٥\٤\٢٠١٣
حەمە خورشید یان
شینەی (حاجبیخانی) رێکەوتن ناکا!

مەهدی خالید خەمبار
بیرمە لە حەفتاکاندا ، پیاوێکی تێر و پڕ و
دەستە هەبو ، بەداخەوە لە ژیاندا نەماوە ، پیاوێکی قسە خۆش و بێ وەی و
دڵ ناسک بوو، ئەم پیاوە لە ناوچەی شواندا ، ناوبانگی بە (حەمە خورشید)
یان (شینە) دەرکردبوو ، نامەوێت زێدەڕۆیی لە قسەکانمدا بکەم ئەگەر بڵێم
ڕەنگە بە هەندێ ناوچەی تریشدا گەڕابێت . ئەم پیاوە لە بنەڕەتدا ، لە
دێی (حاجیبیخان) ی شوانی کێشک لە دایک بوە ، وەک دەیانگێڕایەوە ، ئەم
کەسە دڵ ناسکە لە هەڕەتی گەنجیدا ، دەکەوێتە داوی عەشقەوە و سەرەنجام
وێڵی دەشت و لادێکانی ناوچەی شوان دەبێت و هەمیشە دارێکی درێژ و تۆکڵە
دارێکی بە دەستەوە دەگرت ، تۆکڵە دارەکە ، وەک تەسبیح بە پەنجە
نەرمەکانی بەکاری دەهێنا . ئەم پیاوە پێکەنینێکی زۆر خۆش و جیاوازی
هەبوو ، بەڵام ئەگەر بێت و ئازاری ڕۆحی پاکیت بدابایە ، ئەوا توڕە دەبو
، دەستی دەکرد بە جنێودان بە هەموو لادێکان و لە ناو لادێکانیش کەسە
ناودارەکان ، وەک دەیانگێڕایەوە ، ئەم پیاوە بێ وەیە ، یەکێک بوە لە
خزمە نزیکەکانی سەرۆک عەشیرەتی شوان (کوێخا حوسێن ڕەجەب) ، بەڵام هەرکە
خوالێخۆشبو حەمە خورشید ، دەماریت بگرتایە ، ئەوا بە قایمی دەیشیڕاند و
جنێوی خەراپی دەدا ، جا لە نێو ئەوانەی بەردەوام پریشکی ئاگری
جنێوەکانی ئەم زاتە دەیگرتەوە ئەوە ، ناوی (حوسەی ڕەجەب) لە زاری ئەوە
، سەرجەلەی ئەو قەتارە پیاو ماقوڵانەی لادێکانی ناوچەی شوان بوو ، من
خۆم دەیان جار گوێبیستی جنێوەکانی بومە و هەندێ جاریش لە سەرجنێودان بە
خزمانم توڕەم کردوە و ئەویش ئەمجارەیان زیاتر شەنی دەکرد و ئەگەر پێشتر
دەستی یان دەمی لە هەندێک کەس بپارێزایە ، ئەوا دوای توڕەکردنی کەسی بە
ساخی لە جنێوەکانی دەرباز نەدەبوو .
یەکێک لە خەسڵەتەکانی ئەم پیاوە ئەوە بوو ، نە بە قەرز دەترسا و نە
مەرایی و مامە حەمەیی لە بەر کەس دەکرد ! جگە لەمەش پاش تێپەڕبونی ٤٠
ساڵ زیاتر بە سەر هەندێ لە قسە خۆش و نایابەکانی ئەم زاتە ، کە ئەوێ
ڕۆژێ بە شێتیان ناو دەبردن و ئێمەی منداڵ چێژمان لە توڕەکردنی وەردەگرت
، ئێستا هەم قسەیەکی ئەم و هەمیش قسەیەکی باوکی دایکم کە ناوی (یونس
تۆفیق) بوو ، بە (ونسە شێت) و (سۆفی ونس) یش بانگیان دەکرد . هەرچی ئەم
مام ( سۆفی ونس ) ە بوو ، پیاوێکی پیری پڕ هیمەت و دەست ڕەنگین و پاک ،
هەژارێکی دەست و دڵ تێر ، و بیرمەند و قسە زان و خۆش مەجلس و دەنگ خۆش
لە لاوک وتن . خوا کوڕێک و دوو کچیان پێ دەبەخشێت ، کوڕەکەی هەر کە
شۆڕشی کوردستان دەست پێ دەکات ، ئەم دەبێتە پێشمەرگە و لە شەڕی چەم
ڕێزان و گردەقارەمان ، شەهید دەکرێ . دەیانگێڕایەوە ، ئەم باپیرەیەم
لەو کاتەی هەواڵی شەهید بونی ئەم تاقانەیەی دەبیستێ ، هێندە خۆڕاگر و
پڕ هیمەت بوە ، تەنانەت دڵۆپە فرمێسکێکی لە چاو نەڕژاوە و شانازی بەو
شەهید بونەوە کردوە کە لە پێناو نەتەوە و نیشتیماندا شەهید بوە . خەڵکی
ناوچەکە ، ئەگەر چی بەشێکی زۆر لە دۆستان و نزیکەکانی خۆی لە ژیاندا
نەماون ، بەڵام وەک دەیانگێڕایەوە و خۆشم بەم دواییە گەواهیدەری ئەوەم
، کە ئەم پیاوە ڕدێن سپی ئاوریشمیە ، کەسێکی نەخوێندەوار و بە تەمەن
بوو ، بەڵام بیر گەش ، هەرگیز نکۆڵی لە ڕاستیە زانستیەکان نەدەکرد ،
ئەو سەردەمە قورس بوو پیاوێک لەو تەمەنە بڕوا بە (چونە سەرمانگ) بکات ،
هەر بەو هۆیەشەوە (هەمیشە لە گەڵ مەلاکانی ئەو سەردەمە سەنگەریان لە
یەک دەگرت و دانولەی لە گەڵیان نەدەکوڵا) و ئەگەر چی (کەسێکی نوێژ
نەکەر) بوو ، بەڵام پڕچەک بو لە و بوارەشدا بۆیە هەمیشە براوە بووە .
ئەم پیاوە نەخوێندەوارە ، نەخشی وای لە دروستکردنی سندوقی ماڵاندا
دەکرد ، من ئەوکات کە دەمخوێند ، نەمدەتوانی دروستی بکەم ، (جەنجەڕ) و
(هەوجاڕ) و (شەغرە) و زۆر دروستکراوی تری ئەم پیاوە ، ئەگەر ئەنفال
نەبایە ، ئەوا بۆ ماوەیەکی زۆر لە لادێکانی شواندا وەک بەڵگەی دەست
ڕەنگینی ئەم زاتە دەمایەوە و بۆ کەلەپوری نەتەوایەتیشمان دەتوانرا
سودیان لێوەربگیرێت . (بەداخەوە ئەم پیاوە گەنجینەیەک بوو ، بەڵام بە
هۆی منداڵی ئێمە و نەبونی کەسێکی دڵسۆز و بەتوانا لەو سەردەمە ، نەکرا
سودی لێ وەربگیرێت ، لە گەڵ نەمانی خۆیدا هەموو بیر ە تێڕامانەکانیشی
فەوتان).
ئەم پیاوە دەستڕەنگینە ، زمانێکی ڕەوان و خۆش و لێکدانەوەی زۆر بەهێز و
پێشبینی ورد و دروستیشی هەبوو . من پێش ئەوەی بگەڕێمەوە خزمەتی (حەمە
خورشید) ، باس لە یەک پێشبینی ئەم سۆفی یە دەکەم . خومەینی ڕابەری
شۆڕشی ئیسلامی لە ئیران ، تازە خەریک بو دەهاتە سەر حوکم ، هێشتا کەس
مەزەندەی خەراپی بۆ دەبرد ، جگە لەوەی کە هەموو سەرچاوەکان پێشبینی
(ئەرێنی و پیاوباشی) یان لێی دەکرد ، بیرمە عەقڵی ئەم پیاوە پیرە گۆڕ
نورانیە بە تەنها سەنگەری لە هەموان گرتبوو! فەرموی (ئەمە خومەینی نیە
، ئەمە دەبێتە خوم بۆ هەموو عالەم) لەوێ کەسە خوێندەوارەکان دەیانگوت
(ونسە شێت) قسەی خۆی هەر دەکات ! بە واتایەکی تر (ئەمە قسە و
لێکدانەوەی پیاوێکی پیر و شێتە) .
هەر زوو خومەینی و شۆڕشەکەی سپی کرایەوە و بو بە مایەی ئەو هەموو
کاولکاریەی تا ئێستا بەردەوامی هەیە .
حەمە خورشیدیش ، گۆڕیان پڕ نور بێت ، لە حەفتاکاندا ، کە شۆڕشی کورد،
لە گەرمەی ڕێکەوتننامەی ١١ ئازار دا سەرمەستبوو ، هەمومان باسمان لە
ئاشتی دەکرد و بە شان و باڵی ( مفاوچات ) دا هەڵمان دەدا ، کەچی ئەم
پیاوە بێوەیە ، دەیفەرموو (ئەگەر جەلال تاڵەبانی ، ژنێک و ئەسپێک و
بڕنەوێکم) بداتێ (من موافەزات نێکەم) واتە مفاوچات ناکات ! بەمیشیان
دەگوت ( سەیر ئەم شێتە کەن) سەیری ئەم عەقڵە کەن خەو بە چیوە دەبینێ ،
یان دەیانگوت ، (بابە کێ قسە لە شێت دەگرێت؟؟).
من ئەمڕۆ ئەم ڕاستیەم لا گەڵاڵە بوو ، کە (نەخێر ئەوانەی ئەو کاتە قسەی
ڕاست و لێکدانەوەی ڕاستیان هەبو ، ئەوان شێت نەبون ، ئەوان یاغنیش
نەبون ، بەڵکو ئێمە بە تایبەتی سەرکردایەتی سیاسیمانە توشی پەتای
هەڵخەڵەتاندن بونە) ، ئەوێ ڕۆژێ بە کەسانی ژیر وتراوە شێت! ئێستا
دەردەکەوێ ئەوە ئێمەین شێتین ، لە پێش حەفتاکانەوە پەیتا پەیتا
پێیەکمان لە بەغدای عەرەبیە ، دەستێکمان لە دەستی دوژمندایە و
بەردەوامیش کڵاو لە سەر کڵاو دەکرێتە سەرمان و کەچی هێشتا بە هۆش خۆمان
نەهاتوینەتەوە !! هێشتا لە قەیرانی بڕوا بەخۆ نەبونداین!! لە قەیرانی
نەبونی سەرکردایەتیەکی بوێر و پڕهیمەتداین ، لە قەیرانی خۆ بەکەم
زانینداین ، لە قەیرانی دوو وتاری و دوو دەموچاوی دەمامکداریداین!!
شاعیری نەمر پیرەمێرد فەرمویەتی (هەزار ساڵ بکەیت بێگانە پەرستی ....
هەر دەهێنی نوشوستی) ، بەڵێ کورد لە باشوردا دەبێت لەوە دڵنیابێت ، کە
مەحاڵە لە عێراقێکی عەرەبیدا چارەسەری تەواوی کێشەکانی بکرێت . زۆر
لەمێژە وتومە ، کورد شەڕێکی لە پێشە تا زوتر بیکات درەنگە و زەمەنیش
چاوەڕوانی کەس ناکات!!
mxembar.kerkuki@gmail.com
|