په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٩\٧\٢٠١٠

هەڵوێستی کورد تەماوییە !!


شوان هەورامی   


خەریکە لە پێنج مانگ نزیک دەکەوینەوە کەچیی ئاسۆی دامەزراندنى حکومەتى عێراقیی هێشتا تاریکە ، چونکە راستە بەردەکانى ئەو کایە شەترەنجیە و گۆڕەپانەکەى لە عێراقدایە ، بەڵام ئەوەى بەردەکان دەجوڵێنآ لە دەرەوەى عێراقەو ئەوەش پەیوەندیی بە هاوکێشەیەکى دژوارو سەختی نێودەوڵەتیەوە هەیە کە ماوەیەکى زۆرە لە ناوچەکەدا لە نێوان ئێران و ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانیاندا هاتوەتەکایە .


ئەوەى بەلاى تاک و کۆمەڵی کوردەوارییەوە گرنگە وەڵامى ئەو پرسیارەیە کە ئایا سیاسەتمەدارانى کورد چۆن مامەڵە لەگەلڕ دامەزراندنى حکومەتى داهاتووى عێراقدا دەکەن ؟ ئایا یەکدەنگن وەکو لە کۆنفرانسە رۆژنامەوانیەکاندا باسی دەکەن یا ئەوانیش وەکو بەشێک لەو ململانآ و هاوکێشەیەى ناوچەکە بەسەر یەکێک لەو بەرانەدا ساغبوونەتەوە ؟ بەڕاستی کورد ئیرادەى خۆی هەیە بۆ ئەوەى کە ببێتە هاوپەیمانى بەرژەوەندییەکانى خۆی ، یا وەکو هەمیشە لە دوا ساتدا بە تەلەفۆن ئەجێنداى دەرەوەى ویستی خۆی بەسەردا دەسەپێنرێ و چارەنووسی خۆی دەداتە دەست ئەو خاوەن ئەجێندایە ؟!


ماوەیەکى زۆر بوو هەست دەکرا لایەنە کوردییەکان هەر یەکەو بۆ خۆیان بە جیا مامەڵە لەگەلڕ مەسەلەکەدا دەکەن ، تا سەرەنجام ئیئتیلافی فراکسیۆنە کوردستانیەکان لە دایک بوو . بەڵام هەتا ئێستاش ورتە ورتى ئەوە هەر لە ئارادایە کە ئەو فراکسیۆنانە زۆر تۆکمە پێکەوە کار ناکەن ، چونکە خودى فراکسیۆنى کوردستانى بۆ خۆی تۆکمە نیەو هەست دەکرآ لەیلای هەر یەکەیان لەلایەک بێت و هەر یەکە لە لایەک بەڵێنى ئیمتیازو دەسکەوتى وەرگرتبێت !!


لە موغازەلە رۆژنامەوانیەکاندا هەستدەکرآ عەللاوی دڵی بە هەولێر خۆشبێت ، هەروەها " مالکی "یش بە بەڵێننی نوێکردنەوەى سەرۆکایەتى سلێمانی دڵخۆش کردبێت . خۆ ئاساییە هەر کوتلەو پارت و لایەنێک بەرژەوەندیی تایبەتى خۆی لە بابەتەکەدا هەبێت ، بەڵام ئەوە داهاتووى کێش و قەبارەى کورد لە بەغدا بێهێزو سوک نەکات .


ئەگەر سەیرێکى سادەى ئەو هاوکێشە قەیراناویانەى ناو عێراق بکەین بە روونى بۆمان دەردەکەوێت کە ئەو مەترسیانەى لەسەر کێشەى کوردن لە چ لایەکن ، دیارە کوتلەى عێراقیەى عەللاویی پڕیەتى لە عەرەبی شۆڤینى و بەعسی و ئەو تورکمانانەى کە هیچیان بڕوایان بە مافی کوردو جێبەجێکردنى مادەى 140 نیە ، بگرە دەیانەوێت لە داهاتووى نزیکدا هەرێمى فیدراڵیی کوردستانیش نەمێنآ ، ئایا دەکرآ کورد لەگەلڕ ئاوەها کوتلەیەکدا ئیئتیلاف دروست بکات ؟ بە تایبەتى ئەمانە هاوسنوورن لەگەلڕ کورددا و هەندێکیان هەتا ئێستاش لە پارێزگاى نەینەوا بڕوایان بە بوونى کورد نیە بۆ بەرێوەبردنى پارێزگاکە . ئیئتیلافی نیشتمانیی مالیکی – حەکیم کە ماوەیەکى زۆر لە ژێر نیری رژێمى پێشوودا وەکو کورد ستەمیان لێکراوە ، تا رادەیەک بەرژەوەندییەکانیان لەگەلڕ کورددا یەکدەگرێتەوە ، بە تایبەتى هاوسنووریش نین لەگەلڕ هەرێمى کوردستاندا هەتا دژایەتى هیواو خواستەکانى کورد بکەن ، ئەمە لە ماوەى رابردوودا تا رادەیەکى باش روونبوەتەوە .


لەسەر ئاستى هەڵبژاردنى 7 / 3 / 2010 گەورەترین کوتلەى هەڵبژێردراو کوتلەى عەللاوییە ، بەڵام بە پێی لێکدانەوەى دادگاى فیدراڵیی عێراق گەورەترین کوتلەى پەرلەمانیی ، کوتلەى نیشتمانیی مالیکیی – حەکیمە ، کە ئەم دوو کوتلەیە ماوەیەکى زۆرە کەوتوونەتە ململانێەکى فەلسەفیانەوە بۆ دامەزراندنى حکومەت ، بەڵام ئەوەى ئەو بابەتە یەکلا دەکاتەوە کوتلەکان نین بەڵکو ئەو دەستانەن کە کوتلەکان دەجوڵێنن . بەڵام دەبآ ئەوەش بزانین هەرچەندە ئەو دەستانەش زۆر کاریگەربن بەڵام ئەو کەرەستانەى کە تەلاری ئەو حکومەتەى پآ دروستدەکرآ عیراقین و ناکرآ بە زۆر ئەجێنداکان بسەپێنرێن ، راستە ئەمەریکاو هاوپەیمانەکانى ئەو پێنج مانگە گوشاریان بەردەوامە ، بەڵام خۆڕاگرى و مانۆڕە سیاسیی و پشوودرێژەکانى مالیکیی ئیدارەى کۆشکى سپی ماندوو کردووەو ئەوان (واتە ئەمەریکیەکان) لە ناوچەکەدا چەند بەرنامەیەکیان هەیەو دەیانەوێت بە زوویی یەکلای بکەنەوە :


1 – دەبآ ئەو بەڵێنەى کە داویانە بۆ کێشانەوەى هێزەکانیان لە عێراق لە کاتى خۆیدا جێبەجێی بکەن .
2 – ستراتیژیی سەربازییان لە ئەفغانستان پێویستی بەو هێزانە هەیە کە لە عێراقی دەبەنە دەرەوە .
3 – کێشەى دارایی ئەمەریکا بەرگەى شەڕی درێژخایەنى سامان بە فیڕۆدانى زیاتر ناگرێت .
4 – هەموو ئەو خاڵانەى سەرەوە پەیوەندیی راستەوخۆیان بە یەکەوە هەیە هەتا ئۆباما بتوانێت رووبەرووى دۆسیەى ئەتۆمیی ئێران ببێتەوە .
5 – هەر بۆ دەستەبەرکردنى خاڵی چوارەم ئێستا دەبینین ئەمەریکا بە هەر نرخ و شێوەیەک بێت دەیەوێت قەناعەت بە هاوپەیمانە عەرەبەکانى بکات ، کە راستگۆیە بۆ چارەسەرى کێشەى فەلەستین و دەیەوێت بە زووترین کات دانوستانەکان دەست پێبکەنەوە .
6 – هەموو ئەو خاڵانەى سەرەوە پەیوەندیی راستەوخۆیان هەیە بە هەڵبژاردنەکانى کۆنگرێسی ئەمەریکاوە ، کە ئێستا ئۆباما و پارتی دیموکرات لە راپرسیەکاندا لە ئاستێکى نزمدان .


کەواتە ئەو خاڵانەى سەرەوە هەمویان دەبآ لە پێش هەڵبژاردنەکاندا پێشکەوتنیان پێوە دیار بێت ، کە دیارە دامەزراندنى حکومەتى عێراقییش یەکێکە لەوانەو چیتر دواخستن قبولڕ ناکات ، بەڵام ئەو حکومەتە چۆن پێکدەهێنرێت ، دوو بۆچوون هەیە :


یەکەم – گەورەترین کوتلەی پەرلەمانیی (کە کوتلەى نیشتمانییە) - وەکو ئەوەى دادگاى فیدراڵیی تەفسیریی کرد - لەگەلڕ ئەوانەى کە دەچنە هاوپەیمانیەکەوە حکومەت درووست دەکەن .
دووەم – بۆ ئەوەى عێراق دووچارى پاشاگەردانیی نەبێت ، حکومەتێکى بنکە فراوانیی نیشتمانیی لە هەموو کوتلەکان پێک دەهێنرێت ، هەروەکو سەردەمى ئەنجومەنى حوکم .


لە هەردوو حاڵەتەکەدا کورد وەکو پێکهاتەیەکى سەرەکیی عێراقی بەشداریی پێدەکرێت ، بەڵام گرنگ ئەوەیە لە پێناوى دەستەبەرکردنى پۆستی سەرۆکایەتیدا داخوازییە نەتەوەییەکانى لەبیر نەچێتەوە ، نابێ بە زرق و برقی کورسی و پۆستى نا سیادیی هەڵخەڵەتێ و کارنامەو بەرنامەى حکومەت لەبیر بکات ، چونکە ئەو داوایانەى کە بە هەبوونى ئەمەریکاو باڵادەستیی کورد بەدیی نەهاتوون ، ناکرێ دواى بێهێزبوونى پێگەى ئەمەریکاو بەهێزبوونى بەغدا لە داهاتووى نزیکدا دەستەبەر بکرێن ، لەبەر ئەوە دەبآ ئەو داوایانە لە کارنامەى حکومەتدا تۆمار بکرێن ، چونکە مادەى 140 و ئەو بابەتانەش کە پەیوەستن بە نەوت و گاز و بۆجەو هێزى پێشمەرگەوە ، هەموى پەیوەندییان بە زەمینەو زەمانەوە هەیەو خۆ غافلڕ کردنى ساتێک لێیان نەهامەتیى سەردەمێکى دوورودرێژیی لێدەکەوێتەوە ، ئەمە دوا فرسەتە و بە هیچ شێوەیەک نابآ کورد لەو مافانەى بیتە خوارەوەو خۆی بداتە دەست بەڵێنە کاتى و تەلەفۆنەکانى خۆرئاوا ، چونکە ئەوان بۆ چارەسەرى کێشەکانى خۆیان بە گرنگى نازانن دەیان ملیۆن کەس بکەنە قوربانیی ، چونکە ئەوان سیاسەتیان بۆ دەستەبەرکردنى بەرژەوەندییە نەک ( وەکو ئەوەى هەندێجار سیاسەتمەدارانمان خەڵکى پێ چەواشە دەکەن ) پاراستنى ئەخلاق و بەها مرۆییەکانیان لەلا پیرۆز بێت !!