په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\١\٢٠١٣

حەمەد کەلۆن، عاشقێکی دێوانە بە ئەوین.

شوان عوسمان     


لەو شارەی من گەورە بووم، زۆر کەسێتی گەورەش هەبوون لەگەڵمدا گەورە دەبوون، شارەکەیان بە پاکی وسادەیی خۆیان گەورەترو گەورەتر دەکرد، لە لای منیش ئەوانە هەمیشە گەورە بوون شارەکەشم بە هەبوون وحزووری ئەوانەوە خۆشترو جوانترو گەورەترو سادەتر دەبوو..


جیهانی ئەوانەی بە شێتی ناسراوە ئەوانەی بە شێت ناسراون، جیهانێکیان هەیە زۆر سادەو بێگەرد لە جیهانەکەی ئێمەش ئاسوودەتر، جیهانێک کە عەقل تێیدا بەرقەرار بێت مایەی خۆشبەختیە، بەڵام عەقلێک تێیدا رق وکینەو تۆڵە بەرقەرار بێت، هەروەها ئەوانە زمانی ئەو عەقلە بن ئەوە بەدبەختیە، ئەگەر ئەو عەقلە نەبێت باشترە، گەلێکجار ئەو عەقلە دەبێتە گەواڵەهەورێکی رەش جگە لە تاریکی وتریشقەهەوری وێرانکار هیچ شتێک دیکە بەرهەم ناهێنێت، بەڵام لە جیهانەکەی دیکە ئەگەرچی تا رادەیەک عەقل دەستبەرداریان دەبێت، خەڵک دەستبەرداریان دەبێت، ئەوان ژیانی ئاساییان نامێنێت، بەڵام هەرگیز دەستبەرداری سۆزو هەستی پاکی مرۆڤانەیان نابن، هەروەها لە پێناو سەرکەوتنێک لە ژیانیاندا هەرگیز دەرفەت نادەن درۆو تاوان وفڕوفێل ببێتە رێگایەک بۆ گەیشتن بە ئامانجەکانیان..


وەکو هەموو شارێک زۆر کەسێتی لە شارەکەم هەبوون بەرلەوەی وەکو شێتێک بناسرێن مرۆڤێک بوون، مرۆڤیش حەقی ژیانی هەیە بە گوێرەی خۆی کە هەیە، شێت بوون ناکرێت کەسێک لە مرۆڤێتی بوون دابماڵێت ئەگەر ئەوان شێتیش بن ناکرێ مرۆڤ نەبن، لە مرۆڤایەتی خاڵی بکرێنەوە، لە سۆنگەی هزرو روانینی ئێمەدا ئەوان شێتن، ئەوان لە دەرئەنجامی دەوروبەرێکی نائاسایی وناسروشتیدا شێت بوون، نەک بەگوێرەی خۆیان شێت ببن ئەوە ئێمە بووین بە شێتمان زانیون، هەر ئەو دەوروبەرەش مرۆڤەکانی لە وێنەیەکی ناشیرین کێشاوە، ئەو وێنەیە دەبێتە قالبێک بۆ ئەوان تا لە ژیان دەمێنن، دەبێت هەر بە شێتی بمێننەوە، ئەوان هەر لە ئەزەل وبەرەگەزیشەوە شێت نەبوون، زۆرجار ئەوان خاوەن خولیاو ویستێکی تایبەتی خۆیانن، بەڵام دەوروبەر ناهێلێت وەکو خۆیان بژین، ئەوە دەوروبەرە دێت وبڕیارێکی نادادپەروەرانە لە سەر ژیانیان دەدات...


لە هەموو ئەو وڵاتانەی مرۆڤ و بەها مرۆییەکان لە ناو سیستم ورێسا کۆمەڵایەتیەکانی کۆمەڵگا جێگەیەکی ئەوتۆی نەبێت ونەبێتە یاساو کایەو بوونێکی بەهاداری مرۆیی و هاوڵاتی، ئەوا وەکو کەسێکی بێ بەها تەماشای دەکرێت کەمترین جیاوازی لێ دەرکەوێت وەکو شێت دەناسرێت، خولیاو خواستی تایبەتی ئەوان بوونێکی مرۆیی وکارایەکی ئەوتۆیان نابێت، لەو کۆمەڵگایانەشدا کەسێتی لەبڕی ئەوەی بینا بکرێت دادەڕمێت وتێک دەشکێت...


ئەگەر دەزگایەکی تەندروست و هۆشمەند لە لایەن حکومەتێکی تەندروست و هۆشمەند نەبێت، هەروەها حکومەتیش لە بن چاودێری کۆمەڵگایەکی تەندروست و هۆشمەند بەڕێوە نەچێت، ئامێزێکی تەندروست وگەرمیش بۆ ئەوانە نابینرێتەوە کە هەمیشە لە رووبەرووی هەرەشەی تێکچوون ولەناوچووندا دەبن، ئەوکات لە بڕی پلانێکی چاکسازی بۆ چاککردن، پلانێکی وێرانکاری گەلەکی بە رووی ئەوان وکۆمەڵگاکەش دەبێتەوە، لەوانە بوو ئەو کەسایەتیانە ئەگەر لە وڵاتێکی شارستانیتر ولە بن رژێمێکی دادپەروەردا چاویان هەڵێنابایە، ئێستا خودان کایەو بەهایەکی بەهادار بوونایەو لە ئێمە تەندروسترو سوودمەندترو هۆشمەندتریش ببان، نەک وەکو شێت لە دەرەوەی بازنە مرۆییەکان گوزەریان بکردبایە، باوەڕیش ناکەم ئەو کەسانە هەرگیز بەو جۆرە وێنە کڕێتەوە پێناسەیان بکرابایە...


زۆربەی ئەوانە بەو وێنە نائاساییە ناسران، وەکو مرۆڤێک بۆ خۆیان خوێکی تایبەت وروانینێکی سەربەخۆی خۆیان هەبوو بۆ خۆیان وبۆ ژیان، یاخود ئاکارێکی تایبەت بە خۆیان هەبوو، بەڵام ئاوایی وکۆمەڵەکەمان دڵرەقانەو نادادپەروەرانە بڕیاری خۆیان بەسەر دادان، ئەوانی لە هەناوی خۆی تووڕ هەڵداو بە شێت ناونووسی کردن وتا ئێستاش نەوەکان دێن وبە بێ ئەوەی کەسێک لەوان تێ بگات یاخود بۆچوونێکی لۆژکییان لەسەر دەستەبەر بکات، وەکو سەربازێکی نەناسراو رۆیشتن وخەم وخەونەکانیان لەگەل خۆیان بردن ولەگەل خۆشیان دەبەن...


(حەمەد کەلۆن) کەسێک بوو عاشق، عاشقێک بوو جیاواز لەگەل عاشقەکانی دیکە، هەرچەندە عاشق عاشق نیە ئەگەر جیاواز نەبێت، جیاوازیەکی جیای خۆی نەبێت لەگەل مرۆڤەکانی دیکە، هەموو عاشقەکانیش هەمیشە جیاوازو جیاواز بوون لە بەرامبەر یەکتردا، بەڵام کارەسات ئەوەیە ئێمە بە خۆمان عاشق نین، ناشمانەوێت عاشق بین، بۆیە هەست بە خۆشەویستی ناکەین، ئەوەی هەستیش بە خۆشەویستی نەکات ناتوانێت خۆشەویستی ببەخشێت، هەروەها هەست بە ئەوانەش ناکەین کە عاشقن، بۆیە هەمیشە عاشقەکان بەسەرلێ شێواو وسەرشێت دەزانین ودەناسێنین تا رۆژێک دێت لەبەرامبەرماندا شێت دەبن، هەر کۆمەلگایەک خاڵی بێت لە عیشق وعاشقێتی کۆمەلگایەکی ناتەواوە وشەڕاوی وشەرانگێزە..


ناتەواوی نائاساییەکە هەر لەواندا نیە، لە ساغەکانیشە ئێمە خۆشمان لەوە بێ بەش نین، ئێمە خۆمان شتەکان باش نابینین، ئێمە خۆمان هەولی دروست کردنی خۆمان نادەین، ئێمە کە خۆمان تەندروست نەبین ئەوان چۆن دروست ببن چۆن تێک نەچن، کێشەکە لە خۆمانە نەک لەوان ئێمە خۆمان پێویستمان بە عەقڵێکە ئاراستەمان بکات، لەشساغیەکە رامانبگرێت..


(حەمەد) بە هەموو مانایەکی عیشقی سۆفیگەرانەوە دەروێشێکی عاشقی ئەو رێگاو تەریقەتە رۆمانسی و مرۆییە بوو، ئەو کەسێک بوو بە رۆح ودڵ ومێشک وجەستە ژیانی خۆی لە پێناو یەک پەیام و یەک مەبەست تەرخان کرد بوو، ئەویش گەڕان بوو بە دوای سۆراغی دڵ، گەران بە دوای ئەو کونجانەی دڵ لە سەودایاندا عەودالەو عەودال دەبێت، بەڵام ئەو خۆی پێ شێت نەبوو، ئەو خۆی شێت نەکرد بوو، ئەگەرچی خەڵک بە شێتییان زانیوەو بە شێتییان داناوەو ناوی شێتیان لێ ناوە، بەڵام ئەوەی عاقل بێت هیچ کەس بە شێت نازانێت، چونکە عاقلێک نیە شتێک لە شێتی تێدا نەبێت، ئەگەر شێت هەبێت خۆمانین ئەو لەش ساغانەی لە پێناو بەرژەوەندیەکی خۆمان عەقل لە دەست دەدەین و بە سەر تەرمی یەکتر پاز دەدەین وبیر لە هیچ شتێکی چاک ناکەینەوە، تەنیا بەرژەوەندی تایبەتی وقازانج ودەستکەوتی تایبەتی، ئەوە نائاسایی بوون وناتەواویە لە بیرو هۆش..


دیارە لە هەموو شارو شوێنێک کەسانێک هەبووە زیاتر لەوەی واقیعی بن خەیاڵین یاخود رۆمانسین، لەوانەشە ئەوە پەیوەندی بەوە هەبێت کە خەیاڵەکانیان لە واقیعدا بەرجەستە نابێت، ناچار پەنایان بۆ واقیعی خۆیان بردووە، یاخود بە خەیاڵێکی سەرشێت مەبەستەکەیان پێکاوە، لە ئەنجامیشدا کۆمەڵگا ناوی شێتی لێناون، بۆیە ناچار بوون لەو دووڕیانەدا رێگایەکی خەیاڵی بۆ زیکری نزاو رازەکانی خۆیان دابهێنن، (حەمەد) وەکو دەروێشێک بە دوای سەفای عیشقێکی پاک لە خەڵوەتێک دەگەڕاو بە دوای پەرستگایەک عەوداڵ بوو، کە لەوێدا کەسێک دێت ولەناو خەیاڵیدا دەزێت ودەیکات بە خوایەک، ئەو عەبدێکی بەوەفا پشتی کردە دونیای ئاسایی سامان ومیرات وبنەماڵەو کەسوکار، بۆیە بڕیاریدا خۆی لەو دەوروبەرە جیا بکاتەوەو ماڵێک لە شێوەی خەڵوەتگەو تەکیەکیش لە خەیاڵی خۆی دیاری بکات ..


لە وڵاتی ئێمەدا زۆر کەسایەتی هەن هیچ زیانیکیان نیە تەنیا دەیانەوێت بە ئازادی بژین بە ئازادی خەون ببینن بە شێوازی خۆیان بژین، ژیان بە لای هەموو کەسێک دووبارە بوونەوەی هەمان ریتم وشێوازو ئاوازی باو نیە (حەمەد)یش لەو کەسانە بوو کە کۆمەڵێک خەیاڵ وحەزو ئارەزووی هەبوو لە ناو گیان وجەستەکەیدا بۆ ئەوانەش ژیان دەبردە سەر، هیچ زەرەرێکی نەبوو بۆ دەوروبەرەکەی بەڵام دەوروبەر لەو خۆجودا کردنەوەو جیاوازی بۆچوون وشیوازی نامۆی ژیانیدا، بە شێتیان لە قەڵەم داو لە ناو کۆمەڵگای مرۆڤی ئاسایی شاربەدەریان کرد..


ئەو ماڵە جیاوازەی (حەمەد)لە گەڕەکی (سەرگرد) ماڵێکی جیاواز بوو، ئەو گەڕەکەش وەکو زایەگەی ماڵ ومنداڵی (حەمەد) تایبەتمەندیەکی جیاوازی خۆی هەبوو، لەبەر دەرکەوتنی گۆڕی (پیاوچاکێک)یش زیاتر جێگەی سەرنج ودەرکەوتنی دیاردەو شتی سەیرو سەمەرە بووە، خەڵک بۆ شیفاو دوعاو پاڕانەوە لەو پیاوچاکە هاتوونەتە ئەو گەڕەکە..


لێرەدا لایەنە تاریکەکانی کەلتوورمان دێتە بیر کاتێک وەکو دیاردەیەکی ئاسایی لە ناو هزرو هۆشمەندی تاک وکۆدا جێگەیەکی رەوا بۆ خۆی ناکاتەوە، ئەوا بە کاردانەوەیەککی نائاسایی وبەرەواژی هەڵدەگەڕێتەوە، ئەوەتا لە مەزەندەی ئەو خەڵکە لە بڕی ئەوەی (پیاوچاک) رۆلی چاکەو پیاوەتی وپیاوێکی باش ببینێت، خەلک شێت دەکات ودەبێتە سەرچاوەیەک بۆ ترس وتۆقاندن،بەگوێرەی قسەی خەڵکی گەڕەک وئاوایی، بۆیە ئەوانەی هەمیشە شانازی بە کەلتووری دێرین دەکەن پێویستە لە بەرامبەر ئەو دیاردانەدا هەلوێستەیەکی تر بکەن کە لەگەل عەقل وگۆڕانی رەورەوەی زەمەن ناگونجێت، دەبێت ئەو چاوانە باشتر بشۆین تا شتەکانی دەوروبەرمان باشتر ببینین..


لە کۆمەلگای رۆژهەڵاتیەکاندا تانۆکی نێوان شێتی وعاقلی داوەموێکی باریکە ئەوانەی ئەو داوەمووەش دوور لە رەزامەندی کۆمەڵ ببەزێنن دەبنە کەسانێکی ناعاقل ئەوانەی دیکەش عاقل، بەڵام لە لایەکی دیکە لەو گەڕەکەدا زۆر کەسایەتی دیکەی نامۆو سەیر دەرکەوتوون کە هەموویان بە شێت ناسرابوون، زۆرجار ئەو گەرەکە بە گەرەکی شێتان ناوزەد کراوە، بەڵام لەوە سەیرتر ئەوە بووە کە ئەو پیاوچاکەی لەو گەڕەکە وەکو مەزارێکی نامۆ لە ناو ئاوەدانی ئاواییدا هەڵتۆقیوە، شوێنێکی نائاسایی داگیر کردووە، هەروەها لەناو عەقلیەت وئاوەزی ئاواییش جێنزرگەیەکی نامۆو نائاسایی تری ئەوتۆی گرتووە کە وەکو هۆکارێکی دیار لە شێت کردنی زۆربەی ئەو کەسانەی بە شێت ناسراون ناسراوە، کاتێک خەڵک بە سەردانی ئەو مەزارەوە بە هیوای چاکبوونەوە دێنە لای ، ئەویش خەڵکێک تێک دەدات وخراپیان دەکات..


گەلێکجار کۆمەڵگا راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ کەسە عاقلەکانی خۆی شێت دەکات، ئەو دەوروبەرە دڵرەقە بڕیارێکی کوێرانە لە سەر کەسەکان دەدات نەک کەسەکە بڕیار بە دەست بێت وخۆی ئەو چارەنووسەی هەڵبژێرێت، حەمەد شێت نەبوو کابرایەکی عاقلیش بوو،بەڵام ئەگەر لەو کۆمەلگا سەقەتەی کە عاشق وشێت نەناسرێنەوە، لەو گەڕەکە پڕ شێتە گەورە بوو بێت، هەمیشە کەسەکان نائاسایی دەردەچن، بۆیە ئەویش خەسلەت وحالەتەکانی ژیانی نائاسایی وجیاواز دەردەچێت..


لەو گەڕەکەدا بەدەگمەن مالێک هەبوو لە ماڵیدا کەسێک یان دوو کەسی شێت نەبن، ئەوە خۆیلەخۆی شتێکی ناسروشتی ونائاساییە ئەوەش پێویستی بە وردبوونەوەیەیەکی زانستی وسایکۆلۆژیە تا بزانین هۆکار وسەرچاوەی ئەو دیاردەیە چیە ئایا خەڵکەکە بە وەچەو جیناتەوە خۆیان شێت بوون، یاخود ئەو پیاوچاکە دەستێکی گەورەی هەبووە لەو مەسەلەیە وەکو خەڵکی گەرەک وئاوایی ئەوها مەزەندەیان بۆ دەچوو، ئەگەر ئەو مەزارە مەزاری پیاوچاکێک بێت وخەڵک لە پێناو چارەیەک لە دەردو بەڵا پەنای بۆ ببەن، کەوابوو چۆن کەسێکی پیاوچاک خەلک شێت دەکات..


من ئەو مەزەندانە هیچیان بە راستی نابینم، بەڵکو ئەگەر کۆمەلگایەک هەست بە نەوەکانی نەکات، ئاواییەکی دڵرەق خەلکی ئەو گەرەکانەی لەبری زمانێکی خۆش دیوارو چیلەبەردو تانۆک لە نێوان یەکتردا دابنێن وباوکەکانیش لە بابوباپیرانیان دڵرەق وتووڕەتر بن لەگەل منداڵەکانیان، ئێمە خۆمان کە زیندوو بین ژیان وچارەنووسمان بدەینە دەست مردووێکی ناو قەبرێک نەوەکانمان چۆن نائاسایی نابن خۆمان چۆن ئاسایی دەردەچین، ئێمە پیاوچاک ودڵرەق وەکو یەکتر دەبینین بەڵام مرۆڤ وعاشق وەکو خۆیان نابینین..


هەرچەندە ئەو بەندوبالۆرەیە وەکو مەتەلێکی بەر ئاگردانی کۆن لەگەل رۆژان بەهاو تینی نەما، بەلام هێشتا ئاوەزێک هەیە کە هۆشی نەوەکانمان تێک دەدات، پیاوچاک وپیاوخراپ وەکو یەک دەبینن، مردوو چۆن دەتوانێت چارنووس دیاری بکات، ئاخر هەبوونی گۆڕێکی مردوو خۆی لەخۆی لە ناو ماڵان شتێکی ناسروشتیە گەرەک جێگەی ژیان و گوزەرانی زیندووەکانە، مردووش دەبێت لە گۆرستان بێت نەک لەناو ماڵان، هەروەکو بازاڕی قەیسەریەکەی هەولێر لە ناو چەقی بازاڕدا گۆڕێک قیت بۆتەوە...


ئێمە بۆ ئەوە نەهاتووین ژیان لەبیر بکەین وهەمیشە بیر لە مردن بکەینەوە بەڵکو دەبێت بژین وژیانیش بە گەشبینیەوە بەرەو پێشەوە دەچێت نەک بە پێچەوانە، بەمەش دەتوانین پێکەوە بژین و ژیانێکی باش وئاسوودە دابین بکەین، ئەگەرنا وەکو مردووێک دەبین، هەر ئەو گۆڕەی بەردەوام بووەتە مایەی ترس وتۆقاندن تا کەسێک بە شەوو رۆژ نەتوانێت بەو گەڕەکەدا ئاسایی رەت ببێت وبڕوات، بەردەوام دەبێت لە کوشتنی ئیرادەمان، ئەوە هۆش وقەدەری کەلتووری سەقەتی ئێمەیە کە مردووێک عاقل وپیاوباش دەکەین وعاقلێک پیاو خراپ وشێت دەکەین..


هەندێک لایەنی زیندووی ژیانی (حەمەد)...


عاشقاتی لە لای ئەو پێناسەیەکی دیکەی هەبوو، مەرج نەبوو ئەوانەی ئەو حەزیان لێ دەکات ودەبوونە ئامانجێکی دڵداری لە کارە هەستی ونەستیەکانی ئەودا راستەوخۆ بەشدار بن، یاخود وەڵام وپەرچەکردارێکیان بەرامبەر ئەو هەبێت بەلکو بەلای ئەوەوە گرنگ ئەوە بوو یەکێک هەبێت لە خەیاڵ ولە واقیعی خۆیدا دڵداری لەگەل بگۆڕێتەوەو رۆژانێکی خۆی بۆ تەرخان بکات، بەم شێوەیە بە خودانی شێوازێکی تایبەت وعاشقاتی تایبەت بە خۆی دەناسرێتەوە، ئەو هەر لە خۆیەوە کەسێکی خۆش دەویست و بە دڵیدا رادەچوو وئنجا لەوکاتەوە هەموو شتە تایبەتیەکانی خۆی بۆ ئەو کەسە تەرخان دەکرد، ئەگەر رۆژێکیش لە بەرامبەری ولەسەر رێگایدا وەکو دارێک بڕوا بایە بەلای ئەوەوە زۆر ئاسایی بوو، نیگاو هۆش وبیرو پیاسەو خەون وئاراستە عاتیفیەکانی لەبەردەم ماڵی ئەو کەسە شین دەبوون، ئیتر بەلای(حەمەد) لەوێوە ژیان دەستی پێ دەکردو لەوێش تەواو دەبوو ...


(حەمەد) لەو گەڕەکە وەکو عاشقێک نەک شێتێک لە ماڵەکەی خۆیدا خەونی خۆی هەبووە مالێکی تایبەتی خۆی هەبووە حەزی نەدەکرد وەکو عاقلەکان بژیت، بەلام عاقلەکان وازیان لی نەدەهێنا بۆ خۆی بژیت، ئەو تەنیا بە شتێک شێت دەبوو وتووڕە دەبوو کە یەکێک فیتە(فیکە)یەکی بۆ لێدا بایە، بەلام کێ بێت، بەردەوام فیکەی بۆ لێ بدرێت و تێک نەچێت،ئەوەش رۆژانە دووبارە ببێتەوە چ کارەساتێک روو دەدات، توورەیی بوونەکەی ئەویش توورەیی بوونێکی سپی بوو وەکو خۆی، ئەگینا هەرگیز کەسێکی ئازار نەدابوو، عاشقێکی دڕەندە نەبوو، ناچار بوو لەبەرامبەر ئەو کردارانەدا خۆی ئازار بدات وەکو داخێک لەناوەوەی خۆیدا پەنگ بداتەوە، ئەوە گەڕەک وکۆمەلگایە بەرپرسیارە لەوەی منداڵەکانیان بە ج شێوەیەک شێت دەبن وشێتیان دەکات...


(حەمەد) وەکو عاشقێکی جیاواز خودانی روانین ودەستاوێژێکی جیاواز بوو بۆ پیادە کردنی هەست ونەستی عاشقانەی، ئەو بۆ خۆی یەک لایەنە لەگەل یەکێک دەکەوتە عیشقبازی بێ ئەوەی ئەو کەسە هیچ ئاگایەکی لەوەوە بێت، لەگەل ئەو کەسەش بەردەوام دەبوو، تا لەو رازونیازە یەک لایەنەدا بێهوودە دەبوو، ئنجا کەسێکی دیکەی دەبینیەوە تا لەگەلیدا یەک لایەنە دەست پی بکاتەوە...


ئەو خەسلەت وسیما عاشقانەیەش خۆیلەخۆی بووەتە هۆی ئەوەی خەڵک بە شێت وئاکارێکی شێتانەی بزانن، ئەو کەرەستانەی لە کاری عیشقبازیدا بەکاری دەبردن بریتی بوو لە نەینۆک (ئاوێنە)، بەهۆی تیشکی ئەو ئاوێنەوە تیری عیشق وپەیامی دڵداری خۆی بەرەو دڵی ئەو کەسانە دەنارد کە خۆی بەتەنیا بڕیاری دابو لەگەلیان دەست پێ بکات، ئەوکاتەی (حەمەد) بە نووکە پەیوەندی بە دولبەرەکەی ئەکرد ونامەی خۆی بۆدەنارد، هێشتا نووکەمۆبایل لەناو گەنجاندا وەکو ئێستا لە گۆڕێدا نەبوو لەناو قوتیلەی هیچ عەتارێکیش باسی لێوە نەدەکرا، لە رێگای ئەو نووکە تیشکانەی نەینۆکەکەی هەولی دەدا تاسەو مەرامە مرۆیی و دلداریەلکانی دەرببڕێت...


بەڵام بەداخەوە بە شێتیان لە قەلەم دا ، کەچی ئەمڕۆکە لە دوای زیاتر لە ٤٠ ساڵ تەکنەلۆجیای تازە مۆبایلی بۆ وڵاتەکەم نارد، گەنجەکانمان رۆژانە بە نوکەو نامەی بێ سەروبەر هەزارەها کەسێتیمان شێت دەکەن، شیرازەی خێزانداری تێک دەدەن، بێ ئەوەی بە شێت بزانرێن، ئایا ئەوە جیاوایە لە نێوان نەوەکان یاخود عەقلەکان وتەکنەلۆجیاکان، گەلێک دیاردەی لە رابردوودا زۆر شێتانە بوو لەگەل رۆژگاردا دەبنە شتێکی سادەو ئاسایی..


یەک مەعشوق لە ژیانی (حەمەد)دا نەبووە، بەڵکو مەعشوق بەردەوام خۆی نوێ کردۆتەوە، ژیان بەلای ئەو خاڵی نەبووە لە عیشق، ئنجا بەلای ئەو گرنگ نەبوو سەر بە چ ئاینێک بێت، بەڵام لەو رووەشەوە زیاتر خاوەنی سیماو خەسلەتێکی ئەخلاقی خۆی بووە چاوی نەبڕیوەتە کەسێکی مێرددار تەنیا عیشقی خۆی لەگەل کچێک دەست پێکردووە، یەکێک لە مەعشوقەکانی (حەمەد) کارمەندێکی گەشتوگوزار بووە لە (سەرێ رەش) کە هەموو رۆژ بە هاتووچۆ چووەتە سەر کار، (حەمەد) هەموو رۆژ بەر لە تەواو بوونی کاتی دەوامی ئیشەکەی، لەوێ وەکو بتێکی ئاشق لەبەرامبەر فەرمانگەکە چەقیوەو چاوەڕێی کردووە تا دەرچووەو بەرەو ماڵ کەوتۆتە رێ، ئنجا ئەویش بەلاملی بەرەو ماڵە خنجیلانەکەی ملی رێی گرتووەو گەڕاوەتەوە ماڵ..


(حەمەد) رۆژێک لە رۆژان هەولی نەداوە مەعشوقەکانی خۆی راستەوخۆ یان ناراستەوخۆ بریندار بکات، لەزەتی لەوەش نەبینوە، ئەو وەکو فریشتەیەک نەک جانەوەرێک بیری لە ئەوین کردۆتەوە، تەنیا لە پێناو نیگاو تاسەیەک ئامادە بووە رۆژێک یان زیاتری خۆی بۆ ئەوە تەرخان بکات، ئەوینی خۆی لەوێ نوێ دەکردەوە، لە چاوەڕوانیدا دەمایەوەو بیری لە هیچ شتێکی دیکەی نەدەکردەوە...


(حەمەد) بۆ ئەوەی مەعشوقەکەی بخاتە تەلیسمی عیشقێک ولە هاتنی خۆیدا ئەو ئاگادار بکاتەوە، بەهۆی بریسکانەوەی ئاوێنەک (شەرحی دڵی) دەکرد، بۆ ئەوەی ئەو تیشکانەش کاریگەری خۆیان هەبێت شوێنێکی بەرزی دیاری دەکرد تا لەوێدا بە تیشکبارانەوە مەرامەکانی خۆی بپێکێت، بۆیە لە بەرزترین داردا دەنیشتەوە گەلێکجار دارگوێزێکی بەژن بڵندی هەڵدەبژارد، لە تۆقەرانی سەرەوەی دارەکە تاسەکانی دولبەرەکەی دەستەمۆ دەکرد...


(حەمەد) لە بواری نان پەیدا کردن ودابین کردنی گوزارانی خۆیدا رێوشوێن ورێرەوێکی تایبەتی خۆی هەبوو، هەروەها کابرایەکی گەلێک چالاک وسەرڕاست و وجێگەی باوەڕو متمانەی خەڵک بووە، بەهۆی کاری رۆژانەی کرێکاریەوە ژیانی خۆی دەگوزوراند، بۆیە کرێکارێکی دیارو جیاواز بووە لەشاردا، هەر کاتێک بەدوای ئیشێک بگەڕابایە ئیشێک بۆ ئەو هەر هەبوو، خەڵکیش گەلێکجار بە چەند رۆژێک چاوەڕێیان دەکرد تا (حەمەد)یان بەدەست دەکەوێت، بەڵام ئەو هەر ئەوەندە کاری دەکرد کە لە پێویستی ئەودا بوو، ئەو لە پێناو پارەو سامان پێکەوەنان کاری نەدەکرد، ژیان لە لای ئەو لە لەزەت شتیکی تر نەبوو هەرشتیکیش لەزەتی پێ نەبەخشی بایە ئەنجامی نەدەدا، کار بۆ خۆشکردنی گوزەران بوو نەک گوزەران تاڵ کردن ودەوڵەمەند بوون وماڵوێرانی...


ئیتر لەوە زیاتر هەولی نەدەدا، هەر بای ئەوەندەی ئیش دەکرد کە کە بۆدجەو پیتاکی نانێکی سادەو جگەرەو پاتری رادیۆو گەڕان وپیاسەکانی بەدوای عەشقدا دابین بکات، ئیتر تا پارەی هەبوو خەمی نەبوو کە پارەش تەواو دەبوو لە کارێک دەگەڕا، دیارە ئەو دەیزانی هەمیشە ئیشێک هەیە چاوەڕێی دەکات. گەلێکجار ئەگەر بێ پارەی خۆی هەبوایە کەسێکیش ئیشێکی هەبوو بایە تا بۆی بکات پێی دەگووت : " جارێ لێم گەڕێ پارەم هەیە... کەنگی پارەم نەما دێم ئیشەکەت لۆ ئەکەم... "
(حەمەد) هەمیشە خاوەنی فەلسەفەیەکی خۆی بووە بۆ ژیان لە ژیانی ئەوانی دیکە نەچووە، بۆیە لەبارەی سەرمایەو پارەش بە بێ ئەوەی سەرەداوێک لە کۆمۆنیست ومەتریالیزم دەر بکات، هەروەها بە بێ ئەوەی (کاپیتالیزم) ی (مارکس) بخوێنێتەوە، بە کردار کابرایەکی مەتریالی بووە، لەبن کاریگەری ئەو رێبازە فەلسەفیە گوزارانی خۆی دابین کردووە، ئەو ناراستەوخۆ بە گوێرەی ئەو قسەیەی مارکس کە دەلێت:


"سەرمایەی زۆر لە مرۆڤایەیت کەم دەکاتەوە" ئەوەندە کاری دەکرد و پارەی دەبوو تا کار لە نەمانی مرۆڤایەتی نەکات، ئەو هەولی دەدەدا بە دەستی خۆی و بە پارەی خۆی نەبێتە جانەوەرێکی پارەدار...


هەروەها قەت لە بیری ئەوەشدا نەبووە بۆ پارە دەست لە کەسێک پان بکاتەوە، یاخود خۆی لە پێناویدا بفرۆشێت، کە خۆفرۆشتنیش لەو زەمانە زۆر ئاسان بوو، بەتایبەتی ئەگەر ئەو لە لایەن ئێمە مانانەوە بە شێت زانرابوو، ئەو خۆ ئەگەر ئەو شێتە ببووایە لە پێناو دەستکەوتنی مەرامەکانی خۆی دەیتوانی خیانەت و کاری چەپەڵی و جاشایەتی بکات، بەڵام نەیکرد بۆ ئەو ئەوە گرنگ بوو وەک مرۆڤێکی سادە بێت و مەردانە بژیت نەک وەکو شێت و خائینێکی سەرشۆڕ، بە لای ئەوەوە ئەوها بوو کە پارە کەسێک ئاسوودە ناکات ئەگەر ئەو بۆ خۆی ژیانی خۆی ئاسوودە نەکات، خۆی ئاسوودە نەبێت، پارە دەبێتە مایەی بەدبەختی ئەگەر نەزانیت چۆن کاری پێ دەکەیت و بە کاری دەبەیت..


(حەمەد) لەکاتی ئەنجامدانی کاری رۆژانەی هەرگیز بیری لە خۆدزینەوە فێل ووەخت بەفیڕۆدان نەدەکردەوە، هەروەها کرێکارێکی بەهێز بوو لە وەختی خۆی ئیشەکانی تەواو دەکرد، بە خۆی وخاکەناسێکەوە کە هەمیشە ئەو خاکەناسە تایبەتەی خۆی لەگەل خۆی دەبردە سەر ئیش لەگەل پریاسکەیەک لە نان وتەماتەو ئاروودا لە شوێنی ئیشەکەیدا یەکەم کەس بوو ئامادە ببێت، ئەو پارەیە بۆ ئەو سەروزیاد بوو چونکە لە ماڵێکی ٢ مەتر بە ٣ مەتری دەژیا هیچ ئەرکێکی قورسی ژیانی دیکەی نەبوو، تا بکەوێتە پەلەپەلێک لە ژیان، هەروەها لە مەزەندەی خۆی هۆشمەندیەکی دەوڵەمەند بوون لە مێشکیدا دانەنا بوو، ئەوەندەی هەبێت بۆ ئەو رۆژە کە خۆش وباش بژیت بەلای ئەوەوە ئەوە بەس بوو..


(حەمەد) لەبەر ئەوەی هەولی دەدا وەکو مرۆڤێکی باش بژیت، هەولی نەدەدا لە ژیانیدا شتێک بکات کارێکی خراپ لەسەر دەوروبەرەکەی بکات ودڵی هەموو لایەکیشی رادەگرت بە بێ ئەوەی دەوروبەرەکەی هەمان رەفتارو کاردانەوەیان هەبێت، دوای بەرقەرار بوونی راپەرین وچەکدار بوونی عەقل وئەخلاق، چەک رێگەی لە عیشق وخۆشەویستی گرت، عاشقەکانیش دەستیان لە خەون وخەیاڵەکانیان هەڵگرت، ئەویش دەست لە سەربوردەکانی عاشقاتی خۆی بەردەدات، بەڵام هەروەکو سەردەمی پێشوو کە لەگەل رژێمدا مەیلێکی لەگەلیان نەدەگۆڕیەوە، لەگەل دەسەڵاتی کوردیش بە هەمان شێوە سیمای بێگەردەکەی دەستەمۆی دەستیانی نەدەکرد، وەکو مرۆڤێکی سادەو ئاسایی رۆژی بەرێ دەکرد..


(حەمەد) خەسلەتێکی دیکەی جیاوازی هەبوو، لەبەر ئەوەی کەسێکی دڵ تەڕ بوو هەمیشە بەدوای شوێنی ئاوەدان و تەڕ و سەوزایی و دیمەنی جوان و سیمای ناسک رەوی کردووە، وەکو ئاو وابووە لە ئاوەدانی گەڕاوە، ئاوەدانی لە کوێ هەبێت ئەو لەوێ دەبوو، بە تایبەتی سەیرانگاو شوێنی ئاهەنگ وبوک گوازتنەوەکاندا، لەکاتی بەهارانیشدا هەمیشە لە سەیرانگاکانی وەکو (حاجی بایزو شێرە سوارو گردی زێوەرو بانەنۆک) یەکەم کەس بووە لەوێ بە بەجلوبەرگێک مەرەزەی شین وپشتێنێکی پەمبە بەو سەرو جەمەدانیەکی قیت وقۆز شوێنێکی بۆ خۆی داگیر دەکرد، حەمەد لە رەنگی جلوبەرگیشدا رەنگی تایبەت وجیاوازی خۆی هەبووە..


ماڵپه‌ڕی شوان عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک