په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

      هێندەی منداڵیم... غەربیت دەکەم.


ئەوەندەى ڕوخسەتى پاڕانەوەم تیا دروست بووە و بە ڕوناکى پەستم

ئەوەندەش شەونخونى بەڕێگانى ژیانەوە دەکەمو بە دوى غەریبیتا ووێڵم

 

 


دیار محەمەد (باران)

لە نیوە گەڕاومەتەوە و
ناشزانم تاکوێ بڕ دەکەم !
بەم نڵینەوە خۆشەویستیم خەریکە وورد دەبێت
ئەوەندەى مندالێیم خەونم کۆکردەوە و لێم بزربوو
عیشقم لێسەندرایەوە و دایان پێم
هیچیان نەگەیە گوڵشەنى ئێوارەکانى مەحشەرم
**** **** ****
موحیبەت یانى قاپێ بیرکردنەوە
کە لەزارى ئیماندارێک دەڕژێت !..
یان هەڵدانى پاڵەیەک شیعرە لە کاتى ئارامیدا !
ئەشێ عیشق جۆگەیەک بێت ؟
بەس ئەستێرە مەلەى تیابکات !
یان کەشتیوانێکى سەرنج ڕاکێش
ئەشێ عیشق نگەرانى بێت ؟
یان بەیانى باشێکى هاکەزایى لە خەودا !
من،کە تک.. تک
دلۆپى مەنتقم تیا کۆ دەبێتەوە
ئەوەندەم بە بەرەوە نەماوە سیسببم
دەمەوێت لەفیراق بەگوڕتر خۆم بدەم بە،
ئینجانەیەک شێتیدا ! کەتا ئێستا نەشکاوە !
ئەشێ تۆ دڵت
لە جانتاى چۆلەکەیەکدا لێ وونبوبێت
دواجار لە فڕین چوبێتەوە !
ئەشێت من دڵم
لە فارگۆنى بێدەنگیتا بزر بوبێت
پێشتر ئاشنابوبێت بە بەرد !
موحیبەت یانى باوەشێ دڵنەوایى
لە ئێوارەیەکى قرمزیدا
یان ڕاکردن بە باخچەکانى بەهەشتدا ؟
ئەشێ تۆ دڵت
لە کڵاو ڕۆژنەى نەفەقێکدا لێ کەوتبێت ، و
بیر لە سۆراخ کردنی نەکەیتەوە
ئەشێ من دڵم
لە پەرداخێ چاوەڕوانیدا خنکابێت ، و
زەینى بیکردنەوەمى بردبێت!
ئیتر دڵ تاوانبار مەکە
دەریا لەبیرى دەچێ بخەوێت
بەیانى لەبیرى دەچێ،
بەهێواشى تەوقەیەکى گەرم لە گەڵ ئاو بکات
ئاو بیرى دەچى باوەش بۆ خۆر بکاتەوە
خۆر بیرى دەچێ بەیانى بەئاگا بێنێت
عیشق بیرى دەچێ !
مردن بیرى دەچێ !
**** **** ****
چاوەڕێى هاتنێکم و نایەیت
کەخەیاڵم درز ببات و بشکێت ،
من تەنیا بەس بە تۆ دەڵێم :
دەتوانى سوچێکى ئەم تەنهاییەم لەگەڵدا لوول بکەیت؟
یان ..ڕێبوارێک بیت؟
خەون لە بێشەى ئێوارەکانم گوڵ بژێربکەیت؟
ئەمەش یەکێکە لە سیحرەکانى دایکم
کەچۆن زەردەشتییەکانى ڕادەهێنا بە ئاگر !
کەچۆن فووى لە بەیانیە تەرەِکانى باوکم دەکرد
بۆ ڕەنگ دانەوە..
**** **** ****
عەشیق.. یانى خواردنى کوپێک باران
لە نێو دڵى گەڵایەکدا!
یان سەتڵێک چاوەڕوانی بە باوەشى تەمەنەوە
لەپاڵ قەیرەبونى سیلسیلەدا؟
عیشق..یانى حیکمەتى فڕینێک،
بەرەو بەرزاى !
یان ئاوابونێک برەو هیچ ؟
ئیتر نیگەرانیم درز دەبات
بە ئالودەبونى تەمەن
بە گێڕانەوەى حیکایەتەکانى منداڵیەوە
ئاى ...
لە زەمەنێکى چەند بێقیمتدا دەگوزەرێین
بریا منداڵیم فەرمۆش نەبوایە
دەزانیت ؟...
گەر گەڵایەک بوومایە
خاوەنى دڵێک دەبووم
گەر دڵۆپێک بوومایە
ماڵێکم دەبوو لە هەور
ئیتر لەوەسفکردنى غوربەتدا
بێدەنگى دەنوسمەوە
لە دامەنى ئێواریەکتا ڕادەکشێم
کە ڕەنگ نەمابێت نەیەتە خەیاڵمەوە !
ئیدى بۆ نەبمە لێزمەیەک باران و نەڕژێم ؟
نەبا تریفە بڕنم و
بە بێ هیوا بڕۆمەوە ..
**** **** ****
سەیرکە چۆن
خومبەم عاجز بونەوەگرتوە
وەرەو ڕوخسەت لە بەیانیەکانم بخوازە
ئەوەندە بەسە.. بۆ سەیرکردن
ئەوەندە بەسە.. بۆ ڕشتنى ڕازەکانى ئیلاهى
لە پاڵ کەنارێک پەشیمانبوونەوەدا
هەى لەبەر ڕوشنایى ڕۆژەکانى تەمەنت سپی بم
وەرە و
سەرێک لە کڕێوەى پەنهانیمدە ؟
لەئاوێکى عاجزمدە ؟،
عاتیفەک بگۆڕەوە بە وەرز
بە ماچ
بە ئاوابوون..
**** **** ****
ئەى جوانترین بیروباوەڕى تەمەن
خاڵیم بکەرەوە لەگوناه
خاڵیم بکەرەوە لە تاریکى
پڕم بکە لە بەیانى باشى ئەو کچەى
ناز بەسەر تەنهایمدا دەکات
خەیاڵ دەنێتە سەر نگى مانگ
دەلاقەى تەنهاى دەکاتە خۆشبەخى،
ئاشنام بکە.. بەو بۆقە پەمەییانەى
لە زەلکاوەکانى نا ئومێدیدا عیشق دروست دەکەن!
گەڵاکان پڕدەکەن لە جریوە!
ئاشنام بکەرەوە بە خۆت !
دەزانم گەر گەڵایەک بوومایە
خاوەنى دڵێک دەبووم
گەر دڵێکم هەبوایە
داستانێکم دەبوو لە عیشق
داستنێکم دەبوو لە ئاو
تەسلیم دەبوم بە باوەشێک گەڵا
تەسلیم دەبم بە خۆم،بە تۆ
تەسلیم دەبووم بە تامى گیلاسی عیشق
**** **** ****
تۆ...کە بریتیت لە باوەشێک گەڵا و
بریتیت لە هەموو وەرزەکانى ڕەنگ
بریتیت لە باران بەرامبەر دڵۆپەکان و
گوڵ بەرامبەر پەپولە
پەپولەلە بەرامبەر فڕین..
کەتۆ تێکەڵ بەمەغریبێکم دەکەیت
یەکسانە بە لێکدانەوەى،گەڵا
یەکسانە بەلێکدانەوەى مەرگ
یەکسانە بە خۆم
یەکسانە بە وەرین
کەچى هەر چاوەڕێى هاتنێکم و نایەت
تا تەوابوونم بۆ تکان...
شێتییە..شێتی..؟
شێتییە...
کەتۆ دەستەکانم دەبەستیت،بێ وەڵامدانەوە..
ڕوخسەتێک نیە بیخوازم !
جگە لە پەست بوون
تەماشا چلۆن هاژەم دێ لە غوربەت
سەفەرکردن یانى ..
لێک کردنەوەى لقێکى درەخت
دورکەتنەوە لە هاوڕێیەتى بەفر
ئاشنابوون بە وەرزى پێنجەم
سەفەرکردن یانى ..
دورکەوتنەوە لە بۆنى گوڵى حەوشە
ئیدى نە دایکم گوێ بیستم دەبێت و
نە باوکیشم دەست لە قژما دەخەوێنێت
وەک چۆن (با) لە کۆکردنەوەى گەڵا وەرست نابێت
ئاواش من لە تاریکى بێزار نابم
**** **** ****
تەماشا...چۆن
بە نیگەرانی مەغریبێکەوە خەریکم
کە تۆخ ترە لە چاوەڕوان بوونى
منداڵێکى ( ڕەڤۆ)
تەماشا چۆن ئاورنگى پەشیمانیم لێدەڕژێت !
کە نامدۆزیتەوە بەم ڕژانەوە
نەختێ بۆ کۆڵانەکانى مناڵیم بگەڕێ ؟
نەختێک لەشوێن پێکانى ئاودا سۆراخ بکە ؟
بزانە تینوێتیم بەچى شکاوە !
وەرەو دەرگایەکم لەسەر دابخە
هەتا ئەوێ..
بەدەم خونچەکانى ئەوینتەوە
ڕیوایەتى بێدەنگى بنوسەوە..
لەو گەڵایانە عاجزببە
کە ڕۆژێک بەفیزەوە توڕەیان کردووى
دوور بکەوەرەوە لە خۆت
لە سەدەفەکانى دەریا..
دوربکەوەوە لە مردن
**** **** ****
مەستبون بەماناکانى ژیان
قەد کردنى تەمەنە و
ڕاخستنى چاوەڕوانیە لەبەر خۆردا
مەستبون بەماناکانى ژیان
ڕژانى شوشەیەک ئارەزو و
توڕەبونى شەوە لە ڕوناکى
ڕاڤە کردنى گۆرانیەکە لە تەنهایدا !
لۆمەم مەکە..
هێندەم نەماوە ڕەقیب ببم
جامى حەقیقەت بە کەسمان پڕنابێت
بێ دەنیگت.. بیرکردنەوەى چرایەکە لە کاتى داگیرسانددا
ڕواندنى دەنکى گێلاسێکى شەرمنە لە دڵى مرۆڤێکى بەساڵاچودا
چەکەرەبونى پایزە لە ڕۆحى دایکمدا و
دروست کردنى ڕەسمێکى بۆکیمۆنە بە گریانەوە
کەچى هەر بەسەر بریقەدا دەکەویتء شەپۆل دەخۆیتەوە لە من
لە بۆنى خاک زیاتر
بۆنى هیچیترت لێ نایەت ..
وەک..چۆن
شەو دەڕژێت ، خۆر بەتەنافى
موحیبەتدا هەڵى دەکات !
یان وەک چۆن کانییەک، نەخۆى کۆدەکاتەوە، و
نەدەیەوێت بخەوێت !
**** **** ****
بەم ئاخیرەتى عیشقەوە !
بەم سیس بونى مەراقى چاوەڕوانیەوە !
بەم قوماربازییەوە لەگەڵ مەرگ !
چیبکەم..چى ؟
ئەى ناسکترین ئەندێشەو
هەى خۆشترین خەونى ئاڵۆزم
تەماشا..
بە تارمایی ئاوێنەیەکەوە چەند ماتڵم
لە ناوەراستى مردن و ژیاندا خەریکەبەردەبمەوە
وەک بەربونەوەى خۆم لەکوفر
بەردەبمەوە وەک بەربونەوەى
ڕوبارێک ،بەبێتاقەتیەوە !
دەمەوێت لەشەوى شین خەستر بنوێنیت
شەکەتبونم بکێشى ،
بەزبرى چاوەڕوانیدا...
وەک کزر بونەوەى ئاو
وەک دۆش دامانى خۆم لە فیراق
**** **** ****
ئەى عیشق ،
ئەى ڕوبارى چاوەڕوانى
لە ئەزەلەوە ڕاتهێنام بە مەرگ
ئیدى وشک دەبم
وەک وشک بونەوەى ڕەنگ
بەو دیوارانەوەى ،
لێى نوسراوە خۆشمدەوێیت
هەى لەبەر تاریکى شەوەکانى تەمەنتا ببمە چرا
کات لەمن درەنگتر دەڕوات و
بوومەتە بێشەرەفترین مەخلوق !
بەس شەڕ بە نیگەرانیم دەفرۆشم
دوعا دەکەم تیات بخنکێم
تا حەرامتر خۆم بینم و
نەمدۆزیتەوە لە سیاه..
**** **** ****
دەزانیت ..
هەر (با) لاپەڕەى ئێوارەکانى هەڵداومەتەوە
هەر شەویش وەسوەسەى ئەم عاجز بونەى خستۆتە
کەڵکەڵەى مێشکى تەمەنەوە
ئیتر ئەى مۆمى بێتاوان،
تۆ...واز لەسوتان بهێنە ،و
بامنیش...واز لەبیرکردنەوە بهێنم !
تۆ...واز لە تاریکى بهێنە و
بامنیش...واز لە تەنهایى بهێنم
بەسە ئیتر نەتۆ بەو ڕاستییانە دەگەى نەمن
هەى تێرتر لە ڕەنگە وەنەوشەییەکانى پاش بارین و
پەژموردەترین خەیاڵ لەسەر زارى ئیماندارێک !
وام لێبکە
شەڕ بەو بەیانیانە نەفرۆشم
کەمانگ لەخۆ کێشانەوەدایە
وام لێبکە باچیتر ئاوێزانى ئەو بەیانیانە نەبم
کەخۆر چاوبڕکێ لەگەڵ ڕۆشنایی دەکات
وەرەو بیر لەشکانى ئەستێرەیەک بکەرەوە
کە مردن پێى بە سێبەرەکەیدا ناوە
تا لەم بێدەنگییەم دەست هەڵدەگرم
کزکز پاڵ بە فارگۆنى تەنیایتەوە دەدەم
ئیدى بۆ فەنام دەکەیت بە وەرین
هەى بەورتر لە ساتەوەختەکانى تەمەن
وەرەو لە ئاوازێکى سوێرم هەڵکێشە
ئامادەم بۆ وشک بوونەوە بەتەنافى موقەدەس دا
وەرەو تەهلیلەى ڕازەکانم بخنکێنە
شەوەشینەکانم بەسندوقێ خورافاتەوە بەرە بۆ خۆت
یان لە شانى کانییەکم بکەرەوە
تا بە بەیانییەکانتا بڕژێم و
خۆم لە زەینى ئێوارەیەکتدا دەدۆزمەوە
بۆ خنکانێکى تر لەبارین !
هەى لەخۆت شینتر کە ئاسمانێکى بەریئە.
کە تۆ دێیت دەمەو پایزێکى نەرم،
من نایەم
من دێم و تۆ لە خۆت چویتەتەوە
تالە چۆڕاوگەى بێ ئومێدیدا ڕەنگ دەدەمەوە
تادێ ی لەزەتى تەنیایم درز دەبات و دەشکێت
وەک درزبردنى شەو
وەک شەقبردنى تەنیایى مانگ لە کاتى پژانى ئێوارەدا
درز دەبات وەک درز بردنى ئاو
وەک دووکەرت بونى نەیزەکەکان
تۆ دێیت لە کەنارەوە و نامگەیتێ
دەست دەکەیتە ملى ئاوێکى عاجز، و
من دێم لە ئاوابونەوە ناتگەمێ !
تۆ دێیت و ..
دەریا لە پڕمەى گریاندا و
من لەگەڵ پێکەنیندا دەڕۆمەوە
لە گەڵ خۆمدا بەردى تەمەن هەڵدەدەم
لەگەڵ بەپەنجەرەدا سکوت دەبم !!
تا باوەشێک گەڵا
فێرى بوغز دەبێت لە دار..دەڕۆم
کاتێک ڕووەو من ێیت
ناگەیتە یەکەمین ئاسمان و بەردەبیتەوە
ناگەیتە یەکەمین پەنجەرەو ئاوڕ دەشکێت
دەگەیتە من و دواهەمین مردن باوەشم بۆ دەکاتەوە
ڕووت دەبمەوە وەک ڕوتبونەوەى،
یەکەمین تەرزى عیشق...
یەکەمین مەراقى چاوەڕوانى...
یەکەمین ڕوانینى گێلاسى میهرەبانى
بەدیار بارانى عەشقەوە !
کە تۆ دێیت دەمەو ئێوارەیەکى عاجزمن نایەم!
نازانم بەکام سێبەرى لاى مزگەوت
بڵێم مەرحەبا ؟
کە بەمنداڵى
گیرفانەکانیم پڕدەکرد لە کوفر و
پرچەکانیم دەئاڵۆسکان !
کە بە منداڵى کۆترەکانیم بەرد باران دەکردوو
گۆمەزەکانیم دەروشاند !
**** **** ****
ئیتر..
بەکام نامەى ئەڤین دارى ، دڵ خۆش بکەم ؟
کەدڵ نەیتوانیبێت ،
دڵۆپێ ئەوینى سەربخات،
بەم بەیانیە شکاوانەوە
ئیتر...
بەکام سوچى بەیانى بڵێم ؟
بمبورە
کە پێڵاوەکانیم پڕ دەکرد لە ڕق و
بە دەفر پێکەنینەکانیم دەڕشت لە چۆڵەوانیدا !
ئیتر ..
بەکام شیعر بڵێم ؟
شەوت باش لە تەنهایدا
تۆش بەمن بڵێیت ئیستات باش
لە چاوەڕوانی خوێندنەوەمدا ..!
بم توێنەوە لەخۆم
تازە من ناچمەوە سەر وەرزى قاتو قڕى
کەوەک مراوییەک موعتادە بەزیکرەیاتى فڕین
کە لەپیاسەیەکى پایزیدا
سەرى دەشکێ و
هێستریا بە بەیانییەکانی مندا دەڕژێت.
دەڕژێم..و
لە چوارگۆشەى چوارشەمەیەکى درەنگ وەختا کۆنابمەوە ،
لەبەرە بەیانى تشرینى عیشقدا
دەڕژێم ..و کۆ نابمەوە
تا قەمێەڵەیەکى سپی
دەبەخشیتە نەوەدویەک ڕۆژى
یادەوەرییەکانى تەمەنم..کۆنابمەوە !
دەڕژێم .. و هەر چاوەرێى هاتنێکم..و نایەیت
هەر چاوەڕێى شکانى شوشەى تەمەنم و ناشکێت .


بەروارى نووسین
بەکاتى گەڕان.. بەدواى نیوەی منداڵیما و
ئولفەت لەبەر ڕەنگدانەوەى شەوێکى سپیدا

پـایزى ٢٠٠٨
Baran_n83@hotmail.com