٢٢\٥\٢٠١٢
بەیاننامە:
ھەڵوێست و
راچڵەکین لە بەرانبەر تواندنەوە و
وێرانکردنی ئەدەب
(ڤیستڤاڵی نەتەوەیی شیعری کوردی) بە نموونە.
ئەمڕۆ لە ھەرێمی کوردستان قەیرانەکان وردە وردە فراوانتر دەبن و خەریکە
لەھەموو ڕووێکەوە ئاسایی ئاسایی گەشەدەکەن و لە دوای خۆشییانەوە بۆشایی
گەورە لە ھەموو بوارەکاندا جێدەھێڵن.
ھەڵوێست وەرگرتنی ئێمە لە بارەی دۆخی( ئەدەب )ەوە گەیاندنییەتی بە
شوێنێک کە بەتەواوی خەریکە ئەدەب لە بەین دەبرێت و شتێک نامێنێت بەناوی
ژیانکردنی ئەدەب لە کۆمەڵگادا، ئەوەی بەڕێوەیە کتێبەکان لە بەھا
دادەماڵێت و دەق و نووسراوە ئەدەبییەکان دەخاتە پاشکۆی بەرژەوەندی
تایبەت، بەرژەوەندی کەسانێک کە خواستی ئەوەیان ھەیە زۆر ئاسان ئەدەب و
وێنەی ئەدەب بشێوێنن، بێ ئەوەی ھەست بەوە بکەن چ یارییەکی ترسناک دەکەن.
ئێمە وەک کۆمەڵێک گەنج، وردبینین بەوەی ئەوەی ئەمڕۆ لێرەدا ڕوودەدات
زیانێکی گەورە بە ئەدەب دەگەیەنێت و ناشھێڵێت ئەدەب لەو چوارچێوەیە
دەربچێت کە کەوتۆتە ناوی، دێین باس لەوە دەکەین کۆمەڵە کەسانێک یان
نووسەرانێک کە بە بتکراون دەستییان بەسەر چاپخانە و بڵاوکراوە
ئەدەبییەکان داگرتووە، تاوەکوو گەنجێک یان دەنگێکی نوێ، شیعرێکی بە
ئازار و چاوەڕوانییەکی زۆرەوە بۆ بڵاودەکرێتەوە ئەوان چەندین کتێبی
ڕەنگاوڕەنگییان خراوەتە ژێر چاپ و بازاڕەکانەوە.
ئەوەی لێی دەدوێین ململانێی نەوەکان نییە، نا - بەڵکو ھەڵوێستەکردنە
لەسەر ئەوەی ئەدەب تووشی بازنەداریی بووە و چیتر ئەو بڵاوکراوانە و
گۆڤارانەش کە نووسین چاپدەکەن و بڵاویی دەکەنەوە ئاگادارنین بە دەنگی
تایبەتی شیعریی و ھەڵسەنگاندنی ئەدەب لە ڕێی دەقەوە نەوەک لە ڕێی کەس
و خوودی کەسێتی نووسەر خۆی.
ھۆکاری سەرەکیی ئەم قەیرانەش ئەوەیە کە بەشێکی زۆری نووسەران
کەوتوونەتە ژێر سێبەری دەسەڵاتداریی و گرنگیی و بەھای ئەدەبیاتیان
بەلاوە ناوە و نەھاتوون لە دەرەوەی بازنەی حزب و دەسەڵاتدا لە ئەدەب
خۆی بدوێن و توێژینەوە بکەن، لەبری ئەوەی ئەوان قورسایی بدەنەوە بە
ئەدەب بە چوونیان بەرە و چوارچێوەگیریەکانی دەسەڵات و ناوەندەکانی حزب
ئەدەبییان کردۆتە پاشکۆی ھەموو شتێکی تر.
گەرچی دەبینین کە زۆر شت بۆ بێ بەھاکردنی ئەدەب دەکرێت، بەڵام ئەوەی
تووشی شۆکمان دەکات ھەر ئەو ڤیستڤاڵەی ئەم چەند ڕۆژەبوو بەناوی (ڤیستڤاڵی
نەتەوەیی شیعریی کوردی) کە تیایدا جۆرێک لە شیعر بە خەڵکی و میوانەکان
ناسێنرا وەک ئەوەی نموونەی بەرزی شیعریی کوردیی و شیعریی داھێنەرانەی
کوردیی بن، لە کاتێکدا بەبێ ھیچ پێوەرێکی ئەکادیمییانەی ڕێکخستنی
ڤیستیڤاڵ بەرنامەی بۆ دانەڕێژرابوو، تەنیا پێوەری دۆستایەتی و میزاجی و
حیزبایەتی نەبێت.
ئێمە وەک کۆمەڵێک گەنج (ڤیستڤاڵی نەتەوەیی شیعریی کوردی) وەک ڤیستڤاڵی
ناساندنی شیعری کوردی ڕەتدەکەینەوە و سوورین لەسەر ئەوەی ئەو ڤیستڤاڵە
ھیچ ئامانجێکی ئەدەبی نەپێکاوە جگە لە بردنی ئەدەب بەرەو قەیرانی زیاتر
- ھەروەھا بێ رۆڵکردنی دەنگی نوێ و دەنگی داھێنەرانەی ئەودیو بازنەکانی
حزب و دەسەڵاتداریی - دەنگانێک کە تەنھا ناسینیان پەیوەستە بە
دەقەکانییانەوە نەک ھۆکاری تر. ئەمەش لە پێناو بێدەنگ نەبوون لە
بەرانبەر ئەو ھەموو ھەوڵانەی بۆ تواندنەوەی ئەدەب دەدرێن لە ئێستادا.
لە کۆتاییدا چەند خاڵێک لە قەیران و وێرانکارییەکانی ئەمڕۆ کە بەسەر
ئەدەب داھاوتوون دەخەینە ڕوو:
١. پێوەرەکان بۆ ھەڵسەنگاندنی دەقی باش و دەقی خراپ، ھەڵسەنگاندنی
ئەدەبیانە نین و بەپێی میزاج و پەیوەندییە دۆستانەییەکان لە بەرچاو
دەگیرێن.
٢. ئەدەب کراوە بە پاشکۆ و جیاکراوەتەوە لە کۆمەڵگا، ئەوەندەی ھەوڵی بێ
بەھاکردنی کتێب دەدرێت لەلایەن ناوەندەکانی سەر بەحزب و دەسەڵاتداریی و
دەزگاکانییان، نیو ئەوەندە خەمیی گەیاندنی ئەدەبیان نییە بە کۆمەڵگا و
دروسکردنی خوێنەران و پەیوەندیکردنیان بە خوێنەرانەوە.
٣. بەناوی ئەدەب و شیعری کوردییەوە ڤیستڤاڵ ڕێکدەخرێن و تەنھا ئامانجێک
کە نەیانبێت دەرخستنی رۆڵی ئەدەب و ئەدەبیی داھێنەرانەیە.
٤. ڤیستڤاڵی نەتەوەیی شیعریی کوردی دەکرێت و لە ئاستی ناونیشانەکەیدا
نییە.
٥. ڤیستڤاڵی نەتەوەیی شیعریی کوردی و زۆربەی ڤیستیڤاڵەکانی تر ئەوەندەی
ئامانج لێیان بەھەدەردانی خەرجییەکی زۆرە لەسەر حیسابی ئەدەبیات ھێندە
ئامانجی بەرەو پێشبردنی شیعر و ئەدەبیات نییە . کە دواجار ھەموومان
بەرھەمی ڤیستیڤاڵەکانمان بینیوە کە ئاراستە و ڕەوتی ئەدەبیاتی نەگۆڕیوە.
١ . تەیب قادر
٢ . رێبین ئەحمەد خدر
٣ . گۆران رەسول
٤ . مەحەمەد قادر یونس
٥ . داستان بەرزان
٦ . عومەر جەلال
٧ . پشتیوان عەلی
٨ . سوارە نەجمەدین
٩ . ڤەھێل موحسین قۆچان
١٠ . رزگار جەباری
١١ . ئارام شێخ وەسانی
١٢ . حەیدەر عەبدوڵا
١٣ . بژار حەکیم
١٤ . کاروان محەمەد فەتاح
١٥ . فەھمی نەبی
١٦ . توانا حەمە نوری
١٧ . ھەردی قادر
١٨ . بێستوون مینە
١٩ . ھێرش رەش
٢٠ . بەڕێز تاسان
٢١ . ئاسۆس مەحمود
|