٨\٣\٢٠١٤
هەموو کۆمەڵانی
خەڵک، مافەکانی ژنان بە
فەرمیی بناسن.
هاوکات
لەگەڵ ئەوەى ٨ى مارس وەک رۆژی ڕێزلێنان لە
ڕوومەت و پێگەى ژن پیرۆز دەکەین. یادى ناڕەزایەتیى دەیان ساڵەى ژنانى
رەنجدەر و کرێکار بەرز رادەگرین، کە رێک لە هەمان رۆژدا بە نوێنەرایەتى
دوو چین و توێژى بنچینەیى کۆمەڵگا، واتە
ژنان و کرێکاران رسکان لە دژى سیستمى چەوسێنەر و باڵادەستى پیاوسالار و
سەرمایەیان کردە کانگاى ناڕەزایەتى و راپەڕین. ئەوەش لە هەناوى
بەرەنگار بوونەوە لە دژى چەوسانەوەوە هەڵقوڵاوە.
زۆربەى کات ژنان بۆ وەدەست هێنانەوەی مافی زەوتکراوى
مرۆیی خۆیان و نەهێشتنی هەرجۆرە جیاوازییەک
لە ناو کۆمەڵگا، دەستپێشخەر بوون. لەو کاتەوە کە هەستی نابەرابەری و
جیاوازی بینراوە، ئەو تێکۆشانانەش دەستیان پێکردووە و بەردەوام بۆ
بەرفراوانکردنی داخوازییە ئازادیخوازانەکانی خۆیان و کۆمەڵگا پێداگریان
کردووە و لە پێناوەدا نرخ و بەهایەکى زۆریان داوە. هەر لەبەر ئەوەشە
ژنان لەو رۆژەدا لەسەرانسەرى دونیادا دەسکەوتەکانیان وەبیر دەهێننەوە.
بەڵام سەرەڕای تێپەڕینی ساڵیانێکی زۆر لە دەستپێکی ئەو جۆرە لە خەبات و
هەروەها گرینگتربوونی رۆڵى کۆمەڵگاکانی مەدەنی و سازدانی رێکخراوەکانی
مافی مرۆڤ و ناونەتەوەیی و تێکۆشانی بەردەوامی ژنان و داکۆکیکارانی
مافەکانی مرۆڤ لەو ساڵانی دواییدا، ئێستاش بەو جۆرەی، کە پێویستە ئەو
توێژەی کۆمەڵگا بە مافەکانی خۆی نەگەیشتووە و بەردەوام لە سەرانسەری
جیهاندا رووبەڕووی زۆرترین زوڵم و توندوتیژی دەبنەوە.
ئەو وەزعە لە رۆژهەڵاتی ناوین و ئەو وڵاتانەی، کە شەڕ و ئاڵۆزیان
تێدایە، یان ئەو وڵاتانەی، کە لە ژێردەسەڵات و کاریگە ریى دین و نەریت
و دەمارگرژیدان قورسایى زیاتر بەسەر شانى ژنانەوە دەکات. زاڵبوونی
فەرهەنگی عەشیرە و ئیسلام بە سەر یاساکاندا، بوونی یاسای جیایکاریکردن
لەو وڵاتانەدا وەک زەوماوەند لە گەڵ زڕ کوڕ و زڕکچ، یاساکانی فرەژنی،
پشکدانان لەسەر بنەماى رەگەزی، تۆقاندن و سەرکوت و دەستگیرکردنی
داکۆکیکارانی مافی ژنان، ئەشکەنجە و سێدارە و دوورخستنەوە، لەو
نموونانەن، کە ساڵانێکى زۆرە بوونەتە رێگرێ گەورە لەو بەردەم هاتنەدیى
مافەکانى ژنان و دیموکراسى و دادپەروەرى لە کۆمەڵگادا.
لە لایەکی دیکەشەوە بە فەرمی نەناسینی ئەو رۆژە لە لایەن دەوڵەتێکی وەک
ئێرانەوە، خۆی لەخۆیدا بە مانای قەبوڵ نەکردنی خەبات و مافى بەرحەقی
ژنانە.
ئەرکی هەر تاکێکی کۆمەڵگا و هەموو دام و دەزگا و رێکخراوەکانی مافی
مرۆڤە تا لە پێناو نەهێشتنی داب و نەریتە ڕزیوەکان، بە نووسینەوەی
یاسای نوێ و هەوڵدان بۆ سازکردنی کولتوری نوێ و سازکردنی کۆمەڵگایەکی
ئارام بەرەوهەلومەرجێکی رەخساو بۆ مافەکانى ژنان هەنگاو بنێن تا هەر چی
زۆرتر شایەتی گەشەکردنیان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا
بین.
بەو پێیەش کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان جارێکی تر ٨ی
مارس لە هەموو ئازادیخوازان بە تایبەت ژنان پیرۆز دەکات و خوازیاری
ئەمەگداری و پێزانینی بایەخەکانی ژنان و بە فەرمی ناسینینیانە لە لایەن
هەموو کۆمەڵگاکان، بە بێ لەبەرچاو گرتنی جیاوازی فکری و نەژادی، زمانی،
فەرهەنگی، ئابووری و سیاسی و نەتەوەیى.
کۆمەڵەی مافی مرۆڤی کوردستان
kmfsverige@gmail.com
|