هه‌موو لایه‌ک ته‌نها ئیدانه‌ی ده‌که‌ن!
تاهیر حاجی‌حه‌سه‌ن
ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌سه‌رۆکایه‌تی کۆماره‌که‌شیه‌وه
وایان لێهاتوه ته‌نها ئه‌رکیان بووه به ئیدانه کردن و شه‌رمه‌زار
کردنی ئه‌و ڕوداوانه، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا هه‌رچی لایه‌ن و هێزه ده‌ره‌کیه‌کانیشه
هه‌ر کاریان ئیدانه کردنه. ته‌نانه‌ت نوێنه‌رانی حیزبی به‌عسی
ڕوخاویش ئیدانه‌ی ئه‌و کاره تیرۆریستیه ده‌که‌ن له وڵاتانێک که لێی
نیشته جێن؟ ئه‌ی ده‌بێت کێ به‌رپرسی سه‌ره‌کی نێو ئه‌م مه‌رگه‌ساته‌ی
ژیانی خه‌ڵکی بێت؟ وای لێهاتوه بڵێین مه‌گه‌ر خودا بۆخۆی بزانێت کێ
لێی به‌رپرسیاره؟ ڕاسته عێراق له مێژووی ڕابردویه‌وه تا ئێستا هه‌رده‌م
نه‌یتوانیوه ئارامی به‌خۆیه‌وه ببینێت، ده‌رئه‌نجامی ئه‌و ده‌سه‌ڵاته
دیکتاتۆر و گوێله‌مستانه‌ی که هێزه زلهێزه‌کانی دنیا هه‌رده‌م ته‌حه‌کومیان
کردوه به ژیان و گوزه‌رانی ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته‌وه، ئێستاش وا ڕوون
و ئاشکرایه که هه‌مان مێژوو خۆی دوباره ده‌کاته‌وه له نێو دیاری
کردنی ئاینده‌ی ئه‌م وڵاته پڕ له کێشمه‌کێشه‌دا.
پێده‌چێت ئه‌م هێزولایه‌نانه ته‌نها خۆیان بن له نێو ئاوا کاولکاریه‌کدا،ئه‌گه‌ر نا خه‌ڵکی ڕه‌شوڕوتی عێراق له‌وه‌ته‌ی هه‌ن هه‌رده‌م کراون به سوته‌مه‌نی نێو ئه‌و سیاسه‌ته دژه ژیانه‌یان؟ بۆ ده‌سه‌ڵاتداران و حیزبه تائیفی و شوفێنی و مه‌زهه‌بیه‌کانیش، پڕکردنی زیاتری گیرفانیان له‌و سه‌روه‌ت و سامانه‌ی که ده‌بوا بۆ هه‌موان بێت. شه‌ڕی ئه‌م ده‌سه‌ڵاتدارانه شه‌ڕی باشتر کردنی ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی چه‌وساوه نیه، به‌و ئه‌ندازه‌یه‌ی خۆیان ڕۆژانه ئیدیعای بۆ ده‌که‌ن له ڕێی نوێنه‌ره‌کانیانه‌وه. به‌ڵکو شه‌ڕی بێئه‌ملاولای خۆ سه‌پاندنیانه. ئه‌و چه‌مکه‌ی ئیستا ئه‌وانی خاوه‌ن ده‌سه‌ڵاتدار و به‌رهه‌ڵستکارانیشیان باسی پێکه‌وه ژیان و دوور له ته‌شه‌نوجاتی ده‌مارگیری تائیفی و قه‌ومی ده‌که‌ن بۆ ئاینده‌ی عێراق، بێجگه له په‌رده پۆش کردنی ڕاستیه‌کان هیچی تر نیه. دیموکراسیه‌تێک ئه‌م جه‌نابی عالیانه هه‌رده‌م له‌سه‌ر زمان و بنی زمانیانه، پێک دێت له‌و جۆره دیموکراسیه‌ته‌ی تا ئیستا له نێو پرنسیپه‌کانی خودی مه‌عریفه‌ی دیموکراسیشدا هیچ جێگا‌و ڕێگایه‌کی نیه. چونکه ئه‌گه‌ر ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵکی له نێو بارودۆخێکی ئاوا ترسناکدا بمینێته‌وه و هێزه سه‌رکوت گه‌ره‌کانیش به ئاره‌زوی خۆیان بتوانن چۆنیان بوێت ئاوا پلانه حه‌قیرانه‌کانی خۆیان جێبه‌جێ بکه‌ن و هه‌ر ڕۆژه‌ی سه‌دان پرسه و شیوه‌ن گێڕان له ماڵی هه‌ژاراندا دروست بکه‌ن! ئه‌م جۆره له ئازادی و دیموکراسیه‌ته له کام جێگا جێی ده‌بێته‌وه.
به‌تاڵان بردنی ژێرخانی ئابوری ئه‌و وڵاته له‌لایه‌ن حیزبه مه‌وجوده‌کانی نێو ده‌سه‌ڵات و فرۆشتنی ئاینده‌ی ئه‌و کۆمه‌ڵگایه ته‌نها به خاتری مانه‌وه‌ی ئه‌م ده‌سته و تاقمانه‌ی ئێستا که نازانن بڕی که‌ڵه‌که بووی سه‌رمایه‌کانیان چه‌نده؟ حه‌تمه‌ن له ئاوا بارودۆخێکی پرژ و شێواودا، هێزه تیرۆریسته‌کانیش به پشتی ئه‌و لایه‌نه ناوخۆیانه‌ی کار ئاسانیان بۆ ده‌که‌ن، ده‌توانن درێژه به‌کاره‌کانیان بده‌ن و دژایه‌تی تائیفی و مه‌زهه‌بی و قه‌ومی له نێو زهنیه‌تی خه‌ڵکیدا دروست بکه‌ن له‌لایه‌ک و له لایه‌کی تریش ماڵوحاڵی هه‌ژارانیش ڕوتوو ڕه‌جاڵتر بکه‌ن؟ وڵاتی به‌ناو عێراق وای لێهاتوه نه‌ک هه‌ر سێشه‌مه‌ی خوێناوی یان چوارشه‌مه و پێنجشه‌می خوێناویه، به‌ڵکو ده‌بێت بڵێین سه‌رجه‌م ڕۆژه‌کانی که ساڵ پێک دێنن هه‌موی هه‌ر خوێناویه و باشتر وایه ڕۆژه‌کانی هه‌فه‌ته و مانگ زیاد بکرێت تا ڕۆژێکی بێخوین ڕشتنی تیا ببینرێته‌وه؟
|