په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٨\٢٠١٥

حەقیقەتی کێشە سیاسییەکەی ئێستای کوردستان.

جیهاد محەمەد     

- بەشی یەکەم -

 

حەقیقەت بە ڕووتییەوە وەک خۆی دەبینرێت، بەڵام کاتێک پۆشاکێکی لەبەر دەکرێت بە ناوی ئەتەکێتی قسەکردن، یان ئادابی قسەکردن، یان زۆر جار بە ناوی قسەی سیاسییانە و دیبلۆماسیانە، ئیتر حەقیقەت وەک خۆی نامێنێت و دەشێونێرێت. هەڵبەت هەریەک لە ئەتەکێت و ئاداب و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە شوێنی خۆیدا گرنگ و بە بایەخە، بە مەرجێک وەک ئاماژەم پێدا حەقیقەت نەشێوێنێت.


بۆیە با بە ڕووتی قسە بکەین تا حەقیقەت پیشان بدەین، بەڵام مەرجیش نییە ئەمەی من دەیڵێم هەموو حەقیقەت بێت، بۆیە من ئامادەم بۆ دیالۆگ و قسەکردن لەسەر رای خۆم، هیچ رایەکی دژ بە راکەی خۆم رەتناکەمەوە تەنها ئەوەی بە حەقیقەتی دەزانم لە راکەی خۆمدا بەرگری لێدەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەوە.


١- بۆچی پارتی و سەرۆکی هەرێم، تا ٢٣ی حوزەیران نەکەوتنە خۆیان و پێیان دانەگرت لەسەر درێژکردنەوەی ولایەتی مەسعود بارزانی بە هەموو دەسەڵاتکانیەوە؟


بۆچی لە یەکەم جاردا دەیانوت دەبێت بۆ چوار ساڵی تر ولایەتەکەی درێژبکرێتەوە و ئێستا هاتوونەتە سەر ئەوەی کە داوای درێژکردنەوەی دوو ساڵی بۆ دەکەن؟
وەڵام:


• بە بڕوای من پارتی و سەرۆکی هەرێم، لە خۆشباوەڕییانەوە بوو بەوەی کە حیزبەکەیان حیزبێکی سەرەکییە لە کوردستاندا، حیزبی دایکە و هەموو حیزبەکانی تر لەم حیزبەوە لە دایکبوون و فێربوون، ئەم خۆشباوەڕیە و ٣٨ کورسی خۆیان و ١١ کورسی کۆتای مەسیحیی و ئەرمەنیی و تورکمانەکان کە هەر لە سەرەتاوە بە سیاسەتی پارتی دانراوە بۆ بەکارهێنانی لە رۆژانی تەنگانەیاندا، وایلێکردن کە خۆشباوەڕییەکی تەواویان بەوە هەبێت کە هیچ هێزێک ناتوانێت بەرامبەر بە پارتی و سەرۆکەکەیان بڵێت، نا. ئەم حیزبە و بنەماڵەی بارزانی بە هیچ جۆرێک بیریان لە نا نەکردبووەوە بۆیە لە ٢٣ی حوزەیراندا تووشی شۆک بوون.


• ماوەی درێژخایەنی ١٠ ساڵی مەسعود بارزانی وەک سەرۆکی هەرێم و وەک سەرۆکی پارتی، جۆرێک لە پەیوەندی دیبلۆماسیی و نێودەوڵەتی بۆ ئەم کەسایەتیە سیاسییە و ئەم حیزبە دروستکردبوو، کە سەری ڕەش بوو بە وێستگەیەکی سیاسیی گەورە و کەسە تایبەتە دەسترۆشتووەکانی وڵاتان لە بەغدا و تاران و ئەنقەرە و قەتر و وڵاتانی تری عەرەبیەوە تا دەگاتە ئەمریکا وەک گەورەترین زلهێزی دنیا سەردانی ئەم وێستگە سیاسییان دەکرد، یان بە تەلەفوون و پەیوەندیەکانی تۆری ئینتەرنێت و پەیەوەندی ژێر بە ژێر لەگەڵ ئەم ویستگە سیاسییەدا پەیوەندیان هەبوو، ئەم پەیوەندییە چڕ و پڕانە، سەفەرەکانی مەسعود بارزانی بۆ ئەم وڵاتانە، هەندێک باسوخواسی ناو ژورە تاریکەکان لەگەڵ ئەنقەرە و قەتەر و لای مەلیک حسەین و بەعەسیەکان و کەسە دیارەکانی سونەی عێراقی و ئەو وڵاتانە، هەستێکی لای مەسعود بارزانی دروستکرد، کە ئەگەر مەسعود بارزانی و پارتی نەبێت ئەوە کوردستان ئەم کوردستانەی ئێستا نامێنێت و ئەم ئەزموونە گرێدراوەوە بەوانەوە.


• قسەوباسەکانی مەسعود بارزانی لەسەر دەوڵەتی کوردی بە تایبەتی لە کاتە پێویستەکاندا بەرامبەر بە عێراق یان بەرامبەر بە ئێران یان باسکردنی لەگەڵ ئەمەریکیەکان و ئۆردۆغاندا ئەمانە هەمووی ئەو خۆشباوەڕییەی لای پارتیەکان و جەماوەری پارتی دروستکردبوو، کە تەنها خودی مەسعود بارزانی دەتوانێت دەوڵەتی کوردی رابەگەیەنێت. ئەمە لە کاتێکدا کە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی و باسکردن لە دەوڵەتی کوردی لە لایەن مەسعود بارزانییەوە هیچ کات ئۆکەی بۆ نەدەکرا لە لایەن یەکێتی نیشتیمانی و بزووتنەوەی گۆران و حیزبە ئیسلامییەکانەوە، هەروەها وازهێنانی پارتی کرێکارانی کوردستا(پەکەکە) لە دەوڵەتی کوردی و گۆڕینی ئەجندای سیاسییان بۆ دیموکراتی گەلان، ئەمەش کارێکی وایکرد کە هەموو جەماوەر و ئەو حیزبانەی کە هەموو کێشەکانی کورد دەبەستنەوە بە نەبوونی دەوڵەتی کوردیەوە، بوونی دەوڵەتی کوردی بە چارەسەری هەموو کێشەی کورد دادەنین، ئەمانە بوون بە لایەنداریی مەسعود بارزانی و حیزبەکەی، ئەم لایەندارێتیەش جارێکی تر ئاستی خۆشباوەڕی لای سەرۆکی پارتی و حیزبەکەی بەرزترکردەوە، کە تاقە حیزبی بەهێزن لە کوردستاندا.


• ئەم خۆشباوەڕییەی پارتی بە خۆی و سەرۆکەکەی لە کاتی هێرشی دەوڵەتی ئیسلامی عێراق/سوریا(داعش) بە تەواوەتی بە دەموچاویانەوە دیاربوو. ئەم حیزبە و سەرۆکەکەیان وا بیریان دەکردەوە، کە ئەمە شەڕێکی نەبڕواوەی نێوان سونە و شیعەیە و بەم هۆکارەش عێراق دابەشدەکرێت و لەم دابەشکردنەشدا مەسعود بارزانی وەک سەرۆکێکی بوێر دەوڵەتی کوردی رادەگەیەنێت. هەر بۆیە مەسعود بارزانی لە ماوەی درێژکردنەوەی سەرۆکایەتیەکەیدا بۆ دوو ساڵ لە لایەن پەرلەمانی کابینەی حەوتەوە، نەک هەر داوای ئەوەی نەدەکرد کە جارێکی تر سەرۆکایەتیەکەی بۆ درێژبکرێتەوە بەڵكو دوو جار رایگەیاندووە کە لەو ئاسانتر نییە بۆ ئەوەی کورسیەکەی چۆڵبکات بۆ کەسێکی تر. بەڵام داعش ئەم خەونەی مەسعود بارزانی تێکشاکاند، بە پەلاماردانی کوردستان. لە لایکی تر مەسعود بارزانی و پارتی زیرەک نەبوون لەوەی، کە ئەمەریکا و ئەو وڵاتانەی کە پشتیوانی لە داعش دەکەن، بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای خۆیانە، لەو ئەجندایەدا ئەوەی بوونی نەبێت دەوڵەتی کوردی و خەونی مەسعود بارزانییە، کە دەمێکە خەون بەوەوە دەبینێت کە کارێکی مێژوویی گەورە تۆماربکات بۆ خۆی و بۆ بنەماڵەکەی و لەسەر دەستی ئەواندا دەوڵەتی کوردی رابگەیەنرێت.


• نزیکبوونەوەی نەوشیراوان مستەفا لە سەری ڕەش و مەسعود بارزانی، کە جارێک لەو جارانە ئەوەندە موجامەلەی نەوشیروان مستەفای کردووە و ئەوەندە جێگەی بروای بووە پێی وتووە کە با مەلەفی کێشەی عێراق و وکوردستان لای ئەو بێت و ئەو سەرۆکاریی بکات، ئەم نزیکبوونەوەیە و راگەیاندنی نەوشیروان مستەفا لەسەرەتای دامەزراندنی حکومەتی بنکە فراواندا، کە ئەم چوار ساڵە چوار ساڵی ئارام دەبێت، ئەمەش هۆکارێک بوو کە مەسعود بارزانی پشتیلێبکاتەوە و هیچ ترسێکی لەم بزووتنەوەیە نەبێت و رۆژێک لە رۆژان بەرامبەر بەم سەرۆکە نەڵێت نا. تانانەت پێدانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق بە ئارامی شێخ موحەمەد لەو خۆشباوەڕییەیانەوە بوو بەم بزووتنەوەیە، بەڵام وا دیارە نەوشیروان مستەفا زیرەکانە گورزی خۆی وەشاند لە لایەک لە مەسعود بارزانی و پارتی لە لایەکیتریش خۆ نزیککردنەوەی لە یەکێتی نیشتیمانی.


• پارە و پول و دەوڵەمەندیە گەورەکەی مەسعود بارزانی و پارتی هۆکارێکی ترە، کە ئەم حیزبە و سەرۆکەکەیان لە کاتی تەنگانەدا بەکاریبهێنن وەک میکانیزمێک بۆ خۆ رزگارکردن لە قەیرانەکانیان.


• داواکردنی ئێستای پارتی و خودی سەرۆکەکەیان بۆ درێژکردنەوەی دوو ساڵی تر تەنها بۆ ئەوەیە کە مەسعود بارزانی لە ماوەی ئەو دوو ساڵەدا بەڵکو بتوانێت دەوڵەتی کوردی رابگەیەنێت، چونکە مەسعود بارزانی و بنەماڵەی بارزانی بە هیچ جۆرێک رازی نین کە راگەیاندنی دەوڵەتی کوردی لە لایەن هیچ سەرۆکێکی ترەوە بێت جگە لە خۆیان. خۆیان بە میراتگری مەسەلەی کورد دەزانن بۆیە نایانەوێت ئەو میراتییە بە هیچ کەسێکی تر بدەن.


• کیشەکانی ناو یەکێتی نیشتیمانی و لاوازبوونی یەکیتی دوای نەخۆشکەوتنی مام جەلال، کە بووە هۆکاری ئەوەی ئەم حیزبە زیاتر لە پارتی نیزکبێتەوە و هەرچی پارتی بیڵێت نەڵێن نا، تا گەیشتە ئەوەی لە سەردەمی ئۆپۆزسوێنبوونی بزووتنەوەی گۆران و هەردوو حیزبی ئیسلامی کۆمەڵ و یەکگرتوودا پەرلەمان و فراکسوێنی پارتی و یەکێتی بریاربدەن کە دوو ساڵی تر ولایەتی مەسعود بارزانی بەردەوامبێت لە سەرکایەتی هەرێمدا، ئەمەش فاکتەرێکی تر بوو کە وای لە پارتی و سەرۆکەکەیانکرد کە بڕوا نەکەن رۆژێک لە رۆژان یەکیتی بەرامبەر بە پارتی بوەستێتەوە و بڵین نا.

_____________________________
بەشی دووەم:
هەڵەکانی پارتی و سیاسەتە فێڵاویی و بێمتمانەییەکانی حیزبەکانی کوردستان لەگەڵ یەکتریدا.

 

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک