په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

      هه‌میشه‌ نهێنیه‌کانی ره‌شه‌با.

ئەمین محه‌مه‌د

1.
ڕەشەبا
لە گەرووی ئەشکەوتەکانا
خۆی بە تەنیا ڕاکشاوە
خەوی ترسناک دەبینێ
بۆیە زوو .. زوو ڕادەچەنێ.


2.
ڕەشەبا
تووڕەبوونی خوایە لە دارستانء باخچەکان
ئەو هەمیشە
گەڵاو پرچیان دەڕنێتەوە.


3.
هەمیشە ڕەشەبا
زۆران لەگەڵ درەخت ئەگرێ
بەڵام دەگمەن دەیباتەوە.


4.
سروشت چەندە،
بۆ پەلکەزێڕینە پێدەکەنێ
سەد ئەوەندەش
بە دەست ڕەشەباوە ئەگری.


5.
ڕەشەبا دەیەوێ
بە تووڕەبوونی لە درەخت
مێژووی ڕق بنوسێتەوە.

6.
پەپولەء تۆ
چەند جیاوازن ئەى ڕەشەبا
کە هەڵدەکەیت
تۆ چڵى گوڵێ ئەشکێنی.
ئەو بۆی دەگرى.


7.
سوپاس بۆ تۆ
ئەى ڕەشەبا
کە ئەم بێدەنگیەت شکاند
بە گڤە گڤ
منت فێری گڕوگاڵ کرد.


8.
لە ناوەختا
خۆت ئەکەیت بە ماڵ بە ماڵء
کۆڵان بە کۆڵانی شارا وەکو شوناس.
تۆ لە مێژە بۆ شارەکەم
بوویت بە پێناس.


9.
کە شەوان دێی
لە زریکەی هەڵوەرینی گوڵە هەنارو
ناڵە ناڵى پیرەداری حەوشەکەمان
بە ئاگا دێم،
لە شریخەی قامچی دەنگء
حیلەحیلء کۆڕژنی وەرینی گەڵا
بە ئاگا دێم.


10.
گەر دەتەوێ پێشوازیت کەین
لە دڵماندا جێگەت هە بێ
ئەى ڕەشەبا
ئەمجارە کە هاتیتەوە
چەتوونیەکانت دوور دانێ
دڵى پەنجەرە مەشکێنەو
بە دیواردا هەڵمەگەڕێ
پەنجە بنێ بە جەرەسداو
لە دەرگاوە وەرە ژوورێ.


11.
هێندە پرچت شێواندووە
تۆ ناترسیت
ڕۆژێ شانە لێت ڕاپەڕێ؟ !


12.
سەد هێندەی تر بە توانا بیت
تۆ ناتوانیت تا هەتایە
سەری درەختەکان نەوی کەیت.


13.

بە هەر جێیەکدا ڕابووری
گڵ دەنگی گریانی لێ دێ
ئاو بینایی خۆی ون دەکا
باڵندە ماڵ وێران دەبێ
منیش دڵم پڕ ئەبێ لە تەرمی گەڵا.


14.
بۆ یەک چرکە چاوت لێکنێ
ئەو کوکوختیە دەیەوێ
تەرمی بەچکەو چڵء چێوی
هێلانەکەی کۆکاتەوە.


15.
چەند دزێوی ئەی ڕەشەبا
کاتێ کە دێیت
نە درەختێ چاوەڕێتەو
نە باخچەیەک
گوڵ دەنێرێت بۆ پێشوازیت.


16.
زۆر ئێواران
تۆ مانشێتی دەنگوباسیت
ئاى چەند ماڵت کاول کردوو !!
چەند هێلانەی عەشقت شێوان !!


17.
کە تۆ ئەمریت ئەى ڕەشەبا
نە پەپولە دڵگیر ئەبێء
نە کۆترێ باڵى فڕین نەوی ئەکا.


18.
تۆ پڕ چنگێ گڤە گڤء
چارۆکەیەک وژەوژو
قولانجء نیوێ تەمەنی
ئیتر بە چی خۆت دەنازیت؟


19.
من ئەو هێزەم کە ڕادەبم،
لەبەر پێما دار خۆی گرمۆڵە ئەکاتء
باخ وەک شۆڕە بێ دەلەرزێ
گوڵ دەستی لەسەر دڵیەتی.


20.
دواهەمین نامەی ڕەشەبا
بۆ پەپولە پایزەیەک
- نەکەس توانی قۆڵبەستم کاو
نەئەشتوانێ
سنوورێ بۆ دەستەڵاتەکانم دانێ.


21.
ئەبێ ڕۆژێ، بەتاڵى پرچێ بتبەستم
باخ پێوەندت بکاتە پێ
هەڵوەرینی خۆت ببینی،
بێگومانم ئەو ڕۆژە دێ.


22.
ڕەشەبا، ڕاکردنی کۆی سەرنجە،
یاخی بووەکانی منە،
بە شوێن پارچەى جەستە بزربووەکەی ئەودا
بۆیە کاتێ کە هەڵدەکا
ئەو هەمیشە دەستی لەسەر دامێنیەتی.


سلێمانی