١٣\١\٢٠١٢
ھەڵوێستمان
بەرامبەر ھەڵبژاردنەکانی نۆیەمین خوڵی ئەنجوومەنی شوورای ئیسلامیی
ئێران.
ھاونیشتمانە بەڕێزەکان!
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی بەنیازە ڕۆژی ١٢ی ڕەشەمەی ١٣٩٠ نۆیەمین خوڵی
ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شووڕای ئیسلامی وەڕێ بخا و لەبەر ئەوەش کە لە
ھەلومەرجی ئێستادا لە ھەموو کاتوزەمانێک پتر لە کۆمەڵانی خەڵک
دابڕاوە، زۆر لەمێژە کەوتۆتە تەقەلا بۆئەوەی لەوڕۆژەدا چەندی بکرێ
خەڵکێکی زۆرتر لە دەوری سندووقەکانی ھەڵبژاردن کۆ بکاتەوە. بۆ ئەو
مەبەستە ھەموو کەرەسەیەک - لە ھەڕەشەی نانبڕینەوە بگرە تا دەگاتە
وادەی پاداشی جۆراوجۆر- بەکار دێنێ جگە لە میکانیزمی دروستی ھاندانی
ھاونیشتمانان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردندا، کە بریتییە لە ئازادکردنی
کاندیداتۆریو ئازادکردنی دەنگدانو دەستەبەرکردنی ھەڵبژاردنێکی ئازادو
دێموکڕاتیک.
ھەڵبژاردن لە وڵاتانی ئازادو دێموکڕاتدا دەرفەتێکی باشە بۆ ئەوەی
کۆمەڵانی خەڵک لەڕێگای سپاردنی بەرپرسایەتیی کاروباری وڵات بە
نوێنەرانی جێگای متمانەی خۆیانەوە ئەسڵی دەسەڵاتی خەڵک بەسەر خەڵکدا
پیادە بکەنو چارەنووسی خۆیان بۆخۆیان بەدەستەوە بگرن. بەوپێیە
گەورەترین زوڵموزۆر و ناھەقی کە دەوڵەتە دیکتاتۆرەکان لە
ھاونیشتمانانی خۆیانی دەکەن ئەوەیە کە رێگای بەشداریی ئازادانە لە
ھەڵبژاردندا، یان باشتر بڵێین ڕێگای شوێندانان لەسەر چارەنووسی
خۆیانیان لێدەبەستن. ھەربەو پێیە بایکۆتی ھەڵبژاردن لەلایەن تاکو
گرووپەکانی ھەر وڵاتێکەوە ناخۆشترین بژێرەیە کە دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان
بەسەریاندا دەسەپێنن.
لە ئێرانی ئیسلامیدا ھەر لە سەرەتاوە ھەڵبژاردنو ڕێفڕاندۆم لە
نێوەرۆکی خۆیان بەتاڵ کراونو بەپێی بنەما فەلسەفییەکانی کۆماری
ئیسلامی، ئەم ڕێژیمە ڕەوایی (مشروعیت)ی خۆی لەوخەڵکە کە حکوومەتیان
بەسەرەوە دەکا،وەرناگرێ، ھەر بۆیەش وەڕێخستنی ھەڵبژاردن زیاتر ھەوڵێک
بووە بۆ ڕاکێشانی سەرنجی بیروڕای گشتی لەنێوخۆو دەرەوەی وڵات. بەڵام
ئەم ڕەوتە جاربەجار پتر پەرەی پێدراوە و دەکرێ بڵێین لە ھەڵبژاردنی
ئەم جارەدا گەیشتۆتە لووتکە.
کۆماری ئیسلامی بە تاقیکردنەوە بۆی دەرکەوتوە کە چووکترین کرانەوە لە
ھەڵبژاردنو بەگشتی لە فەزای سیاسیی ئێراندا سەر دەکێشێتە سەر
ڕەتکرانەوەی نیزامی داسەپاوی ئیدئۆلۆژیکی لە تەواوەتی خۆیدا. ھەر بۆیە
کاربەدەستانی ڕێژیم ، بە ئەزموونوەرگرتن لە ھێندێک خوڵی پێشووی
ھەڵبژاردنی ئەنجوومەن یان سەرکۆمار، لێبڕاون کە ئەمجارە ئەڵقەی "خودی"یەکان
ئەوەندە تەنگ بکەنەوە کە تەنانەت جێی بەشێک لە بەقەولی خۆیان "نیزیکترین
یارانی ئیمام"یشی تێدا نەبێتەوە. ھەربۆیە دەبینین شەخسی "ڕێبەر" دێتە
مەیدانو ڕاشکاوانە ڕادەگەیەنێ کە ئەوانەی ڕۆژێک لە ڕۆژان بە
پێچەوانەی ویستی جەنابی جووڵاونەوە ناتوانن لە ھیچ ھەڵبژاردنێکدا
بەشدار بن تا ئەوکاتەی تۆبە لەھەر ھەنگاوێک نەکەن کە بەرەو خەڵک و
بەقازانجی ویستەکانی خەڵک ھەڵیانھێناوەتەوە.
دەزانین لە کوردستان وەزعەکە بە بەراورد لەگەڵ ناوچەکانی دیکە
خەراپتریشە. خەڵکی کوردستان لە زۆر دەرفەتدا "نا"یان بە کۆماری ئیسلامیو
دەسەڵاتدارەکانی گوتوە و بەرامبەر بە سیاسەتە دژی ئینسانییەکانی
ڕاوەستاون. بۆیە کوردەکان بێئەوەی گوناھێکیان لێببینرێ لەڕوانگەی
کاربەدەستانەوە تۆمەتبارنو ھەمیشە بەچاوی گومانەوە سەیریان دەکرێ. لە
قامووسی دەمڕاستەکانی کۆماری ئیسلامیدا کوردی دڵسۆز ئەوکەسەیە پشت لە
گەلی خۆی بکاو ھەموو تواناکانی بخاتە خزمەتی ئامانجە دژیئینسانییەکانی
ڕێژیمی ویلایەتی فەقیھییەوە.
لە پێوەندی دەگەڵ ھەڵبژاردندا لە ئێران بەگشتیو لە کوردستان
بەتایبەتی ئەو کەسانەی جێمتمانەو باوەڕ پێکراوی خەڵکن، یان بە
ڕەدکردنەوەی سەڵاحیەت لە ململانەی ھەڵبژاردن دوور دەخرێنەوە، یان بە
دەسکاری ئاکامەکانی دەنگدانو دیاریکردنی مۆرەی دڵخوازی کاربەدەستان
بە دۆڕاوی ململانەی ھەڵبژاردن دادەنرێن یان ئەگەر بە ھەرھۆیەک ڕێیان
کەوتە مەجلیسو ئۆرگانە بەناو ھەڵبژێراوەکانی دیکەوە بەفەرمانی کەسو
ئۆرگانە ھەڵنەبژێراوەکان دەنگەکانیان کپو بۆچوونەکانیان پووچەڵ دەکرێن.
لەبەر ئەوەی ئەم خوڵەش لە ھەڵبژاردنی ئەنجوومەن ھیچ تایبەتمەندییەکی
ھەڵبژاردنی ئازادی تێدا نیە، لەبەر ئەوەی نە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیو
نە ھیچکام لە کاندیداکان بەرنامەیەکیان بۆ ئاڵوگۆڕی سیاسیو ئابووریو
کۆمەڵایەتی بەقازانجی خەڵک ڕانەگەیاندوە، لەبەر ئەوەی نە کاندیداتۆری
ئازادە نە ھەڵبژاردنو نەھیچ دەستەبەرێک بۆ دەسکارینەکردنی ئاکامەکانی
دەنگدان ھەیەو سەرەنجام لەبەرئەوەی ئەنجوومەنی ئێران ھیچ سەڵاحیەتێکی
بریاردانی ئازادی نیەو ھەموو بڕیارەکانی لەسەرەوە بۆ دیاری دەکرێن
حیزبی دێموکراتی کوردستان ھەڵبژاردنی خوڵی نۆیەمی ئەنجوومەن بایکۆت
دەکا.
دەزانین کاربەدەستانی ڕێژیم لە کوردستانو شوێنەکانی دیکە بۆ گەرمکردنی
بازاڕی ھەڵبژاردن ھێنێدێک ململانەی عەشیرەتیو ناوچەییو فیرقەیی وەڕێ
دەخەن. بەڵام ھیوادارین خەلکی ئێران و بەتایبەتی کوردستان لەوە
وشیارتر بن کە بکەونە داوی ئەو حیلەیەی بەکرێگیراوانو ئەو نەخشەیە
پووچەڵ بکەنەوە. ھەروەھا ئاگادارین کە دەستوپێوەندەکانی دەسەڵات ھەوڵ
دەدەن بە ھەڕەشەی بڕینی یارانەو ھێندێ ئیمتیازی دیکەی ماددی خەڵکی
بکێشنە سەر سندووقەکان. خەڵکی وشیاری کوردستان نابێ بەوھەڕەشەو
گوڕەشانەش لە مەیدان دەرچن. یارانە بەشێکی کەم لە مافی زەوتکراوی
خەڵکەو بەخششێک نیە ئەوان بتوانن بیکەنە دەستدیاریی خۆیانو منەتی پێ
لەسەر خەڵک دابنێن.
بۆ ئەوەی بایکۆتی ھەڵبژاردن کە ئەمجارە بڕیاری زۆرینەی خەڵکو ھیزە
سیاسییەکانیانە، بە شێوەیەکی شکۆمەند بەڕێوە بچێ حیزبی دێموکراتی
کوردستان داوا دەکا ڕۆژی دوازدەی ڕەشەمەی ١٣٩٠ ھەموو کەس - بە تایبەتی
لە کوردستان - لە ماڵەکانیان بمێننەوە و بەمجۆرە ئەوەندەی دەکرێ ڕێژیم
و بەکرێگیراوەکانی بەتەنیا بھێڵنەوە.
سەرکەوێ ئیرادەی یەکگرتووی گەلانی ئێران دژی دیکتاتۆریو کۆنەپەرستی.
نەمان بۆ ڕێژیمی ئازادیکوژی کۆماری ئیسلامی.
دەفتەری سیاسیی حیزبی دێموکڕاتی کوردستان
٢٢\١٠\١٣٩٠
-
١٢\٠١\٢٠١٢
|