٤\٣\٢٠١٢ تهوهری ''ئهدیب له یهک پرسی قورسدا''.
سازدانی: ئهمڕۆ
ههندرێن حهمهدهمین: ئەگەر پەیوەندی نێوان نووسهر و خوێنەر تەنها پهرتووک بێت، ئەوە ئەو پەیوەندیە ئاڵۆز و ناتەواوەی لێئەکەوێتەوە کە ئەمڕۆ لە کوردستان هەیە، سەمەرەی راگەیاندن و بڵاوکردنەوە لە کوردستان لەوەدایە کە بەردەوام یەک پێوەریان هەیە، ئەویش بوونی ژمارەیەکی زۆر لە چاپخانە و بەناو دەزگەی چاپەمەنی و دەرچوونی رۆژنامە و گۆڤار و تا ئاستێکیش پهرتووک، بەڵام زۆر بە دەگمەن باس لە جیاوازی ئەو دامودەزگە و بڵاوکراوانە ئەکرێت، لە هەر وڵاتێک کە دەسەڵات لەلایەن کەس یان حزب پاوان کرا، ئەوە ناتوانی باوڕ بە بوونی دیموکراسی بکەی مەگەر سەدان رۆژنامە و رادیۆ و تەلەفزیۆن بڕوپاگەندەی بۆ بکەن، لە هەر وڵاتێکیش دیموکراسیەت نەبوو واتە بیر و باوڕی ئازاد نیە.
سەرچاوەی ئەدەبی پێشکەوتوو و چالاک بوونی سیستەمی دیموکراسیە، بەبێ ململانە فکری و ئەدەبی و هونەری ناتواندرێت داهێنان بکرێت، چەق بەستنی ئەدەب و هونەر لە کۆنتڕۆل و دەستبەسەرداگرتنی بوارەکانی رۆشەنبیریە لەلایەن دەسەڵاتی سیاسی، زۆر باس لە جیابوونەوەی دین و دەسەڵات ئەکرێ کە ئەمەیان بابەتێکیترە و ئەکرێ لە تەوەرێکیتردا بە فراوانتر باسی لێوەبکرێ، بەڵام ئەوەندەی من سەرنجم داوە ئەم تەوەرەش هەر لەچوارچێوە کلاسیکیەکەی کە وتنەوەی قسەی کەسانێکن دەبارە و سەدبارە ئەکرێنەوە، هەر هەموو کەناڵەکانی راگەیاندن جگە لە گۆڕینی دەم و چاوەکان لە بابەت و ناوەڕۆکدا کۆپی یەکترن، تا ئێستا هیچ کەناڵێک کارێکی تەواو پێویستی بۆ ئازادکردنی بوارەکانی رۆشەنبیری نەکردووە، وەک چۆن لە کوردستان سەرەڕای ئەو هەموو پڕوپاگەندەیەی بۆ دیموکراسی و علمانیەت و پێشکەوتن و بە شارستانی کردنی یاسا ئەکرێ، کەچی دادگە سەربەخۆ نیە، دادوەرەکان لەژێر سایەی حزبەکان کاردەکەن و بڕیار دەدەن.
کەواتە بوونی نووسهر و چاپکردنی کتاب هیچ کاریگەریەکی لەسەر بەرەو پێش بردنی کۆمەڵگە نیە، هەر پهرتووکێک کە راگەیاندنی حزبێکی لە پشتەوە بێت ئەتواندرێت بە ژمارەیەکی زۆر چاپبکرێت و نرخەکەی هەر چەندێک بێت ئەرزشی نیە، نووسهر بەر لە چاپکردن پاداشتەکەی یان باشترە بڵێین نرخەکەی خۆی وەرگرتووە، بۆیە گەڵێک جار تێگەیشتنێکی زۆر هەڵە لەلای خەلک دروست ئەبێت بەوەی ئەو کتابە یان ئەو نووسهرە خوێنەری زۆرە، راستیەکەی ئەوەیە کتابەکە فڕۆشتن یان بڵاوبوونەوەی زۆرە، نووسهرەکەش ناوی دەرئەکەوێت، هەموو ئەو کەسانەی پهرتووک ئەکڕن و لە ماڵەکانیان مەکتەبەی گەورە دروست ئەکەن مەرج نیە خوێنەر بن، یان کە لە دەمی خەلکانێک ناوی ئەو نووسهر و ئەو نووسهر ئەبیستی مانای ئەوە نیە کە ئەو کەسانە خوێنەری ئەو نووسهرەن، لەوانەش زیاتر راگەیاندنەکان کە بە مەبەستی تایبەتی و حزبایەتی خۆیان بڕوپاگەندە بۆ پهرتووکێک یان نووسهرێک ئەکەن و ئەبێتە هۆی ئەوەی کە خەلکانێکی زۆر و بەتایبەت ئەندام و لایەنگرانی ئەو حیزبە بەبێ خوێندنەوەی کتابەکە پڕوپاگەندە بۆ نووسهر و کتابەکەی بکەن، بۆ نمونە کە هەموو ئەندامانی حیزبێک کەسێکی ناو حیزبەکەیان بە نووسهر ئەزانن، بەلام سەتا دەی ئەندامانی ئەو حیزبە نەوەک پهرتووکەکانی ئەو نووسهرەیان نەخوێندۆتەوە، بەلکو ناوی پهرتووکەکانیش نازانن، بۆ نووسهرەکەش ئەوە گرینگ نیە چەند کەس پهرتووکەکانی ئەخوێنێتەوە، گرینگ ئەوەیە بە نووسهر و رۆشەنبیر بناسرێت، ئەوە بو نووسهرانی بواری ئەدەب و هونەر هەر هەمان شتە، نووسهر ئەو کاتە ئەتوانێ باوڕ بە بوونی خوێنەر بکات کە نوسینەکانی لە بوارەکانیتری ئەدەب و هونەر رەنگ بداتەوە، کە ببینێت نوسینەکانی ئەخرێنە ژێر رەخنە و گفتوگۆیان لەسەر ئەکرێت و بازنە داخراوەکانی کەسانێکی دیاریکراو ئەشکێنێت، بەڵام کاتێک نووسهرێک پێوەری خوێنەری خۆی بە فڕۆشتنی کتابەکانی ئەکا ئەوە خۆی فریو ئەدات و خۆڵ ئەکاتە چاوی خەلکانێکی سادە و ساکار.
من ئەو کاتە باوڕ بە بوونی خوێنەر دێنم کە ببینم دەقەکان چوارچێوەی پهرتووک و دۆستەکانی نووسهر ئەشکێنن، لێرە و لەوێ کۆڕ و سیمینار بۆ ئەو نوسینە ئەکرێت و لە هەر کۆڕ و سیمینارێک کەسانێکی جیاواز قسە ئەکەن و دەقەکە هەڵئەسەنگێنن، لە ولاتێک ئەتوانی باس لە خوێنەر بکەیت کە دەقەکان ئەکرێن بە شانۆ، ئەکرێن بە گۆرانی و بە سەرچاوی تابلۆکان، یان تابلۆ ئەبێتە دەق، گۆرانی تێکەڵ بە شانۆ ئەبێت و هتد، لە وڵاتێک پهرتووکخانەی گشتی هەبێ، لەوێ خەلک پهرتووک وەرگرێ و بیخوێنێتەوە، لە وڵاتێک مامۆستایانی زانکۆ داوا لە قوتابیان بکەن و هانیان بدەن بۆ خوێندنەوەی سەرچاوەکانی دەرەوەی مەنهەج، داوا لە نووسهران بکرێت ئامادەی سیمینارەکانی زانکۆ بن بۆ گوێگرتن لە ئەو سەرنج و بۆچوون و تێبینیانە کە قوتابیان لە بارەی ئەو دەقانە هەیانە، ئەو کات نووسهر ئەتوانێ باوڕ بەوە بکات کە خوێنەری هەیە.
|