په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٩\٧\٢٠٢٣

حەمیدەفەندی، شیعر و شۆڕش.

یاسین برایم      


(٦٥) ساڵ بەر لە ئەمڕۆ، شیعرێک لە گۆڤاری هەتاو، لە ژێرناوی (میرم با بەس بێ١)، بە قەڵەمی گەنجێکی برادۆستی بە ناوی (حەمید حوسێن مەلا سیدەکانی٢) بڵاوکراوەتەوە. شیعرەکە (١٦) دێڕە.‌ ڕەنگە ئەم شیعرە لە خەیاڵ و زمانی کەسمان نەبێت و شیعرێکە و لەنێو گۆڤارێکی کوردی بە تاقانەیی ماوەتەوە. بە کوردییکی جوان و ڕەوان نووسراوە، سادە وەک دڵی ئەو مرۆڤە. لەنێونیشانی شیعرەکە ئەمە دیارە،‌ ئاڕاستەی میر (پاشا و گەورەی وڵات) کراوە. وەک نزایێکە و داواکاریێکە لە شێوەی شیرەت، تێیدا باس لە زوڵم و گرتن و کوشتن و تاوان و چەوساندنەوەی میللەتی کوردی هەژار دەکات. لە ڕێگەی پەیڤەوە،‌ دیوێکی ناشیرینی دەسەڵاتی ئەو سەردەمە دەخاتە ڕوو. شیعرەکە چەند هەفتەیێک پاش ڕووخانی ڕژێمی پاشاییەتی نووسراوە. بەشی زۆری شاعیرانی ئەوکات شیعریان بۆ ئەو ڕۆژە نووسیوە و هەستی خۆیان دەربڕیووە. بە نەمانی ڕژیمی پاشایەتی و هەڵهاتنی خۆری ئازادیی (عەبدولکەریم قاسم) یان لە قەڵەم داوە. ئەو شیعرەش ڕەنگدانەوەی ئەو ڕووداوە ڕەشەیە، کە تێیدا کۆتایی بە ڕژێمی پاشایاتی دێت. بیری زۆربەیان وابوو ئیدی لەمەودوا، وڵات بەرەو خۆشی و ئازادی و ئارامی و یەکسانی و کەشوهەوایێکی سیاسی و کاتی بەدەست دەهێت و خەڵکی عێراق دەحەسێتەوە؛ وەلێ دەسەڵاتی دوای ئەویش، لەسەر هەمان ڕێچکەی جاران ڕۆیشت و بگرە ڕەشتر و خوێناویتر و ماڵوێرانیتر دەرچوو. لەم شیعرە گلەیی دەکرێ و ڕەخنە دەگرێ لە (بەگ) ێکی نەخوێندەوار، دەبێتە ئەندامی پەڕلەمانی عێراق، ڕەنگە ئەم بەگە هەرکوردی خۆمان و دەڤەری خاوەن شیعرەکە بێ. لە دوای دروستبوونی دەوڵەتی عێراق، بەشی زۆری کەسانی دەستڕۆیشتوو و ئاغا و بەگ و شێخ و سەرۆک خێل و عەشیرەت، دەکرانە ئەندامی پەڕلەمان. ئەم دیاردە و کولتوورە ناشیرین و نەخوازراوە، لەسەردەمی ئێستەش برەوەی هەیە. لەم شیعرە سێ کەسی دەسەڵاتدار ناویان هاتووە. کەسیێک وەک مەلیک، مەبەستی مەلیک فەیسەڵی دووەمە٣‌. پاشایەکی بچکۆڵ و نەزان و ساویلکە و بێدەسەڵات. (وەسی٤)، خاڵی پاشا و (نووری سەعید٥) ی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتەی ڕژێمی عێراق. ڕەخنەی تووندیان لێ دەگرێت و لەکاتێکدا ئەو سێ کەسە لە ژیان نەماوون. شیعرێکی سادەیە و هی گەنجێکی کوردپەروەرە، بوێرانە دەئاخڤێ و حەقگۆ و ڕاست و جوان و پڕ هەڵوێست. دواتر دەچێتە بەرەی گەلە چەوساوەکەی و بە (قەڵەم و تفەنگ) و سەنگەر لە دژی زوڵم و داگیرکاری و ناحەزانی کورد دەگرێت، تا دەمرێت ئەم سەنگەرە جوان و پیرۆزە چۆڵ ناکات و بگرە پیرۆزتر و پتەوتریش دەکات، تا چۆک بە دوژمنان دادەنێت. ڕاستییەکەی. هەڵوێستی جوانی ئەم شیعرە لە کار و کردەوەی ئەو مرۆڤە ڕەنگیداوەتەوە. تا ژینئاوایی، لەبەرەی گەلە چەوساوەکەی دەبێت. ئەو نەبوو بە شاعیر و خاوەنی دیوان. نەبوو بە شاعیری ڕژێم و دەسەڵاتداران و دەربار و دیوانی ئەوان گەرم بکات. ئەو ڕاستگۆ بووە لە گەڵ خودی خۆی، کە نەیتوانیوە ئەسپی خۆی لە مەیدانی شیعر تاوبدات، وازی هێناوە. چیدیکەی نەنوسیووە و چ ڕستە و وشە و دێڕە شیعڕیکی ئەو، ناچێتە نێو چ گۆڤار و ڕۆژنامەیێک. لە چ کۆڕێک شیعر ناخوێنێتەوە و کەس بە شاعیر نایناسێت و هەر ئەم شیعرەی لە گۆڤاری هەتاو بەرچاو دەکەوێت، بەهرە و ئیلهام و هەتاوی شیعری ئەویش بۆ هەمیشە ئاوا دەبێت.


" من لە نێزیکەوە ئاگاداری ژیان و کار و چالاکییەکانی ئەوم، بەس ئەو شیعرەیەی نووسیوە و چ شیعرێکی دیکەی نییە، ئەوکات من لە پۆلی یەکەمی ناوەندی بووم لە ڕواندز لە ساڵەکانی ١٩٥٩ و ١٩٦١، پێشتر ئەویش لە ڕواندز بوو و شیعرەکەشم خوێندووتەوە و منیش ئەوکات شیعرم دەنووسی و ئیستاش هەمە، بەس لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول، مامۆستا بووە پێشمەرگە و چ شیعر و نووسین و شتی دیکەی نییە و دابڕا و چووە شاخ، بەس کەسێکی ڕۆشنبیر و شارەزا و فەرماندەیێکی لێهاتوو و ئازا بوو ئەوە لای خەڵک ئاشکرایە.‌٦".

 ‌
ئەو مامۆستا کوێستانییەی نەبوو بە شاعیر، وەلێ بووە نموونەیێکی جوان، شۆڕشگێڕێکی بوێر و ناسراو و پڕ سەروەریی و بەرخودانی مەزن. بۆ بەدەستهینانی ماف و ئازادی و داد و یەکسانی، بەرگری لە خاکە ژیردەستەو میللەتە چەوساوەکەی دەکات. ژیانێکی سادە و خاکیی و بەهادار هەڵدەبژێرێت. لە شۆڕشدا، وەکوو شۆڕشگێڕێک و پەروەردەکاریکی پر هەڵوێست و دڵسۆز و نەوەیێکی چاونەترس و سەربڵند وەک هەڵگورد پەروەردە دەکات. فەرماندەیێک دەبێتە ڕێچکەشکێن بۆ خەبات و قوربانیی و بەدەسهێنانی ئازادی و ڕزگاری و مافە ڕەواکانی گەلی کورد.


شیعرەکە، بۆ جوانی یار و خۆشەویستی و ژوان نییە. بۆ نیشتیمانیکە، ئەو وەک ئاشقێکی وەفادار، لە پێناوی قوربانیی دەدات. ئەو دەبێتە هۆگری شاخ و لووتکە و بەرد و کانیاو و ئەشکەوت و گرد و نهالەکان، دەیکاتە ژوانی هەمیشەیی. ئەشق لە پێناو نیشتمان و ئازادی. وەک هێمن هاواردەکا:
ئاشقی چاوی کەژاڵ و گەردەنی پڕ خاڵ نیم
ئاشقی کێو و تەلان و بەندەن و بەردم ئەمن٧.


ئاشقی نانە ڕەقە و شۆڕشێکی ماندوو و هەوای ئازادی و هەڵۆی لووتکەکان دەبێت و باوەشی گەرمی نیشتمان بەرنادات. ئەو نەبوو بە شاعیر، بوو بە شۆڕشگێرێک لە چەشنی گیڤارا.

میرم با بەس بێ کاری زۆرداری
کردەوەی پیس و ئیشی بەدکاری
بەسە واز بێنە لە پیاوی هەژار
ڕەش و ڕووت مەبە بۆ سوخرەو بێگار
نەماوە دەوری کوشتن و برین
ڕێگری و چەتە یاخۆ ماڵ دزین
بەسە واز بێنە تۆ لە خوێن مژی
پیاوت مەنێرە، گا جووت بکوژی
گەر تۆ ئیسلامی بەخۆت دەڵێی میر
چۆن هێرش ئەبەی بۆماڵی فەقیر
گەر پیاوی چاکی خاوەنی ئایین
چۆن حەق وەرئەگرێ تۆ لە مێش هەنگوین
بەگم لە پیشەت بەسە وەرە خوار
تۆش ڕووخای ئەمجا لەگەڵ ئیستعمار
ئەو ڕۆژە شکا، پشتی ئێوەی بەگ
نوری و وەسیان ڕاکێشا وەک سەگ
جارێکی دیکە تۆ بە چاوانت
نابینیتەوە جێگەی جارانت
هەر لەبەر ئەوەی سەرمایەداری
دوژمنی کورد و چینی هەژاری
یا لەبەر ئەوەی لەسەر سنوری
جاسوسی بکەیت لەبۆ مام نوری
کەی ئەبێ نائب، نەخوێندەوار بێ
هەر ئاغا و بەگ و پیاوی زۆردار بێ
خاوەن دێهات و چەک و دینار بێ
لەبۆ حکومەتی، وەک خزمەتکاربێ
ئا بەم شێوەیە، مەلیک بۆی نووسی
بیکەرە نائب، ئەی خاڵە وەسی
قوڕت بەسەری نامە گیراوە
بۆ کوێ دەر ئەچی لەم بەند و باوە
هەموو دەزانن، دەستەی جمهوری
نائیبەتی تۆو پیلانی نوری.

____________________________________________
پەراوێز و سەرچاوەکان:
١. گۆڤاری هەتاو، ژمارە (١٤٤). ٣٠/١١/١٩٥٨، ساڵی پێنجەم.
٢. حەمید حوسێن حەمەد (حەمیدەفەندی) (١٩٣٤-٢٠٢٣), دەرچووی پەیمانگەی مامۆستایانی هەولێر، لە گوندی دێلزیان دەبێتە مامۆستا و دواتر دەبێتە بەڕێوەبەری قوتابخانەی سیدەکان؛ لەگەڵ هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوول دەبێتە پێشمەرگە و چەندان پلەی جۆراوجۆر دەبرێت و تا دەبێتە وەزیری پێشمەرگە. زمانی ئینگلیزی و عەرەبی و فارسی باش زانییوە. فەرماندەیەکی دیار و کەسێکی کوردپەروەر بووە.
٣. مەلیک فەیسەڵی دووەم (١٩٣٥-١٩٥٨)، تەمەن ٢٣ ساڵ. کەمئەزموون و بێدەسەڵات.
٤. عەبدولئیلاهی وەسی (١٩٠٩-١٩٥٨) خاڵی مەلێک فەیسەڵی دووەم بوو، زۆر خراپ و زوڵمکار بوو، دواتر گرتیان و لە گۆڕەپانیکی شاری بەغدا هەڵیانواسی و دواتر پارچەپارچەیان کرد.
٥. نووری سەعید (١٨٨٨-١٩٥٨) لە (١٠٣٠-١٩٥٨) سەرۆکوەزیرانی عێراق بوو بۆ ماوەی ٢٨ ساڵ حوکمی کرد و ١٤ جار بووە سەرۆکوەزیران و لە کودەتایەکەی ١٤ی تەمووز بە جلی ژنان گیرا و کوشتیان.
٦. فەرزندە ئەفەندی حوسین، ١٩٤٥، سیدەکان، خانەنشین بە پلەی بەڕێوەبەری گشتیی، هەولێر، ٧/٣/٢٠٢٣.
٧. دیوانی هێمن موکریانی، شیعری کوردم ئەمن، بەهاری ٢٧٠٨، ل٨٩.

 

ماڵپه‌ڕی یاسین برایم

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک