١٩\١٢\٢٠١٣
بە بۆنەی تیرۆرکردنی شەهیدی
قەڵەم کاوە گەرمیانییەوە:
هەموو جارێ دەبێ
ببینە مەهزەلە
لەسەر دەستی پیاوکوژ و مافیاکانی ئەم گەلە.

عارف کەریم
وا
جارێکیتر دەستی تیرۆر و تاوان و خیانەت گەیشتە قەڵەمێکی تری ئازاد و
بنەماڵەیەکی هەژاری ئەنفالکراو ، بنەماڵەیەک کەلەقووتی ڕۆژانەیان
بەولاوە خاوەنی هیچی تر نەبوون،سیمای هەژاری و نەبوونی و پاشماوەکانی
ئەنفال بەمانەوە دیاربوو، بنەماڵەکە بنەمالەی لاوێکی تازەپێگەیشتووی
خوێنگەرم و ئازاو نەبەز ، خاوەنی قەڵەمێکی بوێر و ئازاد کاوە گەرمیانی
بوو کە لەپێناوی ئازادی و وشەی ئازادا ، لە پێناوی ئاشکراکردنی گەندەڵی
و دەست پیسی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتیدا گیانی خۆی بەختکرد.
تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی پەڵەیەکی ڕەشە بە ناوچەوانی بکوژەکانیەوە و
هەتا هەتایە لێیان نابیتەوە ، بکوژەکان پێیان وابوو بە تیرۆرکردنی ئەم
قەڵەمە ئازادە دەتوانن قەڵەمی ئازاد و بیری ئازاد و دەنگی ئازاد لە
کوردستاندا بێدەنگ بکەن، بەڵام بە پێچەوانەوە نەیانزانی کە تیرۆرکردنی
کاوە گەرمیانی دەیان کاوەی تر بەرهەم دێنێ و هەموو دنیا دەهاژێنێ و
دەوروژێنێ لە ناوەوە و دەرەوەی کوردستان ، نەیانزانی کار دەگاتە ئەوەی
ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و
ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و لێخۆشبوونی نێودەوڵەتی و گەلێکی تر لەسەر ئەم
تاوانە قێزەون و چەپەلە دێنە دەنگ و نارەزایی خۆیان دەردەبڕن و داوای
ئاشکراکردنی بکوژەکان و ئامادەکردنیان بۆ بەردەمی دادگا دەکەن.
لەگەڵ تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانیدا ژمارەیەک لە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی
یەکێتی ناڕەزایی خۆیان نیشاندا و دەستی بکوژەکەیان مەحکوم کردو کەوتنە
تەسریحدان و درووستکردنی لیژنەو سیناریۆی جیا جیا بۆ ڕازیکردنی خەڵکەکە
، بەڵام ڕۆژنامەنووسان و قەڵەمی ئازاد و خەڵکی بە ویژدان لەمەزیاتری
دەوێت لە مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و
قەبوڵیان نییە ئەوان ڕاست و دروستی مەسەلەکە لە میللەت بشارنەوە و یاری
بە ئەقڵی خەڵکی کوردستان بکەن.
داوای خەڵک ئەوەیە ناوی کەسەکە ئاشکرا بکەن کە فەرمانی داوە بە بکوژەکە
بۆئەوەی کاوە تیرۆر بکات لەگەڵ ڕوونکردنەوەی تەواو لەسەر هۆکاری
تیرۆرکردنەکە ، لەمە زیاتر رێگاچارەی تر لەبەردەمی یەکێتیدا نییە
بۆئەوەی ڕزگاری ببێت لە فشاری جەماوەر و لەهەمانکاتدا بۆئەوەی ببێتە
دەرس وپەند بۆ لایە سیاسیەکانی تر کە نەتوانن جارێکیتر چنگ بخەنە خوێنی
هاوڵاتی بێتاوانی ئەم کوردستانەوە.
تیرۆرکردنی کاوە گەرمیانی یەکێتی تووشێ قەیران و شکستی سیاسی کردوە و
چەند هانگاوێکی بردۆتە دواوە و پەڵەی ڕەشی لەسەر سومعەی سیاسی ئەو
داناوە ، بەتایبەتی دەنگی ئازادو بڵندی خەڵکی کوردستان گەیشتۆتە
ڕێکخراوی سۆسیال ئینتەرناسیۆنال لە ئەوروپا کە یەکێتی ئەندامە تیایدا و
ئەوەندەی تر بارەکەی قورس کردووە لەسەر شانی ئەوان و یەکێتی هێناوەتە
بەر دەمی دووریانێک : یان ئەوەتا وەکو جاری جاران پابەند بن بە
ڕێککەوتننامەی ستراتیژی نێوان خۆیان و پارتییەوە و بێدەنگیی هەڵبژێرن
سەبارەت بە شاردنەوەی تاوانەکان و خۆیان بدزنەوە لە دۆسیەکانی سەردەشت
عوسمان و سۆرانی مامە حەمە و شێخ ستار و شەهیدانی
١٧ی شوبات و دواتریش شەهید کاوە گەرمیانی ، یان ئەوەتا ئازایانە
و بە زووترین کات ویژدانی خۆیان ئاسوودە بکەن و کاری جدی بکەن لەسەر
ئەو دۆسیانە و چی زووترە نهێنییەکان ئاشکرابکەن و تاوانباران ڕادەستی
دادگا بکەن و بەڵێنیش بە میللەت بدەن کە جارێکی تر قەڵەمی ئازاد وبوێر
تیرۆر نەکرێت لە کوردستاندا .
ئەگەر یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕێگای یەکەمیان هەڵبژێری و مل نەنێ بۆ
ددان پێدانان بە ڕاستییەکاندا و ئاشکراکردنی بکوژەکان و هەموو ئەوانەی
لەدوای ئەمەوەن و پشت بکاتە داخوازییەکانی خەڵی کوردستان ، ئەمە ئەگەر
هیچ نەگەیەنێ ، ئەوە دەگەیەنێ کە ئەوان فڕیان بەسەر مەسەلەی دیموکراتی
و ئازادی و مافی مرۆڤەوە نییە و لەمەودواش بەردەوام دەبن لە
چەواشەکردنی خەڵکیی و چاندنی ترس و تۆقاندن لە دەروونی خەڵکیدا و بەم
کارەیان دەیسەلمێنن کە خەبات و تێکۆشانی شاخیشیان کە زۆر شانازی
پێوەدەکەن فشە خەبات بووە و کۆپییەکی کار و کردەوەکانی ئێستایان بووە.
١٩\١٢\٢٠١٣
- ستۆکهۆڵم
ماڵپهڕی عارف کهریم
________________________________________________
•
بۆ دیتنی سەرجەمی بابەتەکانی دۆسیەی شەهیدی پێنووس (کاوە گەرمیانی)
لێرە کرتە بکە:
http://www.emrro.com/dosyeykawe.htm
|