١\٢\٢٠٢٣
بۆ بیرلێکردنەوە و گفتوگۆ لەسەرکردن:
هەندێ بیروڕا و سەرنج لەسەر ژیانی باشوور و
رێگەچارەی گیروگرفت و تەنگوچەڵەمەکان.

جەلال دەباغ
زۆرن ئەوانەی وتار دەنووسن، یان لە بۆنەکان و بێ بۆنەدا
وتاردەخوێندنەوە، یان بەشێوازی جۆر بە جۆربیروڕاو سەرنجیان لە سەرباری
ژیانی قورس و گران و تەنگوچەڵەمە ئابورییەکانی ئێستای گەلی کوردستان
پیشان دەدەن و بەرای خۆیان چارەسەری کێشەکان دەکەن و، هەندێک لە
بەرپرسان و نابەرپرسانیش لە مەدا بەشدارن.
بەڕای ئەوان هەموویان کێشەو بارو دۆخەکە لەم دیاردانەدا چڕ دەکرێنەوە:
بێ توانایی زۆربەی خەڵك وکەمدەرامەتی، نەتوانینی نەوت کڕین لەم سەرمای
زستانەدا، یان نەتوانینی فێنک کردنەوەی شوێنی ژیانیان لەگەرمای هاویندا،
بەهۆی کەمی یان نەبوونیی وگرانیی کارەباوە، تەنگوچەڵەمەی ئابووری،
نەدان یان دواخستنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران، یان لێبڕین
بەناوی پاشەکەوتەوە، بێکاری، دانەمەزراندنی بەهەزاران کەس لە دەرچووانی
زانکۆو پەیمانگەکان و زیادکردن و سەپاندنی جۆرەها باج وخەراج بەسەر
هاوڵاتییانداو، بڵاوبوونەوەی دزی و دیاردەی لەشفرۆشی و گەندەڵی لە
هەموو ئاستەکاندا، نەبوونی خانوو یان ئاپارتومان بۆ نیشتەجێ بوونی
هەزاران خیزانی دەستکورت و هەژار لە دێهات و شارەکان، نەتوانینی
دانەوەی قەرزو قؤڵە، نەتوانینی کڕێخانوودان یان کرێ دوکان و شتیوا،
نەتوانینی چارەسەرکردنی نەخۆشی لە خەستەخانەو لای شوێنکاری دکتۆرەکان
بەهۆی گرانیانەوە، کەمی و نەبوونیی جۆرەکانی دەرمان وگرانبوونیان و
کێشەی سەدان هەزار منداڵی ئەو خەڵکە لەخوێندندا بەهەموو جۆرەکانییەوە،
لە ئەنجامی لێدانی کەرتی گشتی و کردنیان بە کەرتی تایبەتی، خوێندنگەو
خەستەخانەو چاری نەخۆشی. داکەوتنی نرخی دراوی خۆماڵی و بەرزبوونەوەی
نرخی دۆلار کە هۆکارێکی دیارە بۆ بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کاڵای
پێویست و، زۆربوونی تاوانەکانی دزی و رووتکردنەوە، بڵاوبوونەوەی
قاچاخچێتی و قاچاخی مادە هؤشبەرەکان، کەوتنەبەر ئەنجامەکانی وشکە ساڵی،
یان لافاوی دوای هەندێ بارانبارین، ئەمانەو سەدان دیاردەی دیکەی
جۆربەجۆری هەژاری و نەبوونی..تاد.
ئەمە جگە لە بیدەنگبوون لە سیاسەتی وڵاتانی دەوروپشت و داگیرکارانی
پارچەکانی دیکەی کوردستان کە بەزۆرشێوە سەروەریی وڵات ژێرپێ دەخەن و
لەشکرکێشیی دەکەن بەبیانوی جۆربەجۆری لێدانی کوردانی ئۆپۆزیسێونی
وڵاتەکانیان کە پەنایان بۆ ئەم دیوی نیشتیمانەکەی خۆیان هێناوە.
ئەمانە هەموویان لەلایەک کە زۆربەی هەرە زۆری گەلەکەمانیان گرتۆتەوە،
لەلایەکیتریشەوە، دەوڵەمەندبوونی کەمایەتی، هەڵتۆقینی بە سەدان
کۆمپانیای جۆربەجۆری سەرمایەداریی، بازرگانی وهێنانی کاڵای هەمەجۆرە
لەدەرەوەو ساخکردنەوەیان و، فرۆشتنی کاڵاو خۆراکی ماوەتەوابووی
ئێکسپایەرو، دروستکردنی دەیان پڕۆژەی فراوانی دروستکردنی خانوبەرەو
ئاپارتومان کە ئاوو کارەباو خزمەتەکانیتریان بۆ مسۆگەرکردوون. بەنرخی
گران دەیانفرۆشن و بۆ بێ تواناکانیش داوادەکەن کە لەبانقەکانی خۆیان
قەرزی درێژخایەن وەربگرن و دەتوانن بە چەندان ساڵ بیدەنەوەو، لەو
رێگەیەشەوە هاوڵاتیان دەخەنە ژێر بارو قورسایی قەرزەوەو، مانگانە
بەملیۆنان دیناریش بەسوود و قازانج بۆ بانکەکانیان مسۆگەر دەکەن.
تێپەڕاندنی دروستبوونی ملیۆنێرەکان بەرەو دروستبوونی ملیاردێرەکان و
دەوڵەمەندبوونی لە ناکاوو بێ ئەندازەوخێرایان و، بوون بە خاوەنی چەندان
بانک و پڕۆژەی گەورە لەناوخۆو دەرەوەدا، لەم وەزعە جەنجاڵەشدا هەندێ لە
تازە دەوڵەماندەکان پارە بۆ هاوڵاتیانی هەژارو دەسکورت خەرجدەکەن بۆ
کڕینی چەندان بەرمیلە نەوت و فرۆشتنی بەنزین بەکەمتر لە نرخی ئاسایی
فەرمی و شتیوا گوایە دەماری مرۆڤ دۆستیان جوڵاوەو خێرخوازن و گوایە بەو
کارە چارەسەری هەندێ لەکەم و کورتییەکانی ژیانی خەڵک دەکەن..!! کە لە
ڕاستیدا ئەمەشیان چاری پینەو پەڕۆیە نەک بنەبڕو هەر جۆرە
پڕۆپاگاندەیەکی خۆیانە بەرە و هەڵبژاردنی پەرلەمان تا خەڵکە هەژارەکە
دەنگیان پۆ بدەن بۆ ئەوەی ئەمانە گوایە کە هاتنە سەر دەسەڵات هەموو
گیروگرفتەکانیان چارەسەردەکەن!!
تەنانەت حزبی واش هەن دەکەونە دووی ئەم بۆچوونە هەڵەیەی ئەوانەو گوایە
لەم یان لەو بۆنەیەدا یارمەتیی هەندێ خێزانی کەم دەرامەت دەدەن.!!
هەموو ئەمانە رێگەی چارەسەری گشتی و بنەڕەتی کێشەکانی جەماوەرنین و،
بەو کارو هەڵویستانەیان شۆڕش و راپەڕینەکانی کۆمەڵانی خەڵک لەباردەبەن.
لەراستیدا ئەو باری ژیانە ناخۆشەی کۆمەڵانی گەل ئەنجامی ئاشکراو دیاری
کۆمـەڵگەی سەرمایەداریین. ئەنجامی پەرەسەندنی چەوسانەوەی مرۆڤن لەلایەن
مرۆڤەوە، ئەنجامی پەیوەندییەکانی بەرهەمهێنانی سەرمایەداریی و
مۆنۆپۆلەکانیانن کە هەموو ئەو کەسە دەوڵەمەندو لایەنە تەفرەدراوانە
دەست بۆ گۆڕینیان نابەن و ئەوانەش دەسەڵات بگرنە دەست هەروادەبن و
هەرگیز ئەو کێشانەیان لە بنەڕەتەوە پێ چارەسەرناکرێت. کەسان و لایەنی
واشهەن کە بێ شەرمانەو بەئاشکراو نهێنی تەراتێنیانە بۆ نۆکەرایەتی
زلهێزەکان و بەتایبەتی بۆ ئەمریکاو، بۆخۆبردنەپێشەوە. .فەرمانڕەواکانی
عێڕاق و هەرێم ئەگەر ڕاستدەکەن با خۆپیشاندانەکانی جەماوەری داواکار
نەدەنەبەر تەقەی تفەنگ و ڕەشاش و چەکە فرمێسکڕێژەکانی بە پارەیەکی زۆر
لەدەرەوە کڕدراو. یان بەیارمەتی بۆیان نێردراو. با رۆژنامەنووس و
ڕاگەیاندنکاران دەستگیر نەکەن.
بەرپرسانی وا هەن ڕاکەڕاکەیانە بۆ سەردانی واشنتۆن، بۆ پاڕانەوەو داوا
لە فەرمانڕەوایانی ئەمریکا کە بۆ ماوەی شەش مانگێک نزخی دۆلار ڕاگرن!
ئەوەش خەیاڵێکی پووچەو بەس، چونکە قانونەکانی سەرمایەداری بە شێوازێکی
مەوزوعی کاردەکەن و، لەم لاشەوە دان بەوەدا دەنرێت کە بانکی ناوەندیی
بەغدا وابەستەی ئابوریی ئەمریکایەو، بانکی فیدراڵیی ئەمریکا لە نیویۆرک
ئاگاداری هەموو هەلس و کەوتێکی بانکی ناوەندیی بەغدایە. گوایە لەسەر
داوای ئەمریکا بۆ ماوەیەک نرخی دۆلار دادەبەزێنی..! دەشڵێن چارەسەر
ئەوەیە سیستەمی بانک بکرێتە ئەلەکترۆنی!!
هەشن دەڵێن حکومەتی هەرێمی کوردستان رێگرە لە کردنەوەی لقەکانی بانکی
ڕەشیدو بانکی ڕافیدەین لە هەرێم و داوایکردنەوەی ئەو لقانە دەکەن بۆ
چاری تەنگوچەڵەمەکە..! گوایە بانکە فیدراڵیەکان دەبنە هۆی بوژانەوەی
ئابوری! لەکاتێکدا خۆشیان زۆر باش دەزانن کە ئەوانە کێ بوون لەماوەی
هەڵبەزو دابەزی نرخی دۆلاردا بە ملیۆن دۆلاریان کەڵەکەی سەر
سامانەکانیانکرد؟؟
کارتێکردنە خراپەکەشی، کە بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاو شتومەکە یەخەی
هەژارو دەستکورتەکانی گرتەوە.
سەرنج بدەن: راگەیاندنەکانیشیان هەر هەمووی، بەم یان بەو شێوەیە بۆ
قازانجی ئەمریکاو سەرمایەداریی جیهانیە.
هەروا دەخوازری قانونی نەوت و گاز بەزویی دابنرێت، پێموایە دەبێ
ڕەشنووسی ئەو قانونە پێشەکی بڵاو بکرێتەوە بۆ ئاگاداربوونی گەل و
شارەزاو پسپۆڕەکان تا بیروڕای زانستانەی خۆیانی لەسەر دەربڕن.
لەلایەکیترەوە دەنگ لەدژی هەرێمی فیدراڵی کوردستان و، ئەو مافە سادانەی
گەلەکەمان بەرزدەکرێتەوەو داوادەکەن" حکومەتی بەغدا کۆنترۆڵی تەواوی
نەوتی هەموو عێڕاق بکات و وەک جاری جاران دەستبەسەر کوردستانی بەزۆر بە
عێڕاقەوە لکێندراودا بگرێتەوە.
لە ڕاستیدا توندبوونی کێشەو ناکۆکییە چینایەتییەکان لە سیستەمی
سەرمایەداریداو، لەکێشەی کارو سەرمایەدا، وا دەخوازن کە باش سەرنج
بدرێن و، لەسەر رۆشنایی مارکسیزم، لێنین لە دانراوەکەیدا (ئیمپیالیزم
بەرزترین قۆناغی سەرمایەدارییە) بلیمەتانە پەردەی لەسەر ئەو قۆناغەی
سەرمایەداری هەڵماڵی و راێگەیاند کە کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان دوڵەتەکە
دەپارێزن و یارمەتیدەردەبن بۆ دەسەڵاتگرتن بەسەر هەموو سامانەکانی
ماتێریاڵی و مرۆیی گەلانی دنیاداو، بە هەموو شێوازێکی شەڕخوازی و
ئاشتیانە دەسەڵات بەسەر گشت سامانەکانی وڵاتاندا دەگرێت و، تەراتێن
دەکەوێتە نێوان کۆمپانیا مۆنۆپۆلەکان و دەوڵەتی سەرمایەدارییەوە کە لە
ڕێگەی بانکەکانیانەوە دەست بەسەر داراییدا دەگرن.
ئێستاش لە سێبەرو سایەی "عەولەمە"دا،هەروا دەستێوەردانی سوپایی و
داگیرکاری بۆتە خاسێتی ئاشکرای سەرمایەداری..لەعێڕاق و دەیان
دەوڵەتیتردا، لەم ساڵانەی دواییدا بەئاشکرا ئەو بۆچوونەمان دەسەلمێنن،
بەتایبەتی دوای لەناو بردنی یەکێتی سۆڤیەت و وڵاتانی سۆسیالیستیی
رۆژهەڵاتی ئەوروپا، رایان گەیاند کە ئیتر لەبەر ئەوەی پەیمانی وارشۆ
نەماوە، پەیمانی ناتۆش کە بۆ بەربەستی پەیمانی وارشۆ دروستکرابوو
پێویستی بوونی ناماوە.. کەچی بەئاشکرا دەرکەوت کە درۆیان فەرموو، زیاتر
ناتۆیان بەهێزکردو، شەڕێ نێوان روسیاو ئۆکرانیاش دەستی ئەمریکاو ناتۆشی
تێدایەو، ئەنجامی ئەو سیاسەتی داگیرکاری و وێرانکارییەیانە کە لە
ڕاستیدا شەڕی پەیمانی ناتۆی شەڕخوازە لە دژی روسیای سەرمایەداری.
جا ئەگەر ڕاستە کەسان و لایەن هەن دەیانەوێ گەلی کوردستان و عێراقیش لە
وبارە ناهەموارو تەنگوچەڵەمانە رزگاریانبێت، کە بێگومانم هەن، با
هۆشیان بێتەوە بەر خۆیان و ئەم هەرێمی کوردستان و عێڕاقەش لە وابەستەیی
ئابوری و سیاسەتی ئەمریکاو سەرمایەداریی جیهان قورتاربکەن و سیاسەتێکی
بەڕاسی سەربەخۆ بگرنە بەر، تا وڵات بەرێگەی سەربەخۆیی و پێشکەوتنداببەن
، کە ڕێگەی شۆڕش و ڕابوون وبوژانەوەو هێنانەدیی بڕیاردانی مافی
چارەنووس و گەشانەوەو پێشکەوتنە، بەرەو ئەو ئاسۆ رووناکەی کە تاقە
رێگای هێنانەدیی کوردستانێکی ئازادو گەلێکی بەختیارە!
ماڵپهڕی جهلال دهباغ
|