په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣\٨\٢٠١٧

ھەڵوەستەیەک.
- (شەڕە پەڕۆ و ھەرێمی کەرکوک و گشتپرسیی) و ھەڵویستی ھونەرمەندانی کەرکوک لە رابردوودا -


سەڵاح حەمەئەمین   


شاراوە نیە لەدوای ئازادکردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣ دا ، لەلایەن نەیارانی کوردەوە لە شاری کەرکوک و لەناوەند چەندین ھەوڵ ھاتە ئاراوە بە مەبەستی لە باربردنی خەونی دیرێنی گەلی کورد بەگشتی و کەرکوک بەتایبەتی بۆ گەڕانەوەی ئەم بەشە گرنگەی کوردستان بۆ ئامیزی دایکی کە چەندین ساڵ گەلی کورد لە پیناوێدا خەبات و تیکۆشانی کردووە و خۆینی چەندین لاویشی لە پیناویدا رژاندووە ، سەرەتای ئەو ھەوڵانەش لە مانگی ٩ / ٢٠٠٣ دا بەمەبەستی دروستکردنی (ئاڵا بۆ شاری کەرکوک ) دەستی پێکرد ، کە چەند جارێک بەر لە ئیستا تیشکمان خستووەتە سەری دوایینیشیان لە پارساڵ لە کاتی وروژاندنی بیرۆکەی (بە ھەرێمکردنی کەرکوک) بڵاووم کردووەتەوە، ئەفسوس  تا ئەم دەمەش مەترسییەکانی بە ھەرێمکردنی ئەم شارە دیرێنەی کوردستان ‌بوونی ھەیە و نەیارانی بەھەموو تواناییکیانەوە کاری بۆ ئەکەن و تەنانەت لە نێو خودی کوردیشدا ماوەی چەند ئەو دەنگە پەیدا بووە ...!

 

بە مەبەستی لە باربردنی بیرۆکەی (بە ھەرێم کردنی کەرکوک) لە رێی دروستکردنی ئاڵایێکی تایبەت بۆ ئەم شارە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا ، ئیمە وەک ( ناوەندی کەرکوکی یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان و لقی کەرکوکی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان) رۆڵی بەچاوو سەرەکیمان ھەبوو، لەو رووەشەوە بۆ مێژوو ئەڵیم برای بەڕیزم ( ھوشیار ئەحمەد ئەسوەد ) کە لەو کاتەدا بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بوو و بەندەش بەرپرسی ناوەندی کەرکوکی یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان بووم پاڵپشتیکی دڵسوزی ھەوڵەکانم بوو بەمەبەستی لە باربردنی ھەوڵەکانی بەھەرێم کردنی کەرکوک. رۆڵ و ھەڵویستی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەردوو رێکخراوە ھونەرییەکەی کوردستان لەم شارەدا و لەو قۆناغە ھەستیارەی ئەو سەردەمەدا تەنھا لە رووبەرووبوونەوەی ئەو دژایەتیکردنەی کوردستانییەتی کەرکوکدا خۆی نەبینییەوە...

 

ئەفسوس لەو قۆناغە ھەستیارەدا و لەنێو خودی حیزبە کوردستانییەکان دیاردەی (شەڕە پەڕۆ) ی ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەی کوردستان لەم شارەدا گەییشتبووە ئاستێکی مەترسیدار ، لەو رووەوە ھەردوو حیزبە باڵادەستەکەی کوردستان لەبری ئەوەی لە ریپیوانەکانی شاری کەرکوکدا ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرزبکەنەوە ئاڵاو رەنگی حیزبەکانیان بەرز ئەکردەوە بێگومان ئەم دیاردەیەش خۆی لە خۆیدا زەنگیکی مەترسیدار بوو لە سەر تاکی کوردو دەسەڵاتی ھەردوو حیزبەکە لەم شارەدا . بەمەبەستی روبەروبوونەوەی ئەو دیاردە مەترسیدارە بەندە وەک بەرپرسی ناوەندی کەرکوکی یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان و ھوشیار ئەحمەد ئەسوەد وەک بەرپرسی لقی کەرکوکی سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان بەیاننامەییکمان لە ریکەوتی ٣١ / ١٢ / ٢٠٠٣ دا بەناوی ھونەرمەندانی کەرکوکەوە بڵاوکردەوەو تێدا ئەو دیاردەیەمان مەحکوم کرد و داوامان لە حیزبە کوردستانییەکان لەم شارەدا کرد لە بری ئاڵا و رەنگی حیزبەکانیان تەنھا ئاڵای پیرۆزی کوردستان بەرزبکەنەوە ، بە مەبەستی ئەو ھەڵۆیستە لەخوارەوە دەق و وینەیێکی ئەو بەیاننامەیە ئەخەینە بەر دیدی خوینەران . رۆڵ و ھەڵویستی نەتەوەیی و نیشتمانی ھونەرمەندانی کورد لەم شارەدا لەو ئاستەدا نەوەستا ، ئیمە وەک (ناوەندی کەرکوکی یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان) لەو قۆناغەدا رۆڵی بەرچاومان لە دامەزراندن و کوبوونەوەکانی (بزووتنەوەی گشتپرسیی لە کوردستان) لەشاری کەرکوکدا ھەبووە ، لەو رووەوە بەندە وەک بەرپرسی (ناوەندی کەرکوکی یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان) ماوەی چەند ساڵیک کارم لەو بزوتنەوەیەدا کردووە ، ئەوە بوو کە ھاوشانی ھەڵبژاندنەکانی ساڵی ٢٠٠٥ راپرسیێکی نافەرمی بەمەبەستی سەربەخۆیی کوردستان ئەنجام دراو لەو پرۆسەیەدا سەرجەم کوردەکانی ئەم شارە دەنگیان بە (بەڵی) بۆ سەربەخۆیی کوردستان دا.

 
لێرەدا و لەم ھەلو مەرجەی ئیستادا پرسیاریک رووبەروومان ئەبیتەوە (١٢) ساڵ بەر لەئیستا و لەو جۆش و خرۆشی و بەرزبوونەوەی ھەستی نیشتمانی و نەتەوایەتی لە نێو کوردی ئەم شارەدا سەربەخۆیی کوردستان کە خەونی ھەموو تاکیکی کورد بوو لەم شارەدا ئەو ریژەیەی دەنگی بەدەست ھێنا ... ئایا ئیستا لە ‌نێو ئەم ھەموو قەیرانەداو پەک خستنی (پەرلەمانی کوردستان) و کیشمەکیشی دەسەڵات و ناکۆکییەکانی نێو حیزبە کوردستابیەکان و دواخستن و کەم کردنەوەی قوتی ھاوڵاتیان ........ (بەڵی) چ ریژەیەک لە نێو دەنکی کوردی ئەم شارەدا بەدەست دینی .....؟

دەقی بەیاننامەی ھونەرمەندانی کەرکوک لە رێکەوتی ٣١\١٢\٢٠٠٣:


بەیاننامەیەک
لە ھونەرمەندانی کەرکوکەوە


جەماوەری سەربەرزی کوردستان ... حیزب و لایەنە سیاسییەکان ... بنەماڵەی سەر بڵندی شەھیدان ... جەماوەری خۆڕاگرو سەربڵندی کەرکوکی کوردستان . دیارە کەرکوک وەک شارێکی کوردستان ھەستیارێتی خۆی ھەیەو ھەر لە ‌کۆنەوە چاوی ناحەزانی لەسەربووە و بەداگیرکراوی زۆرترین فشار لەسەر خەڵکەکەی بووەو گەورەترین و فراوانترین پرۆسەی دەرکردن و بەعەرەبکردنی تێدا ئەنجام دراوە ... کوردیش لە پێناویدا زۆرترین خۆینی رشتووە ... لەم قۆناغەی ئێستاشدا دوای پرۆسەی ئازادیی عێراق و نەمانی رژێمی دیکتاتۆری کە ھەلومەرجێکی نوێ ھاتووەتە ئاراوە ، فرسەتێکی زێڕین لەبەردەم گەلەکەماندایە کە بەمافە رەواکانی خۆی بگات ، ئەمەش وای کردووە ناحەزانی کورد لە ھەوڵی بەردەوامی گێرەشێوێنی و چەواشەکاریدابن بەمەبەستی لەباربردنی خەونەکانی گەلەکەمان لەمەشدا زۆرترین ھەوڵ دەکەوێتە بەر ئەو دژایەتیەی بۆ شێواندنی کوردستانیەتی کەرکوک دەکرێت ... بۆیە ئێستا لە ‌ھەموو دەمێک زیاتر گەلی کورد پێویستی بە یەکدەنگی و یەکڕیزی ھەیە ، بەتایبەتی لە کەرکوکدا ... بێگومان ئەمەش ئەرکی نەتەوەیی و نیشتمانی ھەموومانەو لێی بەرپرسیارین ... ھەر بۆیە ئێمە وەک ھونەرمەندانی کەرکوک داوا لە جەماوەری سەربەرزی کوردستان و خەڵکی خۆڕاگری کەرکوکی کوردستان دەکەین کە ھەرچی پێمان بکرێ ھەوڵی ئەوەبدەین لەکاتی پرۆسەی ھەڵبژاردنەکان و رێپیوانەکاندا ھەموو رەنگە جیاجیاکان لە ئاڵای پێرۆزی کوردستاندا کۆبکەینەوە کەسەرجەم رەنگەکان لەخۆدەگرێ ... بۆ ئەم مەبەستە داوا لەسەرجەم لایەنە سیاسییەکان و رێکخراوە دیموکراتی و جەماوەری و پیشەییەکانی دۆستان دەکەین کە کار بۆ ئەوە بکەن بەتایبەتی لە کەرکوک و لەکاتی رێپێوانەکاندا ئاڵای پیرۆزی کوردستان لەسەرووی ھەموو ھەموو رەنگەکانەوە بێت و لە بری دروشمە حیزبییەکان دروشمی نیشتمانی و نەتەوەیی بەرز بکرێتەوە کە بێگومان تەنھا لەم ھەڵوێستەدا دەتوانین یەکدەنگی و یەکڕیزیی گەلی کوردستان بپارێزین و بەرژەوەندی نەتەوەییمان لە سەرووی بەرژەوەندی حیزبی رابگیرێ ... ھاوکات لەگەڵیدا پشتگیرییەکانمان بۆ بزووتنەوەی ریفراندۆم لە کوردستاندا تۆکمەتر بکەین و زۆرترین پشتگیری رۆشنبیران بکرێت لە ئاستێکدا کە بتوانین بە چالاکییە رۆشنبیرییەکان ھەمان ئەو رۆڵە بگێڕین ، بەر لەھەموو ئەمانەش پێویستە ھەوڵ بدرێت لە نزیکترین کاتدا ھەردوو ئیدارەی ھەولێر و سلێمانی یەک بخرێن کە ئەمەش دەکەوێتە بەر ئەرکی ھەردوو لایەنە باڵادەستەکەی کوردستان.


٣١\١٢\٢٠٠
یەکێتی ھونەرمەندانی کوردستان         سەندیکای ھونەرمەندانی کوردستان
   ناوەندی کەرکوک                          لقی کەرکوک          
 


salah1325681@gmail.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک