١\٤\٢٠٢٣
هەڵوەرینی یەکێتیی
نیشتمانی!

عوسمان مارف
دەنگۆی ئەوە هەیە کە گوایە دامەزراندنی "کۆمەڵەی مارکسی لینینی" واتە
ئەوەی کە دواتر بوو بە "کۆمەڵەی رەنجدەران"، پرۆژەیەکی تایبەت بە خودی
جەلال تاڵەبانی بووە! لەهەمانکاتدا گەر واش نەبێت، لە گێڕانەوەی ئەو
مێژووەدا ئەوە شاراوە نییە کە دامەزرێنەرانی کۆمەڵە بە ئاگاداریی و
پرسوڕای جەلال تاڵەبانی کۆمەڵەیان دامەزراندوە.
بە دوای هەرەسی هێزەکانی بارزانی لە ساڵی ١٩٧٥دا، کە لێدانی گورزێکی
قورس بوو بەسەر بزووتنەوەی کوردایەتیدا، تەشەنەکردنی پرۆژەی کۆمەڵە لەو
سەردەمانەدا شێواز و چوارچێوەیەکی گونجاو بوو، تا تاڵەبانی و
بزووتنەوەی کوردایەتی بە ناوی مارکسی لینینی و "شۆڕشی نوێ"وە، هێزێکی
تری چەکداری بکێشنە ناو گۆڕەپانی سیاسی دژی ڕژێمی بەعس بۆ هەڵسانەوەی
بزووتنەوەی کوردایەتی.
دواتر هەر بە رۆڵی خودی تاڵەبانی "یەکێتیی نیشتمانی کوردستان" ئەو
چوارچێوە و ڕێکخراوە بوو، بە پێکەوەگرێدانی کۆمەڵە و حیزبی سۆشیالست و
هێڵی گشتی دامەزرێندرا، کە کەسی یەکەم و ڕابەرییکردن و بڕیاردەری
سیاسەتەکانی یەکێتی لە جەلال تاڵەبانی پتر تێپەری نەدەکرد. بۆیە ئەوە
شاراوە نییە کە کۆمەڵە توایەوەو حیزبی سۆشیالستیش جیابووەوە، بەڵام
پێگەی یەکێتی وەک حیزبێک و بنەماڵەیەک لە گۆڕەپانی سیاسیدا تا ئێستا،
هەڵسووڕانی رێکخراوەیی و سیاسی خۆی دەکات.
کاتێ جەلال تاڵەبانی لە سەرەتای ساڵانی شەستی سەدەی بیست، وەک جەلالی
کەوتە بەرامبەر بەرزانیەوە، ئیتر کۆتایی یەکریزیی بۆرجوازی کورد و
کوردایەتی لە مێژوی بزوتنەوەی کوردایەتیدا بۆ هەمیشە تۆمارکرا. وەک دوو
هێزی جیاواز و بەرامبەر بەیەک و بەرژەوەندی جیاواز، ململانێیان بۆ
بەشداریان لەدەسەڵاتی حکومەتی سەرمایەداری عێراقدا و خۆ هەڵواسینیان
بەسەر پرسی کورد لە عێراقدا، ژیان و گوزەرانی خەڵکی کوردستانیان تەواو
هەراسان و وێرانکرد.
هەرچەندە "شۆرشە نوێ"یەکەی تاڵەبانی بەناوی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان
بەدوای ئەو داڕووخانە گەورەیەی بارزانی، وەک جێگرەوەیەک بۆ گەڕانەوەی
نەخشی بۆرجوازی کورد لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستان دەستیپێکرد، بەڵام
پارتی دیموکراتی کوردستان و بارزانیەکان وەک باڵێکی پێشینەی نوێنەری
بورجوای کورد بە ئاستێکی تر لە هاوسەنگی هێز، هەڵسانەوەی خۆیان
سەلماندەوە. توانیان لە بەرامبەر یەکێتیی نیشتمانیدا بوەستنەوە و
کارەساتی هەکاری بەسەر یەکێتیدا بهێنن. هەربۆیە خەونی تاڵەبانی و
ئومێدی بە "شۆرشە نوێ"یەکەی گۆڕدرا بەسەرقاڵبون بە شەڕی ناوخۆو
درێژەدانی وەستانەوە لەبەرامبەر بارزانیەکاندا، لە پێناو باڵادەستی
یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بە سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا، کە
هەرگیز نەگەشتە ئەو ئامانجە. ئەم دوو هێزە بەهەر ئاستێک لە شەڕی
چەکدارییان لە بەرامبەر دەسەڵات و لە نێوان خۆیاندا، دواتر جارێکی تر
لەساڵی ١٩٨٨دا کەوتنەوە بەر پاشەکشە و نزیکبونەوە لە هەرەسێکی تر.
بەڵام ئەو ئاڵوگۆرە جیهانیەی لەئاکامی شەڕی کەنداوی ساڵی ١٩٩١دا
هەلومەرجی سیاسی عێراق و کوردستان و ناوچەکەی بەرەو ناجێگیر برد،
فرسەتێکی گونجاوی بۆ باڵەکانی بۆرجوازی کورد بەتایبەتی بزووتنەوەی
ناسیۆنالستی خولقاند، تا لەبری پاشەکشەو هەرەسهێنانێکی تر، گیانیان
بەخۆیاندا هێنایەوەو بوونە بەشێکی سودمەند لەو ئاڵۆزی و گێژاوە سیاسیەی
کە سێ دەیە زیاترە ناوچەکەی خنکاندووە.
گەر بەگشتی ئەوە ڕۆشن بێت، کە باڵەکانی بۆرجوازی کورد، وەک هێزی جیاواز
لەئاکامی لاوازی و پەرشوبڵاوی پێگەی بزوتنەوەی کوردایەتیدا، هیچ کات
نەیان توانیبێت سەربەخۆیی سیاسی خۆیان بپارێزن، لەهەمانکاتدا ناچار
بوون بە پاشکۆبونیان بۆ بەرژەوەندی سیاسەتی ووڵاتانی تر بوونی خۆیان
بسەلمێنن، تا بتوانن پێگەیەکی دیاریکراو بەدەست بهێنن. لەم واقعیەتەدا
بەگشتی پلانەکانی پارتی و بارزانیەکان بەرجەستەترو سەرکەوتوتر بوە لە
پلانەکانی یەکێتی و دەستکەوتیان زیاتر بووە. بە واتایەک ئاسۆی
پرۆژەکانی تاڵەبانی لەبەرامبەر بارزانیەکاندا، هەرچەندە باڵادەستی خۆی
لە دەڤەری سەوزدا سەلماندوە، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە یەکێتی
نەیتوانیوە ئاستی هاوسەنگیەکی گونجاوتر لەبەرامبەر پارتی و بارزانیدا
بپارێزێت، بۆیە بە هەر ئاستێک لە هەوڵی ململانێ و دانوسان و ڕێکەوتنی
نێوانیان، یەکێتی خەسڵەتێکی ئۆپۆزسیۆنی لەبەرامبەر پارتیدا نیشانداوە،
هەڵبەتە خەسڵەتی ئۆپۆزسیۆنیش یەکێتی خستۆتە بەردەم پێگەیەکی لاوازو
چاوەڕوانیەوە.
ئەم واقعیەتی ئۆپۆزسیۆن بوونەی یەکێتی لە بەرامبەر پارتیدا، سەرچاوەی
شکستی پلانە سیاسیەکانی یەکێتی بووە، لە هەمانکاتدا سەرچاوەی کەرتبون و
پەرشوبڵاوی هێزەکانی بووە. یەکێتی نەیتوانیوە یەکدەستی و یەکریزیی
هێزەکانی بپارێزێت. جیابونەوەی نەوشیروان و گۆڕان لە تاڵەبانی
گەورەترین گورزێکی گەورە بوو بەسەر ستراتیژیەک، کە تاڵەبانی لەگەڵ
بارزانیدا واژۆیان کردبوو، چونکە ڕێکەوتنی ستراتیژی ساڵی ٢٠٠٨ی
تاڵەبانی لەگەڵ بارازنیدا پاشەکشە بوو لەو ستراتیژەی کە تاڵەبانی هەر
لەسەرەتاوە، بەدامەزراندنی یەکێتی و ڕێکخستنی هێزەکەی، خۆی لەبەرامبەر
بارزانیدا پێ پێناسە دەکرد، بۆیە بەشێکی زۆری هێزەکەی لە تاڵەبانی
تۆران.
بەمانایەک لەلایەک ڕێکەوتنی ستراتیژی یەکێتی و پارتی بە قازانجی
پتەوکردنی پێگەی پارتی بوو، کە هاوسەنگی هێزەکەی تاڵەبانی خستە ژێر
پرسیاری خۆڕادەستکرنی زیاتر بە بارزانی، لەلایەکی ترەوە لێکجیابونەوەی
نەوشیروان و گۆڕانی لێکەوەتەوە، واتە گرفتێکی گەورە لە دەسەڵاتی زۆنی
سەوزدا سەری دەرهێنا، کە لەهەر هەنگاوێکی تری دوای ڕێکەوتنی ستراتیژی،
سەرکردایەتی یەکێتی و ڕێکخستنەکانی و هێزەکەی لێکترازان و پارچەپارچە
بوونی خۆی نیشانداین، چارەنووسی شکست و هەڵوەرینی بزوتنەوەی گۆڕانیش
دیاردەیەکی تەواو بەرچاوە، چونکە گۆڕان بەدوای سیناریۆی دژی پارتیدا،
ڕێکەوتنی لەگەڵ پارتی ئەنجامدا.
هەوڵدان بۆ گەڕانەوەی پێکەوەنوسانی پارچەو باڵەکانی یەکێتی، گاڵتەجاڕیی
ئەو کۆنگرەیە بوو کە سەرکردایەتی یەکێتی ڕادەستی دوو هاوسەرۆک کرا،
ڕادەستی بافڵ و لاهور کرا! لەهەمانکاتدا بێ بەهاکردنی تەواوی
سەرکردایەتی پێشوی یەکێتی لێکەوتەوە. ئەمەش ئەو هەنگاوە بوو کە
هەڵوەرینی یەکێتیی نیشتمانی سەردەمێکی تازەی خستە پێش خۆی. ئەو
یەکێتییەی دەیویست وەک هێزێکی بۆرجوا ناسیۆنالیستی میلیشیایی
لەبەرامبەر بارزانی و پارتیدا بجەنگێ، پرۆژەکەی نەک بە بنبەست گەیشت،
بەڵکو بە ناچاریی بە ملکەچبوون لەبەردەم بارزانیدا گیرساونەتەوە.
ئەم واقعیەتە مایەی هەڵوەرینی زیاتری یەکێتیی نیشتمانی دەبێت لەم
هەلومەرجەی ئێستادا، واتە نە یەکگرتنەوەی پارچەو باڵەکانی بە فریایان
دەکەوێت، نە ملشکاندنی یەکتر. یەکێتیی نیشتمانی و باڵەکانی بە بافل و
لاهورەوە، ئەو دەورەیان تێپەڕاند کە بتوانن ڕەقیبی پارتی بن. لەهەمان
کاتدا هەر ڕێکەوتنێکیش لەگەڵ پارتیدا ئەنجام بدەن، چەند هەنگاوێکی تر
پاشەکشەیان پێدەکات و هێزەکەشیان هەڵوەرینی زیاتر بەخۆیەوە دەبینێت.
یەکێتیی نیشتمانی لە سەردەمێکی تەواو بنبەست و بێ بەهای پێگەی
هێزەکەیدا گەمەی سیاسی دەکات، بۆیە چاوەڕوانی ئاڵوگۆرێکە بەڵکو دەرفەتی
گەڕانەوەی پێگە و سەنگی خۆی بەدەست بهێنێتەوە. ئەم چاوەڕوانیەش ئاسۆکەی
نادیارو بنبەستە، بۆ هەر یەک لە باڵەکانێشی ڕۆشن نیە دەبێت چی بکەن،
هەربۆیە شەرمەزارییە بۆ هێزێک کە نەیتوانیوەو ناتوانێ یەکریزی خۆی
بپارێزی، کەچی دروشمی یەکریزی کورد بەچارەسەری کێشەکان بەیان دەکات.
ئەوە ماوە بڵێین کۆتایهێنان بەم سەرگەردانیەی کە حیزبەکانی کوردایەتی
بەسەر دانیشتوانی کوردستاندا سەپاندویانە، تەنها هاتنەمەیدانی خەبات و
ناڕەزایەتی بەرفراونی جەماوەرییە بۆ دابینکردنی دەورو دەخالەتی
ڕاستەوخۆی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسیدا.
osman_maruf@yahoo.com
|