په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\٨\٢٠١٥

حەقیقەتی کێشە سیاسییەکەی ئێستای کوردستان.

جیهاد محەمەد     

- بەشی سێیەم -

خوێنەری ئازیز، هیوادارم تاقەتی خوێندنەوەی چیرۆکەکانت هەبێت!


((حەقیقەت بە ڕووتییەوە وەک خۆی دەبینرێت، بەڵام کاتێک پۆشاکێکی لەبەر دەکرێت بە ناوی ئەتەکێتی قسەکردن، یان ئادابی قسەکردن، یان زۆر جار بە ناوی قسەی سیاسییانە و دیبلۆماسیانە، ئیتر حەقیقەت وەک خۆی نامێنێت و دەشێونێرێت. هەڵبەت هەریەک لە ئەتەکێت و ئاداب و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە شوێنی خۆیدا گرنگ و بە بایەخە، بە مەرجێک وەک ئاماژەم پێدا حەقیقەت نەشێوێنێت. کەواتە با بە ڕووتی قسە بکەین تا حەقیقەت پیشان بدەین، بەڵام مەرجیش نییە ئەمەی من دەیڵێم هەموو حەقیقەت بێت، بۆیە من ئامادەم بۆ دیالۆگ و قسەکردن لەسەر رای خۆم، هیچ رایەکی دژ بە راکەی خۆم رەتناکەمەوە تەنها ئەوەی بە حەقیقەتی دەزانم لە راکەی خۆمدا بەرگری لێدەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەوە.)).


چەقبەستنی قەیرانە سیاسییەکانی کوردستان لە چییەوە سەرچاوەی گرتووە؟


بۆچی ئەم چەقبەستنە ساڵ بە ساڵ و قۆناغ بە قۆناغی هەڵبژاردنەکان بەهێزتر دەبێت و هەژموونی چەند حیزبێک جڵەوی عەقڵی کۆمەڵگا دەکەن و چەند حیزبێکی تریش کۆی جومگەکانی ژیانی ئابووریی و دارایی و پێگە و پۆستە ئیداریی و حوکومییەکان و تەنانەت پەرلەمانیش وەک گەورەترین دەسەڵات قورخ دەکەن و، چەند حیزبێکی تریش کە هێزیان کەمە هیچ شتێکیان پێناکرێت جگە لەوەی کە بۆ مانەوەیان خۆیان هەڵبواسن بە حیزبە گەورەکانی تردا.


ئەگەر ئاورێکی رەخنەگرانە و بێلایەنانە بدەینەوە لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی سیاسیی حیزبە ناسویۆنالستەکانی کوردستان، ئەوە بە دڵنیاییەوە سەرچاوە و بنەمای ئەم چەقبەستنەمان بۆ دەردەکەوێت.


هەموو ئەو گەندەڵیی و دزیکردن و تاڵنچێتیی و سەروەت و سامان بە فیرۆدانەی خەڵکی کوردستان لە لایەن حیزبە حوکمڕانەکانی کوردستانەوەمان بۆ دەردەکەویت.


کۆمەڵگا دابەشکردن بە سەر حیزبەکاندا و بە حێزبییکردنی کۆمەڵگا، گەورەبوونی پێگەی حیزبە حوکمڕانەکان و هەژموونی راگەیاندنە چەواشەکارییەکەیان، دوفاقیی و دوو روویی لە سیاستی ئەم حیزبانەدا، بە قاچاخ فرۆشتنی گەورەترین داهاتی خۆڕسکی نەوت و گازی وڵات، وێرانکردنی کشتوکاڵ و لادێکان، بە ئۆردوگاکردنی کۆمەڵگای کوردستان و راهێنانیان لەسەر موچەیەکی بێ بەرامبەر لە بەرهەمهێنان، تێشکاندنی عەقڵی مەدەنێت و مۆدێرن، سەروەرییکردنی عەقڵی کۆنەخوازیی و سەلەفیزم، تێشکاندنی تاکی کورد و لاوزکردنییان لە بیرکردنەوە، بەربڵاوکردنی نەخوێندەواری و بەهیچ تەماشاکردنی کتێب و خوێندنەوە و رۆشنبیرێتی بە واتای خۆی، ئەمانە هەموویان، کە لە جینۆساید و پرۆسەکانی ئەنفالی بەدناو و کیمیابارانکردنی هەڵەبجەو ناوچەکانی تری کوردستان زیاتر کارییگەرییان هەبوو لە دواخستنی کۆمەڵگای کورد و گەڕانەوەی تاک و کۆمەڵگای کوردی سەد ساڵ زیاتر بۆ دواوە، رەگ و ریشەی قوڵی هەیە لە سیاسەتی ناحەکیمانە و بێویژدانیی حیزبەکان و ئەو بزووتنەوانەی ناو دەبرێن بە (شۆڕش)ی گەلی کورد، وەک(شۆڕش)ی ئەیلول و (شۆڕش)ی گوڵان و (شۆرش)ی نوێی گەلەکەمان.


لێرەوە دەمەوێت بچمە ناو بابەتەکەوە و هەندێک لە چیرۆکی میژوویی حیزبی دایک و سەرەکی(پارتی) وەک خۆیان ناوی دەبەن بخەمە بەردەمی خوێنەری بەێز و گەنجەکان بۆ ئەوەی ئاگاداری ئەو رەگ و ریشە قوڵە نامرۆڤییەی ئەم بە ناو شۆرشانە بن.


شۆڕشی ١٤ی تەمووز و سەرەتای یەکەم تەقەی کورد بۆ بەدەستهێنانی مافی نەتەوەیی:


لەو سەردەمەدا، واتە لە شۆرشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٧ و روخانی سیستمی پاشایەتی و دامەزراندی کۆماری عێراقی و یەکەم تەقەکردن دژی ئەم شۆرشە لە لایەن کوردەوە لە دەربەندی بازیان و زیندوکردنەوەی بەردە قارەمان وەک سیمبولی خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و وەبیرهێنانەوەی مەلیک مەحموود و برینداربوونی لە پەنای ئەو گا بەردەی دەربەندی بازیاندا کە ناونرا بەردە قارەمان دەستیپێکرد. تەنکنۆلۆژیا هێندە پێشکەوتوو نەبوو، چەک و چۆڵ وەک ئەم سەردەمەی ئێستا چ لە لای سوپای عێراقی و چ لە لای کورد هێندە پێشکەوتوو نەبوو، بەڵام چەک و چۆڵ و زرێپۆش و فرۆکەی ئەو سەردەمەی عێراق بەراورد نەدەکرا بە لاوازیی و کەمی چەک و چۆڵی دەستی چەکدارەکانی گەلی کورد.


لەم بابەتەدا جێگەی ئەوە نابێتەوە کە زۆر دوور برۆین و ئاوردانەوەکەمان هەموو مێژووی خەبات و تێکۆشانی حیزبە ناسیۆنالستییەکان، یان بیریی ناسێونالستی بگرێتەوە. بە کورتی ئاماژە بە دوای گەڕانەوەی مەلا مستەفا و سەردەمی عەبدولکەریم قاسم و هەڵگیرسانی یەکەم (تەجەموعی) کوردی و یەکەم تەقەکردن دەدەم لە دەربەندی بازیان بە ناوی داواکردنی مافی نەتەوەییەوە. (یەکەم تەجەموعی دەربەندی بازیان لە ساڵی ١٩٦١دا دژ بە حکومەتی عەبدولکەریم قاسم، ناو دەبرا بە "کۆمەڵە"، دیارە ئەم چەمکە لە "تجمع"ی عەرەبییەوە وەرگیرابوو). کۆمەڵە: بریتبوو لە جوتیار و مسکێنە هەژارەکان، کە بە بانگهێشتی ئاغا و شێخ و مشایەخ و سەرۆک خێلەکان کۆکرابووەنەوە بە ناوی داواکردنی مافی نەتەوەی کوردەوە، کە لە لایەن مەلا مستەفا و پارتییەوە راسپێردابوون بۆ ئەو بانگهێشتکردنە. هەموو ئەم هێزە، نزیکەی ٢٠ تفەنگێک بڕەنەوی تیا بوو، تفەنگی بڕنەو ئەو سەردەمە باشترین تفەنگ بوو، ئیتر چەکدارەکانی تر هەمووی تفەنگی یانزەتیر و یەک تیر و سێ تیر و قۆناخ خڕ و یایلی و تەنانەت تاپر و ساچمەزەنیان پێبوو.


لەو سەردەمەدا، خەڵکی خوێنەوار و ئەدیب و رۆشنبیران، ئەوانەی کە سەریان لە سیاسەت دەردەچوو، یان سیاسەتیان دەکرد، شیوعییەکان و پارتیەکان بوون، حیزبی تر و ئاراستەی تر نەبوو. ئەم شارییانە کە سیاسەتیان دەکرد، زۆر بە کەمی نەبێت لە تەقەکردن و بەکارهێنانی تفەنگدا شارەزاییان نەبوو. خەڵکی لادێکان کە لەو سەردەمەدا زۆر نەخوێنەوار بوون، زۆر هەژار بوون، زۆر نەریتیی و باو بوون، بەڵام لە تەقەکردن و بەکارهێنانی تەفەنگدا شارەزا بوون.


لە سەردەمی پاشایەتیدا، واتە پێش شۆرشی ١٤ی تەموزی ١٩٥٧، خەڵکی لادێکان یەجگار هەژار و داماو و برسی بوون، لە ٨٥٪ی جوتیارەکان خاوەنی یەک بست ئەرزی خۆیان نەبوون، بە کرێکاری یان بە نیوەکاری لە کێڵگەکانی ئاغا و شێخ و خاون موڵکەکاندا کاریان دەکرد، بە ٦ خێزان خاوەنی یەک ئەسپ یان یەک هێستر بوون، ئەگەر جوتیارێک جوتە گایەکی هەبوایە بە جوتیارێکی دەوڵەمەند دادەنرا. ئاغاکان و شێخەکان و خاوەن موڵکەکان و دەوڵەمەندە خێڵەکیەکانی وەک جافەکان و زەنگەنە و شێخەکان بڕستیان لەبەر جوتیاران و خەڵکی هەژار بڕیبوو، بە جۆرێک دەیان چەوساندنەو و ستەمیان لێدەکردن کە سورانەشیان لێوەردەگرتن. (سوورانە: واتە شەوی سوور! یەکەم شەوی زاوایەتی ناو دەبرا بە شەوی سوور!، کاتێک جوتیارێک کچەکەی دەدا بە شو، یان کورە جوتیارێک ژنی دەهێنا دەبوو دیاریەکی تایبەتی بدایە بە خاوەن گوند کە ئاغایەک یان شێخک بوو، ئەو دیاریە ناو دەبرا بە سورانە).


لەم سەردەم و ژیانە تاڵەی جوتیارانی هەموو عێراقدا شۆرشی ١٤ی تەمووز بەرپاکرا و بەرهەمی باشی ئەم شۆرشە لە ساڵی ١٩٥٨دا یاسای چاکسازی کشتوکاڵی بوو(ئیسلاحی زەراعی)، کە بە جارێک جوتیارانی دڵخۆشکرد و بوو بە هۆکارێکی بەهێز بۆ بووژانەوەی جوتیارە هەژارکان. "فەلاح ئەرزی خۆیەتی ئاغا باوکە رۆیەتی"، ئەمە یەکێک بوو لە دروشمەکانی فەلاحەکان و یەکێتی جوتیارانی ئەو سەردەمە دژی ئاغاکا و شێخەکان و خاوان موڵکەکان.


لە دوای ئەوەی عەبدولکەریم قاسم لەگەل بارزانی و پارتیدا رێنەکەوەتن لەسەر پێدان و دانان بە مافی ئۆتۆنۆمی بۆ گەلی کورد لە چوارچێوەی عێراقێکی دیموکراتدا، هەروەها دوای گەڕانەوەی لە سەفەرکردنی بۆ یەکێتی سۆڤیەت، کە پێشتر لە کاتی تێشکان و روخانی کۆماری موهاباتدا لەگەڵ ٥٠٠ چەکداردا دەربازبوون و پێوەندیان بە سۆڤیەتەوە کردوبوو، لەسەر بەرمەبنانی لێبوردنی گشتی بۆ بارزانی و ئەو چەکدارانە لە لایەن عەبدولکەریم قاسمەوە، گەڕابوونەوە بۆ عێراق و مانگانەیەکی ٥٠٠ دیناریشی وەک موچە بۆ بارزانی بڕیبووەوە و خانوەکەی نوری سەعیدی سەرۆک وەزیرانی سەردمی پاشایەتیش پێدابوو، بەڵام ئەم جارەیان کە یەک مانگ دوای گرانەوەی لە سۆڤیەت، واتە لە مانگی شوباتی ١٩٦١دا سەردانی قاسمی کرد، نەک هەر رووی پێنەدا، بەڵکو کار گەیشتە ئەوەی کە بارزانی لە خۆی بترسێت بۆیە بەغدای چۆڵکرد و گەڕایەوە بۆ بارزان.


لە ٢٢ی ئازاری ١٩٦١دا بڕیاری دەستگیرکردنی جەلال تاڵەبانی دەرچوو لەگەڵ داخستنی رۆژنامەی خەباتی زمانحاڵی پارتیدا. ئیتر لێرەوە بە تەواوەتی نێوان گەلی کورد و بارزانی و قاسم رۆژ بە رۆژ خراپتر بوو.


بارزانی و خوێندەوارەکانی پارتی کەوتنە خۆیان بۆ خۆ سازدان و هەڵگیرسانی شۆرش دژی عەبدولکەریم قاسم، وەک ئاماژەم پێدا، لەبەر ئەوەی تەقەکردن و شەرە تفەنگ خەڵکی عەشەیار و لادێکان شارەزاییان هەبوو تێایدا، بۆیە مەلا مستەفا هەر لە یەکەمجاردا پشتی بە خەڵکی لادێکان بەست بۆ کۆکردنەوەی ئەوانەی کە خاوەن تفەنگن و شەڕە تفەنگ دەزانن، ئەوانەش ئاغاکان و شێخەکان و خاوەن موڵکەکان بوون، کە هەرچەندە یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ١٩٥٨ پشتی شکاندبوون و زەویوزارێکی زۆریان لە دەستچبوو بە سەپاندنی ئەم یاسایە بەسەریاندا، بەڵام هێشتا چەکدار بوون و خۆیان و پیاوەکانیان و هەندێک لە مسکێنەکانیان چەکدار بوون.


یەکێک لە هەڵەی گەورەی مەلا مستەفا و (شۆڕش)ی کورد، ئەوە بوو کە پشتی خەڵکی هەژارانییان بەردا و رویانکردە ئاغا و شێخ و خاوەن موڵکەکان، دژایەتی یاسای ژمارە ٣٠ ساڵی ١٩٥٨یان کرد و ئیدیعای ئەوەیان بۆ عەبودولکەریم قاسم کرد کە پیاوێکی شیوعیە و بێدینە و دەیەوێت بێدینی بڵاوکباتەوە و ناکۆکی لە نێوان جوتیاران و خاون موڵکەکاندا دروستبکات، جوتیار و هەژاران رزگاریان نابێت تا کوردستان رزگاری نەبێت!، بۆیە "یەکڕیزی" گەلی کورد گرنگە، نابێت هیچ جۆرە ناکۆکیەک دروستبێت لە نێوان جوتیاران و ئاغاکانیاندا، چونکە ئەمە دوولەت بوونی خەڵكی لێدکەوێتەوە، دوای رزگارکردنی کوردستان، هەموو شتێک بۆ هەژاران مەیسەر دەکرێت، بەمەش هەژاران و جوتیارانیان لە چاوەڕوانیدا راگیرکرد.


"کوردایەیتی" و "رزگاری" و "کوردستان یان نەمان" و "یەکریزی میللەت" و"قوتابخانەکەی بارزانی" و "ئیدیعایەکردنی ئەوەی ئەمەریکا پشتیوانیمان لێدەکات" و "شای ئێران لەگەڵماندایە" و "ئیسرائیلیەکان چەکمان پێدەدەن" ئەم دەستەواژە و درۆکردنانە بوون بە هێزێک بۆ بێدەنگکردنی میللەت، قبوڵکردنی ژیانی کولەمەرگی و بەخێوکردنی پیشمەرگە و نەڕە نەڕ و قیڕە قیڕی ئەم کادر و ئەو کادری حیزبی و ستەمی سەرپەل و سەرلق و ئامر بەتالوێن و ئامار هێز هەمووی بوون بە شتێکی ئاسایی و دەبوو قبوڵبکرێت لە پێناوی کوردایەتییدا. لە هەر گوندێک لە گوندەکانی ناوچەکدا چەندین سیخوریان دروستکردبوو بۆ چاودێریکردن خەڵک و شیوعیەکان و ئەوانەی کە رەخنەدەگرن، بە جۆرێک کە لە ماڵی خۆیدا نەیدەوێرا رەخنە لە پێشمەرگە و بەرپرسی پێشمەرگە و پارتی بگرێت، یەکسەر بە جاسوس و تابوری پێنج ناویان دەبرد و تەخوینیان دەکردن.


لە لایەکی تریشەوە، ئەم پەروەردەی خۆ سەپاندنی هێزانە بوون بە کولتوور و عەیبەیەکی یەجگار گەورە بۆ جوتیار و خەڵکی ستەمدیدە ئەگەر جارێک لە جاران سکاڵایەکی دەرببڕیایە بەرامبەر بەو هەموو ستەمکارییە، واتە ئەگەر لێپرسینەوەشی لەگەڵدا نەکرایە لەسەر دەردە دڵەکەی بەلام لە مزگەوتەکان و لای مەلاکان و دەمسپی ئاوایی سەرزەنشت دەکرا و عەیبار دەکرا، لایەندارێتی بۆ "کوردایەتی" بوو بە ئەرکێکی ئەخلاقی و قیەمێک کە کەس نەیدەوێرا لە ژێر لێویشەوە گەلەیی و رەخنەی هەبێت. ئەمە جگە لە ستەمی بەردەوامی ئاغا و شێخ و مشایەخ و خاوەن موڵکەکان، کە وەک ئاماژەم پێدا دەبوو ئەمەش قبووڵکرێت لە پێاناوی یەک رێزی و کوردایەتیدا.


دەیان چیرۆکی وەک چیرۆکەکەی عەلی شەعبان و جوتیارەکان لە کوردستاندا روویان دەدا و کەسیش لێپرسینەوەی لەسەر نەدەکرد. چیرۆکەکە بەم جۆرە بوو:
عەلی شەعبان لە ناوچەی رانیە و قەلادزێ ئامر بەتالوێنێکی دەوڵەمەند بوو، خاوەنی گوند و مەڕ و ماڵاتی زۆر بوو، ساڵانە لە وەرزی کارکردندا بە خۆرایی کاری بە جوتیارەکان دەکرد و خزمەتی مەڕ و ماڵات و کاری کشتوکاڵیی پێدەکردن. بە گوێرەی رۆژنامەی"رێگای" حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی لە ساڵی ١٩٧٢دا، عەلی شەعبان، رۆژێک هەموو جوتیارانی گوندەکەی بانگ دەکات و دەڵێت، دەمەوێت مەڕەکانم ببڕەنەوە، واتە خوری لە مەڕەکان بکەنەوە، بەڵام پێش ئەوە دەبێت هەموو دڕک وداڵو کونجرەی خوری مەرەکان لێبکەنەوە بۆ ئەوەی خوریەکەیان پاک بێت و پارەی باش بکات. ئەم کارە یەجگار قێزەون و ناشیرینەی بە زۆر بە جوتیارەکانی کرد، تەنانەت گەوڕ و پشتیری مەرو ماڵاتەکەی پێ پاکدەکردنەوە.


هەڵبەت چەندین چیرۆکی لەم چیرۆکە و ستەمکردن لە مسکێن و خەڵکی هەژاری لادێکان لە لایەن ئاغاکان و شێخەکان و سەرۆک خێڵەکان، کە یان خۆیان سەرلق و ئامر بەتالوێن و ئامر هێز بوون یان کوڕ و نەوەکانیان. زۆر بە کەمی کوڕی هەژاران لەو سەردەمەدا بە حکومی هەژاریان خوێندەوار بوون، زۆرێک لە کوڕ و نەوەکانی ئاغاکان بە حکومی دەسترۆشتوییان خوێندەوارییەکی متوازعی وەک مامۆستاییان هەبوو، ئەمانە لەم بزووتەوەی کوردایەیەتییدا بە حکومی خوێندەواریان و بە حکومی دەوڵەمەندی و خاون پێگەی کۆمەڵایەتیان گرنگی زۆریان پێدەدرا، بۆیە هەرچیان بکردایە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا نەدەکرا.


ژن کوشتن و تەعدای سێکسی لەسەر ژن وکچی جوتیارەکان و هەژارەکان بەردەوامبوو، موڵکانە و سەرانە و بە زۆر کارکردن بە خەڵک بەردەوام بوو، لەسەر خۆشەویستی و عەشق و دڵداری دەیان کوڕ و کچ دەکوژران بە بێ لێپێچینەوە و دادگاییکردن. نموونەی زەقی ئەو ژن کوشتنانە: (مارگرێت جۆر) بوو، ئەو کچە ئاسوورییە ئازایەی لە تەمەنی ٢٠ ساڵیدا جامانەی سوری لەسەر بەست و تفەنگی بڕنەوی هەڵگرتوو بوو بە پێشمەرگە. لە بۆسەیەکدا لە گوندی (قەڵاقومری) لە ساڵی ١٩٦٩دا کوژرا و کەس نەیزانی چۆن کوژرا و هۆکارەکەی چیبوو، هیچ لێپرسینەوە و بە دواداچوونێکی بۆ نەکرا لە لایەن (شۆرش) و (دادگا)ی شۆرشەوە.


باشترین دادگای (شۆرش) مامۆستایەک بووە، یان کادرێکی پێشکەوتوو و دڵسۆزی حیزب بوو، زۆر بە دەگمەن دادوەری فەرمی هەبوو کە شارەزای یاسا بێت، ئەگەر هەشبووبێت ئەوە حکومی (شۆرش) و سەرکردە(شۆرشگێرەکان) لە سەروو یاسا و دادگاوە بوون. کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە پڕی بوو لە زیندان و بە دەیان زیدانی بە بێ دادگاییکردن زیندانیکرابوو. یەکێک لە زیندانە سیاسییە گەوەرکان زیندانی (دەربەند رایەت) بوو، کە سەدان کەس تیایدا زیندانی کرابوون. بە تایبەتی شیوعیەکان و ئەوانە بیری پێشکەوتووخوازییان هەبوو.


دەیان ژووری ئینفرادی لەم زیندانەدا هەبوو. پێش راگەیاندنی ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا لە ساڵی ١٩٧٤دا دەیان شیوعیان کوشت، دەیان کەسیان بە ناوی جاسوس و جاش و بەعسیەوە کوشت بە بێ دادگاییکردن. من بۆ خۆم شاهیدی ئەم حاڵەتەم و یەکێک بووم لە زیندانییەکانی ئەم زیندانە لەگەڵ باوکی خۆشەویستمدا، کەبە داخەوە بە هۆی منەوە ئەم دەوری بەردەی زیندانی دەربەند رایەتی بینی. ئەو کاتە ئەندامی حیزبی شیوعی قیادەی مەرکەزی بووم و حیزب و بە تایبەتی کاک فاروقی مەلا مستەفا هەوڵی زۆری بۆ دام تا لەگەڵ باوکمدا رزگاری کردین. بە دەیان چیرۆکی وەک ئەم چیرۆکەی کوێخا ساڵحی خێوەتە لەم زیندانەدا هەبوو.


چیرۆکی کوێخا ساڵحی خێوەتە:


خێوەتە، گوندێکە نزیکی گوندی هەناران و قزلەر، کەوتۆتە نزیک شاری سلێمانییەوە. کوێخا ساڵح کە باداخەوە ناوی باوکی نازانم، دوو کوڕی پێشمەرگە بوو بە ناوی سالار و سەردار. وەک خۆی بۆی گێرامەوە لە هێزی رزگاریەوە دەنێرن بە دوایدا، ئەویش بە سوار گوێدرێژەکەی دەگاتە هێز و یەکسەر لەوێ زیندانیان کرد. لە بەرچاوی من کە زیندانی بووم لە هێزی رزگاری، من ئەو کات گەنج بووم، بە توانابووم، گاڵتەم بە لێکۆڵرەکە دەکرد، کە موحسابەی دەکردم و پێی دەوتم تۆ پیاوی حکومەتییت و شیوعیت و دەبێت ئیعتراف بکەیت. بۆ ترساندنی من دوای چاو بەستنەوەم، دوای ئەوەی لە پەنا گوێچکەمەوە فیشەکێکیان تەقاند و گوێم کپ بوو. مام ساڵحیان هێنا، ئاگرێکیان کردەوە، تەورداسێکیان خستە ناو ئاگرەکەوە، سور بوەوە تەوەرداسەکە، دوای لیدانێکی زۆر تەورداسە سورەوەکراوەکەیان نا بە بنی پێی مام ساڵحەوە، زیڕەی مام ساڵح دەچوو ئاسمان. هێنایان لە ژورەکەدا فرییان دا.


ژورکە نزیکەی ٢٠ کەسی تێدا بوو، کۆمەڵێک لەوانە خەڵکی سۆتەکە وسورگا بوون، بە ناوی ئەوەوە گیرابوون گوایە ویستویانە ببن بە جاش، کۆمەڵێک پیاوی بەرێزی عەشایرە بوون، بە داخەوە ناوەکانیانم لە بیرچۆتەوە.


مام ساڵح پیاوێکی زۆر قسە زان و حیکایەتخوان بوو، شەوانە پێم دەوت تۆ بەس چیرۆکم بۆ بگێرەوە من ئەو پەڕی خزمەتت دەکەم، خزمەتێکی زۆریم کرد، چەند خزمەتی باوکم دەکرد هێندەش خزمەتی مام ساڵحم دەکرد. قاچیمان تەداویکرد بۆ ماوەی ١٠ رۆژ، دواتر لەگەڵ مام ساڵح و کاک (ڕەوفە درێژی) قەرەداغی لەگەڵ مەفرەزەیەکدا ئێمەیان دوای چەند شەوێک لە رۆیشتن بە دۆلێ شەهیداندا گەیاندە زیندانی دەربەند رایەت. لەوێ هەر یەکەیان فرێداینە ژوورێکەوە. مام ساڵح کە هێشتا برینی قاچەکانی بە تەواوەتی چاک نەبوو بووەوە، فرێدرایە ژوری ژمارە یەک.


ژوری ژمارە یەک هۆلێکی گەورە بوو، ١٢٠ تا ١٣٠ زیندانی تێدا بوو، بە داخێکی زۆرەوە بەیانیەک لەو بەیانیانەی کە زوو لە سەعات ٥ی بەیانیدا هەڵیاندەسانین بۆ سەر ئاو، زانیمان کە مام ساڵح کۆچی دواییکردبوو بەو هەموو ناڵە و تاسەیەوە کە دەیویست یەک جاری تر بگڕێتەوە خێوەتە، یان هیچ نەبێت رەحمی ئەوەی پێبکەن کە یەکجار کوڕە پێشمەگەکانی ببینێت.


ئەم چیرۆک و ستەملێکردنەی کوێخا ساڵحی خێوەتە، یەکێکە لە دەیان چیرۆکی دڵتەزین و نامرۆڤانەی (شۆڕش)ی کوردی و زیندانەکانی ئەم شۆرشە.


هەر بۆ نموونەی ئەو جۆر لە نامرۆڤیی و دڕندەییانە، یەکێک لە ئەشکەنجەکانی شیوعیەکان ئەوە بوو کە، فەردەیەک شەکریان دەخستە سەر پشتی و جەلادێک لەسەر فەردە شەکرەکەوە سوار دەبوو، ئنجا هەچەی لێدکرد و دیوت دەی لینینە کەچەڵ برۆ.


چیرۆکی ژووری ئیسلامیەکان لە زیندانی رایەتدا:


پارتی هەرچەندە بە ناوی حیزبی لیبراڵ و سێکۆلارەوە دامەزرابوو، کاتێکیش کە پەیەڕە و پرۆگرامی ئەم حیزبە دەخوێنیتەوە کەسانی نەشارەزا لە رەفتار و کرداری ئەم حیزبە، بەوە تێدەکەون کە ئەم حیزبە بە گوێرەی بەرنامە و بیرکردنەوە نووسراوەکەی حیزبێکی لیبراڵی سێکۆلاری پێشکەوتووخوازە. بەڵام لە راستیدا رەفتار و کرداریی ئەم حیزبە چ لەسەر دەمی (شۆرش) و چ لەسەردەمی حوکمڕانییان دوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢، ئەوەمان پێدەلێت کە ئەم حیزبە حیزبێکی بەرژەوەندخوازی دواکەوتووی خێڵەکیی و باوە، بروای بە کولتورێکی خێڵەکی و باو هەیە، بۆیە لە هەموو ژیانیدا نەیتوانیوە بەرابمبەر بە کولتوورە باوەکان بوەستێتەوە و دژایەتی کورلتوور باوی نەک نەکردوە، بەڵکو برەوی پێداوە، بە تابیەتی بە ناوی ئەوەی کە گەلی کورد گەلێکی موسڵمانە برەوی زۆری بە کۆنەخوازان و کۆنەپەرستانی دینییەکان داوە.


تەنانەت لە کاتی زیاندانیکردنی زیندانییە تۆمەتبارەکاندا هەوڵی ئەوەی داوە کە رۆحی دینی بکات بەر خەڵکیدا و دین لە ناو زیندانەکانیشدا بە زیندووی رابگرێت. لەگەڵ ئەو هەموو ستەم و ئەشکەنجە و زۆردارییەی کە لە زیندانەکاندا دەیکرد بە ناوی موسڵمانێتیی و لایەندارێتی لە موسڵمانێتیەوە. لە زیندنی رایەتدا ژورێکی تایبەتیان کردبووەوە بۆ ئەوانەی کە خواپەرستی دەکەن، بە رۆژو دەبن و شەونوێژ دەکەن. لەم ژوەردا کۆمەڵێک لە تۆمەتباری سیاسیی و ئەو کەسانەشی تیا بوو کە سەربە حیزب و ریکخراوە نهێنیەکانی وەک کۆمەڵەی رەنجدەران بوون. هەڵبەت ئەو کاتە ئەم کۆمەڵەیە دروست نەبوو بوو، بەڵام کەسانێکیان هەبوو کە دژی پارتی بوون و لە دژی پارتی قسەیان دەکرد و لە هەوڵی ئەوەدا بوون خەڵک هەڵخرینن دژی پارتی. بۆیە ئەماند دەگیران و زیندانی دەکران، لەو کەسانەی کە من لە یادم ماوە، کەسێک بوو بە ناوی حاجی ئاغا، ئەم حاجی ئاغایە لە دوای دروستبوونی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوو بە یەکێک لە سەرکردەکانی ئەم حیزبە. هەروەها کەسێکی تر بە ناوی جەمیل هەورامی کە لە ژوری ئیسلامیەکاندا نەبوو بەڵکو لە ژوری ژمارە سێدا کرابوو بە چاودێر بەو حکومەی دەمێک بوو ئەم کوڕە گەنجە زیندانیی بوو لە لای پارتیەکان. هەردوو قاچی بە زنجیر بەسترا بوو، لە کاتی چوون بۆ سەر ئاو و هاتنە خواروە بۆ نهۆمی یەکەم و حەوشەی زیندانەکە، زۆر بە زەحمەت و بە قونە قون ئەم کورە گەنجە بەسەر قاڵدرمەکاندا دهاتە خوارەوە و سەردەکەوتەوە. دەیان کەسی وەک جەمیل هەورامی لەم زیندانیدا زنجیر لە قاچیداندا بوو. دەیان کەس لە ژووری ئینفرادیدا بوون. دەیان قوتابی عەربی زانکۆی سلێمانی بەشەو چبوونە سەریان لە بەشەکانی ناوخۆیی سلێمانیدا فراندبوونیان و زیندانیان کردبوون.


دەیان شیوعی لە شیوعیەکانی قەرداغ و هەڵبجە و دەوروبەری سلێمانی و رانیە و قەڵادزە زیندانی کرابوون، پێش ئاشبەتاڵەکەی مەلا مستەفا چەندین کەسیان لێ کوشتن بە بێ دادگاییکردن. هەرکەسێک لە شەودا و بە تایبەتی لە سەعات ١١ی شەو بە دواوە بانگبکرایە ئیتر کەس نەیدەبینەوە، دڵنیام دووروبەری زیندانی رایەت پڕێتی لە گۆڕی ئەو شیوعیانە. ((ئەمەی لە زیندانی دەربەند رایەتدا بینیم، لە زیندانی ئەمنی سلێمانی و ئەمنی عامەی بەغدادیشدا بینیم و بەعسیەکان و پارتیەکان هەمان رەفتار و کرداریان هەبوو)).


دەیان کەس تەنها لەبەر ئەوەی عەرەبەن زیدانی کرابوون. چەندین کەس لەسەر ئەوەی کە پێوەندیان بە کاوەی شێخ لەتیفی شێخ مەحموودەوەیە زیندانی کرابوون. چەندین کەس لە ڕاڕەوی زیندانەکدا بە جۆرێک زیندانی کرابوون کە زیندانیەکانی ژورەکان نەیاندەبینین، تەنها لە کاتی چوونە دەرەوەماندا دامانبینین کە هەر یەکەیان بەتانیەکیان دابوو بەسەر خۆیاندا بۆ ئەوەی نەبینرێن و نەناسرێن، هەڵبەت ئەو خۆ داپۆشینەش بە ئەمری برێوەبران و جەلادەکانی زیندانیەکە بوو.


یەکێک لەو کەسانەی کە لەم ڕاڕەوەدا زیاندنی کرابوو، شیخ جەعفەری قادرکەرمیی، کە دواجار بوو بە بەعسی و کردیان بە پارێزگاری سلێمانی و دەستی هەبوو لە کوشتن و ئیعدامکردنی دەیان گەنجی سلێمانیدا، لەو کەسانە بوو کە بە شێخ چۆپی ناوی دەرکردبوو، ئەم شێخ چۆپیەش لەوەوە هاتبوو، کە بە زۆر لە کاتی بۆنەکانی حیزبی بەعسدا دەچووە ناو ئامادەییەکانی کچانەوە و ئاهانگی پێدەگێران و خۆشی سەرچۆپیەکەی دەگرت. ئەم پیاوە خۆفرۆشەی بەعس لە کاتی راپەڕینی ساڵی ١٩٩١دا پارتی پاراستی و رەوانەی ئەردەنیانکرد و هێناشیانەوە بۆ هەولێر و وەک سوکایەتیکردن بە خەڵک جاوپێکەوتنیشیان لە تیڤیەکانی پارتیەوە لەگەڵدا سازکرد.


ئەشکەنجەکان: ئەو ئەشکەنجانەی لەم زیندایەدا هەبوو: فەلاقەکردن، هەڵواسین، داخکردن، نەنووستن و هەراساکردن و بێخەوی، ئاو بەسەرداکردن و لە ئاو هەڵکێشان.


رەوشی ناو زیندانیەکە:


رەوشێکی نامرۆڤیی و دەوری بەرد بوو، پیسوپۆخڵ و نەخۆشی. جۆگەلە ئاوێکی چڵکاو بە ناو حەوشەی زیندانیەکەدا دەڕۆیشت، ئەو ئاوە، ئاو و گواوی ماڵەکانی دەورپشتی زیندانی رایەت بوون، بە تایبەتی ئاو و گوا و ریخاوی رانەمەڕ و گامێش و گاگەل و پەلەوەری قاز و مراوی و مریشکی ماڵی سەعید مەسیفی بوو، ئاوێکی بۆگەن، چڵکن و رەش و پیس. ٤٠ دانە ئاودەستیان بە تەنەکە لەسەر دروستکردبوو، بە جۆرێک کە دادەنیشتی هەموو کەسەکانی ترت لێوە دیار بوون لەسەر ئەودەستەکانی تر.


ئەو کاتانەی کە خەڵک نەخۆش دەکەوتن و تووشی سکچوون دەبوون و ئارەزوویان بوو کە زیاتر لەسەر ئاوەدەستەکان بمێنەوە، سدیقە کوێری جەلادی برازای سەعید مەسیفی بەرێوەبەری زیندانیەکە، بە گۆچانە حەیزەرانەکەیەوە دەکەوتە لێدانیان، چەندین جار خەڵک لەسەر ئاودەستەکان بە دەمدا کەوتووەتە ناو پیسی و گواوەکەوە هاوار و قیژەی دەگەیشتە ئاسمان، بێڕەحمانە ئەم جەلادانە هیچ هەستێکی مرۆڤییان نەبوو، هیچ بەزەییەکیان نەبوو. بەیانیان بە مەنجەڵی گەورە ماستی ماڵی سەعید مەسیفیان دەهێنا و ئەو کەسانەی پارەیان پێبوایە ماستیان لێدەکرێن. دەرمان و تەداوی یەکێک لە برازاکانی سەعید مەسیفی دەیکرد بە ناوی بڵند، کە لە هەموو جەلادەکانی تر میهربانتر بوو، هەندێک جار هاوکاری پیر و پەکەوتەکان و نەخۆشەکانی دەکرد.


کۆمەڵیک کوری گەنجی کەرکووکی و گەرمیانی کە نازانم لەسەر چی زیندانیکرابوون، کردبوونیانن بە نانەوە لە ناو زیندایەکەدا، نانیان بۆ زیندانیەکان دروستدەکرد. برنج و رۆنیان دابەشدەکرد بەسەر ژورەکاندا دەبوو خۆیان خواردن دروست بکەن، بەو چلەی هاوینە، بەو هەموو قەرباڵغی ناو ژوورەکانەوە دەبوو پەرەمێز دابگیرسێنن و خواردن لە گۆشەیەکی ژوورەکدا دروستبکەن، قەدەغەش بوو ئەگەر خواردن دروست نەکەن، واتە هەندێک جار زیندانیەکان داوایان دەکرد نانی وشکی زیادەیان بدەنێ و بۆ ئەوەی خواردن دروستنەکەن و هێندەی تر نەپڕوکێن، بەڵام بۆ ئەوەی زیاتر ئازاری زیندانیەکان بدەن ئەمەیان قبووڵ نەبوو.
ماویەتی... خوێنەری بەرێز چاوەڕوان بە!

_________________________________

بەشی دووەم: www.emrro.com/heqiqetikeshes2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/heqiqetikeshes1.htm


ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم


 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک