٢٥\٢\٢٠١٧
هەندێ وردە تێبینی.

نەژاد عەزیز
سورمێ
١
لەم مەقامەدا
کە زرنگانەوەی برینەکانمان،
مێژوو بێدار دەکاتەوە
چ شەرابێک بنۆشین؟
لەم شەوە تاریک و نوتەکەدا،
کام ئەستێرە بکەین بە میوان؟
لە شەقامە قەدیفەییەکاندا
لە سایەی بەفرکوشی عەدالەتدا،
زایەڵەی سووتان گوێ دادەخا..
گڕی ھاوار خەریکە چاومان کوێر دەکا..
٢
نەوام دی تارای بای وادەی پۆشیبوو..
وەرزم دیتن بە ھەناسەی تۆ دەگۆڕان..
تارا نەبوو بابانوێران
نھێنی خوناوی ئێش بوو..
ھەناسە نەبوو
شنەی قژی فریشتان بوو.
بە دەوری جوانی تۆدا،
نیگەران،
بێدەنگ،
لوتکەیان دەگرتن..
جوێباریان لێ دەدان.
٣
تۆ دەوای ڕۆحی ماندوومی
سنووری تەم!
کەوشەنی کۆرپەی مرازان!
تەجەللای نەرم و ئاوازی
پیری موغانی نیازان!
تۆ دەوای ڕۆحی ماندوومی..
٤
عاشق لە ژێر خاکیشدا غافڵ نییە ، بینایی!
ئەوە باخچەی ژیانە،
گوڵی لێ دەکڕێ و دەفرۆشرێ..
ئەوە باخچەی ژیانە
ئاتمۆسفیری گومڕایی تێدا دەگەڕێ.
٥
لە وچانێکی کورتدا
دڵم بە مەوسیمی گوڵان سپارد..
لەگەڵ ھەمووان بەخشندە..
بێبەختی دەرچوو
داوی بێبەختیی نامەردان.
٦
باڵانسی باران و سرووشتیان تێکداوە،
ھەرگیز بەتەنیا مەڕۆ!
ھەمیشە با ئاودەنگێکت لەگەڵدا بێ.
ھەرگیز بەتەنیا وەرێ مەکەوە!
سرووشت و باران باڵانسیان نەماوە.
٧
مەرگ لە حەقیقەتی بێ سنوورەوە دێ.
ڕۆژانی خەمباری دەبێ بڕۆن .
کام و ناکام لە نەخشەی تەمەندا چی دەگەیێنێ؟
ئاوێنەی پێخوست ، ئاشنای تەنیا باڵ!
مەرگ لە حەقیقەتی بێ سنوورەوە دێ...
٨
پاساری گەڕانەوە ھێللانەکانیان
سەفەرێکی خۆش نەبوو
ئاسمان ڕەنگی تاریکی پۆشیبوو
ڕۆژ ئێوارەی تێدا نەمابوو..
وشکەڕۆ..
وشکەداوەت، وشکە سەما..
سەعاتی سفریان دانابوو!!
٩
پیتەکان بایکۆتی وشەیان کردبوو.
وشە بایکۆتی ڕستە
ڕستە بایکۆتی پەرەگراف و
پەرەگراف بایکۆتی قەسیدە ..
زنجیرێک ھەموویان ڕادەکیشێ
بەرەو کوێ ؟ کەس نازانێ..
نە بایکۆتکردن کژی ھەبوو، نە زنجیر..
١٠
ئەوەی نەیتوانی لە زەمەنی سەحەر ھەڵبێ.
ئەوەی کات یاوەری نەبوو کەنارێک بۆ ژیان دانێ..
ئەوەی بواریان نەدا تامی عەشق و باران بکا...
ئەوەی ، ئەوەی دڵی من!
بێدەنگییان پێ پۆشی
ئەوەی فێریان کرد ھەرگیز
تا ھەتایێ خەو نەبینێ
ئەوەی:
...... ..... ... ...... ......
... ...... ..... .... ...... .
١١
باران مێژووییەکی لەگەڵماندا ھەبوو
ئێمە مێژووییەک..
نووری جوانیمان
لە نمەی شەیدای ئەودا بۆ دەردەکەوت..
گڕمان بە ڕێژنەی بەخوڕی
لە ڕۆحـــی خـــاڵی ھەڵدەستا..
ئای کە چەند ڕاز و نھێنی پێ دەگوتین.
چەند شەوان خەونی خۆشی پێ دەدیتین.
ئێستا باران،
ئەویشمان لێ زیز بووە
لە لێوپەڕینی ئاسمانان دەچێ،
بەسەر وڵاتی وشکەڵانماندا...
ئای باران، ئازیزی نەژاد!
کەی شکۆی جارانت دەگەڕێتەوە؟
ئای باران
گۆرانی حەوانەوەی خاک
خۆشەویستی مێرگ و شکارتە و بەندەنان...!
ئەیلوولی ٢٠١١
ماڵپەڕی
نەژاد عەزیز سورمێ
|