په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٨\٢٠١٥

حەقیقەتی کێشە سیاسییەکەی ئێستای کوردستان.

جیهاد محەمەد     

- بەشی چوارەم -


((حەقیقەت بە ڕووتییەوە وەک خۆی دەبینرێت، بەڵام کاتێک پۆشاکێکی لەبەر دەکرێت بە ناوی ئەتەکێتی قسەکردن، یان ئادابی قسەکردن، یان زۆر جار بە ناوی قسەی سیاسییانە و دیبلۆماسیانە، ئیتر حەقیقەت وەک خۆی نامێنێت و دەشێونێرێت. هەڵبەت هەریەک لە ئەتەکێت و ئاداب و سیاسیی و دیبلۆماسیی لە شوێنی خۆیدا گرنگ و بە بایەخە، بە مەرجێک وەک ئاماژەم پێدا حەقیقەت نەشێوێنێت. کەواتە با بە ڕووتی قسە بکەین تا حەقیقەت پیشان بدەین، بەڵام مەرجیش نییە ئەمەی من دەیڵێم هەموو حەقیقەت بێت، بۆیە من ئامادەم بۆ دیالۆگ و قسەکردن لەسەر رای خۆم، هیچ رایەکی دژ بە راکەی خۆم رەتناکەمەوە تەنها ئەوەی بە حەقیقەتی دەزانم لە راکەی خۆمدا بەرگری لێدەکەم بە شێوەیەکی مەدەنیانە و بە ئەرگۆمێنت و بەڵگەوە.)).


لە پێناوی تێگەیشتنمان لە کێشە و قەیرانەکانی ئەمرۆی کوردستان، پێیوستە دوێنێمان بناسین و بیزانین. هیچ عەقڵیەت و بیرکردنەوەیەک نییە، لە پڕ سەرهەڵبدات و وەک قارچک هەڵتۆقێت. هەموو بیرکردنەوە و عەقڵێتێکی باش یان خراپ، پۆزەتیڤ یان نەگەتیڤ، رەگ و ریشەی قوڵی هەیە و بەرگریی دەکات لە بەرژەوەندی چین و توێژێکی کۆمەڵایەتی. لەم سۆنگەیەوە دەمەوێت خوێنەر بگێرمەوە بۆ ئەو بیرکردنەوە و عەقڵیەت و سیاسەتکردنەی کە "شۆرش" و "بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردی" لەسەر هەڵنرا و بونیادنرا.


دەستبردن بۆ هەرچ چاکسازییەک وەک چارەسەر بۆ کێشە و قەیرانەکانی ئەمرۆی کوردستان، ئەگەر بە گیان و هەستێکی شۆرشگێڕانەو و بوێرانەوە نەکرێت، ئەگەر ڕەخنەی جددی لە رابردوومان نەگرین، ئەگەر بوێر نەبین بۆ بەخۆدا چوونەوە، ئەگەر رابوردووە وێرانکارییەکەمان تێکنەشکێنین، ناتوانین داهاتوویەکی باشتر بونیاد بنێین. پیاهەڵدان بە رابووردیەکی وێران و کاولدا، کە پڕێتی لە تێکشکانی تاکی کورد، پڕێتی لە نادادپەروەری، پڕێتی لە ستەم و چەوساندنەوە، پڕێتی لە ژن کوشتن، کارەسات و تەنانەت تاوانیش بە دوای خۆیدا دەهێنێت. ناعەقلانییکردن بە عەقڵانیی، نازانستیکردن بە زانستیی، نامرۆییکردن بە مرۆیی، خۆویستیی و خۆپەرستییکردن بە خۆنەویستیی و شۆرشگێڕێتیی و بەرخۆدان کارەستا و تاوان زیاتر هیچی تر بەرهەمناهێنیت.


چاوەڕوانیی خەڵکی گشتی و هەژاران و جوتیارانی خەڵکی کوردستان لە بارزانی باوک لەسەردەمی"شۆرش" و بزووتنەوەی گەلی کوردا چیبوو و چی لێهاتە بەرهەم؟


• چاوەڕوانییەک، زیاتر لەوەوە بوو کە بارزانیەکان بەردەوام لایەنداری خەڵکی هەژارانیان کردووە، بەمەش خەڵکی کوردستان فریویاندەخوارد کە مەلا مستەفا جگە لەوەی سەرۆکی حیزب و سەرکردی یەکەمی شۆرشە، پیاوێکی دادپەروەر و فەقیردۆستە. لەرستیشدا لە مێژووی بارزانیەکان و شەرکردنیان لەگەڵ دەوەڵەمەندە خاوەن خێڵ و عەشیرەت و موڵکدارەکاندا وەک شێخایەتیەک رەفتاریانکردووە کە لایەنداری هەژارانیان کردووە. چونکە بارزانیەکان شێخ نین، بەڵکو دادپەروەریی و لایەنداریتیان بۆ خەڵکی کەمدەست و هەژاران بووە بە مەزهەبێک کە پیرۆزکراون و ناویان براوە بە شیخ و لایەنی چاکەکار.


بەڵام سیاسەتکردن و خۆ سەپاندنی مەلا مستەفا بەسەر شۆڕشدا خیانەتی لەم مێژووە جوانە پێکرد، وازی لە هەموو نەریتە جوانەکانی بارزانیەکان هێنا و دژی ئیساڵاحی زەراعی وەستایەوە، لە کاتێکدا ئیسلاحی زەراعی باشترین بژێوی بۆ هەژارەکان و مسکێنەکان دروستدەکرد. هەموو ئەمانە لە پێناو ئەو سیاسەتەی کە ئاغاکان و دەوڵەمەند و خاوەن عەشیرەتەکان لایاندارێتی شۆرش و مەلا مستەفا بکەن. بەم سیاسەتکردنەشی هەموو خاوەن پێگە کۆمەڵایەتییە دەوڵەمەندەکانی راکێشا و ئەم ستەمکار و زاڵم و چەوسێنەرانەی کرد بە کەسانی نەتەوەیی و نیشتیمانپەروەر، بە ناوی یەکڕیزی نیشتیمانییەوە، بە ناوی ئەوەی کە نابێت هیچ جۆرە ناکۆکیەک لە نێوان جوتیاران و هەژارانی کوردستان و ئاغا و دەوڵەمەندەکاندا سەرهەڵبدات، دەبێت هەموو داخوازیەکانی خەڵکی گشتی دوابخرێت و کپبکرێت هەتا دوای "رزگارکردنی کوردستان"!. ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن و عەقڵیەت و بیرکردنەوەیە لەم دواییانەدا بوو بە باو لە لای زۆربەی حیزبە بۆرجوازیکانی کوردستان، تەنانەت لە دوای راپەرینی ١٩٩١، کە لایەک بە رزگارییان دەدان و لەلایەکیی تر هەموو داخواییەکی خەڵکی گشتیی و هەژارانیان کپدەکرد بە ناوی ئەوەی "ئەزموونەکە" ناسکە!. هەر ئەم جۆرەش لە سیاسەتکردن و لە ئەخلاقی "کوردایەتییە" بوو، کە پارتی و بەرەی کوردستانی لێبوردنی گشتیان دەرکرد بەرامبەر بە ئەنفالچیەکان و دەیان تاوانباری ئەنفالچییان راکێشا بەلای خۆیاندا و کردنیانن بە دەنگدەر بۆ خۆیان، بە بێ ئەوەی هیچ جۆرە لێپرسینەوەیەکیان لەگەڵدا بکرێت، تەنانەت لە دادگای باڵاتی تاوانی عێراقیەوە ناوی سەدان لەو سەرۆک جاش و "مەفرەزە خاسانە" کرا بە لیستێک و، داواکرا لە پۆلیس و لایەنە فەرمییەکانی ئەمنی و دادگاکانی کوردستان کە ئەمانە بدرێن بە دادگا بۆ لێپریسنەوە لەو تاوانە گەورەیەی دەرهەق بە خەڵکی ستەمدیدەی گەلی کورد کردوویانە، بەڵام پارتی و یەکێتی بوون بە پارێزەریان، نەک هەر نەیاندان بە دادگا بەڵکو زیاتر لە جاران و لە کەسوکاری ئەنفالکراو رێز و حورمەتیان لێگیرا.


بە درێژایی هەموو "بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کورد" و هێزی چەکداری گەلی کورد لە هەموو شۆرش و بەرخۆدانەکاندا، کە پارتی و یەکێتی بە جیا هەریەک لە لایەکەوە سەرکردایەتییان کردووە، هەتا دەگاتە دوای ڕاپەرینی ساڵی ١٩٩١ کە بە ناوی بەرەی کوردستانی و دواتریش بە ناوی شەرعیەتی هەڵبژاردنەکانەوە، پارتی و یەکێتی حوکمڕان بوون لە کوردستاندا، بەردەوام دەوڵەمەندەکان، خاوەن پێگە و سەرۆک خێڵ و کوێخاکان و کۆمەڵێک لە سەرۆک جاش و ئامر مەفرەزی خاسەی بەعسیەکان و، کۆمەڵێک بازرگانی چاونۆکی گەندەڵی شاریی لەسەر حسابی هەژاری و ستەمدیدەیی خەڵک کە لە هەموو شۆرشەکاندا سوتەمەنی بوون و دەستەچیلەی خۆشکردنی ئاگری شەڕ بوون لەگەڵ حکومەتە یەک لە دوای یەکەکانی عێراقدا، چینی سەردەست و دەستڕۆشتوو بوون. ئەم چین و توێژە گەندەڵانە، بە ناوی یەکڕیزیی کۆمەڵگای کوردییەوە، بە ناوی پێکەوە ژیانەوە، بە ناوی پاراستین "ئەزموونەکەمانەوە" پاریزراوبوون، هەرچەندە دزی و گەندەڵی و قاچاخچێتییان کردبێت. لادێنیشینەکان و گەڕەکە کەمدەرامەت و هەژاراکانیش بەردەوام ستەمیان لێکراوە و چەوسێنراونەتەوە. ئەوانەی لە شۆرش و بزووتنەوە چەکدارەکاندا فەرمانڕەوابوون و پێگەی دەوڵەمەندی و پێگەی چینایەتییان بەرزبووە، لە دوای ڕاپەرینی ١٩٩١یش کە خەڵکی هەژار و لێقەوماو بەرپایانکرد دژی حکومەتی عێرقی و توانیان هێزی سەربازی و پۆلیس و ئەمنی عێراقی لە کوردستان دەرپەڕێنن، هەمان پێگەی دەوڵەمەندیی و پێگەی کۆمەڵایەتیی و چیانیەتیان لە سایەیی حکومڕانە گەندەڵکەی پارتی و یەکێتییەوە پارێزرا.


خوێنەری خۆشەویست، لەم سۆنگەیەوە پێمخۆشە وەک نوکتەو وەک بەڵگەیەک لە دەیان بەڵگە چیرۆکی نێوان کەریمخانی سەرۆک جاش و کادرێکی حیزبی شیوعیتان بۆ بگێڕمەوە:


(ئەو کاتەی شیوعیەکان لێیان قەوما و لە لایەن بەعسیە فاشیەکانەوە پەلامار دران، دەیان کادریان لێگیرا و دەیان کادر و ئەندامیان لە سێدارە درا. یەکێک لەو کادرانە بە هۆی ناسیاویی و دۆستایەتیەوە خۆی گەیاندبووە کەریم خانی سەرۆک جاش، تکایان لێکردبوو کە ئەم کاردە بگەیەنێتە ناوچەی رزگارکراو لەبەر ئەوەی ئەگەر بگیرێت لە سێدارە دەدرێت. ئەم سەرۆک جاشە دوای هەفتەیەک لە خزمەتکردن بە سەیارەی فەوجەکەی ئەم کادرەی گەیاندبووە شوێنی خۆی. لە دوای راپەڕین ساڵی ١٩٩١ ئەم کادرە چبوو بۆ لای کەریم خان و سوپاسگوزاری خۆی و حیزبکەی بۆ دەربڕیبوو. بەڵام کەریم خان زۆر گەلەیی لێکردبوو، وتبووی تۆ کەسێکی بەوەفا نەبوویت لەگەڵ مندا، هەرچەندە کادرەکەی حیزبی شیوعی سوپاسی کرد بوو کە ئەو پیاوەتییەی لە بیر ناچێتەوە، بەڵام بێ سوود بوو بوو. لە دواجاردا کادرەکە پێی دەلێ ئاغا بەس پێم بلێ بۆ؟ ئەویش دەڵێت تۆ دەتزانی من بۆ خۆ دەوڵەمەندکردن بووبووم بە جاش، کاتێک کە ئەوەت دەزانی کەسانی وەک من، دەتونن لە شۆرشیشدا هەم دەوڵەمەند بین، هەم دزی بکەین، هەم بە ئارەزووی خۆمان پیاوەتی بکەین لە سەر حسابی خەڵکی فەقیر و هەژاران، هەم پێشمەرگە و شۆرشگێڕ بین، بۆ ئەمەت پێ نەدەوتم تا چەکی جاشێتی دانێم و چەکی شۆرشگێریتی هەڵگرم، خۆ من ئێستاش هەر دەوڵەمەندیەکەم بەردەوامە لە سایەیی ئەم دوو حیزبە و حوکومەتی هەرێمەوە، بەڵام لە دەستم چوو کە جاشبووم، دەمتوانی شۆرشگێریش و دزیش بم و خۆشم دەوڵەمەند بکەم، تۆ دەبوو پێم بڵێیی کەریم خان، بفەرموو وەرە چەکی شۆرشگێرێتی هەڵگرە و هەمان کاری خۆت و ئاغایەتی خۆشت بکە. کەریم خان بە کادرەکەی حیزبی شیوعی وتبوو، چما تۆ نازانیت خۆ ئێمەش هەر ئەوەندەی ئەو سەرۆک خێڵ و ئاغا و دەوڵەمەندانە تۆمەتبارین کە بە حساب شۆڕشگێربوون. مەگەر جیاوازیەکەمان هەر لە نازناوەکانماندا بێت، ئەوان نازاناوی شۆرشگێرێتیان هەڵگرت و ئێمەش نازناوی جاشێتی، بەڵام لە ناوەڕۆکدا هەردوو لامان هەر بۆ فەردە دینارەکە هەوڵماندەدا وەک یەک تاوانمانکردووە). لە راستیدا ئەوەی کەریم خان وتویەتی، راستیکردووە، دەوڵەمەند و ئاغا بە ناو(شۆرشگێرەکان) جیاوازییان نەبوو لە ستەم زوڵم و گەندەڵیی و بازرگانێتی بە ناوی "کوردایەتیەوە" و فرۆشتنەوەی بە خەڵکی هەژار و ستملێکراوی کوردستان، لەگەڵ جاش و ئەنفالچیەکان و ئەو سەرۆک خێڵانەی لەگەڵ بەعسیەکاندا بوون. بە دەیان مەفرەزەی خاسە هەبوون، وەک تەحسین شاوەیس و قالە فەرەج دەیانوت ئێمە "کوردایەتی" دەکەین و راوە یەکێتی دەکەین و ئێمە پارتین و لەگەل پارتیداین. لە دوای راپەرینی ١٩٩١یش پارتی ئەم قسەیەی سەلماندا و بوو بە پارێزەری دەیان مەفرەزە خاسە و ئەو سەرۆکخێڵ و سەرۆک جاشانەی کە ئەنفالی گەلی کوردیان کرد.


مەلا مستەفا جەنەراڵە!


لە لایەکیتر ئیدیعایی ئەوەی کە مەلا مستەفا جەنەڕاڵە، توانیوێتی لە سۆڤیەت ببێت بە جەنەراڵ، دیسان لە کۆماری موهاباتدا سەرۆک ئەرکانی سوپا بووە، ئەمانە هەموویان بوون بە دەستکەوتی باش بۆ ئەوەی خەڵکی پێی بخەڵەتێن و خەڵکی پێ رابگرن لەو چاوەڕوانیەدا کە کادرەکانی حیزبەکەی و شۆرشەکەی بە خەڵکی هەژارانیان دەوت، ئێمە هەر ئەوەندە کارمان بە ئاغا و خاوەن موڵک و سەرۆک خێڵەکان هەیە تا ئەوەی نەبن بە جاش و هاوکارمان بن لە شۆرشدا، بەڵام لە دواجاردا دادپەروەری بارزانی و شۆڕش ستەمکاریی و چەوساندنەوە قبوڵناکات و جوتیاران دەبن بە خاوەنی موڵک و ئەرز و ئاوی خۆیان. بۆیە شۆڕش بوو بە شۆڕشی کۆکردنەوەی ئاغا و شێخ و مشایەخ و خاوەن موڵکەکان.


• لە لایەکی تریش لەبەر ئەوەی خەڵکی کوردستان و هەژارانی کوردستان، نەخوێندەوار بوون، دینی بوون، باو و نەریتیی و خێڵەکیی بوون، بۆیە پارتی و شۆرشەکەیان توانیان ئەم حاڵەتەی خەڵک بقۆزنەوە و فریویان بدەن، بەوەی کە عەبدولکەریم قاسم کەسێکی بێ دینە و بێدینی بڵاودەکاتەوە. لە لایەکیتریش دنەدانی خەڵکی بەشێوەیەکی عاتفیانە و سۆزی نەتەوەیی و جوڵاندنی هەستی نەتەوەیی کارێکی کرد کە هەژاران و جوتیارە ستەملێکراوەکانیش دڵیان بەم شۆرش و تەقەکردنە خۆشبێت و لایەندارێتی مەلا مستەفا بکەن و فریوبخۆن بەوەی کە لە دوای رزگاربوونیان هەموو ژیانێکی خۆشیان بۆ مەیسەر دەبێت.


• ئەم سیاسەتەی مەلا مستەفاو شۆڕشی گەلی کورد، سیاسەتێکی چەواشەکارانە بوو، لەسەر بەرمەبنای فێڵکردن لە خەڵکی ستەمدیدەی کوردستان بونیادنرا، بۆیە بە ناوی شارەزایی و لێزانیین و خوێندەوارەکانی حیزبەوە، کە حیزب هەموو شت دەزانێت و خەڵک هیچ نازانێت، پەروەردەی خەڵک وا دەکرا، کە تەنها گوێرایەڵبن، ملکەچبن، هەرچی لە حیزب و شۆرش و بارزانیەوە هاتە خوارەوە وەک لای خواوەندەوە هاتبێت دەبێت جێبەجێبکرێت. هەتا ئێستاش ئەم پەروەردەیە لە لای حیزبەکانی ناسیۆنالستی کوردی بەردەوامە. ئەوە تەنها بنەماڵەی بارزانی و جەلال تاڵەبانیە، ئەوە تەنها پارتی و یەکێتیە، کە هەموو شت دەزانن و خەڵک هیچ نازانێت. تەنها دەستی ئەمین بۆ مەسەلەی کورد، کوڕەکان و نەوەکانی مەلا مستەفای بارزانین. لە یەکێک لە هەڵبژاردنەکاندا خودی مام جەلال رایدەگەیاند ئەوە تەنها یەکێتی و پارتیە، کە دەتوانن ئەم ئەزموونە(ئیدارەی سەربەخۆی کوردستان و فیدراڵێتەکەی) بپارێزن، چونکە گەلی کورد هەر چوار دەوری دووژمنە، لە کاتێکدا ئەمەیان رادەگەیاند، کە باشترین دۆستایەتییان لەگەڵ ئێران و تورکیا و عێراقدا هەبوو لە پێناوی پاراستنی هێزی هەژمووناکاریی خۆیاندا بە سەر گەلی کوردی باشوردا، هەر خۆشیان لەگەڵ شیعەکاندا عێراقی داڕوخاویان دروستکردووە.


پێمخۆشە لێرەشدا مادەم ناوی مام جەلال هاتە پێشەوە، چیرۆکی کادرێکی یەکێتی و مام جەلالتا بۆ بگێرمەوە، کە چۆن مام جەلال لایەندارێتی سەرۆک جاش و پێگە دەوەڵمەندە گەندەڵاکنی کوردستانی دەکرد:


کادرێکی یەکێتی بۆی گێڕامەوە: کە زۆر لە حیزبەکەیدا چبووە پێشەوە، تەنانەت ئەوەندە لە پێشەوە بوو، ئەو کاتەی کە دوو حوکومەتی پارتی لە هەوڵێر و یەکێتی لە سلێمانی هەبوو، ئەم کادرەی یەکێتی بەردەوام لە نێوان حوکومەتەکەی یەکێتی و بەغدادا هاتوچۆی دەکرد و شتە رەسمیەکانی بۆ دەگەیاندنە دەست یەکتری(ئاخر لە دوای ڕاپەڕین و پێش ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام هیچ کات پەیوەندی یەکێتی و بەعسیەکان، پارتی و بەعسیەکان، هەریەکایان لای خۆیەوە، بە حوکومەتی بەعسەوە نەبچراوە، بەڵکو کێبڕکێیان لەسەر ئەوە دەکرد کە کامیان دەمسپی راستەقینەی گەلی کوردن و دەتوانن هەموو گەلی کورد رامبکەن و کامیان زیاتر پارێزەری یەکپارچەیی خاکی عێراقن) دیارە کەسێکی وا دەبێت زۆر جێگەی بڕوا بێت لای یەکێتی کە ئەم کارە حەساسەی پێدەسپێرن. وتی: لە پڕ رۆژێک مام جەلال ناردی بە دوامدا کە چوومە لای وتم مامە گیان ئەمرکە! وتی سەیارەی فڵان شێخ (کە سەرۆک جاش بوو) دزراوە، لە ژێر ئەرزبێت بۆم دەهێنیتە سەر ئەرز، لەئاسماندا بێت بۆم دەهێنتە خوارەوە، تەواو متمانەم بە تۆیە کە ئەم کارەم بۆ بکەیت. وتم بەسەر چاو، ماوەی یەک هەفتەم بدەرێ. وتی دوای گەرانێکی زۆر سەیارەکەم دۆزیەوە لە ماڵی فەرماندەیەکی گەورەی پێشمەرگەدا، خۆی لە ماڵ نەبوو، بە پشتی مام جەلال سەیارەکەم لە براکەی وەرگرتوو گەیاندمەوە قەڵا چوالان، مام جەلال زۆر دەستخۆشی لێکردم. دوای هەفتەیەک ئەم فەرماندیە هاتەسەر بارەگاکەم لە سەروچاوە، هەرچی نەشێت لە دنیادا پێیکردم، سەدان جنێوی ناشیرینی پێدام، سەدان جار جنێوی بە مردووم و بە زیندووم دا، سەدان جنێوی بە ژن و دایکمدا. بە رجا و تکا نەیانهێشت بمکوژێت. لەگەڵ ئەوەی وەرەقەی مام جەلام پیشاندا، بێ سوود بوو. وتی منیش نەمهێشت بگاتە ٢ مانگ کوردستانام بۆ چۆڵکردن و هەتا هەتایە ناگەڕێمەوە بۆ کوردستان. یەکە بەیەک ناوەکانم لایە، بەڵام لەبەر خاتری ئەو کادرە ناوەکان نانووسم. بۆ ئاگادارییتان ئێستا ئەو شێخە جاشە ئەنفالچییە لە حەساسترین و باشترین و جوانترین شوێنی لە سلێمانیئە پێدراوە. کەسێکی پیاو کوژە، تا ئێستاش کوڕەکەی و خزمە نزیکەکانی لەگەڵ بەعسیەکاندا کار دەکان دژی کورد و حوکومەتی ئێستای عێراق.


دەستی "ئەمین" بۆ مەسەلەی کورد تەنها مەسعود بارزانییە!


ئەمە پارتی و خودی مەسعود بارزانی دەیڵێن، بەڵام لەگەڵ ئەوەی ئەمە گەورەترین سوکایەتیە بە خەڵکی کوردستان، کە تەنها دەستی "ئەمین" مەسعود بارزانیە، کەچی هێشتا کۆمەڵێک حیزبی بچکۆلانە، کە هیچ شتێک نین ئەگەر خۆیان بەم دەوڵەت و بەو دەوڵەت، یان هیچ نەبێت بە یەکێتی و بە پارتیدا هەڵنەواسن، ئەم زەنگە پڕ لە سوکایەتیی و بە بچوک تەماشاکردنەی هەموو گەلی کورد لێدەدەن و تەنها مەسعود بارزانی بە دەستی ئەمین تەماشا دەکەن بۆ مەسەلەی کورد و چارەسەری هەموو کێشەکانی گەلی کورد.


ئەمەی کە لەسەروە بە کورتی ئاماژەم پێدا، یەکێکە لەو سەرچاوانەی کە بڕستی سیاسیی و بیرکردنەوەی لە خەڵک بڕیوە، کە خەڵکی کوردستانی تووشی چەقبەستنێک کردووە، کە هەموو هەوڵەکانی خەڵک بۆ خۆ رزگارکردن و گەڕانەوەی رێز و شکۆمەندی بۆیان ئەم سیاسەتە سەقەتە لە ناوی دەبات و گەورەترین زوڵم و ستەمی سیاسیی لە خەڵکی کوردستان دەکرێت بە ناوی پاراستنی (ئەزموونەکەمانەوە)، بە ناوی ئەوەی کە تەنها مەسعود بارزانی دەتوانێت دەوڵەتی کوردی رابەگەیەنێت!.

_________________________________

بەشی سێیەم: www.emrro.com/heqiqetikeshes3.htm

بەشی دووەم: www.emrro.com/heqiqetikeshes2.htm

بەشی یەکەم: www.emrro.com/heqiqetikeshes1.htm

 

٢٤\٨\٢٠١٥ - نەرویج
ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک