۆرەک لەو کەسانەمان لە هەڵمەتەکەمان ئاگادارکردوە کە ئێستا بانگەشەی هەڵمەتی (ناوی من ناوی دایکمە) دەکەن کەچی بە بیانووگەلەکی زۆر نابەجێ وەڵامیاداینەوە.. وەک (هەڵمەتەکەتان زۆر باشە بەس ئەمن ناتانم ناوی بابم بگۆڕم! لەگەڵ هەڵمەتەکەتان دام بەس ئەمن بابم خۆشتردەوێ لە داکم و ناوی بابم ناگۆڕم! ئاخر ئەمن بە ناوی بابم ناسرایمە ئەگەر ناوم بگۆڕم کەس نامناستەوە! دەترسێم ئەو ناوگۆڕینە کێشە دروستبکا! جا بە ناوگۆڕین هیچ ناگۆڕێ! نامەوێ دڵی بابم و کەسوکارم لێ بڕەنجێ! و... تد). ئەوەش بەستەری ‌هەڵمەتەکەمان بوو:
بە بۆنەی هەشتی ئادار (رۆژی جیهانیی ژنان)
وەک هەڵوێستێک دژ بە باوکسالاریی بۆ هەمیشە ناوی دایکمان دەکەینە ناوی دووەممان.
www.emrro.com/beboney8i3i2013.htm

 

ئیدی ئەوانەی ئەو هەڵمەتەی (ناوی من ناوی دایکمە)یان راگەیاندیە هێشتا ناوی دووەمی خۆیان هەر ناوی بابیانە.. ئاخر کوو دەکرێ هیچ هیوایەک لەسەر ئەو کەسانە هەڵبچنین؟! خۆ ئەگەر بە راستیی لە پێناو ئەو ئامانجە تێدەکۆشن دەکرا هەر لە سەرەتادا ناوی بابیان لابدا و بە لایەنی کەم لە ژێر نووسینەکانیان ناوی خۆیان و داکیان بنووسیبا، بە کورتییەکەی واتە وەک ئەو مەلایانەیان لێهاتیە کە دەبێژن: ''بە قسەمان بکەن.. بەس بە کردەوەمان مەکەن''!


٣\٩\٢٠٢١
ماڵپه‌ڕی دارا خونچە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک