٢٣\١٠\٢٠١٠
حه‌پسه‌خانی نه‌قیب
وه‌جاخی کوێره.

مه‌هاباد کوردی
دوێنێ
وه‌ک هه‌ر ڕۆژێکی دیکه‌ی ئاسایی ته‌ماشای هه‌ندێ ماڵپه‌ڕی ئینته‌رنێتم
کرد. یه‌ک له‌و هه‌واڵانه‌ی که سه‌رنجی ڕاکێشام ئه‌مه‌ی خواره‌وه بوو.
هه‌واڵه‌که به زمانی عه‌ره‌بی له ماڵپه‌ڕی تایبه‌ت به که‌ناڵێکی
ته‌له‌فزیۆنی (السومریه نیوز) و (موسوعه النهرین) بڵاو کرابۆوه. من
لێره‌دا به پێویستی ده‌زانم ده‌قی ئه‌م نووچه‌یه وه‌ک خۆی، به‌ڵام به
وه‌رگێڕدراوی بۆ سه‌ر زمانی کوردی بۆ خوێنه‌رانی هێژا بنووسمه‌وه:
"خانمی یه‌که‌می عێراق ڕه‌خنه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی سلێمانی ده‌گرێت،
چونکه مۆڵه‌تی داوه به ڕووخاندنی قوتابخانه‌یه‌کی دوا ناوه‌ندی له
ناوه‌ڕاستی شار... هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د خێزانی سه‌رکۆمار، ڕۆژی
چوارشه‌ممه، ڕه‌خنه‌ی له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شاری سلێمانی گرت، چونکه
مۆڵه‌تی داوه به ڕووخاندنی چه‌ند باڵه‌خانه‌یه‌کی گشتی و کۆن به مه‌به‌ستی
بنیاتنانی پڕۆژه‌گه‌لی وه‌به‌رهێنان له جێگه‌یاندا. له‌ناو ئه‌و بینا
کۆنانه‌دا قوتابخانه‌یه‌کی دوا ناوه‌ندی هه‌یه که ده‌که‌وێته ناوه‌ڕاستی
شار. ناوبراو ئه‌م کاره‌ی به تاوان ده‌رهه‌ق به شاره‌که پێناسه کرد.
هێرۆ ئیبراهیم ئه‌حمه‌د له کاتی قسه‌کردندا له‌گه‌ڵ (السومریه نیوز)
گوتوویه‌تی: ده‌سه‌ڵاتداران له شاری سلێمانی موڵکدارێتیی قوتابخانه‌ی
(فریشته)ی کچانیان داوه‌ته یه‌ک له کۆمپانیا خۆجێییه‌کان تاوه‌کو
بیگوڕێت بۆ گه‌راجی ژێره‌وه‌ی پڕۆژه‌یه‌کی وه‌به‌رهێنان. هه‌ر دیسان
پێشتریش ڕێگایان دابوو به گۆڕینی بینای قوتابخانه‌ی (حه‌پسه‌خانی نه‌قیب)
بۆ پڕۆژه‌یه‌کی بازرگانی. شایانی باسه ئه‌م قوتابخانه‌یه یه‌که‌مین
قوتابخانه‌ی کچان بوو له شاری سلێمانی. هێرۆ له‌سه‌ر قسه‌کانی به‌رده‌وامه
و ده‌ڵێت: گۆڕینی هه‌ندێ شوێنی مێژوویی و جوان بۆ پڕۆژه بازرگانییه‌کان
کارێکی په‌سندکراو نییه و تاوانێکه له هه‌مبه‌ر هه‌زاران هاووڵاتی
که له‌و قوتابخانانه‌دا په‌روه‌رده و فێربوون. دیسان ناوهاتوو ئاماژه‌ی
به‌وه کردووه که خودی خۆی و یه‌کێ له شوێنه‌وارناسه‌کان بوونه‌ته
هۆی ئه‌وه‌ی که به کرده‌وه ڕێ له‌وه بگیرێت تاکو سه‌رای سلێمانی
تێک نه‌درێت و نه‌کرێت به پڕۆژه‌یه‌کی وه‌به‌رهێنان. سه‌رای سلێمانی
به کۆنترین شوێنه فه‌رمییه‌کانی ئه‌و شاره ده‌ژمێردرێت. هێرۆ داوای
له هاووڵاتییانیش کردووه که بێده‌نگ نه‌بن له ئاست سڕینه‌وه‌ی یاده‌وه‌رییه‌کانیان،
چونکه سه‌رای سلێمانی جگه له‌وه‌ی که کۆنترین شوێن و خانووبه‌ره‌یه،
هه‌روه‌ها شایه‌ده له‌سه‌ر مێژووی سیاسیی شاره‌که‌ش. خانمی یه‌که‌می
عێراق درێژه به ئاخاوتنی ده‌دات و ده‌ڵێت: کاتێ سه‌یری شاره‌که ده‌که‌م،
هه‌ندێ جار وه‌ک ئه‌وه‌ی نه‌یناسمه‌وه، وا دێته پێش چاوم. ئه‌مه‌ش
مانای ئه‌وه ناگه‌یه‌نێت که من نوێکاری و کاری بیناسازی و بنیاتنانه‌وه
ڕه‌ت ده‌که‌مه‌وه، به‌ڵام پێویسته شاره‌وانی له‌سه‌ر بنچینه‌یه‌کی
پلان بۆ داڕێژراو ئه‌م کارانه ئه‌نجام بدات. به‌شێوه‌یه‌کی تایبه‌تیش
ده‌بێ بیر له ڕووی ده‌ره‌وه‌ی بینا و باڵه‌خانه‌کان بکرێته‌وه.
خێزانی سه‌رکۆمار پێشنیاری ئه‌وه‌شی کرد که حکوومه‌تی هه‌رێم ده‌بێ ئه‌م
بینا کۆن و دیرۆکییانه‌ی شاره‌که بکڕێت بۆ ئه‌وه‌ی له شاڵاوی بزاڤی
وه‌به‌رهێنان و دروستکردن بیانپارێزێت. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت: پێشتریش
پێشنیاری ئه‌وه‌م بۆ حکوومه‌ت کردبوو که ئه‌م بینا و خانووانه و ته‌نانه‌ت
هه‌ندێ گه‌ڕه‌کیش بپارێزێت. هه‌روه‌ک باس کرا که شاره‌وانێتی سلێمانی
موڵکداریه‌تیی زه‌ویی دوا ناوه‌ندی فریشته‌ی کچانی دا به کۆمپانیایه‌کی
خۆجێیی به مه‌به‌ستی دروستکردنی گه‌راجی توڕمبێڵ. پێشتریش هه‌ر هه‌مان
شاره‌وانی موڵکداریه‌تیی زه‌ویی قوتابخانه‌ی حه‌پسه‌خانی نه‌قیب، که
به‌ر له هه‌شتا ساڵ دروست کرابوو، گۆڕی بۆ بازاڕی وه‌به‌رهێنانی
کۆمپانیایه‌کی چینی".(ماڵپه‌ڕی السومریه نیوز، 20ـ10ـ2010). تا ئێره
هه‌واڵه‌که ته‌واو بوو. من هه‌روه‌ک له سه‌ره‌تاشدا گوتم شته‌که چۆن
نووسراوه و بڵاوکراوه‌ته‌وه، دیسان وه‌ک خۆی به ده‌ستپاکییه‌وه ده‌ینووسمه‌وه.
جا با خوێنه‌ر خۆی بڕیارده‌ر بێت و بیر له‌و کاولکارییه‌ش بکاته‌وه که
کوردستان، له‌بن ناوی جۆراوجۆره‌وه، تووشی هاتووه.
هه‌ر لێره‌دا زۆر به پێویستی ده‌زانم، گه‌ر به کورتیش بێ، ئاوڕێک له
ژنی ناسراو و ناوداری کورد حه‌پسه‌خانی نه‌قیب بده‌ینه‌وه. له کاتی
هێنانه‌وه‌ی ئه‌و زانیارییانه‌دا به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی پشت به هه‌ندێ
ماڵپه‌ڕی کوردی به‌ستراوه.
" ئافره‌تی کوردپه‌روه‌ر و خێرخواز و خه‌مخۆری ژنانی کوردستان، حه‌پسه‌خانی
کچی مه‌عرووف به‌رزنجی نه‌وه‌ی کاک ئه‌حمه‌دی شێخ و ئامۆزای شێخ مه‌حموودی
مه‌لیکی کوردستان و هاوسه‌ری شێخ قادری حه‌فید و ناسراو به حه‌پسه‌خانی
نه‌قیب، له ساڵی 1891دا له شاری سلێمانی هاتۆته دنیاوه. حه‌پسه‌خان له‌ناو
بنه‌ماڵه‌یه‌کی گه‌وره‌ی ئایین و زانست په‌روه‌ر و خزمه‌تگوزار‌ی کورد
په‌روه‌رده بووه و بووه‌ته یه‌کێک له ئافره‌ته هه‌ره به‌ناوبانگه‌کانی
کوردستان. ناوبراو ژنێکی به‌خشنده‌ی چاوتێر و خێرخواز و گه‌لێک زمان
شیرین و ده‌روون پاک بووه. دیوه‌خانه‌که‌ی هه‌رده‌م پڕ له ژنانی شاری
سلێمانی و ده‌وروبه‌ری بووه. هه‌ر ئافره‌تێک تووشی کێشه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تی
یا دارایی بووبێ و زۆری لێ کرابێ، په‌نای بردۆته به‌ر حه‌پسه‌خان و ئه‌ویش
به‌دڵێکی فراوانه‌وه له کێشه‌که‌ی کۆڵیوه‌ته‌وه. هه‌روه‌ها بۆی چاره‌سه‌ر
کردووه و زۆر جاریش یارمه‌تییه‌کی باشی دارایی ئه‌م جۆره ئافره‌تانه‌ی
داوه. حه‌پسه‌خانی نه‌قیب نه‌ک هه‌ر له ناو ژناندا ڕۆڵ و نرخی کۆمه‌ڵایه‌تی
خۆی هه‌بووه، به‌ڵکو له‌ناو هه‌موو خه‌ڵکی کوردستاندا ڕێز‌و پایه‌یه‌کی
تایبه‌تی بۆ خۆی په‌یدا کردووه. له‌و کاته‌ی که ماڵ و دیوه‌خانه‌که‌ی
حه‌پسه‌خان بوو بووه قوتابخانه‌یه‌کی کۆمه‌ڵایه‌تیی کورد و ژنان لێیه‌وه
فێری ڕه‌وشتی به‌رزی کۆمه‌ڵایه‌تی ده‌بوون، له هه‌مان کاتدا مه‌ڵبه‌ندێکی
به‌رزی نیشتمانپه‌روه‌ریش بووه. ئافره‌تان له‌و مه‌ڵبه‌نده کۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی
ئه‌و شێره‌ژنه کورده، هه‌ستی کوردایه‌تییان ده‌رورووژا و بیری
ڕامیارییان له‌لا دروست ده‌بوو. کاتێ که له کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌ی ژناندا
باسی جلوبه‌رگی ئاڵ و واڵای تایبه‌ت به خۆیان و ئه‌م و ئه‌و ده‌کرا،
ده‌بینرا له کۆڕ و دیوه‌خانی حه‌پسه‌خاندا هه‌رباسی ڕه‌وشت پاکی و
کوردپه‌روه‌ری و مافی نه‌ته‌وایه‌تی کورد و ئازادیی خاکی کوردستان ده‌کرا.
ئه‌م ژنه تێکۆشه‌ر و کوردپه‌روه‌ر و دڵسۆزه‌ی کوردستان، له ساڵی 1930دا
نامه‌یه‌کی ڕامیاری و مێژوویی بۆ ڕێکخراوی "کۆمه‌ڵه‌ی نه‌ته‌وه‌کان" له
"جنێف" نووسی و، به ڕاشکاوی داوای مافی چاره‌نووسی کوردی کرد له‌سه‌ر
خاکی کوردستان. داواکارییه‌کی وه‌های ئه‌م ئافره‌ته مه‌زنه ده‌نگێکی
باشی دایه‌وه، به تایبه‌تی له‌و سه‌رده‌مه تاریکه‌ی که کورد پێیدا
تێده‌په‌ڕی. کاتێکیش که کۆماری دیموکراتیی کوردستان به سه‌رۆکایه‌تی
پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د له 1946.01.22دا له مه‌هاباد دامه‌زرا، حه‌پسه‌خان
به هه‌موو توانایه‌کی دارایی پشتگیریی ئه‌و کۆماره ئازیزه ساوایه‌ی
کوردی کرد. به‌رامبه‌ر به‌و هه‌ڵوێسته‌یشی پێشه‌وا سوپاسنامه‌یه‌کی گه‌رمی
بۆ نارد و ڕێزێکی زۆری لێ نا.
حه‌پسه‌خان له بواری زانست و په‌روه‌رده و بڵاوکردنه‌وه‌ی خوێنده‌واری
له‌ناو ئافره‌تانی کورددا ڕۆڵێکی باڵای هه‌بووه. بۆیه نه‌ک هه‌ر مایه‌ی
شانازیی پێوه‌کردنی ژنانی کورد بووه، به‌ڵکو جێگه‌ی شانازیشه بۆ سه‌رجه‌م
میلله‌تی کورد. ئه‌و جگه له هه‌ڵوێستی چاکه‌خوازیی کۆمه‌ڵایه‌تی و خزمه‌تگوزاریی
خه‌ڵک و یارمه‌تیدانی هه‌ژار و کوردپه‌روه‌ریی پڕ له دڵسۆزی و ڕاستگۆیی،
هه‌ڵوێستێکی به‌رزیشی هه‌بووه به‌رامبه‌ر به کردنه‌وه‌ی قوتابخانه‌ی
کچان بۆ له‌ناوبردنی نه‌خوێنده‌واری که ئه‌وساکه ده‌ردێکی کوشنده‌ی
کۆمه‌ڵایه‌تی نێو کۆمه‌ڵگه‌ی کورده‌واری بوو. له‌و سه‌رده‌مه‌دا ته‌نانه‌ت
له سه‌دا یه‌کی ئافره‌تانی کوردیش خوێنده‌وارییان نه‌بوو. حه‌پسه‌خان
بۆ ئه‌م مه‌به‌سته خانووی خۆی کرده قوتابخانه، تا ئافره‌تان به
ئێواران تیایدا فێری خوێندن و نووسین ببن. ئه‌و قوتابخانه‌یه‌ش یه‌که‌مین
قوتابخانه‌ی کچان بووه له شاری سلێمانی و هه‌موو کوردستانیشدا. ئه‌م
ئافره‌ته مه‌زن و چاکخوازه‌ی کورد له ته‌مه‌نی شه‌ست و دوو ساڵیدا، له
ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی ڕێککه‌وتی 1953.04.12، به نه‌خۆشی شێرپه‌نجه کۆچی
دوایی کرد و که‌لێنێکی گه‌وره‌شی له‌ناو ژنانی کوردستان به‌جێ هێشت.(هه‌ندێ
ماڵپه‌ڕی کوردی، به شێوه‌یه‌کی تایبه‌تی نووسینێک له ـ مه‌کۆی کوردان
ـ که کاک حسێن خۆشناو سه‌رپه‌رشتی ده‌کات).
ئه‌گه‌ر ئێستا حه‌پسه‌خانی نه‌مر بۆ ته‌نیا چرکه‌ساتێکیش چاوی بکرابایه‌وه
و قوتابخانه‌که‌ی خۆی به‌م جۆره بینیبا، گه‌لۆ چ هه‌ستێکی لا دروست ده‌بوو
و چۆن چۆنیش عه‌قڵی سیاسه‌تمه‌دارانی ئه‌وڕۆی باشووری کوردستانی هه‌ڵده‌سه‌نگاند؟؟؟؟
تۆ بڵێی ئه‌م مرۆڤه گه‌وره‌یه و خه‌مخۆره‌ی کورد له ناخی ناخییه‌وه،
له قووڵایی دڵ و ده‌روونییه‌وه، ئاگری تێبه‌ر نه‌بووبا و له هه‌مان
کاتیش‌دا هه‌ستی به وه‌جاخکوێری خۆی نه‌کردایه؟؟؟؟ ئاخر که‌ی ڕه‌وایه
یه‌کێ که بووبێت به سیمبۆڵی نه‌ته‌وه‌یه‌ک، تۆ بێیت وا به سووک و
ساناهی، شه‌لم کوێرم ناپارێزم، جێ ده‌ست و شوێنه‌واره‌کانی له‌ناو ببه‌یت
و کوێریان بکه‌یته‌وه؟! کارێکی وا به‌ر له‌وه‌ی هه‌ر ناوێکی تری لێ
بنرێت، ئه‌وپه‌ڕی دواکه‌وتن و گه‌لحۆیی و فه‌رامۆشکردنی هه‌سته نه‌ته‌وه‌یی
و نیشتمانییه‌کانی ئه‌م میلله‌ته‌یه.
ئه‌گه‌ر کاربه‌ده‌ستانی عه‌ره‌ب له شوێنێکی وه‌ک دوبه‌ی یاخود که‌سانێکی
ئه‌ورووپی و ئه‌مریکایی وه‌ک به‌رپرسانی کورد بیریان بکردبایه‌وه،
ماڵم قه‌بره، هه‌نووکه له وڵاته‌کانیاندا نه شوێنه‌واری مێژوویی،
نه جێی تۆریستی و نه شتێکیشیان ده‌ما به ناوی فه‌رهه‌نگ و کو‌لتوور و
دیرۆک.
22\10\2010
- ستۆکهۆڵم
ماڵپه‌ڕی مه‌هاباد کوردی
|