په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠١٧

هەڵوێستێکی ناڕۆشن لە گرووپێکی ناڕۆشنەوە.

- سەبارەت بە راگەیاندنی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەسەر پرسی گشتپرسیی -

 

عادل ئیبراهیم


یەکێتی کۆمۆنیستەکان وەک ئەو باڵندە چکۆلانەن کە لەکاتی فریندا جار بەجار بەدوای باڵندە گەورەکان دەکەون تا پەرێکی لێکەنەوەو بیبەن بۆ هێلانەکانیان، بێجگە لەوە خۆیان دەشارنەوە نەکا باڵندە گەورەکە بە دەنووکە زلەکەی لێکیان هەڵوەشێنن.


چونکو ئەم راگەیاندنەی یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەمەر گشتپرسیی، بە دوای بێ دەنگیەکی زۆر و دیار نەمانی ناوی رێکخراوەکەیانەوە نوسراوە، کە پایزەو پایز سەرە تاتکێیەک دەکەن و لایتێکمان تێ دەگرن و دوایی گوم دەبنەوە و تا پایزێکی تر نایان بینیەوە، ئەم جارە وەها پێ دەچێت پێش ئەم پایزە فرسەتیان ‌هینابێ تا لە هەڵوێستی جیاوازی نێوان کۆمۆنیزمی کرێکاری لەسەر گشتپرسیی، وەها نیشان بدەن کە ئەشێ لێکدانەوەیەکی جیاواز و دروست و رۆشنتریان هەبێت و بەڵکو ئەم پایزە شانسیان کرابێتەوە، بۆیەکا دەبێژن "لەم سۆنگەیەوە هەڵوێستی دروست لەدەوری بەشداری بە «بەڵێ» یان «نەخێر» یان بایکۆتکردنی رێفراندۆم نیە"..، واتە بە ناوەراستی جادەکەدا کە خەتی سپی کراوە بە پێ‌ی پەتی دەرۆن، بەراستی ئەمە مەتەڵە، جا لەو مەتەڵانەشە کە خاوەنەکەشی دوایی نازانێ چۆن گرێکەی بکاتەوەو ناچار وازی لێ دێنێت و گوێ لەمەتەڵی کەسی تر دەگرێت، یا لەوانەیە بۆخۆیان پێیان وایە "دارەکەی دەستی موسایە کە دەریا دەکات بەدوو بەشەوە".


یەکێتی کۆمۆنیستەکان لەوەتەی ناوی خۆیان راگەیاندووە خاوەنی خەتێک و سیاسەتێکی موستەقیم نین و بۆ خۆشیان رۆشن نیە چی دەڵین و چی دەکەن و بۆ کوێ دەچن، هەر پایزێک باسێک یا پرۆژەیەک دەبێتە جیدالی نێوان خۆیان و ناگاتە پایزی داهاتو دەستی لێ هەڵدەگرن و بیر لە باس و پرۆژەیەکی تر دەکەنەوە، بە واتایەک نارۆشنترین گرووپی نێو بزوتنەوەی چەپ و کۆمۆنیستین، هەر بۆیە گرووپی نارۆشن و ناسیاسی دەبنە قوربانی ئاخافتنی لێڵ و تەمومژاوی خۆیان.


ئاخر ئەمە چۆن مەتەڵێکە، کە مەسەلەکە بایکۆت کردنی گشتپرسیی نیە و بەشداری بە بەڵێ و نەخێریش نیە، باشە ئەم خەڵکە قوری کوێ بکات بەسەری خۆی و دەسەڵاتی پارتی و یەکێتیدا، ئایا برۆن بۆ دەنگدان یا نا..؟ ئەگەرەکو نەچن پەرچەکرداریان چۆن بێت..؟ ئەگەرەکو چون کارتەکە بە سپی بدەن، بڵێن نەخێر یا بەڵێ..؟ دیارە قسەکەی ئەوەڵی خۆمە حەلی مەتەڵەکە لای خۆشیان وەڵامی نیە.


قسەی خۆمان بێت لەو راگەیاندنەدا مەتەڵی تریشی تێدایە کە دەڵێن ئامادەکاریەکانی دەوڵەت لە بار نیە، بەراستی نازانرێت کە وێنای دەوڵەت لای ئەم هاورێیانە چیە و زەمینەی سەرکەوتنی دەوڵەت چۆن دەبێت و ئەو ئامادەکاریانەش چۆن فەراهەم دەبێت. با لەوەش بگەرێین و قیروسیا لەو ئامادەکاریانەی دەوڵەت بکەین، بەڵام ئەوەی کە باسی ناکەن و رەخنەیان لێ‌ی نیە گەر هاتو ئەو ئامادەکارییانەی دەوڵەت کە نازانرێت چین، باوەها دابنێین تەرتیب بون، دەیسا ناوی دەوڵەتەکە چی دەبێت، ئاخۆ کوردیە، غەیرە قەومی و عەلمانیە..؟، گرفتەکە لەوەدایە ئەم راگەیاندنە بە دانەدانەی ووشەکانی و طولی دێرەکانی ناتوانێ تەپوتۆزەکەی سەری پاک بکەیتەوەو سەرە داوێکت دەست ناکەوێت..! ئەم جۆرە لە هەڵوێست لەوە دەچێت بۆ ئەوە بێت نایانەوێت خەتابار بن، چونکو لێکدانەوەو بۆچونەکەیان و هەڵوێستیان تەنها ئەو مانایەمان پێ رادەگەیەنێت پێویست ناکات هیچ شتێ بکەین و خۆمان خەریک بکەین، باشتر وایە با چاوەروان بین بزانین ئەم پایزەش وەزعەکە چۆن دەگوزەرێت و دنیا بۆ خۆی بەرەو کوێ دەروات، دواتر لە پایزێکی تردا قسیەکی لەسەر بکەین.

 

 

adil-ebrahim@outlook.com
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک