٣٠\٥\٢٠١٣
ههموو کاتێک
بیرت دهکهم.

ئیسماعیل محەمەد
(١)
ئەو کاتەی باران دەبارێ
من چەتر هەڵنادەم و
دەمەوێ
هەموو گیانم بۆنی
تۆ و باران بگرێ
تا نە خۆم ونکەم نە تۆ...
(٢)
من هەرچەند دەکەم
سەرم لە دوو شت دەرناچێ
نازانم!
لە کامەیان بۆت بگەڕێم و
بتدۆزمەوە
پێم بڵێ؟
بەرەو ئاسمان باڵت گرتووە
یان لەگەڵ باراندا رۆچوویتە ناو زەوی
ئاخر نازانم چۆن ئاسمان
راتدەگرێ و
زەوی دەتکاتە هاوڕێی خۆی...
(٣)
من بارانم خۆشناوێ و
بە وەرزی عەشقی نازانم
باران بەشێکە لە ونبوون
بەشێکە لە خنکان
کە تۆ لە باراندا غەرق
بی و
منش وەکو منداڵ
مات و کز
بە دیار تۆوە
دانیشم و دڵگران بم
پێم ناڵیی ئاخر کام دڵۆپ
دڵخۆشم دەکا و
جەستەی تۆم نیشان دەداتەوە...
(٤)
لە مانگ درەوشاوەتر تۆی
کە هەموو شەوێک
زەوی رووناک دەکەیەوە
وەکو خۆر سبەینان هەڵدێی و
ئێوارانیش ئاشنام دەکەیەوە
بە ژوورە تاریکەکەم
وەی خودا
تۆ چۆن ئاوا
زەویت سەرسام
کردووە ماڵوێران...
(٥)
تۆ وەکو شێتێکی
برسی وای
ئەو کاتانەی سەرت
بە ئامێزمەوە دەنێی
حەز دەکەی هەمیشە
وەکو منداڵێک لێم جودا نەبیتەوە...
(٦)
ئاسمانێک
کە تۆی نەبینیبێ
من نامەوێ
بارانێک
کە بۆنی تۆی لێنەیێ
من ناچمە بەری
ژیانێک
کە تۆی تێدا نەبێ
من نامەوێ تێیدا بژیم
دڵێک
کە نەتپەرستێ
من بە دڵی خۆمی نازانم.
ismael_mahamad@live.com
|