١٤\١٢\٢٠١٢
هەڵوەرینى...

فاتیح سەلام
وەختێ زەرد زەرد
دێنە خوارێ و هەڵدەوەرن
من لە ووڵاتى گەڵادا
دەستى ووشکى پاییز دەگرم
چاوى وەرزێ دەدەم بە (با) و..
دڵى مێرگێکى پر تاسەش
بۆ هاتنەوەى جارێکى تر
لە ناو لەپتا دەپێچمەوە و بە جێ دێڵم
عومرێکە شەو لە خەزانى گومرایتا
شانى ناوە بە شانتە وە و
لە سێبەرى هەورێکى پەرت و نەزۆکا
لە زر عەشقێکى قەترانیت هەڵدەکێشێت
لە بیرم کە..
نە بیرم کە..
سبەینێیەک لە خەو را دێى
پەرە پەرە شیعرێکى شاباڵ قرتێنراو
چرنوک دەگرێ لە جگەرت و..
بە چوار دەورتا هەڵدەوەرێت.
پرسیارەکانى
نەهاتن.
شەو بە ئەسپایى تێپەرى
بەرچینەیەک تریفەى جوان
کۆشى پر کردى لە خەون و
ژوورەکەشت مێخەک باران
ئەفسووس ، نەهاتییە بەر ماڵى چاوەروانى و
نەتدامەوە..
قەرزى ئەو رۆژە شلکانەى
تۆم لە قۆزاخەى ئاوریشمى غەریبیم ناو
پەنجەکانمم بۆت داگیرسان.
٣\١٢\٢٠١٢
fatih.salam@yahoo.com
|