په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١۴\٨\٢٠١٠

هێندێ زانیاریى تیۆریی،

دەربارەی بنچینە سەرەکیییەکانی سیستێمی کۆمەڵایەتی.


دوکتۆر حوسێن موحەممەد عەزیز*


گەر بمانەوێ، بە تەواویى، لە واتاى زاراوەى بنەماڵە و سیستێمى بنەماڵە بگەین، پێشەکى دەبێ، سەرنجێکى ورد، لە بناغە گشتیییەکانى کۆمەڵى کوردەواریى بدەین، تا بزانین، یەکە سەرەکیییەکانى کۆمەڵەکەمان، لە چى پێکهاتووە. هەروەها پێویستە، بۆ ئەوەى بە تەواویى، لە باوەڕ، هەڵسوکەت و خەسڵەتەکانیان بگەین، هێندێ زانیارییش، لە بارەى خووڕەوشتى هۆزەکانى کۆمەڵى کوردەواریییەوە، پێش چاو بخەین.


بێ گومان، لە ووڵاتە دواکەوتووەکانى خۆرهەڵاتى نێوەند بە تایبەتیى، کیشوەرى {ئاسیا} و {ئەفریکا} بە گشتیى، هەموو کۆمەڵێ لە خوارەوە بۆ سەرەوە، لە پچووکەوە بۆ گەورە، دواى تاکەکانى کۆمەڵ، لە چەن یەکەیەکى گرنگى سەرەکیى وەک:{خێزان، بنەماڵە، تیرە، هۆز و خێڵ} پێکهاتووە، تا بە کۆى هەموویان، گەل و نەتەوەیەکى دیارییکراو پێکدێنن.


ئەوەى گومانى تێدا نییە، خێزان بە بەردى بناغەى هەموو کۆمەڵەکان دادەنرێ، خێزانێکى ئاسایى دیارییکراویش، سەرەتا لە یەکگرتنى ژن و پیاوێ پێکدێ، لە هێندێ خێزانیشدا، پیاوێ پتر لە ژنآ دێنێ، پاشان ژن و مێردەکە منداڵیان دەبآ، ئیدی وردەوردە، خێزانەکە نەشونمادەکا و گەورەدەبێ. منداڵەکانیش گەورەدەبن و پێدەگەن، لە ئەنجامى هاوسەرگیریی، زاوزێ و وەچەخستنەوەشدا، خێزانەکە تا دێ، گەشەدەکا و سنورەکەى فراوانتردەبێ، نەوەکانى دوایى خێزانەکەش، ژندێنن و شوودەکەن، سەرلەنوێ خێزانێکى نوێى پچووکتر، لە خێزانى دایک درووستدەکەن، ئیدى بە ئەو شێوەیە، چەن خێزانێکى لاو، لە خێزانە سەرەکیییەکە دەکەونەوە، هەر خێزانێکیش بۆ خۆى، ماڵێکى نوێى پچکۆلانە ئاوەداندەکاتەوە و بە هەموو خێزانەکانیش، بنەماڵەیەکى یەکگرتووى دیارییکراو دادەمەزرێنن.


کەواتە: بنەماڵە چییە؟ بنەماڵە {کۆیەکى چەن کەسییە، کە لە نێوان ئەندامەکانیدا، پێوەندیى بەهێزیان وەک پەیمانى هاوسەریى، خوێن، باوک و ڕۆڵەیى تێدایە. ئەم کۆیە، لە یەک بنەماڵەدا دەژین و چەن پێوەندیییەکى کۆمەڵایەتی پێکەوە چەسپاو، کە بناغەکەیان لە سەر قازانج و بەرژەوەندیى هاوبەش دانراوە، پێوەندیى لە نێوان ئەندامەکانیدا دادەمەزرێنێ.}{1}


دیارە، شێوە و نێوەڕۆکى واتاى بنەماڵە، لە سەردەمێکەوە بۆ سەردەمێکى دیکە و لە کۆمەڵێکەوە بۆ کۆمەڵێکى دیکە، جیاوازیییان هەبووە و هەیە. هەر لە ئەم پێودانگەوە، هەموو ئەو بنەماڵانەى، لە سەردەمى کۆن و کۆمەڵە سەرەتایییەکاندا درووستبوون، لەگەڵ هەموو بنەماڵەکانى چاخەکانى نێوەڕاست، کۆمەڵگەى کشتوکاڵیى، سەردەمى ئەوڕۆ و کۆمەڵگە پیشەسازیییەکاندا جیاوازن.


بێ گومان، فاکتەرى ژن و ژنخوازیى، لە نێوخۆى بنەماڵەکەدا، کارێکى گەلێ مەزن، لە پێوەندیى خزمایەتى دەکا. لەبەرئەوە، تا هاوسەرگیریی، لە نێوان ئەندامانى بنەماڵەیەکى دیارییکراودا داخراوبێ، پلەى خزمایەتی و هاوخوێنیی، پتەو و بەهێزتردەبێ. بە پێچەوانەشەوە، هاوسەرگیریی لە نێوان ئەندامانى چەن بنەماڵەیەکى جیاوازدا، ئەو سنوورە تەسکەی خزمایەتی، لە نێوان ئەندامانى یەک بنەماڵەى دیارییکراودا هەیە، دەشکێنێ و وردەوردە، کەوشەنى بنەماڵەکە فراوانتردەبێ، خوێنى نوێ، تێکەڵاوى خوێنى ئەندامانى بنەماڵەکە دەبێ و پلەى خزمایەتییەکان، لە نێوان ئەندامانى بنەماڵەکەدا دوورتردەکەونەوە، تا ئەو جۆرە هاوسەرگیریییەش، پتربێ و دوورترکەوێتەوە، بەرەبەرە خزمایەتییەکەش لاوازتردەبێ. جگە لە فاکتەرى هاوخوێنیى، {بارى ئابووریى، پێوەندیى کۆمەڵایەتى، هەستى دەروونیى و ئاستى کەلتووریى}ش، کارێکى زۆر، لە گەشەکردن و پێشکەوتنى بنەماڵەیەکى دیارییکراو دەکەن.


هەرچەندە، ئەوەتەى مرۆ بە تەواویى، ڕاست و چەپی خۆى ناسیوە، بنەماڵە وەک سیستێمآ هەر هەبووە، تا ئەوڕۆش، لە هێندێ ووڵاتانى جیهاندا هەر ماوە. بەڵام، بنەماڵە وەک یەکەیەکى کۆمەڵایەتى، بە شێوەیەکى بەردەوام، گۆڕانکاریى بە سەردا هاتووە و بە سەریشیدا دآ. بۆیە، لە زۆربەى ووڵاتانى جیهان، بەرەو پووکانەوە و هەڵوەشاندنەوە ڕۆیشتووە، بە تایبەتیى، لە ووڵاتە پیشەسازیى، دێمۆکراسیى و سۆسیالیستە کۆنەکاندا، گەلێ کزولاوازبووە، دەسەڵاتى ڕامیاریى و فەرمانڕەوایی لەدەسداوە. بەڵام بنەماڵە، وەک یەکەیەکى کۆمەڵایەتى، لە هێندێ ووڵاتى جیهاندا، جارێ هەر ماوە و دووریش نییە، بەرەو بوژاندنەوەش نەڕوا!


وەک ئاشکرایە، بە چەن بنەماڵەیەکى دیارییکراو، تیرەیەک و بە چەن تیرەیەکیش، هۆزێکى دیارییکراو پێکدێنن. بۆ نموونە: هۆزى {جاف}، لە چەندین تیرەى وەک: {هاروونیى، ئیسماعیلیى، عەزیزیى، میکاییلیى، تەرخانیى، شاتریى، تاوگۆزیى و گەڵاڵیى...}پێکهاتووە. ئەم تیرانە، هەموویان لە نێوان خۆیاندا، خۆیان بە خزمى یەکدى دەزانن، هێندێ بەرژەوەندیى تایبەتیى کۆیاندەکاتەوە، لە کاتى تەنگانەشدا، داکۆکیى لە یەکدى دەکەن.


کەواتە دەتوانم، بڵێم: هۆز وەک ڕێکخراوێکى کۆمەڵایەتى وایە، زۆربەى پێوەندیییەکانى خۆى، پتر لە سەر بنچینەى ڕەگەز، خوێن و پلەى خزمایەتى دادەمەزرێنآ. هەموو تاکەکانى هۆزەکەش، ئەرکى سەرشانى تایبەتیى دیارییکراوى خۆیان هەیە. لە هەمان کاتیشدا، مافەکانیان لە نێو چوارچێوە و قەوارەى هۆزەکەدا، ڕەچاودەکرێ و دەپارێزرێ.


دەربارەى هۆز، گەلێ پێناسەى جیاواز هەیە، بەڵام، هێندآ لە شارەزایانى وەک:{ Rondot } و { Hay}، لە سەر ئەوە ڕێککەوتوون، کە {هۆز کۆمەڵێک، یاخود چەند کۆمەڵێکى یەککەوتەیە، بۆ پاراستنى ئەندامان لە دەسدرێژیى دەرەکیى و بۆ پارێزگاریى دابونەریتى میللیى پێکهاتووە. بڕێک هۆز هەن، هەتا سەرکردەیەکى دانپێدانراویشیان نییە، هەندە هۆزێکیش هەن، کە چەن سەرۆکێکیان هەیە ... هۆزە گەورەکان، بە سەر چەن لقێکدا دابەشدەکرێن. {Hay} سەرکردایەتى بە گرنگترین دەزگەى هۆز دادەنێت .... {Rondot}یش، زایەڵەیەکى دەنگى {Hay}ە، بە لاى ئەوەوە، هۆز:{جیهانێکى گچکەیە و لە هەناوى خۆى دەڕوانێت، ئامرازێکى داکۆکییە، دەزگەیەکى نەریتیى و پارێزگارە، کۆمەڵێکە، خۆى لە هاوچەشنەکانى بە مەزنتر دەزانێت.}.


پاشان نووسیوێتی:{سەرەکهۆز تەنیا بە کردار و ڕەفتار و میرخاسیى و کەڵەمێریی، جڵەو دەگرێتە دەس، داکۆکیى لە هۆز و سەرکردایەتیکردنى جەنگ، یەکێکە لە گرنگترین ئەرکەکانى.} {2}


دیارە، تا درەختى هۆزێکى دیارییکراو، ڕەگى قووڵى، بە ناخى مێژووى گەلێکدا داچووبێ و مێژوویەکى دێرینى هەبێ، ئەوا هۆزەکە، پتر گەورەدەبێ، سنوورى دیمۆگرافیا و جوگرافیاى هۆزەکەش، بەرفراوان و بەربڵاوتردەبێ. بە پێچەوانەشەوە، ئەو هوزانەى تازە درووستبوون، جگە لە ئەوەى بە تەمەن ساوا و بە ژمارە کەمن، زۆر پەلوپۆ ناهاوێژن و لە نێوچەیەکى بەرتەسکى جوگرافیاشدا دەژین. {مارتین ڤان بڕۆنەسن} لە ئەو بارەیەوە نووسیوێتی: {هەر عەشیرەتێک تۆکمە بووبێت، واتە: مێژوویەکى دوورودرێژى هەبێت، ئیدى لقەکانى وەک تایەفە دەنوێنن، چونکە زێتر پەرتبوون و کەرتبوون، لە سەر ئاستى قەوارەى خزمایەتى دەسازێ. بەڵام، ئەو عەشیرەتانەى کە هێندە نییە، پەیدابوون، یا لە ئەو دوایى دواییانەدا، بێگانەى زۆریان تێورووکاوە، ڕوون دیارە، کە لقەکانى لە ڕەچەڵەکى فرەچەشن کەوتوونەتەوە، هەتا ئەو لقانەش، کە خزمایەتییەکى قووڵ، لە نێوان ئەندامەکانیاندا نییە، وەکی باڤک.*} {3}


دەربارەى دید و بۆچوون و خەسڵەتەکانى کۆمەڵى خێڵەکیى، {دوکتۆر سادقى شەرەفکەندیى} نووسیوێتی: {لە سیستێمى بایەخەکانى ڕێکخراوى عەشیرەتیدا، (من) تا ئەندازەیەک نییە، ئەمە (ئێمە) واتە: عەشیرەتەکە دەسەڵاتدارە و زاڵە، هەر کەس بە عەشیرەتەکەیەوە دەناسرێ و بە ناوى عەشیرە نەبآ، بە هیچ ناوێکى دیکە، خۆی ناناسێنێ. مرۆڤ لە پێشدا ئەندامى عەشیرەتە و پاشان موسوڵمان، یان ئێزیدیی یان مەسیحییە، دواییش کوردە. گەر بێتو عەشیرەتێکى دیکە، خاوەنى هەمان ئایینزا و هەمان نەتەوە بێ، بەنزمتر لە عەشیرەتى خۆی دەزانێ و پێى وایە: ئەندامانى ئەم عەشیرەتە، لە ئەندامانى عەشیرەتى خۆی ئازایەتییان کەمترە. دیارە، بە ڕەقیب و تەنانەت جارى وا هەیە، بە دوژمنى خۆشى دادەنێ.


وەک ڕێکخراوێکى کۆمەڵایەتیى، عەشیرە دەوڵەتێکى پچووکە، نموونەیەکە، کە لە ئەودا هۆیەکانى بەرهەمهێنان، بەڕێوەبردن، هەروەها نەزمیى نێوخۆیى و ئاساییشى دەرەوە، دەسەبەرکراوە. سەرۆک عەشیرەت هەر لە ئەم کاتەدا، سەرۆکى ئایینزایە، سیمبۆڵى هێزى بەڕێوەبەریشە و فەرمانەکانى لە جێی یاسایە، سیستێمى بایەخەکانى عەشیرەتیى، کە لە لایەن هەموو ئەندامانى عەشیرەتەوە پەسەندکراوە. هەروەها داب و شوێن و ڕیوشوێنەکان وا دەخوازن، کە ئەندامانى عەشیرە بە گشتیى، بە قسەى سەرۆکى خۆیان بکەن. سەرۆک وەک پەرژینى نێوان عەشیرە و دونیاى دەرەوە، حسێبى بۆ دەکرێ. ئەندامانى عەشیرە، هیچ کارێک بێ ڕەزامەندیى سەرۆک ناکەن.}{4}


هەروەها، دوکتۆر {سیامەند زەید عوسمان}یش، بە هەمان شێوە، دید و بۆچونى خۆی دەربڕیوە و نووسیوێتی: {تاک لە هۆزە کوردیییەکاندا، پێش هەموو شتێ، خۆى بە ئەندامى هۆزەکەی خۆی دەزانێ، پاشان، خۆى بە موسوڵمان، دیان و ئێزدیى دادەنێ، تەنیا دواى ئەوەش، باسى نەتەوەکەى خۆی دەکا.}{5}


هەرچەندە، ئەم دوو بۆچوونە، لە هێندآ شتدا لە یەکدى دەچن، بەڵام، لە ڕاستییدا نازانم، کامیان لە کامیانى وەرگرتووە، چونکە هیچیان، هێمایان بۆ بەرهەمەکانى یەکدى نەکردووە. جگە لە ئەوەى، گەر قسەى یەکێکى دیکەش بێ، ئەوا ناوى سەرچاوەکانیشییان نەهێناوە!


هۆزەکان ناوى جیاجیایان هەیە، هەر هۆزێ بە ناوێکى جیاوازەوە دەناسرێ، ناو و ناوبانگ دەردەکا. دوکتۆر {جەلیلى جەلیل} نووسیوێتی: {ناوى هۆزە کوردیییەکان، لە بنەڕەتدا، لە شوێنێکەوە بۆ شوێنێکى دیکە، جیاوازیییان هەیە. لە هێندآ بارى تایبەتییدا، ئەو هۆزانەى لە نێوچە شاخاویییەکان، لە نێوەڕاست و خوارووى (کوردستان) نیشتەجێبوون، بە ناوى نێوچە جوگرافیایییەکانەوە ناودەبرێن. لە هێندێ بارى دیکەشدا، بە ناوى دامەزرێنەرى تیرە و هۆزەکانیانەوە دەناسرێن. ئەم شێوەیەى دووەمیش، بۆ ئەو هۆزانە بەکاردێنرآ، کە لە سەردەمێکى درەنگدا درووستبوون.}{6}


شتێکى ئاشکرایە، لە کۆمەڵێکى دەرەبەگیى ـــ نیمچەدەرەبەگیى دواکەوتووى وەک کۆمەڵى کوردەوارییدا، پایە سەرەکییە گرنگە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵ، لە سەر بنچینەى چەن تیرە و هۆزێکى جیاواز دامەزراوە. پڕۆفیسۆر {مینۆڕسکی}، دەربارەى هۆزەکانى نێو کۆمەڵى کوردەواریى نووسیوێتی: {لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە، کورد بە سەر چەن هۆزێکدا دابەشدەکرێ، هۆزیش لە دوو چین پێکدێ: یەکەمیان جەنگاوەرەکانن، کە سەرۆکى هۆز و دەسوپێوەندەکانیان دەگرێتەوە. دووەمیشیان ئەو بەشەن، کە بە کشتوکاڵەوە خەریکن. ئەندامانى هۆزەکە لەگەڵ سەرۆک هۆزدا، هەست بە پێوەندیییەکی خزمایەتى دەکەن، بە شێوەیە، بە پارچەیە لە قەوارەى هۆزەکانیان دادەنێن. هێندێ جاریش، وەک قارەمانێ لە ئاغا و گەورەى هۆزەکە دەڕوانن، وەک ئەوەى بڵێى، لە قوڕێکى دیکە درووستکرابن. لە یەکەم ووردبوونەوەشدا، هەست بە جیاوازیییەک لە نێوان ئاغا و جووتیاراندا دەکرێ. ئاغا وەک پیاوێکى بە شانوشکۆ و خاوەن دەسەڵات، سەیردەکرێ.} {7}


{عەرەبى شامیلۆف}، ســــەبارەت بە چینى دەرەبەگى کورد نووسیوێتی: {جڵەوى دەسەڵاتى ئایینیى و دنیایییان بە دەسەوە بووە، ڕەشوڕووتى کوردیان هێناوەتە ژێر ڕکێفى خۆیانەوە.}{8}


هەروەها، دەربارەى چۆنێتى دیارییکردن، یا هەڵبژاردنى سەرۆک هۆزەکان لە کۆمەڵی کوردەوارییدا، زانای فڕەنسیى {تۆمابوا}نووسیوێتی: {گەیشتنى سەرۆک هۆز، بە پلەوپایە و دەسەڵاتى خۆی، بەگوێرەى هەلومەرجى هۆزەکە دەگۆڕێ. یا ئەوەتە، کوڕ لەجێى باوک دەسەڵات وەردەگرآ، یا لە نێوان پیاوە گەورەکان و ناسراوەکاندا، هەڵبژاردندەکرێ، یا میریی دەسەڵاتى خۆی بەکاردێنێ و گەورەیەک، بە سەر هۆزەکەدا دەسەپێنێ.} {9}


وەک ئاشکرایە، سیستێمى بنەماڵە، پتر لە نێو کۆمەڵی دەرەبەگیى- نیمچەدەرەبەگییدا، لە برەودابووە و دەسەڵاتى خۆی، بە سەر دانیشتووانى نێوچەیەکى دیارییکراودا سەپاندووە. هێندێ لە ئەو دەرەبەگانەش، پشتاوپشت، زەویەکانیان بە میرات، لە باووباپیرانەوە بۆ ماوەتەوە. هێندێکى دیکەیان، بە شەڕ و زۆرداریى، زەویى جووتیارانى نێوچەکەى خۆیان و دەوروبەرەکەیان داگیرکردووە. هێندێکى دیکەشیان، لە ئەنجامى دڵسۆزییان بۆ شاکانى {ئێران} و سوڵتانەکانى {عوسمانیى}، ئەو زەوییانەیان وەک خەڵات پێ بەخشراوە. پاشان، لە سەردەمە جیاجیاکانى فەرمانڕەوایى شاکانى {ئێران} و سوڵتانەکانى {عوسمانیی}دا، شوێن پێى خۆیان پتر قایمکردووە و دەسەڵاتیان پەرەیسەندووە. {میرە دەرەبەگەکان، زەوییەکانیان بە میرات بۆ ماوەتەوە. لە ئەمەشدا، کەڵکیان لە مافەکانى دەرەبەگایەتى وەرگرتووە، کە چەن پارچە زەوییەکى دیارییکراویان پێ بەخشراوە. لە بەرانبەر ئەوەدا، دانیان بە فەرمانڕەوایی و دەسەڵاتى سوڵتانەکاندا ناوە. لە ئەو بارودۆخە نوێیەشدا، چاویان لە فراوانکردنى پارچە زەویی و موڵکەکانى دیکەى دەوروبەریان بڕیوە، بۆ ئەوەى بە شێوەیەکى جێگرتر و سەربەخۆتر بژین. تا واى لێهاتووە، دەسەڵاتى سوڵتان، تەنیا شتێکى ڕووکەشبووە و زیاتر خۆى لە ئەو دیاریییانەدا بینیوە، کە میرە کوردەکان، پێشکەشى پیاوماقووڵان و دەسڕۆیشتووەکانى دەربارى ئیمپڕاتۆریەکەیان کردووە. یا هێندێ جار، هێندێ هێزى چەکداریان، بۆ هێرش و پەلاماردانەکانى دەوڵەت ناردووە.}{10}


زۆر جاریش وا ڕێککەوتووە، هێندآ لە سەرۆک تیرە و هۆزەکان، کاتآ تەماشای شانوشەوکەتى خۆیان و چواردەورەکەیان کردووە، ئیدى لە خۆیان باییبوون، هەواى دەسەڵاتی پتر و سەربەخۆیییەکى بآ سنوور، لە کەللەى داون، ئەو باج و دیاریییانەشیان، بە سوڵتان نەداوە، یا پیاوەکانى خۆیان، بۆ بەرەکانى جەنگ نەناردووە. لەبەرئەوە، هەراوئاژاوە و ناکۆکیى، لە نێوانیاندا پەیدابووە. لە ئەمەشدا، پتر پشتیان بە نێوچە شاخاویییە قایم و لێڕەوارە چڕوپڕەکانى {کوردستان} بەستووە. هەروەها، جگە لە ئەوەى هێندێ جار، هەلى لە باریان بۆ هەڵکەوتووە، بارودۆخێکى تایبەتیییان بۆ سازاوە، سوڵتانەکان دەسەڵاتیان لاوازبووە، لەشکرى ئیمپڕاتۆریاکەش، لەگەڵ دەوڵەتێکى دیکەدا، سەرقاڵى جەنگ بووە، ئیدى سەرکێشیییانکردووە و لێیان ڕاپەڕیوون. گەلێ جاریش، {خێڵەکان کەڵکیان لە شوێنە ستراتیژیییەکانى سەر سنوور وەردەگرت، یاخییدەبوون و سەرانەیان بە دەوڵەت نەدەدا. بۆ نموونە: هۆزى {بڵباس}، نزیکەى چوارهەزار دەوارێ دەبوون، دانیان بە دەسەڵاتى (تورکیا) و (ئێران)دا نەدەنا.} {11}


دواى ئەوەى دوکتۆر {جەلیلى جەلیل}، دەمەتەقێیەکى دوورودرێژی، دەربارەی بارودۆخى هەر یەکێ لە ئەو میرنشینانەى (کوردستان) کردووە، نووسیوێتی: {لە سییەکانى چەرخى نۆزدەدا، (کوردستان) بە سەر چەن میرنشینییەکى دەرەبەگیى پچووکدا دابەشکرابوو. لە نێوان فەرمانڕەواکانیدا، ململانێیەک لە سەر دەسەڵات لەئارادابوو. (کوردستان)یش وەک نێوچەیەکى لە یادکراو وابوو، ئابووریییەکى لاوازیشى هەبوو.} {12}


دیارە، لە ئەنجامى ئەو ناکۆکیى و ململانێیەى، لە نێوان میرە دەرەبەگە کوردەکاندا ڕوویداوە، بە شێوەیەکى بەردەوام، لە {کوردستان} ئاژاوە و جەنگى نێوخۆ بەرپابووە، بە هەزاران کوڕى کوردیان، بەگژ یەکدیدا کردووە، دەس و چنگۆڵەیان، بە خوێنى یەکدى سوورکردوون. بۆ نموونە: {فەرمانڕەوایانى سۆران و بۆتان، لە پێناوى بەهێزکردنى شوێن و بەدێهێنانى ئامانجەکانیاندا، لاوە خوێن گەرمە بەهێزەکانیان، لە ناکۆکیییە نێوخۆیییە دەرەبەگیییەکانى خۆیاندا بەکاردەهێنا، تا هەموو میرنشینە کوردیییەکان، لە میرنشینییەکى دەرەبەگیى گەورەى یەکگرتوودا کۆکەنەوە. دواتریش ئەو ئامانجانە، ترسى لە دڵى فەرمانڕەوا هاوسێکانیان و هەروەها میریى سوڵتاندا دەچاند.} {13}


بە ئەو شێوەیە، لە لایەکەوە: جەنگى ناڕەواى نێوخۆ، لە نێوان میرە دەرەبەگە کوردەکان خۆیاندا، لە سەر دەسەڵات، چاوچنۆکیى و پاوەنخوازیى ڕوویدەدا. لە لایەکى دیکەشەوە: لە نێوان سەرکردەکانى کورد و داگیرکەراندا، لە سەر داگیرکردنى {کوردستان}، جەنگێکى دەرەکیى سەخت و درێژخایەنتر بەرپادەبوو. چیلکەوچەوێڵى هەموو ئەو جەنگانەش، هەمیشە هەر، لاوە ئازاکانى کورد بوون. بۆیە وای لێهاتبوو، جار لە دواى جار، لافاوى ڕووبارى ئەو خوێنە، پتر دەبوو.


هەموو کۆمەڵێ لەم جیهانەدا، چەن خەسڵەتێکى نەتەوەیى تایبەتیى خۆی هەیە، هەر بە هۆی ئەو خەسڵەتانەشەوە، کۆمەڵێکى دیارییکراو، لە چەن کۆمەڵێکى دیکە جیادەکرێتەوە، هەرچەندە { شەرەف خانى بەتلیسیى}، پتر لە چوارسەدە لەمەوبەر نووسیوێتی: {چونکە کورد نەهاتوونە ژێر فەرمانى تاکە فەرماندارێکەوە، بۆیە لە یەکدی نامۆن و خوێنى یەکدی دەڕێژن و گوێ نادەنە هێمنایەتی و ڕێکوپێکیى و لە سەر زۆر و کەم، زوو هەڵدەچن!} {14}


بەڵام، زاناى گەورەى مێژوونووسمان {موحەممەد ئەمین زەکى}، بە پێچەوانەوە بیریکردۆتەوە، هێندآ خەسڵەتی گشتیى کۆمەڵایەتی کۆمەڵى کوردەواریى، زۆر بە ڕوونیى، لە سێ خاڵدا بۆ دەسنیشانکردووین و نووسیوێتی:


{ژیانى کۆمەڵایەتی لە نێوان کوردەکاندا، سێ خەسڵتى بە زەقیى پێوە دیارە:


1. کوردەکان، لە دەورى سەرۆکآ، هەر سەرۆکێ بێ، کۆدەبنەوە. هێندێ جار ئەو سەرۆکە، لە ڕەگەزێکى دیکە بووە و کورد نەبووە. ئەم خەسڵەتەش، وەک شتێکى کلاسیکیى مێژوویى لێهاتووە و ناگۆڕێ.
2. لەگەڵ ئەوەشدا، کە هێندێ دابونەریتى مێژوویى ڕەچاودەکەن، کەچیى بە شێوەکى کوێرانە، دوای ئەو سەرۆکە دەکەون و گوێڕایەڵیى دەکەن.
3. بە سەر چەن چینێکى کۆمەڵایەتییدا دابەشدەکرێن.} {15}


هەرچەندە، ئەمە وەک بۆچونێ، تەنیا لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە، تا ئەندازەیەک، ڕاستیییەکى زۆرى تێدا هەیە، بەڵام لە هەمان کاتیشدا، هەرگیز ناتوانین، ئەم تێڕوانینە وەک دەقێکى چەسپاو، بە سەر هەموو تیرە، هۆز و چینە کۆمەڵایەتییەکانى کۆمەڵى کوردەوارییدا بچەسپێنین. چونکە هەموو تیرە، هۆز و چینەکانى کۆمەڵی کورد، لە ڕووى بیر، باوەڕ، هەڵوێست، کردەوە و شێوازى ژیانى کۆمەڵایەتییەوە، چوونیەک نین و لە یەکدى جیاوازن. بۆیە دەبآ، هەر تیرە، هۆز و چینێکى کۆمەڵایەتى، بە جیا لێى بکۆڵرێتەوە و بە یەک چاو، تەماشاى هەموویان نەکرێ. بۆ نموونە: هۆزى {جاف}، کە لە نێوان ڕۆژهەڵات و باشوورى {کوردستان}دا بڵاوبوونەتەوە و نیشتەجێبوون، لەگەڵ هۆزى {موکریى، شکاک و گەڵباخیى} لە ڕۆژهەڵاتى {کوردستان} جیاوازن. هەروەها، هۆزەکانى {باجەلان} لە {خانەقی}، {دەلۆ} لە {کەرکووک}، هۆزی {دزەیی} لە {هەولێر} و {زێباریى} لە {مووسڵ ...}، ئەمانە هەموویان، لە زۆر ڕووەوە، لەگەڵ یەکدیدا جیاوازیییەکى گەورەیان هەیە. بۆیە، هەر مامۆستا {ئەمین زەکى}خۆی، لە شوێنێکی دیکەدا نووسیوێتی: {هەموو ئەو خەسڵەتە نەتەویییانەی، لە هۆزەکانى کورددا هەن، وەک ئیشى ڕۆژانە، نەریت و ڕەوشتى گشتیى... تاد، تەنیا یەک جۆر نین و بە شێوەیەکى یەکگرتوو نین، بەڵکوو لە نێوان هەموو هۆزەکاندا، نزیکەى جیاوازیییەکى ئاشکرا، لە نێوان ئەو خەسڵەتە نەتەوەیییانەدا بەدیدەکرآ.} {16}


دیارە، هەر لە کۆنەوە تا ئەوڕۆش، کۆمەڵى کوردەواریى، لە ڕووەکانى {کۆمەڵایەتی، ڕامیاریى، فەرهەنگیى، زمان و دیالێکت}ەوە، هەرگیز کۆمەڵێکى هاوئاهەنگ و یەکگرتوو نەبووە، یەکێتى نەتەوەیى، لە نێوان بەشەکانى کۆمەڵدا نەبووە و نییە، ڕیزەکانى ئەم نەتەوە بندەسە، بە هۆى چەن فاکتەرێکى جیاوازەوە، پچڕپچڕ و لەتلەت بووە. هۆکەشى بە زۆریى، بۆ ژێردەسیى، چەوساندنەوە، دابەشکردنى {کوردستان} و نەبوونى دەوڵەتێکى نەتەوەیى یەکگرتووی {کوردستانیی} دەگەڕێتەوە. {دابەشبوونى ڕامیاریى (کوردستان)، بە سەر دەوڵەتێکى سوننیی و دەوڵەتێکى شیعییدا، کە دوو زمانی فەرمیى جیاواز و دوو فەرهەنگى جیاواز و پێڕەوى دوو جۆر ڕێکخستنى ڕامیاریى، کۆمەڵایەتی و ئابووریى جیاوازیان دەکرد. هەروەها، دابەشبوونى هەر بەشێکى (کوردستان)، بە سەر چەندین میرنشینى جیاوازدا، سەرەڕاى دۆخى تۆپۆگرافیاى نالەبارى ئەرزەکەى، کە شاخ و دۆڵ و ڕووبار، لە یەکدى دابڕیبوو، ئەمانە هەموویان، نەک یارمەتیى کوردیان نەدا، بەرەو لەیەکچوونى فەرهەنگیى، کۆمەڵایەتی، ئابووریى و ڕامیاریی بۆ پێشەوە بچێ، بەڵکوو، دەلاقەکانى جیاوازیى و لەیەک نەچوونیان، لە نێو دانیشتووانى (کوردستان)دا، قووڵترکردەوە.


گەلى کورد، لە ڕووى کۆمەڵایەتییەوە، دابەشبووبوو بە سەر چەندین تیرە و هۆز و خێڵى گەورە و پچووکدا. لە ڕووى ئابووریییەوە، بەشێکى گەورەى، بە ڕەوەندایەتى مابوونەوە، هێندێکى خەریکى کشتوکاڵ بوون، لە گوندى دواکەوتوودا دەژیان و هێندێکى کەمى، لە شار نیشتەجێبوون. لە ڕووی ڕامیاریییەوە، دەوڵەتى خۆى نەبوو، ئەوانى ژێر دەسى عەجەم، ئەبوو دڵسۆزیى ڕامیاریییان، بۆ شا و ئەوانى ژێر دەسی ڕۆم، ئەبوو دڵسۆزیی ڕامیاریییان بۆ سوڵتان هەبێ، ئەوانەى نێوچەکانى سنوورى هەر دوو دەوڵەت، بەگوێرەى ڕوودانى ڕووداوەکان و دەسکەوتى خۆیان، بە ئاسانیی بارى دڵسۆزیى خۆیان دەگۆڕی. لە ڕووى فەرهەنگیییەوە، گەرچى زۆربەى کورد موسڵمان بوون، مەلاکانى کورد ئەبووایە، فێرى زمانى عەرەبیى بن. بەڵام دەسەڵاتى ئێرانیی ــ عەجەم، فەرهەنگى فارسیى و دەسەڵاتى عوسمانیى ــ تورکیى، فەرهەنگى تورکیییان، بە سەردا دەسەپاندن ..... فەرهەنگى ڕۆشنبیرەکانى کورد، بەگوێرەى دابەشبوونیان، دەکەوتە ژێر کارتێکردنى سێ نەتەوەى جیاوازەوە. هیچ کام لە دیالێکتەکانى زمانى کوردیى، {گۆرانیى، کرمانجیى و بابانیى} نەیتوانى، ببێتە زمان و فەرهەنگ و نووسینى تێکڕای کورد. جیاوازیى نێوان دیالێکتەکان زیاتر و قووڵتر بوو. لە ڕووى ئایینەوە، گەرچى زۆربەى کورد موسوڵمان بوون، بەڵام، ئەمیش دابەشبووبوو بە سەر ئایینزاى جیاوازدا. سەرەڕاى زۆرایەتییەکى سوننیى، شیعە و عەلەویشى تێدابوو. لە پاڵ موسڵماندا، بەشێکى کورد، هەر لە سەر ئسوڵى ئێزدیى مابوون.


لەم کۆمەڵە پچڕپچڕەدا، دڵسۆزیى بۆ بنەماڵە، دڵسۆزیى بۆ خێڵ، دڵسۆزیى بۆ نێوچە، دڵسۆزیى بۆ ئایین، دڵسۆزیی بۆ ئایینزا، ئەکەوتە سەروو هەموو دڵسۆزیییەکى دیکەى وەک دڵسۆزیى بۆ نەتەوە، یا دڵسۆزیى بۆ دەوڵەتەوە. ئەوەش بووبوو بە مایەى دووبەرەکیى و ناکۆکیى و خۆخۆریى، کە بەگەورەترین دەردى کورد دەژمێررآ. (شەرەفخان و ئەحمەدى خانیى و حاجى قادر) و هەموو ڕۆشنبیرەکانى دیکەى کورد، لە دەست ئەو دەردە سکاڵایان کردووە، بە داخ و پەژارەوە لێى دوواون، هەموو نووسەرانى بێگانەش، وەک بەشێک لە کەسێتى کورد باسیانکردووە.} {17}


بۆیە، لە کۆمەڵى کوردەوارییدا، دەسەڵاتى سەرۆک تیرە، هۆزەکان و سیستێمی بنەماڵە، بە شێوەیەکى بەردەوام، سەریدەرهێناوە و لە برەودابووە. دیارە، لە ئەنجامى چەن فاکتەرێکى ئایینیى، ئابووریى، فەرهەنگیى و هێندێ جاریش، نەتەوەیى و ڕامیاریى، بنەماڵەیەکى دیارییکراو، لە نێو هۆزەکەى خۆیدا، بە خێرایى گەشەیکردووە و وردەوردە، ناویدەرکردووە. پاشان، لە نێوخۆیدا بەهێزبووە و پەلیهاویشتووە، تا بە کاوەخۆ، دەوروبەرەکەى خۆشى تەنیوەتەوە. ئیدى درەنگ بووبێ یا زوو، بە تەواویى، دەسى بە سەر کاروبار و دەسەڵاتى هۆزەکەدا گرتووە، لە نێو بنەماڵەکەدا، سەرۆک هۆزێکى باشیان تێدا هەڵکەوتووە و لە ئەویشەوە دەسەڵات، دەمڕاستیى و سەرکردایەتی هۆزەکە، بۆ نەوەکانى دواى خۆی بەجێماوە.


لە مێژووى گەلانى جیهاندا، لە نێو بنەماڵە و دەرەبەگە نیشتمانپەروەرەکاندا، گەلێ سەردار و میرى مەزن دەرکەوتوون، ئەو بنەماڵانە، لە پێناوى بەختەوەریى و ئازادیى گەلەکانیاندا، لە پێناوى ڕزگاریى و سەربەخۆیى ووڵاتەکانیاندا، لە پێناوى دامەزراندنى دەوڵەتێکى یەکگرتووى ناسیۆنالدا، لە کات و سەردەمى جیاجیادا، دژى دوژمنان و داگیرکەرانى نیشتمانەکانیان جەنگاون، شۆڕشى نەتەوەیى، ڕامیاریى و چەکدارانەیان هەڵگیرساندووە، خەباتێکى سەختى بێ وچانیان کردووە، خۆیان لە خۆشیى ژیان بێ بەشکردووە، هەموو کات و سەروەت و سامانیان، لە پێناوی سەرکەوتنى گەلەکانیاندا بەختکردووە. دیارە، ئەو جۆرە میر و بنەماڵانە، بنجى کۆمەڵایەتیییان، لە سەر ڕەگى هەر چینێ داکووتابێ و سەوزبووبآ، تا ئەندامێکى گەلەکانیان مابێ، هەمیشە بە خۆشیییەوە یادیاندەکەنەوە، سەرى ڕێزیان بۆ دادەنەوێنن، بە چاوى پڕ لە خۆشەویستیییەوە، تێیان دەڕوانن، پلەوپایەى کۆمەڵایەتی و ناوبانگى ڕامیاریییان، وک {زێڕى تێزاب} وایە و هەرگیز ژەنگ هەڵ ناهێنێ، ناویان لە لاپەڕى بیرەوەریى گەلەکانیاندا، بەجوانترین شێوە تۆمارکراوە.


لە مێژووى نەتەوەى کوردیشدا، گەلێ قارەمانى وەک: {میر بەدرخان بەگى بۆتان، یەزدانشێر، شێخ عوبێدوڵڵاى شەمزینان، شێخ سەعیدى پیران، سەیید ڕەزای دەرسیمیى، سمایل ئاغاى شکاک، شێخ مەحموودى بەرزنجیی، قازیى موحەممەدى پێشەوا و شێخ عەبدولسەلامى بارزان...} تاهەتایە، وەک ئەستێرەکى پرشنگدار، ناویان لە ئاسمانى کۆمەڵی کوردەوارییدا دەدرەوشێتەوە. هەرچەندە، سەرکردە و پیاوە مەزنەکانى کورد، لە هەوڵ و تەقەلاکانیاندا، سەرکەوتوو نەبوون و ئامانجەکانى خۆیان نەپێکاوە، زۆربەى زۆریشیان، هەر بە ئەو داخەوە، سەریانناوەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ڕۆڵەکانى نەتەوەى کورد، هەر شانازیییان پێوە دەکەن و بەڕێزەوە ناویاندێنن، گەر ئەوڕۆش، چەن سەرکردەیەکى نیشتمانپەروەرى دیکەى کورد، لە نێو ڕیزەکانى گەلدا هەڵکەون و دەرکەون، لە سەر ڕێوشوێنى باووباپیرانیان، بەڕیوەبڕۆن، توێشوی خەبات و تۆڵەسەندنەوە، لە پشت ببەستن، هەوڵى ڕزگارکردنى کورد و سەربەخۆیى {کوردستان} بدەن، ئەوا ڕۆڵەکانى گەل، بە هەمان پەرۆش، ڕێز و خۆشەویستیییەوە، باوەشى ئەمەک و سەروەریان بۆ دەکەنەوە. وەک {جەلال تاڵەبانیی}ش نووسیوێتی: {ئەوە هیچ لە ئەو ڕاستیییە ناگۆڕێ، کە جووڵانەوەى ڕزگارییخوازانەی کورد، لە چەرخى نۆزدەیەمدا، لە لایەن میرە کوردەکان، یا دەرەبەگ، یا پیاوە ئایینیییەکانى کوردەوە، سەرکردایەتیکراوە، جووڵانەوەى ڕزگارییخوازانەى کورد، لە ئەو ڕووەوە، تاک و تەنیا نەبووە و نییە، بەڵکوو، چەن جارێ لە مێژوودا ڕوویداوە، بزووتنەوەى نیشتمانیى لە سەرەتادا، یا لە قۆناغێکى دیارییکراویدا، لە ژێر ئاڵاى سەرکردایەتی میرەکاندا، بەرپابووە و نەشونمایکردووە، (بۆ نموونە: وەک لە پۆڵۆنیا و بولگاریا و هێندآ ووڵاتى عەرەب ڕوویانداوە)، یا لە لایەن شایەکى دەرەبەگ خۆیەوە، دەسیپێکردووە، (وەک لە ئەڤگانستان، شا ئەمانوڵڵا خۆى، ڕێبەرى بزووتنەوەى ڕزگارییخوازانەى نیشتمانیى ووڵاتەکەى کردووە). تەنانەت، لە سەردەمى ئێستە و لە ئەم ڕۆژگارانەشماندا دەبینین، یەکێکى وەک میر (سیهانۆک)، سەرکردایەتى جووڵانەوەى ڕزگارییخوازانەى گەلى (کەمبۆدیا) دەکا. میر (سۆفانافۆنک)یش لە (لاووس)، ڕێبەرێتی بزووتنەوەیەکى جەماوەریى میللیى دەکا. هەروەها دەبینین، میرەکانى عەرەب لە (عومان)، دژى ئیمپریالزمى (بریتانیا)، سەرکردایەتى بزووتنەوەى شۆرشگێرانە دەکەن. هەر لە سەرەتاشەوە تا ئەوڕۆ، چەن دەستەیەک لە دەرەبەگ، سەرەک هۆز و پیاوە ئایینیییەکانى کورد، لەگەڵ کاروانى خەباتى بزووتنەوەی ڕزگارییخوازانەى کوردایەتیدا ڕۆیشتوون. هەرچەندە ڕۆڵ، بایەخ و چالاکیییان، بە پلەیەکى گەورە کەمبووەتەوە.}{18}

___________________________________________

* نووسەر و مامۆستای زانکۆ.


تێبینیی:
* بە لای منەوە، عەشیرە هۆز و تایەفەش تیرەیە. دەربارەی {باڤک}یش، {مارتین} نووسیوێتی:{ باڤک تایەفەیەکە، کە تۆرمەکەی هێند قووڵ نییە و دەشێت، بە لایەگرانی بێگانە پتەوترکرابێت. باڤک دانیشتووی گوندێکن و هەرگیز نەمدیوە، لەوە تێپەڕیانکردبێت و لە چەن گوندێکدا ژیابن. تیرە لەوە گەورەترە، کە زاراوەی باڤکی بۆ بشێت.}{2،ل131}
# ئەم گوتارە دەسکارییکراوە و لە بەرهەمێکی نووسەر خۆیەوە وەرگیراوە: {ڕۆڵی سیستێمی بنەماڵە لە بزاڤی ڕزگارییخوازی نیشتمانیی کوردستاندا، چ2، سولەیمانیی، چاپخانەی ئەزمڕ، 2001، ل13 - 25}.

سەرچاوەکان:
1. د. حوسێنی خەلیقی، بناخە گشتییەکانی کۆمەڵناسی، چ 1، چاپخانەی ئاپێک، سوید، ل 258.
2. مارتین ڤان برونەسن، ئاغا و شێخ و دەوڵەت، کوردۆ لە ئەڵمانییەوە کردوویە بە کوردی، ب1، چ1، چاپەمەنی ڕۆژ، سوید، 1996، ل134.
3. هەمان سەرچاوەی پێشوو، ل 133-134.
4. د. سادقی شەرەفکەندی، کورتە مێژووی بزوتنەوە نەتەوایەتییەکانی کورد، وەرگێڕانی تەها مەتیفی، چ1، چاپخانەی ئاپێک، سوید، 1995، ل 18-19.
5. سيامند ز. عوسمان، ملاحظات تاريخية حول نشاة الحركة القومية الكردية، دراسات كردية، مجلة فصلية تصدر عن مركز الابحاث في الممعهد الكردي ـ باريس، العدد1، السنة 1984، ل 22.
6. جليلي جليل، من تاريخ الامارات في الامبراطورية العثمانية في النصف الاول من القرن التاسع عشر، ترجمة د. محمد عبدو النجاري، الطبعة الاولي، الاهالي للطباعة و النشر و التوزيع، دمشق، 1987، ل 18.
7. مینورسكي، الاكراد ملاحظات و انطباعات، ترجمة د. مارف خه‌زنه‌دار، ل35.
8. شامیلۆف، حول مسالة الاقطاع بين الكرد، ترجمة د. كمال مظهر، بغداد، 1977، ل63.
9. تؤما بوا، مع الاكراد، ترجمة ئاواز زنگنة، 1975، ل 40.
10. سه‌رچاوه‌ی ژماره‌6 ،‌ل 34.
11. سه‌رچاوه‌ی ژماره‌6، ل 42.
12. سه‌رچاوه‌ی ژماره‌6، ل 75.
13. سه‌رچاوه‌ی ژماره‌6، ل 76.
14. شه‌ره‌فخانی به‌دلیسی، شه‌ره‌فنامه‌، هه‌ژار کردوویه‌ به‌ كوردی، ض2، تاران، 1981، ل 132.
15. محمد امين زكي، خلاصة تاريخ الكرد و كردستان من اقدم العصور التاريخية حتي الان، ترجمة محمد علي عوني، الجزء الاول، الطبعة الثانية، بغداد، 1961، ل 276
16. هه‌مان سه‌رچاوه‌ی پێشوو، ل277.
17. صالح محمد امين، كورد و عةجةم، ميَذووي سياسي كوردةكاني ئيَران، ض1، 1992، ل157.
18. جلال الطالباني، كردستان و الحركة القومية الكردية، دار الطليعة للطباعة و النشر، بيروت، 1971، ل79-80.
 

 

azizhus@yahoo.se