حه‌مه‌غه‌فور: بێئومێدبوونی گه‌نجان له هه‌ر جێگایه‌ک به‌ڵگه‌ی ئه‌و راستیه‌یه که ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ره‌وتێکی نادروسته.
حه‌مه‌غه‌فور:
بێئومێدبوونی گه‌نجان له هه‌ر جێگایه‌ک به‌ڵگه‌ی ئه‌و
راستیه‌یه که ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ره‌وتێکی نادروسته.
سازدانی : شوان سدیق
شوان سدیق: گه‌نجانى کوردستان زۆرجار له‌وه بێ‌ئومێد ده‌بن که داهاتوویه‌کى روون چاوه‌رێییان ناکات، به‌بۆچوونى تۆ بێ‌ئومێدى گه‌نج له‌چییه‌وه سه‌رچاوه ده‌گرێت، دواى چه‌ندین ساڵ له‌حکوومرانى هه‌ردوو پارتى ده‌سه‌ڵاتدار پێت وانییه بێ‌ئومێد بوونى گه‌نجان به‌رامبه‌ر به‌داهاتوویان ئاماژه‌یه‌ک بێت و ده‌لاله‌ت له‌وه بدات، بۆ سه‌رنه‌که‌وتنى ئه‌زموونى ئه‌م دوو حیزبه له به‌رێوه‌بردنى ژیانى خه‌ڵکدا ؟ حه‌مه‌غه‌فور: پرسیارێکی جوان‌و به‌جێیه. له سه‌رو سیمای گشتی کۆمه‌ڵگای کوردستاندا، به هه‌ڵس‌و که‌وت‌و ژیانی ئاسایی هاووڵاتیانه‌وه وه له ئه‌زموونی ئه‌م دوو حیزبه‌دا ناکۆکیه‌کی ئێجگار زه‌ق‌و ئاشکرا به‌دیئه‌کرێت؛ له‌لایه‌ک ده‌سه‌ڵات‌و حیزبه‌کانی جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردی وه‌ستاوه که ڕۆژانه‌و بێ ووچان له میدیای به‌کرێگیراویانه‌وه ته‌پڵ بۆ سه‌رکه‌وتنی ئه‌زموونه‌که‌یان لێئه‌ده‌ن‌و بانگه‌شه‌و جاڕو جه‌نجاڵی به‌رقه‌راربوونی دیموکراسی‌و مافی مرۆڤ په‌خش ئه‌که‌نه‌وه‌و ته‌نانه‌ت خه‌ڵکیش قه‌رزاربار ده‌رئه‌که‌ن، که‌چی گه‌نده‌ڵی‌و بێنه‌زمی‌و پاوانکردن‌و ده‌سه‌ڵاتی میلیشیایی باڵی ڕه‌شی به‌سه‌ر ووڵاتدا کێشاوه‌و ته‌نگی به ژیانی خه‌ڵکی هه‌ڵچنیوه، له‌ولای دیکه‌شه‌وه وه‌کو په‌رچه‌کرداری کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی‌و ئاپۆڕه‌ی تووڕه‌یی خه‌ڵکی کوردستان به گشتی وه له پێشیانه‌وه گه‌نجان‌و لاوان ئه‌بینین که به درێژایی حه‌ڤده ساڵی ده‌سه‌ڵاتدارێتی ئه‌م حیزبانه ناچاربوون بۆ دابینبوونی سه‌ره‌تایی ترین خواستیان، وه‌کو ئاوی خواردنه‌وه‌و کاره‌باو سووته‌مه‌نی‌و خزمه‌تگوزاری، ناڕه‌زایه‌تی ڕێکخه‌ن‌و خۆپیشاندان‌و ڕێپێوان سازکه‌ن‌و یه‌خه‌ی ئه‌م فریشتانه‌ی دیموکراسی‌و ئه‌م پێغه‌مبه‌رانه‌ی مافی مرۆڤ بگرن! حه‌ڤده ساڵی ڕابردوو له ڕاستیدا ئه‌زموونی دابڕان‌و لێک دوورکه‌وتنه‌وه‌ی خه‌ڵکی کوردستان‌و یه‌کێتی‌و پارتی‌و ده‌سه‌ڵات‌و حوکمیانه به هه‌موو پێودانگێک که یه‌کێک له ده‌ره‌نجام‌و ئاکامه‌کانی پشتگوێ خران‌و نائومێدبوونی گه‌نجانه که تووڕه‌یی‌و ناڕه‌زایه‌تییه‌کی گشتگیری ئه‌م توێژه‌ی لێکه‌وتۆته‌وه. کۆمه‌ڵگایه‌کی ته‌ندرووست که سه‌ره‌تاکانی ئه‌زموونی دیموکراسی تیایدا به‌رقه‌رار بێت لاوان‌و گه‌نجان تیایدا به شێوه‌یه‌کی ئۆبجه‌کتیڤ ئه‌کتیڤ ترین توێژی کۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌بن. بێئومێدبوونی گه‌نجان له هه‌ر جێگایه‌ک به‌ڵگه‌ی ئه‌و ڕاستیه‌یه که ئاسۆ‌و ئاراسته‌ی سیاسی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ڕه‌وتی نادرووست‌و نه‌شیاوی گرتۆته‌به‌رو نامۆیه به ژیانی ئاسایی خه‌ڵک‌و له‌گه‌ڵ ئاوات‌و ئاره‌زووی دانیشتووانیدا ناگونجێت. ئه‌م قه‌ڵشته گه‌وره‌یه‌و ئه‌م ناکۆکییه قووڵه‌ی نێوان خه‌ڵک‌و ده‌سه‌ڵات پێش ئه‌وه‌ی وه‌کو ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئه‌زموونی دیموکراسی بخه‌مڵێنرێت یان لێکبدرێته‌وه، به‌ڵگه‌ی پووچی‌و پاده‌رهه‌وایی ته‌جروبه‌ی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره له کوردستان. به بڕوای من مه‌سه‌له‌یه‌کی هه‌ره سه‌ره‌کی‌و بنه‌ڕه‌تی ئه‌م کۆمه‌ڵگایه که ژیان‌و هه‌ست‌و نیست‌و مان‌ونه‌مانی هه‌موومانی پێوه به‌نده، یه‌کاڵانه‌کردنه‌وه‌ی ئایینده‌و چاره‌نووسی سیاسی کوردستانه له‌م حه‌ڤده ساڵه‌ی ڕابردوودا‌و هه‌ڵواسینیه‌تی به سیاسه‌تی ئه‌مریکادا له عێراق. ئه‌م دوو حیزبه به فریوکاری‌و به زه‌بری میلیشیاکانیان خواستی جیابوونه‌وه‌ی کوردستان‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیان سه‌رکوت کردووه‌و چاره‌نووسی کوردستان‌و خه‌ڵکیان کردۆته بارمته‌ی شه‌ریکبوون له ده‌سه‌ڵاتی ناوه‌نددا. شوان سدیق: هه‌میشه له کوردستان گه‌نج به‌وه ناوزه‌ند ده‌کرێت که هیچ ئینتیماو دڵسۆزییه‌کى بۆ نیشتمانه‌که‌ى نییه پرسیاره‌که‌م ئه‌وه‌یه ئایا نه‌بوونى گه‌رانه‌وه‌ى سه‌ره‌وه‌ى بۆ خوودى گه‌نج تاکه‌فاکتره نییه بۆ بێئینتیماى و دڵسۆزنه‌بوونى بۆ وڵاته‌که‌ى ؟ حه‌مه‌غه‌فور: درووست وایه. هه‌میشه بۆرژوازی ده‌سته‌واژه‌ی نیشتمان‌و ووڵاتی وه‌کو سه‌قفێک یان فۆرمۆڵێکی شموولی به‌کاربردووه بۆ داپۆشینی جیاوازی چینایه‌تی. له هه‌مان کاتدا وه‌کو مانۆڕ‌و سیناریۆیه‌کیش که‌ڵکی لێوه‌رگرتووه به مه‌به‌ستی شکڵدان به ئینتیمای سه‌روو چینایه‌تی بۆ هه‌ردوو ده‌سته‌واژه‌که‌و له پشتیانه‌وه که‌وتۆته بۆمببارانی ته‌بلیغاتی بۆ تێکچڕژاندنی چین‌و توێژه جیاجیاکان له ناو چوارچێوه‌ی دڵسۆزی بۆ گه‌ل‌و نیشتمان‌و سڕینه‌وه‌ی ئامانج‌و به‌رژه‌وه‌ندیه جیاوازه‌کان. له کوردستانیش گه‌نج هه‌م وه‌کو دیارده‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی به‌رجه‌سته‌و کاریگه‌ر هه‌م وه‌کو زه‌مینه‌و هێزی بناغه‌ی پایه‌کانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی، هه‌میشه بابه‌تێکی هه‌ره سه‌ره‌کی هه‌وڵ‌و ته‌قه‌لای ناسیونالیستی کورد بووه له پێناو قبوڵاندنی ئینتیمای نیشتمان به‌سه‌ریداو به‌ڵام سه‌رکه‌وتوو نه‌بووه. له‌و ڕووه‌وه که خه‌یاڵ‌و دیدگا‌و هیواو ئاواتی گه‌نج وه‌کو توێژێکی کۆمه‌ڵایه‌تی مۆدێرن له کوردستان که‌متر ئه‌و جۆره ئینتیمایانه‌ی له خۆیدا هه‌ڵگرتووه‌و جێیکردۆته‌وه، وه به توندی‌و ڕیشه‌ییش که‌وتۆته به‌رامبه‌ر جووڵانه‌وه‌ی ناسیونالیستی کوردیه‌وه که وه‌کو سه‌نته‌ری دیفاعکردن له عه‌شیره‌تگه‌ری‌و پیاوسالاری‌و دواکه‌وتوویی ناسراوه، به‌تایبه‌ت له‌م ساڵانه‌ی دواییدا، ڕه‌نگه یه‌کێتی‌و پارتی‌و ده‌سه‌ڵاتیشیان وه‌کو تۆڵه‌یه‌ک بۆ ئه‌و گوێپێنه‌دانه‌ی گه‌نج به نیشتمان، پشتگوێ‌یان بخه‌ن‌و له په‌راوێزی پرۆگرامه‌کانیاندا ڕایان بگرن. یان ڕه‌نگه ده‌سه‌ڵات به‌نیاز بێت له‌م ڕێگایه‌وه، یانی به تۆڵه‌سه‌ندنه‌وه له گه‌نج ئینتیمایان لا درووست بکات! شوان سدیق: زۆر تێروانین له‌و باره‌یه‌وه هه‌یه که کۆچى گه‌نجان ده‌بێته هۆى لاواز بوونى گۆمه‌ڵگاو به‌بێ داینه‌مۆ ده‌مێنێته‌وه، له کاتێکدا ئه‌مرۆ به‌هه‌زاران گه‌نجى خاوه‌ن بروانامه هه‌یه‌و کاریان ده‌ست ناکه‌وێـت، تۆ تێروانینت بۆ ئه‌م دووچه‌مکه چییه؟ حه‌مه‌غه‌فور: کوردستان ده‌رگیری چه‌ند ته‌نگژه‌یه‌کی سه‌ره‌کی‌و گه‌وره‌یه. هه‌تا وه‌ڵامی سیاسی‌و درووستیان پێنه‌درێته‌وه چه‌ندین گرفتی له چه‌شنی ئه‌مه‌ی گه‌نجان یه‌کاڵانابنه‌وه. یه‌که‌م؛ حه‌ڤده ساڵه چاره‌نوسی سیاسی کوردستان له چوارچێوه‌ی سیاسه‌تی دوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداری کوردی‌دا وه‌کو وه‌ره‌قه‌یه‌کی سیاسی بۆ مه‌رامی تایبه‌تی ئه‌م دوو حیزبه له کێشمه‌کێشیاندا له‌گه‌ڵ لایه‌نه ئیسلامی‌و قه‌ومیه‌کانی عه‌ره‌بی عێراقیدا هه‌ڵواسراوه‌و ئاسۆیه‌ک بۆ یه‌کاڵابوونه‌وه‌ی به‌هیچ جۆرێک دیار نیه. کوردستان نه خۆی ووڵاتێکه‌و نه به‌شێکیشه له عێراق. حاڵه‌تێکی دیفاکتۆ به‌سه‌ر ئه‌بات. دووهه‌م؛ ئه‌م بارودۆخه‌ش سه‌باتی سیاسی‌و جێگیری ئابووری‌و کۆمه‌ڵایه‌تی کوردستانی هه‌ڵپه‌ساردووه‌و بێنه‌زمی‌و گه‌نده‌ڵی‌و حوکمی میلیشیایی سه‌پاندووه. سێهه‌م؛ ئه‌م وه‌زعه له‌رزۆکه زه‌مینه‌و فه‌زای ئۆردوگایی بڕیوه به باڵای کۆمه‌ڵی کوردستانداو به گشتی پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان بۆته پاشکۆ‌و کوردستان بۆته کۆمه‌ڵگایه‌کی به‌کاربه‌ر. چواره‌م؛ ... له کۆمه‌ڵگایه‌کی وادا بێگومان بڕوانامه‌و شاره‌زایی‌و ئیختیساس‌و ..تد، به‌هایان له‌ده‌ست ئه‌ده‌ن‌و خاوه‌نه‌کانیشیان چاوله‌ده‌ستی حیزب‌و میلیشیا ئه‌مێننه‌وه. گه‌نجانیش پشکی گه‌وره‌یان له‌م ناعه‌داله‌تی‌و بێده‌ربه‌ستی‌و سه‌رگه‌ردانیه سیاسیه به‌رئه‌که‌وێت. شوان سدیق: وه‌ک ئاشکرایه که گۆرانکارییه‌کان به‌ده‌ست گه‌نجن و گه‌نجیش ئێستا له کوردستان په‌رش‌و بڵاوییه‌کى به‌خۆوه بینیوه ئایا ئێستا کاتى ئه‌وه نه‌هاتووه به‌ره‌یه‌کى ئۆپۆسزیۆن دروست بێت، بۆ رێکخستنى ئه‌و نه‌وه‌یه‌ى ئێستا په‌رش و بڵاو بووه؟ حه‌مه‌غه‌فور: کوردستان تا ئه‌م ساتانه‌ش به‌شێکه له عێراق، جه‌نگی داگیرکاری عێراقیش له‌لایه‌ن ئه‌مریکاوه ژێرخانی ئابووری‌و بنه‌ماکانی کۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی‌و ده‌وڵه‌تی هه‌ڵته‌کاندو ئه‌توانین بڵێین پرۆسه‌ی به‌رهه‌مهێنان به گشتی تووشی ڕکودو ڕاوه‌ستانێکی مه‌ترسیدار هاتووه. به گشتی له عێراقدا به کوردستانیشه‌وه- سه‌رباری هه‌ندێ جیاوازی شکڵی له‌چاو به‌شه‌کانی تری عێراقدا- زۆربه‌ی هه‌ره زۆری هاووڵاتیان، کرێکاران‌و زه‌حمه‌تکێشان‌و گه‌نجانیش له پێشیانه‌وه ناچارن هه‌موو تواناکانیان دانێن بۆ په‌یداکردنی بژێوی ڕۆژانه‌ی خۆیان‌و خێزانه‌کانیان له‌ڕێگای چه‌ندین کاری قورس‌و به‌دوای یه‌کدا، یاخود له‌ڕیگای هه‌ڵگرتنی چه‌کی میلیشیا ڕه‌نگاوڕه‌نگه‌کانه‌وه که ژماره‌یه‌کی زۆریان یان بوونه‌ته قوربانی ململانێی تائیفی‌و قه‌ومی، یاخود به توندی ژیان‌و زیندوومانه‌وه‌و چاره‌نووسیان به‌سرواوه به‌م هێزه میلیشیاییانه‌وه! خه‌ڵک به گشتی وه گه‌نجان به تایبه‌تی به‌ره‌وڕووی حاڵه‌تێک بوونه‌ته‌وه که له فه‌زای پاشاگه‌ردانیدا په‌یدا ئه‌بێت؛ هه‌موو که‌س به قووڵی‌و به شێوه‌ی ئه‌کید سه‌رقاڵی چنگه‌کڕێی زیندوومانه‌وه‌یه‌و دابڕان‌و په‌رش‌وبڵاوی‌و فه‌ردیه‌ت باڵی کێشاوه به‌سه‌ر جه‌ماوه‌ری به‌رینی خه‌ڵکدا. جگه له که‌مایه‌تیه‌کی ده‌وروبه‌ری هێزو حیزب‌و میلیشیاکان که به نان‌و ڕۆنی چه‌ور گه‌یشتوون له سایه‌ی گه‌نده‌ڵیدا، هه‌موو چین‌و توێژه‌کانی دیکه له ناو هه‌ژاری‌و بێکاری‌و پشتگوێخران‌و ده‌یان نه‌هامه‌تی تردا به‌سه‌ر ئه‌به‌ن. له هه‌ل‌ومه‌رجێکی وادا هێزی گۆران‌و جووڵانه‌وه‌ی به‌لاداخه‌ری ئۆپۆزیسیۆن تووشی قه‌یران‌و گرفتی کوشنده دێت. به‌ڵام سه‌رباری ئه‌وانه‌ش کوردستان شاهیدی جووڵانه‌وه‌یه‌کی دژه گه‌نده‌ڵی‌و دژه ده‌سه‌ڵات بووه‌و به‌رده‌وامیش له مه‌یداندایه که گه‌نجان نه‌خشی سه‌ره‌کیان هه‌یه تیایدا. به‌ڵام گرفتی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تی‌و جووڵانه‌وه جه‌ماوه‌ریه ئه‌وه‌یه که ڕیزی خۆی له جووڵانه‌وه‌ی کوردایه‌تی‌و مشه‌خۆرانی خولقینه‌ری گه‌نده‌ڵی جیاناکاته‌وه. ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌سڵی ئه‌و هێزه‌یه که بڕوای به هێزو ئیراده‌ی ڕاسته‌وخۆی جه‌ماوه‌ری هه‌یه‌و له‌پێناو ڕێکخستن‌و هێنانه‌مه‌یدانیدا تێده‌کۆشێت. ئۆپۆزیسیۆنێک که جووته له‌گه‌ڵ خواستی ملیۆنی خه‌ڵکی کوردستان بۆ جیابوونه‌وه‌و پێکهێنانی ده‌وڵه‌تێکی سکۆلارو ناقه‌ومی. شوان سدیق: پێتوایه بارودۆخى ژیانى گه‌نجان به‌گفتوگۆ راگۆرینه‌وه بروات بۆ گه‌رانه‌وه‌ى خواسته‌کانى گه‌نج یاخوود به خۆپیشاندان و مانگرتن ؟ حه‌مه‌غه‌فور: من پێشتر ووتم، که گه‌نجان به‌شێکن له کۆمه‌ڵگای کوردستان. ژیان‌و چاره‌نووس‌و هه‌ستونیستیان له‌گه‌ڵ توێژه بێبه‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان یه‌که. من پێموایه باشبوونی ژیانی کۆمه‌ڵ به گشتی‌و گه‌نجان به تایبه‌ت به‌سراوه به ده‌رکێشانی کوردستان له‌م هه‌ڵواسراویه‌ی ئێستای‌و گۆڕینی بۆ کۆمه‌ڵگایه‌کی ئاسایی که یاسا سه‌روه‌ر بێت تیایدا‌و گه‌نده‌ڵی‌و میلشیای تیادا ڕیشه‌کێش کرابێت وه ئه‌رک‌و مافی هاووڵاتیان پێناسه‌ی یاسایی‌و ده‌ستووریان بۆ کرابێت. شوان سدیق: کێشه کۆمه‌ڵایه‌تییه‌کان رۆژ له دواى رۆژ له په‌ره‌سه‌ندایه و ئاماره‌کانیش گه‌واهیده‌رى ئه‌وه‌ن که کۆمه‌ڵگاى کوردى له قه‌یرانێکى ناله‌باردایه، بوونى کێشه‌یه‌کى له‌م چه‌شنه به‌بۆچوونى جه‌نابت، چۆن چاره‌سه‌ر ده‌بێت؟. پێیشتوایه بوونى ناره‌زاییه‌کانى کۆمه‌ڵگا هۆکارێک بێت له‌و کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیانه که‌دروست بووه؟ ه‌مه‌غه‌فور: بێگومان ناڕه‌زایه‌تی‌و تووڕه‌یی جه‌ماوه‌ری کوردستان په‌رچه‌کرداره له به‌رامبه‌ر دۆخی ناله‌بارو ناهه‌مواری ژیانیان وه له دژی نادیاری‌و هه‌ڵواسراوی چاره‌نووسی سیاسی کۆمه‌ڵگاکه‌یان وه له دژی گه‌نده‌ڵی. کوشنده‌ترین قه‌یرانی سیاسی هاوکێشه‌ی هێزه‌کانی کوردستان بێ ئاسۆیی ناسیونالیزمی کورد له‌لایه‌ک وه ڕاگرتنی کۆمه‌ڵگای کوردستان له‌ناو گێژاوی نه‌بڕاوه‌ی بنیاتنانی عێراقی ژێر سایه‌ی هێزه ئیسلامی‌و تائیفی‌و قه‌ومیه‌کانی عیراقه له‌لایه‌کی تره‌وه. شوان سدیق: کێشه کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کان کێشه‌یه‌کى جیهانیه، به‌ڵام به‌پێآ کۆمه‌ڵگاو وڵاتیش جیاوازى هه‌یه، لیره‌دا مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه کوردانى ده‌ره‌وه‌ش به‌ده‌رنین له کێشه‌ى کۆمه‌ڵایه‌تى، ئه‌و کوردانه‌ى تووشى ئه‌و کێشانه ده‌بن ئایا نه‌یان توانیوه له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵگا پێشکه‌تووه‌کان خۆیان بگونجێن یاخوود هه‌میشه رووى ئاراسته‌یان له کوردستان و کۆمه‌ڵگا داخراوه‌کانه، به به‌راورد له‌گه‌ڵ ده‌وڵه‌تانى خۆرهه‌ڵات ده‌وڵه‌تانى ئه‌وروپا کاریان زیاتر کردووه بۆ هۆشیار کردنه‌وى کۆمه‌ڵگا ؟ حه‌مه‌غه‌فور: تاک له‌ناو خانه‌و پێکهاته‌ی نه‌سیجی کۆمه‌ڵایه‌تیدا ڕه‌گه‌زێکی بنه‌ڕه‌تیه‌و هه‌ڵگری پێناسه‌و تایبه‌تمه‌ندی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی. کۆمه‌ڵگای سه‌رده‌م به‌هۆی پێشکه‌وتن‌و گه‌شه‌ی سه‌رسوڕهێنه‌ری ته‌کنۆلۆژیاوه، به‌هۆی په‌ره‌سه‌ندنی کۆمۆنیکه‌یشن‌و په‌یوه‌ندیه ئینته‌رنێتی‌و سه‌ته‌لایتیه‌کانه‌وه وه‌کو گوندێکی لێهاتووه، بۆیه کێشه کۆمه‌ڵاتیه‌کانیش تاڕاده‌یه‌کی زۆر له‌یه‌ک ئه‌چن. کۆمه‌ڵگا ئه‌وروپاییه‌کانیش بێگومان پڕه له گرفت‌و کێشه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی‌و کوردانی هه‌نده‌رانێش سه‌ره‌ڕای گرفتی ئاواره‌یی‌و قورسی تێکه‌ڵبوون له‌گه‌ڵیدا، باری خه‌می هاووڵاتیان‌و که‌سوکاریان له ناوخۆ‌و ئه‌و ناهه‌موارایانه‌ی کۆمه‌ڵگای کوردی پێوه‌ی ئه‌ناڵێنێ تووشی حاڵه‌تێکی مزدوه‌ج هاتوون. نه ئاسانه بۆیان ئیندیماج کردن له‌گه‌ڵ ئه‌وروپا وه نه ئه‌توانن بارودۆخی کۆمه‌ڵگای ئه‌سڵیان پشتگوی بخه‌ن. شوان سدیق: هۆشیارکردنه‌وه‌و به‌ئاگاهێنانى ژنان له‌به‌رامبه‌ر خواسته‌کانیان، ئه‌مرۆ کاریى له‌سه‌ر ده‌کریت، له‌ریگاى مینبه‌رى راگه‌یانده‌کانه‌وه زۆر جه‌ختى له‌سه‌ر ده‌کرێته‌وه، پێت وانییه ئه‌وه هه‌نگاوێکى دڵخۆشکه‌ر بێت، بۆ به‌ره و ئاراسته بردنى کۆمه‌ڵگایه‌کى ته‌ندروست‌و دوور له کێشه ؟ حه‌مه‌غه‌فور: کێشه‌و مه‌سه‌له‌ی ژنان زۆر له‌و حه‌جم‌و ئاسته گه‌وره‌ترو به‌ولاوه تره که ده‌سه‌ڵات گه‌ره‌کیه‌تی له ڕێگای ئه‌و جۆره له کاردانه‌وه‌ی له ناو میدیا‌و ڕاگه‌یاندنه‌وه وێنای بکات. کۆسپی سه‌ره‌کی به‌رده‌م جووڵانه‌وه‌ی فیمینستی‌و یه‌کسانخوازی نێوان ژنان‌و پیاوان خودی ده‌سه‌ڵات‌و خودی باڵاده‌ستی هه‌ردوو حیزبی ده‌سه‌ڵاتداره. ئه‌مانه خۆیان سه‌رسه‌ختانه دژه ژن‌و دژه یه‌کسانی‌و دژه ئازادیخوازین. ئه‌و هه‌وڵانه‌ی که ماوه‌یه‌که ده‌سه‌ڵات گرتوویه‌تیه به‌ر گوایا بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی توندوتیژی له‌سه‌ر ژنان، به بڕوای من مانۆڕێکه بۆ ئیحتیواکردنی ناڕه‌زایه‌تیه‌کی گه‌وره‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی که له ناو خه‌ڵکی کوردستاندا شکڵیگرتووه بۆ سنووردانان بۆ ڕه‌شه‌کوژی‌و ئه‌نفالی ژنان که ئه‌نجامده‌رانی به زۆری له ڕیزی ئه‌م حیزبانه‌دا خۆیان حه‌شارداوه. ڕاپۆرته‌که‌ی دکتۆر یوسف عوسمانیش سه‌باره‌ت به ده‌ستدرێژی سێکسی بۆ سه‌ر ژنان که ساڵی ڕابردوو بڵاوکرایه‌وه، سه‌دان حاڵه‌تی ده‌ستدرێژی کردنی تێدا تۆمارکرابوو بۆ سه‌ر ژنانی کارمه‌ند له‌لایه‌ن وه‌زیرو به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی‌و به‌رپرسانی حیزبی‌و حکومیه‌وه. ئه‌و ڕاپۆرته نیشانی ئه‌دات که ئه‌م حیزب‌و هێزه ناسیونالیستانه تا سه‌ر ئێسک نوقمی فه‌ساد‌و گه‌نده‌ڵی‌و به‌کاربردنی مه‌قامیانن بۆ دامرکانه‌وه‌ی هه‌وه‌سبازیان. وه‌ستانه‌وه‌ی حیزب‌و ده‌سه‌ڵاتی ئه‌م هه‌وه‌سبازانه له‌دژی توندوتیژی له‌سه‌ر ژنان به جددی وه‌رناگیرێت. کۆتایی هێنان به ئه‌نفالی ژنان له کوردستان ئه‌رکی بزووتنه‌وه‌ی یه‌کسانیخوازی‌و فیمینیستی‌و ئازادیخوازان‌و کۆمۆنیسته‌کانه. شوان سدیق: ئه‌و حیزبانه‌ى ئه‌مرۆ به‌ناوى عه‌لمانییه‌ته‌وه له ده‌سه‌ڵاتدان مافه‌کانى ئافره‌تیان، له‌چوار چێوه‌یه‌کى دیارى کراودا قۆرغ کردووه به‌ناوى بوونى ریکخراوه‌ى و کردنه‌وه‌ى فیستیڤال و له‌م شێوانه، به‌بۆچوونى تۆ ئه‌وانیش سنووریان بۆ دیارى کراوه یاخوود هه‌رئه‌وه‌نده و له‌و مه‌ودایه‌دا باوه‌ریان به‌مافه سه‌ره‌کییه‌کانى ژنانه ؟ حه‌مه‌غه‌فور: جگه له حیزبه ئیسلامیه‌کانی وه‌کو یه‌کگرتووی ئیسلامی‌و کۆمه‌ڵ‌و بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی، هه‌موو ئه‌و حیزبانه‌ی تری سه‌ر ساحه‌ی سیاسی کوردستان خۆیان به عه‌لمانی ئه‌ناسێنن به یه‌کێتی‌و پارتیشه‌وه. به‌ڵام به‌شی هه‌ره گه‌وره‌ی داستانی کاره‌ساتی نه‌بڕاوه‌ی ژنان له‌ژێر سه‌ری ئه‌و دوو حیزبه گه‌وره‌یه‌دایه‌و ئه‌وان لێی به‌رپرسیارن. ته‌نانه‌ت ڕیایی‌و نیفاقی یه‌کێتی‌و پارتی له په‌یوه‌ند به مه‌سه‌له‌ی ژنانه‌وه به‌راده‌یه‌که که‌حیزبه ئیسلامیه‌کان بۆشاییان ده‌سکه‌وتووه هه‌تا ئایات‌و حه‌دیس داتاشن بۆ پێشبڕکێ له‌گه‌ڵ یه‌کێتی‌و پارتی سه‌باره‌ت به لایه‌نگریان له مافه‌کانی ژنان! ئیسلام وه‌کو ئاینێکی کۆن‌و هه‌زار ساڵه سه‌رچاوه‌ی جورئه‌تی نامووسپه‌رستان‌و شه‌ره‌فپارێزانه بۆ ده‌سبردن بۆ پاکتاوکردنی ژنان وه بکوژانی ژنان به شه‌هامه‌ته‌وه به پاڵپشتی ئه‌حکامه‌کانی قورئان تاوانه‌کانیان ئه‌نجام ئه‌ده‌ن‌و تا ئێستا ته‌نانه‌ت یه‌ک حاڵه‌تیش له ده‌سگیرکردن‌و دادگایی کردنی بکوژانی ژنانمان نه‌بینیوه. ئه‌و حیزبه عه‌لمانیانه‌ی ئێوه باسیان ئه‌که‌ن گه‌ره‌کیانه له ڕێگای وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف‌و خوتبه‌ی مزگه‌وته‌کانه‌وه وه به‌هۆی ووتاربێژو کۆنه‌په‌رستانی ئیسلامی یان مه‌عاشخۆری ناسیونالیسته‌کانه‌وه توندوتیژی سه‌ر ژنان که‌م که‌نه‌وه! ئه‌م هه‌نگاوه نه‌ک کارساز نیه، نه‌ک هه‌ر کۆسپ‌و ته‌گه‌ره‌ی زیاتر ئه‌خاته سه‌ر ڕێی جووڵانه‌وه‌ی ژنان‌و ئازادیخوازی، به‌ڵکو به کرده‌وه بۆ هێوڕکردنه‌وه‌ی ڕاوه‌ستانه‌وه بۆ بنبڕکردنی هه‌ڵاواردن دژی ژنان که‌وتۆته کار. بینیشمان چۆن په‌رله‌مانی کوردستان به ئه‌کسه‌ریه‌تی عه‌لمانیه‌وه یاسای فره‌ژنی په‌سه‌ند کرد.
21دیسه‌مبه‌ر2008