١١\٧\٢٠٢٤
هەڵوەشاندنەوەی
پلانی ناردنی پەنابەران بۆ رواندا
دەستکەوتی
راوەستانی بەرەی ئازادییخوازە!
سەرئەنجام
پاش دەورەیەك لەهەوڵ و تێکۆشانی فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
و ڕێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی و ڕێکخراوەکانی لایەنگر
لەمافەکانی پەنابەران و پشتیوانی خەڵکی ئازادیخوازی بەریتانیا و
پەیوەستکردنی پارتی کرێکاران بەخواستی هەڵوەشاندنەوەی سیاسەتی ناردنی
پەنابەران بۆ ڕواندا دۆێنێ ٦ی جوڵای لە یەکەمین کۆنگرەی رۆژنامەگەریدا
ستارمەر سەرۆك وەزیرانی براوەی هەڵبژاردنەکان ڕایگەیاند " پلانی ڕواندا
مرد وناشتیان.." .هەروەها لە میانەی چالاکییەکانی هەڵبژاردنەکانیدا
ڕایگەیاند، ئەگەر پارتەکەی سەرکەوت، ئەوا دەستبەرداری پلانی ڕواندا
دەبێت و لەبری ئەوە دەسەڵات و دەسەڵاتەکانی پەیوەست بە
بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بەکاردەهێنێت بۆ ڕێگریکردن لە بازرگانیکردن بە
مرۆڤ لە کەناڵی ئینگلیزدا.
جێگەی ئاماژەیە مەسەلەی پەنابەران مشتومڕێکی گەرمی کەمپەینی هەڵبژاردنی
بەریتانیا بوو کە لەلایەن هەردوو پارتی پاریزگاران و پارتی کرێکارانەوە
بەدەستەوە گیرابوو، ئەوەی پارتی کرێکارانی خستبووە ژێر گوشارەوە دەنگی
ناڕازی بەرەی ئازادیخوازی و مرۆڤدۆستی یەکێتی کرێکاریەکان بوو لەسەر
دۆسیەیی پەنابەران و کۆچبەران کە لەماوەی ١٤ساڵ حکومداری پارتی
پاریزگاراندا دۆسیەیی پەنابەران و یاسا دژی پەنابەریەکانی هەموو سنورو
پێوانەیەکی نێونەتەوەیی لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە تێپەڕاندبوو و بوو
بەجێگای سەرزەنشتی ڕای گشتی. ئەوەی پارتی کرێکارانی گەیاندە راگرتنی
پلانی ناردنی پەنابەران بۆ ئەو ڕێکەوتنامەیەی لەنێوان حکومەتی
بەریتانیاو وڵاتی رواندا هەڵبوەشێنێتەوە یەکەمین هەنگاوێکە بەرهەمی
بەرەنگاری و هەوڵەکانی فیدراسیۆن و رێکخراوەکانی داکۆکیکار و
ئازادیخوازانە، بەڵام جێبەجێکردنی هەموو داواکاری و خواستەکانمان نیە،
داخستنی دەستبەجێی گرتووخانە دەستبەسەرەکانی پەنابەران و راگرتنی
سیاسەتی بەزۆر ناردنەوەی پەنابەران، بەرەسمیەت ناسینی مافی کارکردن،
دانی پەنابەری بەهەموو ئەوانە لەدەست جەنگ و نائارامی هەڵهاتوون و
داوای مافی پەنابەریانکردوە، هەڵگرتنی هەموو بەربەستەکان لە گەیشتنی
پەنابەران بە سەلامەتی کە رووبەڕووی کارەساتی نەخوازراو نەبنەوە و و
مافی هاوڵاتی یەکسان و کۆتایی بەجیاکاری هەلاواردنو ئازادی هاتووچوو
... داواکاریەکانمانە.
نابێت هیچ خۆشخەیاڵیەکمان بە پارتی کرێکاران و حکومەتەکەی کییەر
ستارمەرهەبێت بە تایبەتی سیاسەتی جیاکاری و راگرتنی پەنابەران لە
گرتووخانە دەستبەسەرەکان، دابەشکردنی پەنابەران بەسەر شارەکان بەدور
لەخواستی خۆیان، واژوکردنی رێکەوتن لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە پەنابەرانی
لێوەهەڵدێن تا بەزۆرەملێ دیپۆرتیان بکەنەوە ... تا سیاسەتی جەنگخوازی و
میلیتاریزم و راوەستان لەپاڵ بەرژەوەندیەکانی سەرمایەداران.. کارنامەی
چەندین ساڵەی پارتی کرێکاران و باڵی ڕاستی پارتی کرێکاران و کییەر
ستارمەرو تونی بلێرو دیڤید بلانکیت و هاوکارانی بووە.. بەتایبەتیش
بەرامبەر بە مافەکانی پەنابەران و هیچ گۆڕانکاریەکی جدی و بنەڕەتی
رووینەداوە، پارتی پارێزەران و پارتی کرێکاران هەریەکەیان درێژەپێدەری
سیاسەتی ئەویترە، ئەوەش کە جێگایی ئومیدی گۆڕانکاری و ریشەی بێنێتە
ئاراوە لە بوونی هێزێکی رادیکاڵ و بەهێزدایە کە لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە
نوێنەرایەتی ئاسۆیەکی ئینسانی بکات، هێزێك کە بتوانێت بەخێرایی
دەسەڵاتێکی یەکگرتوو و ڕێکخراو هاوکێشەکان بگوڕێت بزووتنەوەیەك کە
توانای داخستن و بەربەستی هەبێت بەرامبەر بە سیاسەتی راستڕەوانەی ئەم
پارتانە.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی و رێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی
ئێرانی وەك هەمیشە لە سەنگەری داکۆکیکردن لەمافەکانی پەنابەران و
بەردەوام تیدەکۆشێت، خواستی بەفەرمی ناسینی مافی مانەوەو جێکەوتنی
پەنابەران لە کۆمەڵگای بەریتانیا، داخستنی سەرجەم گرتووخانە
دەستبەسەرەکانی پەنابەران، دابینکردنی شۆێنی شیاو بۆ پەنابەران، دانی
مافی کارکردن و راوەستانەوە بە دژی سیاسەتی هەڵواردن و جیاکاریی و
بەدیهێنانی مافی هاوڵاتی یەکسان لیبڕاوانە بەردەوام دەبێت و پەنابەران
بانگەواز دەکات بۆ توندکردنەوە گوشارەکانمان لەسەر حکومەتی نوێی
بەریتانیا بۆ جێبەجێکردنی ئەم داواکاریانە و دڵنیاین ئێمە لەم هەوڵ و
تێکوشانەمان تەنها نین، بەرەی ئازادیخوازان و مرۆڤ دۆستان و
ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لەمافەکانی پەنابەران پشتوپەنامانن.
فیدراسیۆنی سەراسەری پەنابەرانی عێراقی
ڕێکخراوی سەراسەری پەنابەرانی ئێرانی - بێمەرز
٧\٧\٢٠٢٤

|