٥\٢\٢٠١٦
ھەڵوێستمان
بەرانبەر رۆژاوا
دەبێ ھەڵوێستی
رەخنە و ھاریکاریی بێ.

زاھیر باھیر
- بەشی
دووەم -
کەموکوڕییەکان چیین؟
دەبێت لە ڕاپۆرتی سەفەرەکەی مانگی ئایاری ٢٠١٤ مەوە بۆ ڕۆژاوا ،
دەستپێبکەم کە لە دوو بەشی سەرەکی پێکھاتبوو، یەکەمیان سەبارەت بەو
واقیعەی ئەو کاتە بوو کە لە ڕۆژاوادا دەگوزەرا و چۆنێتی دروستبوونی
پێگە ئابوریی و کۆمەڵایەتی و سیاسییەکانی بوون کە وەکو وێنە
گرتنەوەیەکی حەقیقی ئەوێ وابوو . بەشی دووھەمی، کە " مەترسی و
پێشبینیەکان" بوون ، کە پێموانییە لەبەر درێژی ڕاپۆرتەکە کە زیاتر لە
٥٠ لاپەڕە بوو، خوێنەر زۆر دیقەتی لەو بەشە گرنگەی ڕاپۆرتەکەم دابێت .
لای خۆمەوە ئەو بەشەم زۆر بە گرنگ دەزانی ، چونکە داھاتوی ڕۆژاوام
لەو مەترسیانەدا دەبینییەوە ، کە دەستنیشانم کردبوون ، جگە لە مەترسی
ھێزی داعش کە تا ئەو کاتە نەبووبووە ھێزێکی وا تۆکمەی مەترسیداری
دوژمنی ھەموو گیانلەبەرێک و ھەتا ژینگەش.
بەشێکی زۆری ئەم گرفتانەشی کە ئێستا ڕووبەڕووی ڕۆژاوا دەبنەوە و ڕەنگە
داھاتوی ئەو ئەزموونە گەورە و بەھاکانی، دیارببکەن ، بەشێکیان ئەو
گرفتانەن کە من پەنجەم بۆ ڕاکێشاون بەڵام گەورە تر و ئاڵۆزتر و
مەترسیدارتر بوون، لە واقیعی ئەگەرەکانی منەوە گوێزراونەتەوە بۆ
واقیعەکەی خۆیان و بوونەتە حەقیقەت.
ھەندێک لەو کەمووکوڕییانە بچوکن و لە ماوەیەکی کورتدا دەتوانرێت
چارەسەربکرێن. ئەوانی دیکەیان گەورەن و تا ڕەدەیەکیش ئاڵۆزن و کارێکی
زۆری دەوێت تاکو بەسەریاندا سەرکەویت. گرفتەکان ھەر ئەوە نیین کە
ڕۆژانە بێن و بڕۆن تاکو ئێمە بتوانین لێیان گەڕێین و بیاندەینە دەستی
ڕۆژگار. بەپێێچەوانەوە، ھەندێکیان ئەوەندە گەورەن کە کارایی خۆیان
لەسەر بزوتنەوەکان بە قورسی دادەنێن و تەنانەت ئایندەشیان دیاریدەکەن
لەو ئاراستەیەی کە دەیگرنە بەر.
من لێرەدا گرفتەکان لە چەند خاڵێکدا کۆەدەکەمەوە تاکو خوێنەر بە
ئاسانی لێیان تێبگات:
• میدیا و زمانی بەکارھێنراو:
گەر بەوردی ھەواڵەکانی ' ڕۆژنیۆز' و ئەوانەی کە دەخرێنە سەر فەیسبوک و
دیمانەکان و ھەندێکی دیکەیان بخوێنیتەوە و گوێ لە کەناڵی 'ستێرک' بگرین،
دەبینین کە زمانێکی ڕایسستانە بەکاردەھێنرێت . بە بەردەوامی ئێمە
دەبینین دەڵێت ' پۆلیسێکی تورک' ، 'ھێزی تورک' ،' ھێزە تورکەکان' ، '
جەندرمەکانی تورک' ، ' حکومەتی تورک' یا ' دەوڵەتی تورک' زۆری تر
لەمانە بەکاردەھێنرێت . من دەزانم کە ئەوانەی ئەو جۆرە زمانە
بەکاردەھێنن ڕایسست نین ، بەڵام پرۆفیشناڵیش نین ، لەگەڵ ئەوەشدا
دەربڕینی ئەو زمانە لە ھەر سەرچاوەیەکەوە، بێت، لە خانەی ڕایسیسمدا خۆی
دەبینێتەوە و لەگەڵ پەیامی ئۆجەلان و داخوازی ئامانجی ئیستای پەکەکە و
پەیەدەدا یەکناگرێتەوە . ئەمە جگە لەوەی کە ڕەنگە ڕاستیشی تیادا نەبێت.
باشە تۆ چوزانی کە ئەو ' پۆلیسە' ئەو ' جەندرەمەیە ' ئەو ' کەسە
کوژراوە' یا ' بکوژە' تورکە؟ ئەی بۆ کورد نەبێت ؟. ھەتا تورکیش بێت
دەبێت بوترێت " پۆلیسێکی دەوڵەتی تورکیا ، جەندرمەیەکی ھێزە فاشییەکانی
حکومەتی تورکیا".
گومان لەوەدا نییە کە خەڵکانێکی زۆری کوردیش دەسەڵاتدارە و لە
دەسەڵاتدایە و خزمەتی ئەو دەوڵەتە دەکەن ، با بە کوردیش قسەنەکەن و
نەھی کوردبوونیشیان بکەن تەنانەت پارتی دینی کوردی ھەیە و بەرگریی لە
ئاکەپە دەکات.
خۆبەدوورگرتن لە بەکارھێنانی ئەم جۆرە زمانانە لەو میدیایەدا زەرورییە
و دەبێت زمانیان لەو جۆرە وشە و دەستەاژانە، پاکژ بکەن . من تێناگەم
بۆچی لە ھەمان میدیادا وشەیەکی سێکسیزم یاخود سوکایەتی بە ئافرەت
نابینرێت ، بەڵام لەم بوارەی دیکەدا ناتوانرێت ڕیشەکێش بکرێت؟!!
چۆن دەبێت میدیایەکی ئاوا تایتڵی ' چەتە' بۆ داعش دانێت و بە ' چەتە'
ناویان بەرێت. ئەم زمانەش بووەتە زمانێکی باو و ھەموو ڕۆشنبیرانی کورد
لە ھەموو بوارەکانی میدیادا ، کە دێنە سەر باسی داعش ھەر ئەوە بەکار
دەھێنن . دەبێت بە ویژدانەوە باس لە 'چەتە' بکرێت 'چەتە' لە زۆربەی
کردەوەکانیاندا تەنھا کاروان و رێپێگیراوانیان ڕووتکردۆتەوە، کەی
کوشتونی ؟ کەی دەستدرێژی کردۆتە سەر ئافرەت و کەی کوشتونی ؟ کەی
بازاڕفرۆشی کردون؟، چەتە کەی دوژمنی زیاتر لە ٤ ملیار دانیشتوی ئەم
جیھانە بووە؟ چەتە کەی دوژمنی گیانلەبەر و ئاژەڵ و سرشت بووە؟
شەرمەزاریی و پاکانەیە بۆ داعش و ھەژاری زمانەوانییە کە بۆ داعش وشەی
'چەتە' ی زمانی کوردی بەکاربھێنرێت.
دیسانەوە وشەی ' شەھید' بۆ گیانبەختکراوان بەکار ھێنراوە و دەھێنرێت،
کە وشەی شەھید و ڕیشەی وشەکە دەگەڕێتەوە بۆ دین ، کە لە کاتێکدا زۆربەی
زۆری جەنگاوەرەکانی یەپەگە و یەپەژە و گریلاکان دیندار/ ئایندار نین و
سەر بە پارتێکی عەلمانین.
ئەم زمانە ڕایسستە بێ مانایە تەنھا لە میدیای ئەوان لە ئەوروپا و
باشوور و باکوردا زاڵە دەنا لە ڕۆژاوادا ئەم زمانە یا نابیستی یا
بەدەگمەن دێتە بەرگوێت ئەویش ،مەگەر لە لایەن کوردە ڕۆژھەڵاتی و
باشورییەکانەوە، بێت.
ئەم زمانە ڕایسستانە تەنانەت لە قسە و دیمانەی بەرپرسانیشدا
دەیانبیستیت. بۆ نموونە بڕوانە قسەکانی موراد قەریلان بۆ ڕۆژنیوز لە
٣٠/١٢/١٥ دا : "لەباکووری کوردستان گەلی کورد لەبەرامبەر توندوتیژی و
زوڵمی دەوڵەتی تورک خۆبەرێوەبەری رێگەیاندووە ، رۆژانەش ھاوڵاتیان ، ژن
و منداڵ لەلایەن پۆلیس و سەربازانی تورک تیرۆردەکرێن.." قەریلان درێژە
بە قسەکانی دەداو سەبارەت بە ھەڵوێستی ھەرێم لە باشوردا دەڵێت "لەو
چوارچێوەیەدا ھیودارین تەواوی سیاسەتی کوردیش ئەمە ببینێت و پشتگیری
بکات ، لەبەرامبەر رەفتارەکانی دەوڵەتی فاشیست و داگیرکەری تورک خاوەن
ھەڵوێست بێت..".
ئاخر ئەمە کارەساتە کە ئەم جۆرە ئاخاوتنە لە زاری سەرکردەی سەربازی
ھیزی پەکەکە و ئەندامێکی سەرکردایەتییەوە، بێتە دەرەوە. ئەم قسە و
ھەڵوێستانە ھەموو ڕێسەکەی ئۆجەلان دەکاتەوە بە خوری، چونکە لە ئاستێکی
ئاوادا یا دەبێت دەمت داخەیت یا کە قسە دەکەیت دەبێت ڕەنگدانەوەی
سیاسەتی سەرەکی پارتەکەت ، بزوتنەوەکەت بێت.
تەنانەت سەلاحەدین دەممیرتاشیش ناوبەناو دەکەوێتە ئەو ھەڵەوە ھەندێک
جار وەکو کەسێکی ناشینالیستی بزوتنەوەی کوردی قسەدەکات. من لە خاڵێکی
دیکەدا بە بەڵگەوە دێمەوە سەری.
ڕۆژنیوزی ٠٥/٠١/٢٠١٦ دەڵێت : ساڵح موسلم پێشرەوەیەکانی ھێزەکانی سوریای
دیموکراتیک و کۆنترۆڵکردنی ئەو ھەرێمانە لەدەستی داعشدان بەگرنگزانی و
ھاوکات کاردانەوە دوژمنکاریەکانی تورکیا لەم رووەوە رەخنە کرد و وتی:"
چی پەیوەندیەکی بەتورکیاوە ھەیە سەبارەت بەدەوڵەتێکی تر ھێڵی سور دیار
بکات، کاربەدەستانی تورکیا چاوی بینینی ھاوکاری ھێزە عەرب، سوریانی و
تورکمان و گروپە نەتەوەیەکانی لەگەڵ کوردان نیە، تورکیا و سوریا وەکو
یەکن، سوپای تورک لەسنور دەستی بەکوشتنی ھاوڵاتیانی مەدەنی رۆژئاوای
کردوە، بەڵام مرۆڤکوژیەکانیان ناتوانێ بەر بەسەرکەوتنەکانمان بگرێت".
بەڕای من کارکردن بۆ پاکژکردنی زمانیان و گونجاندنی لەگەڵ ئامانجی
شۆڕشی کۆمەڵایەتیدا، کارێکی گران نییە و بەدانانی لیژنەیەکی پیاچونەوەی
ئەو ھەواڵ و باسوخواسانە، دەتوانرێت ڕیشەکێش بکرێن ھەرکەسێکیش زمانەکەی
چاکنەکات جەندەھا شێوە ھەیە، دەتوانرێت بگیرێنە بەر بۆ ھێنانەوە
سەرخەتی نوسەرەکەی ، ھەواڵنوسەکەی یا کەسی دیمانەکەر.
_________________________________
بەشی
یەکەم:
www.emrro.com/helwestmanb.htm
٣٠\١\٢٠١٦
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
|