په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٦\٢٠١٥

حەرام و حەڵاڵ!


کامیل ژیر      


رۆژی ٢\٦\٢٠١٥ سێ لایەنی لەخواترس، ھۆڵی پەرلەمانی کوردستانیان بەجێھێشت بەو بیانووەی قەرزکردنی نێودەوڵەتی حەرامە. بۆ پەردەپۆش ھەندێ بیانووی نیشتمانیشیان خستە پاڵ حەرامەکە. دەسخۆشیی لەو لایەنانە ئەکەم بەرامبەر ئەو پەرۆشییەیان بۆ حەرامنەخواردن و رەتکردنەوەی پارووی حەرام.


بەم بۆنەیەوە داوا لەو لایەنە لەخواترسانە ئەکەم، لەسەر ئەم ھەڵوێستەیان بەردەوامبن، بەمەرجێ ھەمان ھەڵوێستیان ھەبێ بەرامبەر ھەمو حەرامێک. یەکێک لەو حەرامانە کە زۆر حەرامترە لەو قەرزە، ئەو بڕە پارەیەیە کە ئەو لایەنانە، مانگانە یا ساڵانە، لە بوجەی حکومەتی کوردستانی وەرئەگرن کە ماڵی میللەتە!! با ئەوانە خۆیان بکەنە سیمبول بۆ حەرامخۆرەکانی تریش. بۆ نمونە: بەپێی سەرچاوەکان، تەنیا دو دەسەڵاتدارەکەی حکومەتی ھەرێم، لەنێوان ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٠ مانگانە ٧٠ ملیۆن و ساڵانە ٨٤٠ ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان لاداوەو لەخواترسەکانیشیان بێبەشنەکردوە لەو حەرامە!!


ئاشکرایە داھاتەکانی وڵات ئەچنە بوجەی حکومەتەوە، ھەر حکومەتێک، ئەوانە پارەی میللەتن کە ئەبێ تەنیا بۆ سوودی گشتی خەرجبکرێ وەک: پرۆژە گشتییەکان، ھێزی بەرگریی، ئاوەدانکردنەوە، مووچەی کارمەندان، ھاوردە، پەرەپێدان و گەشەکردنی ئابوری و زانستیی و تەندروستیی و... ھتد. جگە لەوانە، ھەرپارەیەک بەلایەنەکان و پارتییەکان بدرێ، حەرامە! حەرام و گوناھە و ئەچێتە ئەستۆی کاربەدەستانی حکومەتەوە کە گەمە بە داھاتی میللەت ئەکەن. حەرام و گوناھە کە ئەچێتە ئەستۆی ئەو لایەن و پارتییانەشەوە کە وەریئەگرن! ئەوانە ئەبێ بە ئابوونەی ئەندامەکانیان و قازانجی پرۆژەکانیان بەڕێوەببرێن نەک بە پارەی میللەت!


بەم بۆنەیەوە داوا لە حکومەتی کوردستان ئەکەم ئەو گوناھە لە ئەستۆی خۆی داماڵێ و چیتر پارەی میللەت نەدا بەوانەی بارەگاکانیان کردۆتە تەمەڵخانە و لەوەڕگەی حەرام. ھەروەھا داوا لە پارتییە سیاسییەکان و لایەنەکان بە گشتیی و سێ لایەنە لەخواترسەکان بە تایبەتیی ئەکەم، ئیتر لەوە زیاتر ئەو پارە حەرامە نەکەن بە قوڕگی خۆیانداو پرۆژە ئابوورییەکان راگیراوبن و کارمەندانی گشتییش ژاراوی بێ مووچەیی بچێژن!!


٣\٦\٢٠١٥
ماڵپه‌ڕی کامیل ژیر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک