١٥\١٢\٢٠١١
ھەڵسەنگاندنی
کایەکانی ئەم دواییەی بادینان.

نەھرۆ
ئەگەر تەماشای رووداوەکانی ئەم دواییەی ناوچەی بادینان بکەین ،ئەوە سێ
گۆشەیەکمان بۆ دەردەکەوێ ،یەکەم خوتبەی نوێژی ھەینی لەلایەن مەلایەکی
توندرەوەوە،دووەم ھێرشکردنە سەر دوکانەکانی مەی فروشی وسەنتەری مەساج ،سێ
یەم ھێرشکردنە سەر بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی
وسووتاندنیان،خوشبەختانە ئەم رووداوانە زیانی گیانی لێ نەکەوتەوە،بەڵام
کاریگەری مەعنەوی بەجێھێشت.
سەرەتا ئەگەر باسی مزگەوت بکەین لەراستی دا دەبێ شوێنێک بێ بۆ
خواپەرەستی وچاکە خوازی وھەماھەنگی کۆمەڵایەتی کەچی جیگای داخە
لەکوردستان بەنەرینی کەڵک لەم شوێنە وەرگیراوە ،حیزبە ئیسلامیەکان
کردوویانەتە شوێنی کۆبوونەوەی خویان تیایدا دۆست وھەوادارەکانیان رام
دەکەن بۆ ئایندەیەک لە ئەفغانستان وسۆماڵ ومیسر بچێ!
بەشێوەیەک باڵا دەستی خویان بنوێنن وشەریعەتی ئیسلامی پەیرەو بکەن ،ئەو
مەلایەی ھانی خەڵکی ھێرشبەری داوە چ سەر بەپارتی بێ یاخود یەکگرتووی
ئیسلامی مەلایەکی مێشک بۆگەنە ومایە پووچە ونامۆیە بە شارستانیەت ،چونکە
مزگەوتی کردۆتە ژوری عەمەلیات وتیایدا پلانی دەستدرێژی داناوە بۆ سەر
مافی شەخسی و مەدەنیەکانی خەڵک، لەبەر ئەوەی مەی خواردنەوە لەدێر
زەمانەوە بووە ،تەنانەت لەکاتی بوونی پەیامبەری ئیسلام لە مەکە مەی
خواردنەوە ھەبووە! تەنانەت لەم بارەیەوە خەیام دەڵی/ئەگەر بێ دینم
ئەگەر بێ ئیمانم ئەگەر سەرخۆشی مەیخانەکانم ھەر کەس بە جۆریک لەمن تێ
دەگا منیش ئەو کەسەم کە خوم ئەیزانم! مەسەلەی خواپەرەستی و مەی
خواردنەوە مەسەلەیەکی شەخسی و ویژدانی یە،نەوەکو مەلایەکی بودەڵە کەس
بوی نیە خەڵکی ناچار بکا ئەم کارانە بکەن یاخود نەیکەن ،ئەگەر بێنە سەر
باری یاسایی ئەوە دوکانی مەی فرۆشەکان و سەنتەری مەساج یاخود شێلان
مۆڵەتیان لە حکومەت وەرگرتووە !
کەواتە ئەوانەی ھێرشیان کردووە یاسایان شکاندووە ،ھەروا ھێرش کردنە بۆ
سەر ماڵ موڵکی برا مەسیحی وئیزیدیەکان کە مەی فروشی پیشەیانەو سەرچاوەی
گوزەرانیانە ،لەکاتیکدا بوونی پیکھاتەی کۆمەڵایەتی مۆزایک ئاسا لە
کوردستان مایەی شانازی خەڵکی کوردستان بووە بەدرێژایی مێژوو ! ئەوانەی
ئەم پەلامارەیان ئەنجام داوە لە ژێر ھەر پاساو بیانویەک بێ یاخود ھەر
سیناریویەکی پیش وەخت داریژراو بێ ،لەکەدارکردنی ئەزموونی نیمچە
دیمۆکراسی خەڵکی کوردستانە ،لەبەر ئەوەی میللەتی کورد ھەمیشە بەوە
ناسراوە رەگەزو ئاینزای جیاواز قبۆل دەکا ،بوونی کەمایەتی نەتەوایەتی
وئاینی لەنیو میللەتی کوردا مێژوویەکی دیرینی ھەیە نابێ و ناکرێ
بەگەلەکۆمەکی خەڵکانیکی قورمیش کراوو ھاندراو ئەم دیمەنە لێڵ بکرێ !
سەبارەت بە سووتاندنی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی ، ھەندی کەس پەنجەی
تاوان ئاماژە دەکا بۆ لایەنگرانی پارتی ،بۆیە ئەم تۆمەتەش دەخرێتە پاڵ
پارتی لەبەر ئەوەی پارتی و یەکگرتوو باکگراوندیکی ململانێی لەو
چەشنەیان ھەیە ! بەتایبەتی رووداوەکانی ساڵی ٢٠٠٥سووتانی
بارەگاوکوژراویش لێ کەوتەوە ! ھەروا ئەگەر سەیری رەفتاری پارتی بکەین
لەم ساڵانەی دوایی دا بە تایبەت لەناوچەی ھەولیرو بادینان رەفتاری
سووتاندنی بارەگا لێ دەوەشێتەوە بەڵگەشمان سووتاندنی بارەگاکانی گۆران
بوو لە ھەولیرو ناوچەی سۆران! جگە لەمەش لەم ماوەیەی دوایی دا
ململانێیەک کەوتە نیوان رێکخراوی خێرخوازی بارزانی ورابتەی ئیسلامی
سەبارەت بەو کومەکانەی کە لەلایەن رێکخراوی خێر خوازی ئیماراتی یەوە
دێت بۆ ٥ ھەزار مناڵی بێ باوک.
ئەم ئاماژانە وامان لێ دەکا کە بڵێن پارتی خەتابارە لە سووتاندنی
بارەگاکانی یەکگرتوو،گەر چی یەکگرتوو ئەو زەمینەی رەخساندبێ ! بەڵام
بەھیچ جۆریک رەوا نیە لەباتی دیالۆک و دادگا ھێز بەکاربھێنرێ .جیگای
سەر سورمانە پارتی تاوەکو ئیستاش بروای بە پارتی پێشرەو ھەیە،بەکردەوە
لەگۆرەپانەکەدا مونافس و رکابەری قبوڵ نیە،بەپێی قسەی کادیرەکانی پارتی
،یەکگرتووی ئیسلامی لە بادینان لەرووی جەماوەرییەوە گەشەی کردووە ،ئەوەی
دڵی لەپارتی بێشێ یەکسەر دەچێتە ناو یەکگرتوو،خوا ھەڵناگرێ یەکگرتوویش
بەھۆی کۆمەکی لە رادەبەری تورکیاوە سەخاوەتی زۆرەوزیاتر لەپارتی
گیرفانی لایەنگرانی خوی پر دەکا ودەم چەوریان دەکا، لەکاتیکدا کە
ھەڵبژاردنی شارەوانی بەرێوەیە! ھەندی کەسیش بروای وایە ئەم ھەنگاوانە
دەستێوەردانی وڵاتانی ئەقلیمە بە مەبەستی تیکدانی باری ئابوری وگەشت
وگوزاری ناوچەی کوردستانە.
کە نەشونمای بەرچاوی بەخویەوە بینیوە ، بەڵام بە ھەر جورێ رووداوەکان
شیبکەینەوە ئەوە پارتی وەک باڵیکی سەرەکی دەسەڵات پشکی شێری بەر ئەکەوێ
لە پاراستنی ئەمن و ئاسایشی کوردستان ، بۆ نموونە ئەگەر ئەگەر مەلاکەش
لە خەت دەرچووەو پێی لە بەرەی خوی زیاتر راکیشاوە ، بەڵام دەکرا ھیزو
دەسەڵاتی پارتی نەک حکومەت! لەناوچەکە رێگە لە پەلاماری سەر دوکانەکانی
مەی فروشی وسەنتەرەکانی مەساج بگرتبایە ، ئەگەر ئەوەشی پێ نەکرا ،
گریمان ئەم دوو خاڵە خەتای خوتبەی مەلاو بەفیتی یەکگرتووی ئیسلامی کرا
، بەڵام پاراستنی بارەگاکانی یەکگرتوو وەک حیزبیکی سیاسی مۆڵەت پێدراو
لەلایەن حکومەتەوە لە ئەستۆی پارتی یە ،بۆیە سووتانی بارەگاکان لە چاو
پارتی دەزانرێ ،ئەجا چ بە ئیعازی خوی بوو بێ یاخود بە چاو پوشی کردن!
لیرەدا من داکوکی لە یەکگرتوو ناکەم وەک قارچک دوای بەھاری راپەرین
ھەڵتوقی بە ناو خەباتی میانرەوی ، مەدەنی،ئیسلامی ، بەڵام لە ھەقیقەت
دا ئەو یارمەتیانە لەوڵاتانی دراوسێ وەریدەگرن بەتایبەتی ئیران و
تورکیا جێگای گومانە ولەم رێگایەوە دەیانەوێ گەرای ئیسلامی سیاسی
توندرەو لەکوردستان دا بچینن لەکاتیکدا دڵۆپێ خوینیان بۆ رزگاری
کوردستان ھەڵنەرشتووە !
ھەر چۆن چەوساندنەوەی نەتەوایەتی بۆ بەخێر بۆ حیزبیکی وەک پارتی ،جەماوەری
شۆرشی ئەیلول و گوڵان لەدەوری کۆبوونەوە ،ئەوەھا خوشباوەری وئیمانداری
خەڵکی کورد بۆتە زەمینەکی لەبارو ئاسان بۆ ئەوەی یەکگرتوو ئیشی تیا بکا
!
جاران کەکەمپی سوسیالیزم زاڵ بوو ،خەڵکی ھەژاری کوردستان بە حیزبە
ناسیونالیستەکانەوە سۆڤیەتیان کردبووە قیبلە نومای خویان بەڵام ئیستا
تارادەیەک تەرازووی ھێز گۆرا بەلای وڵاتانی سەرمایەداری و تاک جەمسەری
گەر چی ئەمان ئەڵتەرناتیڤیان پێ نیە بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی گوزەرانی
خەڵک بۆیە خەڵک کەوتە بۆشاییکی ململانی چینایەتی یەوە ،ئەم بۆشاییەش
تارادەیەک بەرواڵەت ئیسلامی سیاسی قواستیەوە کە نوینەریکیان لە
کوردستان یەکگرتووی ئیسلامی یە بەڵام ئاخۆ چارەی پێیە بۆ کێشەکان یاخود
کای کۆن بەبادا دەکا و پیکھات وبەھا کۆمەڵایەتی ومەدەنی وشارستانیەکان
ھەڵدەوەشێنێتەوە ، بە ناوی شەریعەتی ئیسلامی یەوە سەرەتاترین مافی مرۆڤ
پێشیل دەکەن وفتوای تیروروجیھاد بڵاودەکەنەوە!!
نەرویج
ماڵپەڕی نەهرۆ
|