١٢\١٠\٢٠١٣
هەڵوەشاندنەوەی
کۆمەڵە تاوانێکە لە ئەستۆی تالەبانی و نەوشیروان.
دیداری: سالار مەحمود
سالار مەحمود: دەگوترێت کە کۆمەلەی
ڕەنجدەران دەیویست زیاتر بە هوشیارکردنەوەی خەڵکییەوە سەرگەرم بێت و
پەلەی چوونە شاخ و دەستپێکردنی خەباتی چەکداری نەبوو (پێم وابێ
جەنابیشتان هەمان راتان هەیە) بەڵام کێ و چی ئەو هەڵەیەیان بە کۆمەڵەی
ڕەنجدەران کردو بەر لە وادەی خۆی دەستیکرد بە خەباتی چەکداری لە شاخ؟
عارف
کەریم: بەرلەوەی وەلامی پرسیارەکە
بدەمەوە دەمەوێ ئەوە ڕاست بکەمەوە کە لەگەڵ درووستبوونیدا ڕێکخراوێک
نەبوو بەناوی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ، ناوی ڕێکخراوەکە (کۆمەڵەی
مارکسی لێنینی کوردستان) بوو پێش چوونە شاخ و دوایی کە چوونە شاخ
ناوەکەیان گۆڕی بۆ کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و لەبەر بەرژەوەندی
تایبەتی خۆیان ڕووتیان کردەوە لە ناوە ڕەسەنەکەی خۆی.
کۆمەڵە ئامانج و درووشمێکی ڕوون و ئاشکرای هەبوو ، بەرنامەی کارکردنی
برێتی بوو لە بەدیهێنانی پێداویستییەکانی ئەو قۆناخە کە شۆڕشی
دیموکراتی نوێ بوو لەبەر ڕۆشنایی بیروباوەڕی ماوتسی تۆنگ واتە
بەجێهێنانی ئەرکەکانی شۆڕشێ دیموکراتی بۆرژوازی کەلە بەرەی نیشتمانی
یەکگرتوو و لەشکری گەل و شۆڕشی درێژخایاندا خۆی دەبینییەوە.
کۆمەلە لەگەڵ درووستبوونیدا دەیویست بەنەفەسێکی درێژەوە تێبکۆشێت لە
پێناوی هوشیارکردنەوەی خەڵکی کوردستان و خۆی هەڵگرتبوو ساڵانێکی
دوورودرێژی دەپانزە ساڵی درێژە بەم شێوازەی خەبات بدات هەتا ئەو جێیەی
دەبێتە ڕێکخراوێکی بەهێزی جەماوەری کە خاوەنی دەزگای چاپەمەنی و وەکری
سیاسی و بنکەی جەماوەری و پارەوپوولی خۆی دەبێت لە شار و گوندەکانی
دەرەوەی شار ، هەروەها پەیداکردنی چەک و تەقەمەنی بۆ کاتی پێویست ،
لەدوای ئەم هەنگاوانە دەیویست دڵنیابێت لەوەی بەرگەی شەقی زەمانە و
هێرش و پەلاماری دوژمن دەگرێت ، ئەوجا خەباتی جەماوەری و چەکداری دەست
پێبکات لەسەرانسەری کوردستاندا ، بۆیە هەر لەسەرەتای درووستبوونی ئەم
ڕێکخراوەوە هێزوتواناکان کۆکرابۆوە لە درووستکردنی ئەڵقەی ڕۆشنبیری بە
شێوەیەکی نهێنی بە مەبەستی هوشیارکردنەوەی خەڵک لە شارو شارۆچکەکاندا ،
ئەمە سیاسەتی کۆمەڵە بوو بە پێچەوانەی ئەو بیرو بۆچوونانەی کەدەڵێ
کۆمەڵە پەلەی کردووە لە چوونە شاخ و دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری لە
کوردستاندا ، بەپێچەوانەوە ڕژێمی بەعس کۆمەڵەی ناچار کرد ڕووبکاتە شاخ
پاشئەوەی حەملەی گرتنی ئەندامەکانی لە بەغداو شارەکانی کوردستان دەستی
پێکرد کە ئەنجامەکەی ڕاکردنی ژمارەیەک لە کەسە دیارەکانی ناو کۆمەڵە
بوو بۆ ئێران کە سەرکردەشی تێدابوو ، دواتر پاش مانەوەی ئەوان بۆ
ماوەیەکی کورت لە زیندانی ئێراندا ، لەلایەن ڕژێمی ئێرانەوە کە تازە
ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ی مۆر کردبوو
لەگەڵ عێراقدا تەسلیم بە حکومەتی بەعس کرانەوە کە بە ئیعدامکردنی شێخ
شەهاب شێخ نووری و جەعفەر عەبدولواحد و ئەنوەر رۆراب کۆتایی هات.
لەبەر ئەوە ئەوەندەی من ئاگاداربم - کە یەکێک بووم لە ڕاکردووەکان و
ئەمری گرتنیشم لەسەربوو - ، هیچ کەسێک هەڵەی بە کۆمەلە نەکردووە و
ئەوەی کۆمەڵە پێی هەڵسا کارێکی ناچاریی بوو و بەو ساواییەی خۆی خەباتی
سەختی چەکداریی بەسەردا سەپێنرا کە هێشتا زۆر زوو بوو و کاتی نەهاتبوو
و چاریشی نەمابوو ، دەبوایە بیکردایە و لە ئەستۆی بگرتایە.
بەڵام ئەگەر بێتو باسی هەڵە و خەتای سیاسی ئەم و ئەو بکەیت لە ناوەوە و
دەرەوەی کوردستان پێشئەوەی حەملەی گرتنی ئەندامانی کۆمەڵە دەست پێبکات
لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە کە ئەو هەڵانە بوونە هۆکاری گرتنی ئەو خەڵکە ،
ئەوە بابەتێکی ترە و قسە و باسی زۆر هەڵدەگرێ و ئێرە شوێنی ئەوە نییە.
سالار مەحمود: لەگەڵ ئەوەدا کە مێژووەکەی
ئەوەندە دوور نییە و زۆربەی دامەزرێنەرو ئەندامە سەرەتاییەکانیشی ماون
، بەڵام بۆچی مێژووی درووستبوونی کۆمەڵەی ڕەنجدەران و دامەزرێنەرانی
ساخ نەبۆتەوە و هەرکەسە و بە جۆرێک لەوبارەیەوە دەدوێت و دەنووسێت؟
عارف کەریم:
مێژووی دامەزراندنی کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان - نەک ڕەنجدەران -ڕوون
و ئاشکرایە و تەم و مژی لەسەر نییەو دامەزرێنەرەکانیشی لەوەجبەی یەکەم
و دووەم زۆربەیان لە ژیاندا ماون ، لای کەسانێک کە زانیارییان لەسەر
چۆنێتی دامەزراندنی ڕێکخراوەکە نییە یاخود هەر لە دوورەوە ناوی
کۆمەڵەیان بیستووە ، لای ئەوانە ڕەنگە ڕوون و ئاشکرا نەبێ کۆمەڵەی
مارکسی لێنینی کوردستان چۆنچۆنی دامەزراوە.
پێش درووستبوونی کۆمەڵە ، گرووپ و کوتلە و تاقمی جیا جیا و جیاواز
هەبوون کە بیریان لە دامەزراندنی ڕێکخراوێکی وەها چەپی نوێ دەکردەوە بۆ
ئەوەی لە داهاتوودا سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئازادیخوازی گەلی کورد بکات
و درێژە بە خەبات و تێکۆشانی خۆی بدات . ئەم گرووپ و کوتلانە وەک یەک
بیریان نەدەکردەوە ، هەندێکیان پێیان باش نەبوو ڕێکخراوێک درووست ببێ
کە پەیڕەوی بیروباوەڕی مارکسیزم لێنینیزم ماویزم بکات ، هەندێکی تریان
بڕوایان وابوو ڕێکخراوێک درووست بکرێت لە چوارچێوەی عێراقدا کار بکات و
خەباتی گەلی کورد بە خەباتی گەلێ عێراقەوە بلکێنری، واتە رێکخراوێکی
عێراقی بێ نەک کوردستانی ، هەندێکی تر پێیان وابوو ئەگەر هەندێک کەس
لەناو ئەو ڕێکخراوەدا کار بکەن ئەوا ئەمان لێی دەکشێنەوە و کاری تێدا
ناکەن.
پاش ئەم لێکدانەوەو مشتومڕ و بۆچوونانە ، لە نیوەی یەکەمی ساڵی
١٩٧٠دا لەدوای خوێندنەوەی بەیانی
١١ی ئازار بە چەند مانگێک لەگەرەکی ڕاغیبە
خاتوونی شاری بەغدا ، چوار کەس لە ڕۆشنبیرانی ئەم گەلە کۆدەبنەوە لە
ماڵی کاک فەرەیدوون عەبدولقارد و کۆمەڵەی مارکسی لێنینی کوردستان
دادەمەزرێنن ، سیانەکەی تر برێتی بوو لە شەهید شەهاب شێخ نوری ، شەهید
فازیل مەلا مەحمود ، مامۆستا فوئاد قەرەداخی.
ڕاستە هەندێک لەو برادەرانە مێژووی دامەزراندنەکە وەکوو یەک ناگێڕنەوە
کە ئەمە پەیوەندی بە بۆچوون و ئیجتیهاداتی شەخسی خۆیانەوە هەیە ،
ئەگەرنا ئەوانە خۆیان لە دامەزرێنەرەکانن و لە ژیاندا ماون . بۆ نموونە
کاک فەرەیدوون عەبدولقادر دەڵێ : کۆمەڵەی ڕەنجدەرانمان دامەزراند و کاک
فوئاد قەرەداخی ش دەڵێ : کۆمەلەی مارکسی لێنینی کوردستان - عێراقمان
دامەزراند ، ڕاستییەکەش ئەوەی دووەمی کاک فوئاد قەرەداخی ڕاستە ئەگەر
چی دەستووری کۆمەلە کە کاتی خۆی لای من بوو ( کۆمەلەی مارکسی لێنینی
کوردستان ) ی لەسەر نوسرابوو ، عێراقی پیوە نەبوو . بەداخیشەوە دەڵێم
ئەوانەی ئەم یان ئەو برادەر دەیگێریتەوە هیچی پشت بە دوکومێنت نابەستێ
چونکە کۆمەڵە لەو رووەوە زۆر هەژار بوو.
سالار مەحمود: بیری عێراقچێتی لەکەیەوە
لەناو کۆمەڵەدا دەرکەوتو کێ نوێنەرایەتی ئەو بیرەی دەکرد؟
عارف کەریم:
بیری عێراقچێتی هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆمەڵەوە سەری هەڵدا و
دواتریش شۆڕبووەوە بۆ ناو ڕیزەکانی کۆمەڵە ، لەسەرەتادا ئەوانەی هەڵگری
ئەم بیرە بوون ، زۆر نەچووبوونە ناو وردەکارییەکانەوە و تیایدا قووڵ
نەبووبوونەوە و کێشە نەبوون بۆ کۆمەڵە ، بەلام دواتر پاشئەوەی کار
دابەشکرا بەسەر شارەکانی کوردستاندا و هەڵمەتی پەیوەندیکردن بە خەڵکەوە
دەستیپێکرد و لیژنەو شانەو ئەڵقە ڕۆشنبیرییەکان درووستکراو دەستیانکرد
بە کارەکانی خۆیان ، ئەوانەی هەڵگری ئەم بیرە بوون ورد ورد خۆیان
ئاشکرا کرد و دەیانویست وەکوو ڕێکخراوێکی عێراقی مامەلە بکەن و کۆمەلە
بەرەو قیادە مەرکەزی حیزبی شیوعی عێراق بەرن کە هەندێکیان هەتا ئێستایش
نکوولی لێدەکەن و دەڵێن شتی وا نەبووە کەچی زۆری نەبرد ، هەمو ئەوانە
کە زانییان سەرکەوتوو نین لە کارەکەیاندا ، لە ڕیزی کۆمەڵە چوونەدەرەوە
و لەلاوە ململانێی سەختیان لەگەڵ کۆمەلە دەکرد و بەناحەزی خۆیان
دەیاندا لە قەڵەم.
ئەوانەی نوێنەرایەتی و سەرپەرشتی کارەکەیان دەکرد شەهید فازیل مەلا
مەحمود ، فوئاد قەرەداخی ، ئەشرەف تاڵەبانی ، ئەوڕەحمان حاجی سدیق
ناسراو بە گۆران و چەند کەسێکی تر بو کە بەندە کاتی خۆی لەگەڵ
هەموویاندا مشتومڕم کردووە و زۆر چاک لە بیرم ماوە ئەوانە چۆن بیریان
دەکردەوە و چییان دەوت!
سالار مەحمود:
پێتوایە هەڵوەشانەوە و حەلکردنی کۆمەڵەی ڕنجدەران هەڵەبوو ،
یاخود دەبو کۆمەلە بەردەوام بوایە ؟ ئەگەر هەڵە بوو کێ لەو هەڵەیە
بەرپرسە؟
عارف کەریم:
هەڵوەشاندنەوە و حەلکردنی کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان نەک هەر هەڵەبوو
بەڵکوو خەتاو تاوانێکی گەورە بوو کەدەکەوێتە ئەستۆی شەخسی تالەبانی و
نەوشیروان مستەفا بەهۆی ئەوەی ڕێکخراوی ناوبراو خاوەنی داستانی گەورە
گەورەی شۆڕشگێری و خەبات و تێکۆشانی بێوچانی خوێناوی بوو کە نرخەکەی
سەدان شەهید بوو لە ڕۆڵەی ئەو میللەتە ، ئەوەی بچێتە گردی شەهیدان لە
شاری سلێمانی بۆی دەردەکەوێ ڕێکخراوی ناوبراو خاوەنی چەند شەهیدە.شۆڕشی
نوێی گەلەکەمان لەدوای هەرەسی ١٩٧٥ هەموو
قورساییەکەی لەسەر شانی ئەم ڕێکخراوە بوو کە سەرانسەری کوردستانی
گرتەوە و بەعسیە خۆێنڕێژەکانی تەنگەتاو و شپرزە کردبوو.
ئەوانەی ئەم بریارە سەختەیان دا زۆر چاک دەزانن کە پەلەیان کردو
هەڵەیەکی مێژوویی گەورەیان بەرامبەر بە ڕێکخراوی ناوبراو و ئەندامەکانی
هەروەها گەلی کورد کردووە چونکە هیچ بەهانەیەک نەبوو تاکو ئەو بریارە
بدەن و خەبات و تێکۆشانی ئەو خەڵکە فوو لێبکەن و بیسڕنەوە و بێمنەتی
بکەن و لەناو یەکێتی نێشتمانیدا پەرش و بلاویان بکەنەوە ، چونکە
لەڕاستیدا ئەگەر کۆمەڵە نەبوایە یەکێتی و سەرکردەکانی نەیاندەتوانی
ئاوا بە ئاسانی بگەڕێنەوە کوردستان جگەلەوەی هیچ نرخ و بایەخێکیشیان
نەدەبوو لە ناو شۆڕشی نوێدا و نەشیاندەتوانی ئەو یەکێتییە بەهێزەبن کە
دوایی بەهۆی هەڵەی سیاسی و هەڵسەنگاندنی خواروخێچەوە شکست لەدوای شکست
بۆخۆیان هێناو کار گەیشتە ئەوەی ببنە ڕێکخراوێکی لاوازی دەستندەخۆرو
وابەستەی سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستان.
سالار مەحمود: لەیەکەم بەیاننامەی
دامەزراندنیدا یەکێتی زۆر بەتوندی هێرش دەکاتە سەر سەرکردایەتی پارتی و
مستەفا بارزانی ، لەکاتێکدا کەکورد دوژمنێکی سەرسەختی وەکوو حکومەتی
بەعسی هەبوو ، ئەمە بۆ؟ پێتوانییە ئەوە هەڵەیەکی گەورەبوو کە یەکێتی
لەسەروەختی ڕاگەیاندنیدا کردی و بەو توندییە دژی پارتی و بارزانی
وەستایەوە؟
عارف کەریم:
یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەزەرفێکی سیاسی هەستیارو ناسکی دوای
ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ درووست بوو
دوای ئەوەی شۆڕشی ئەیلولی ١٩٦١ کۆتایی
پێهاتبوو ، سەرکردەی شۆڕشەکە مستەفا بارزانی ئامادە نەبوو و ڕێگەیشی
نەدەدا شۆڕش درێژەی هەبێ . یەکێتی وەکوو ڕێکخراوێکی بەرەیی دامەزراو لە
بانگەشەکانیدا ئاماژەی بەوە دەکرد کە دەرگا ئاواڵەیە لەبەردەم بیروڕای
جیاواز و ڕێکخراوی جۆراوجۆر کەلە باوەشی خۆی بگرێت و کۆیان بکاتەوە دژی
رژێمی بەعسی فاشیست و پێیان وابوو ئەوە هەر ئەوانن کەدەتوانن بەو کارە
هەڵسن و حیزبێک یان ڕێکخراوێکی تر ئەمەی پێناکرێت و لەتوانایدا نییە بە
کاری بەرەیی هەڵسێ . بەڵام غرور و لووتبەرزی و خۆبەزل زانین و بەرز
فرین وای لە یەکێتی کردبوو کە رێگە بە لایەکی سیاسی تر نەدەن ئەو
بۆشاییە پربکەنەوە کە مەلا مستەفا و پارتی و شۆڕشی ئەیلول بۆ میللەتیان
جێهێشتبوو ، بۆیە هەمیشە بیریان لەوەدەکردەوە کە کۆنترۆڵی گۆڕەپانی
سیاسی بکەن و بریار لەدەستی خۆیاندا بێت .بەرامبەر بە دامەزراندنی
ی.ن.ک لەولاوە پارتی سەرکردایەتی کاتی (القیادە الموقتە) یان درووست
کرد لە ئێران کە توانای سیاسی و سەربازییان هەتا بڵێی لاواز بوو لە
کوردستاندا بەهۆی ئەوەی میللەت تووڕە و بێزار بوو لێیان ، بەڵام لەپاڵ
ئەوەشدا لەهەوڵی ئەوەدابوون کە جێ پێی خۆیان بکەنەوە و ناوبەناو
هەڕەشەی ئەوەشیان دەکرد ئەگەر هەر هیچیان پێنەکرێ ئەوا ئەوەیان پێدەکرێ
کەلە یەکێتی تێکبدەن!!!
عەقڵیەتی سیاسی کلاسیکی نیمچە دەرەبەگی و نیمچە خێڵەکی ، عەقڵیەتی
تۆڵەسەندنەوە و پاشقول گرتن و چاو سوورکردنەوە ، بەرژەوەندی تاک و حیزب
و کلتووری سەقەتی ناو کۆمەڵگای کوردی ، ئەمانە تێکرا ناکۆکی و
ململانێکان و دۆست و دوژمنیان تێکەڵ بە یەک کردو لایە سیاسییەکانی
تووشی شەڕو گێچەڵ کرد و موعادەلەیەکی سیاسی چەوتی بەدوای خۆیدا هێنا کە
بەئەنفال و کارەساتی هەڵەبجە کۆتایی هات.
بەکوردی و بە کورتی هەرچی باش بووە و پێویست بووە بکرێت ، ئەمان
نەیانکرد و هەرچیش خراپ بووبێت و دەبوایە نەکرێت ئەمان هاتن کردیان و
ماڵی خۆیان و کوردیان وێران کرد.
سالار مەحمود:
١- ناکۆکییەکانی ناو سەرکردایەتی شۆڕشی نوێ
لەسەرەتاوە بە تایبەت ناکۆکییەکانی ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەران ، ناکۆکی و
دابەشبوونی هزری سیاسی بوو یاخود ململانێی شەخسی و تاکرەوی و
پاوانخوازی بوو یاخود کام هۆکاریان زیاتر کاریگەرییان لەسەر
تۆخکردنەوەی ناکۆکییەکان هەبوو؟
٢- لەسەرەتای دامەزراندنیەوە یەکێک لە
کێشەکانی ناو سەرکردایەتی کێشەی ناسنامە بوو ، ئایا شۆڕشەکە شۆڕشێکی
عێراقی بێت یان کوردستانی ؟ ئەو کێشەیە لەو دەمەدا چ کاریگەرییەکی
خراپی بۆ سەر یەکێتی درووستکرد و کەی و چۆن ئەو پرسە یەکلایی کرایەوە و
یەکێتی لەو رووەوە خۆی ساخکردەوە؟
عارف کەریم:
شۆڕشی نوێ کەلەدوای کۆتایی هێنان بە شۆڕشی ئەیلولی
١٩٦١ بەرپابوو دوای ئەوەی هەردو حکومەتی ئێران و عێراق
ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥ یان مۆرکرد ،
بە ناوی شۆڕشی گەلی عێراقەوە بەرپابوو ، واتە ناسنامەکەی عێراقی بوو ،
هۆیەکەشی دەگەرێتەوە بۆ پابەندبوونی یەکێتی بەو دوستایەتی و نزیکییەی
کە هەیبوو لەگەڵ وڵاتانی سوریا ، لیبیا ، و ڕێکخراوەکانی بزووتنەوەی
ئازادیخوازی گەلی فەلەستین ، جگەلەوە بارەگای یەکێتی لە سوریا بوو هەر
لەوێش یەکێتی دامەزرا.
پێشئەوەی باسی ناکۆکییەکانی ناو ڕیزەکانی کۆمەلەی ڕەنجدەران و یەکێتی
بکەم دەمەوێ بڵێم ناسنامەی شۆڕسی نوێی گەلەکەمان عێراقی بوو نەک
کوردستانی وەکوو لەسەرەوە ئاماژەم پێکرد و هەموو ئەو بەلاغ و پەیام و
دەنگوباسانەی لە ڕادیۆی کوردسانەوە پەخش دەکران ، هەمووی بەناوی شۆڕشی
گەلی عێراقەوە بوو، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ:
یەکەم: یەکێتی لە (شام) سوریا دامەزرا و
بارەگاکەی لەوێ خستبوو.
دووەم: یەکیتی بەهۆی دۆستایەتی توندوتۆڵی
لەگەل وڵاتانی لیبیا و سوریا و فەلەستینییەکان ، هاوکاری و پشتیوانی و
یارمەتی زۆری لەمانە وەردەگرت.
سێیەم: هەندێ ڕێکخراوی عەرەبیش هەبوو کە
بارەگایان لە کوردستان بوو هاوبەشبوون لە تێکۆشان دژی ڕژێمی بەعس.
چوارەم: یەکیتی پێی وابوو بەهۆی ناسنامەی
شۆڕشەکەوە دەتوانی سەرنجی وڵاتانی تری عەرەبی ڕابکێشێت بۆلای خۆی و
وەکوو دۆست یان بێلایەن بیانهێڵێتەوە.
جا لەگەڵ ئەوەی ناسنامەی شۆڕشەکە عێراقی بوو، بەلام چالاکییەکان هەمووی
لەکوردستان بوو، قورساییەکەش زۆری لەسەر شانی ئەندامانی کۆمەڵەبوو،
چونکە جەماوەرەکەی ئەوان بوو کە بڕبڕەی پشتی شۆڕشەکەبوون و یەکێتی
برێتی بوو لە چەند ئەفەندییەک کە پێشتر لەدەرەوەی وڵات دەژیان و دواییش
لەڕێگای سوریاوە هاتنەوە بۆ کوردستان و درەنگتر کۆدەتایان کرد بەسەر
کۆمەڵەدا ، ئەوەیان کرد کە کردیان ، ئەگەنا ئەمانە بە مام جەلالیشەوە
بەبێ کۆمەڵە هیچیان پێنەدەکرا.
سەرانی یەکێتی کە زۆریان لەدەرەوەی وڵاتەوە گەڕابوونەوە ، وەکوو
ئاماژەم پێکرد ، ورد ورد خۆیان خزانە ناو ڕیزەکانی کۆمەڵەوە و لە
پێشانا ڕێکخراوەکەیان گرتە باوەشی خۆیان و دواتر هێدی هێدی
ڕووتیانکردەوە لە بیروباوەڕی مارکسیزم، لێنینیزم ، ماویزم و بەرگی
جەلالییان لەبەرکرد ، دواتر دەستیان کرد بە شانەکردنی ڕێکخراوەکە و
ژمارەیەک ڕیش سپییان تیاچاند کە بەشێنەیی جومگە گرنگەکانی کۆمەڵەیان
گرتە دەست و ئەوانی تر کە ساڵەهای ساڵ بوو ڕەنجیان دەدا ، وەکوو کەسی
دووەم یان سێیەم یان هیچ سەیریان دەکردن، هۆی ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ
ئەوەی ئەمان کەسانی بەتواناترو لێزان تر و بە ئەزموونتر بوون لە
سیاسەتدا - نەک لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵە - تا لە دوایین جاردا
سەرکەوتنیان بەدەست هێنا و کۆمەڵەیان دا بەزەویدا و سەریانبڕی و
کردیانە قوربانی ئارەزوو خواستەکانی خۆیان و هەموو ئەوانی تریان
وەلاخست ، من کاتی خۆی ئەمانەم ناونابوو دزی ڕەنج و ئارەق و و خەبات و
تێکۆشانی خەڵک و هەر ئەوەش بوو وای لەمن کرد کە جارێکی تر سیاسەت لەگەڵ
ئەوانە نەکەمەوە.
کە ئینقیلابەکەی سەرانی یەکیتی بەسەر کۆمەڵەدا سەری گرت ، قاوە قاو و
شیڕە شیڕ و غەڵبە غەڵب و بۆڵە بۆڵ دەستی پێکرد ، تاقم تاقمێنە و
مەحسوبیەت و مەنسووبیەت و من و تۆ باڵی کێشابوو بەسەر بارودۆخەکەدا ،
دانە جیڕە و چاوسوورکردنەوە و پاشقولگرتن و کێشمەکێش سەری هەڵدا ،
لەلاشەوە غەدر لێکراو ودڵگران و نارازییەکان سەریان نابوو بەیەکەوە و
خەریکی خۆکۆکردنەوەیەکی نوێ بوون و توانییان خەڵکێکی زۆر ڕابکێشن بۆلای
خۆیان و لەوەدا بوون خۆیان ئاشکرابکەن و جیاببنەوە لەیەکێتی ، بەڵام
خۆیان تووشی هەڵەیەکی گەورە کرد و لە نەزانینی خۆیان ڕایان کردە لای
مام جەلال و پێیان وت : قوربان ! ئێمە ڕێکخراوێکین و دەمانەوێ لەناو
یەکێتیدا بمێنینەوە ، بەلام سەربەخۆ کار بۆخۆماندەکەین!! وەڵامی مام
جەلالیش ئەوەبوو ئەمانی فڕێدایە زیندانەوە و هەرچی سوکایەتی و مامەلەی
نائینسانی و ناشیرینە بەمانیان کرد. هەندێک لەمانە وەکوو پشکۆ نەجمەدین
و شێخ عەلی لە زیندان هەڵاتن و مەلا بەختیاریش تاساڵی
١٩٨٩ لە زینداندا مایەوە و دوا شوێنی
زیندانی قاسمە ڕەش بوو کە من لەوێ بینیم و دواتر بەهۆی ئەوەی مام جەلال
و یەکێتی کەوتنە ژێر فشارێکی زۆری خەڵک و ڕێکخراوی جیا جیاوە لە ناوەوە
و دەرەوەی ولات، بریاری دا ئازادی بکات، پێش ئازادکردنەکە ڕێکخراوی
کۆمەلە پلینیۆمێکیان بەست و بە زۆرینەی دەنگ بریاری ئیعدام کردنی مەلا
بەختیاریان دا ، بەڵام بریارەکە فشە بریار بوو چونکە بریار هەمووی
لەدەستی مام جەلالدا بوو.
ئیتر دەبێ ناوی چی لەم ناکۆکی و ململانێ یە بنێیت ، شەخسی و پاوان خواز
و تاکڕەوی یاخود ئایدیۆلۆژی و هزری سیاسی؟ با ئەمەیان چیبهێڵین بۆ
خوێنەر خۆی!!!
سالار مەحمود:
هەر لە سەرەتای دامەزراندنیەوە یەکیتی چەند باڵێکی تێدا
دەردەکەوێت و بە نیمچە بەرەیی درووست دەبێت ( کۆمەلە ، خەتی گشتی ،
بزووتنەوە )ئەم فرە ئاراستەییە تەنها بە زیان بۆ یەکێتی شکایەوە یاخود
لایەنی ئەرێنیشی هەبوو؟
عارف کەریم:
وەکوو پێشتر لە وەڵامی پرسیارێکدا ئاماژەم پێکرد، یەکێتی وەکوو
ڕێکخراوێکی نیمچە بەرەیی خۆی ناساند بە جەماوەری کوردستان و دەرگای
دانەخستبوو لە ڕووی ئایدیۆلۆژیا و بیرو باوەڕی جیا جیادا ،
بەپێچەوانەوە دەرگای ئاواڵە بوو بۆ هەموو ڕێکخراوێک کە خۆی کۆبکاتە
لەڕیزەکانیدا و خەبات و تێکۆشان بکات دژی ڕژێمی بەعس.
لەڕووی تیۆرییەوە ئەم درووشمە هیچ عەیب و کەم وکوڕییەکی نەبوو ، بەلام
لەڕووی پراکتیک و کردار و چالاکی سیاسییەوە تەواو پێچەوانەکەی ڕاست بوو،
چونکە بریار و عەقڵی سیاسی یەکیتی لە شەخسی مام جەلالدا کۆبووبۆوە ،
ئەو ئەندازیاری تاکتیک و ستراتیژ و نەخشەو پلانەکانی یەکێتی بوو وبەبێ
ئەو هیچ نەدەکرا ، بۆیە ئەو بەلایەوە گرنگ نەبوو دەیان ڕێکخراوی وەکوو
کۆمەڵە و بزووتنەوە و خەتی گشتی درووست ببن و بێنە ناو ڕیزەکانی
یەکێتییەوە بەڵام بەو مەرجەی لەژێر باڵی خۆیدا کاربکەن و لەو سنوورە
دەرنەچنن کە بۆیانی دیاریدەکرد ، واتە هەموو جموجۆڵ و چالاکییەکی سیاسی
بە دەر لەوەی ئەو بریاری لەسەر دەدا قبووڵ نەدەکراو دەخرایە لاوە.
ناکۆکی و ململانێ و شەڕە ناوخۆییەکانیش هەمووی لێرەوە سەرچاوەی دەگرت و
دەستی پێکرد کەبەزیانی هەموو لایە سیاسییەکان تەواوبوو نەک بەتەنها
یەکیتی چونکە ئەوانیش لە یەکیتی پێشکەوتووتر و باشتر نەبوون لەو رووەوە.
ئەگەرنا هەموو کەسێکی سیاسەتمەدار و سەرکردە ، پێش ئەوەی بیر لەکارێکی
گرنگی وەکوو بەرپاکردنی شۆڕش بکاتەوە دژی رژێمێکی دڕندەو خوێنڕێژ ،
دەبێ لە پێش هەموو شتێکدا دوژمنەکان و دۆستەکان ڕیزبکات و لەیەکیان
جیابکاتەوە ، کێ دوژمنی بەهێزو پلە یەکە و کێ پلە دووە و کێ بەپلەی
سێیەم دێت ، هەروەها دوستەکانیش بەهەمان شیوە ڕیز بکات و جیا بکاتەوە و
پلەیان بۆ دابنێ بۆ کاتی پیویست و هاوکاری ، ئیتر بەو پییە ناکۆکییەکان
دیاری دەکرێت ، کێ ناکۆکی سەرەکییە و کێ ناکۆکی لاوەکییە و دەبێ لەپێش
هەموویانەوە بەرەوڕووی کامیان بوەستیتەوە و دەستیش بخەیتە دەستی
کامیانەوە . بەداخەوە دەڵێم لەکوردستاندا ئێستایشی لەگەڵ بێت پەیڕەوی
ئەم خاڵە گرنگە نەکراوە و ئەوەندەی حیزب و ڕێکخراوە سیاسییەکانی
کوردستان خەریکی یەک بوون و دوژمنایەتی یەکتریان کردووە ، ئەوەندە
خەریکی دوژمن نەبوون و شەڕی ئەویان نەکردووە .کورد زۆری ماوەو فێری
ئەوە ببێ چۆن ئیدارەی ناکۆکی و ململانێکان دەکات لە گۆڕەپانی سیاسیدا
کە ئەمە ئەلفبا و سەرەتای سیاسەتە بۆ ئەوانەی سەرکردایەتی حیزب و
ڕێکخراوی سیاسی دەکەن.
ماڵپهڕی عارف کهریم
|