١\٣\٢٠١٤
هەر باڵندەیەک لە
دوای پۆلی خۆی دەفڕێ.

جەلال محەمەد
نیوەشەوی ٢٣\٢\١٩٨٨
یەکەم قۆناغی ئەنفال بەرپابوو، واتە هێزەکانی بەعس و هاوکارە
کوردە خۆفرۆشەکانیان کە بریتی بوون لە مستەشار و سەرۆک جاشەکان "بەر لە
٢٦ ساڵ" دڕندانەترین هێرشیان کردە سەر باشووری کوردستان و بە سەدان
هەزار کوردیان زیندەبەچاڵ کرد و تەواوی گوندەکانیان لەگەڵ زەویدا تەخت
کرد. هەر لەو پرۆسە بەدناوەدا گەورەترین تاوان بەرامبەر بە ژنانی کورد
ئەنجام درا، لە لایەک دەستدرێژی دەکرایە سەریان و لە لایەکی دیکەوە لە
برا و باوک و پیاو و منداڵەکانیان دابڕان و سەدان و بگرە هەزاران
کەسیان وەک کۆیلە و کەنیزەک بەسەر دەوڵەتە عەرەبیەکاندا دابەشکرا.
ڕاپەڕینی شکۆدار:
٢٣\٣\١٩٩١
یەکەم چەخماخەی ڕاپەڕین لە شارۆچکەی خەباتەوە دەستی پێکرد و لە
کەمترین ماوەدا تەواوی باشووری کوردستانی گرتەوە "واتە بەر لە ٢٣ ساڵ"،
خێرایی ڕاپەڕین لە لایەکەوە دەگەڕایەوە بۆ هۆکاری دڕندایەتی بەعس و
هەوڵدانبوو بۆ ڕزگاربوون لە کۆتی داگیرکاری، لە لایەکی دیکەشەوە هێشتا
خوێنی ئەنفالکراوان وشک نەببوویەوە و جەماوەر لە چاوەڕوانی ئەوەدا بوون
کە لە کورتترین ماوەدا تاوانباران دادگایی بکرێن و تۆڵەی ئەنفالکراوان
بسەندرێتەوە.
لێ بەڵێ؛ لە بەدبەختی و چارەڕەشی کورداندا، ئەنفالکەر و تاوانباران
خاوەنی پۆلی خۆیان بوون و نەک هەر دادگایی نەکران بەڵکو تروسکە ئاسا
شوێن پۆلی خۆیان کەوتن و لە جاران زیاتر ڕۆڵیان پێ بەخشرا . ئەو پۆلەش
نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بوو . بڕوانە ئەم لینکەی
خوارەوە:
www.malmokurd.com/News-2457-1#.UwsR-c7ujUM.facebook
تا ئەو ڕۆژەی شۆڕشی گەلانی سوریا دەستی پێ
نەکردبوو، بە غەیری پەیەدە هەموو پارت و لایەنەکانی دیکە بە سەربەستی
کاری سیاسیان دەکرد لە سوریادا و تەواوی بەرپرسە حیزبیەکانیشیان لە
سوریادا ژیانیان بەسەر دەبرد و لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ ئیستخباراتی
بەعسدا، تەنانەت دوای بەرپابوونی شۆڕشیش ئەم بەرپرسە حیزبیانە پەیوەندی
خۆیان لەگەڵ ئیستخباراتی سوریادا کۆتایی پێ نەهێنا و هەمیشە لە کەین و
بەینی ئاشکرا و نهێنیدا بوون، بۆ نموونە دوای دروستکردنی ئەنجومەنی
نیشتمانی کوردی سوریا، ڕۆژێک حەمیدی حاجی دەروێش کە بەرپرسی "پارتی
پێشڤەڕۆی دیموکراتی کوردی سوریا"یە بە نهێنی سەردانی ئیستخباراتی سوریا
دەکات لە شاری حەسەکە، کاتێک لە ئیستخبارات دەردەکەوێت ئاشکرا دەبێت و
لێی دەپرسن (خەرمان بەرەکەت، ئەوە چی دەکەیت لە ئیستخبارات؟ خۆ تۆ بە
حساب سەرۆک حیزبیت و باس لە شۆڕشگێڕێتی دەکەیت و کۆڵەکەیەکی سەرەکیشیت
لە ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی سوریادا؟ ئایا بەرپرسی حیزبەکانی دیکەی
ئەنجومەن لێت قبوڵ دەکەن؟).
حەمیدیش هێندە دەشێوێت، لە وەڵامدا ددان بە ڕاستیەکاندا دەنێت و دەڵێت
(بریا منیش لەگەڵ بەرپرسی حیزبەکانی دیکەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی
سوریادا هەر بە شەو سەردانی ئیستخباراتم بکردایە تاوەکو ئاشکرا
نەبوومایە و لە قوتان نەدامایە). کەچی سەرسوڕمان ئەوەیە ئێستا حەمیدی
حاجی دەروێش و پارتە کارتۆنیەکانی دیکەی ئەنجومەنی نیشتمانی کوردی
سوریا خۆیان وەک دژبەری ئەسەد ناو دەبەن و بە پەیەدەش دەڵێن هاوکاری
بەعسە.
ئێستاش تەواوی ئەو بەرپرسە حیزبیانە لە هەولێر مۆڵ دراون و کاریان بۆتە
دژایەتیکردنی پەیەدە ، هەڵبەت هانابردنیان بۆ هەولێر لە ترسی ئارتەشی
ئازادی سوریا بوو، چونکە لە خەیاڵی خۆیاندا وایان دەزانی کە لە ماوەی
چەند حەفتەیەکدا ئەسەد هەڵدێت و ئەو کات ئارتەشی ئازاد تۆڵەی
دەستێکەڵاویەکانیان بە بەعسەوە لێ دەستێنێتەوە ، لەبەرئەوە لای
بارزانیان بە گونجاوترین جێگە دەزانی تاکو هانای بۆ ببەن و هاوشێوەی
مستەشار و ئەنفالکەرەکان بپارێزرێن.
لە ماوەی ئەم ٣ ساڵە ڕاپەڕینەدا تەنها ٣ ژن لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهۆی
کێشەی کۆمەڵایەتیەوە کوژراون و بکوژی هەر سێ ژنەکەش لە هەولێر
پارێزراون، واتە نێو ڕیزەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق بۆتە
ئارامترین جێگە بۆ پاراستنی مرۆڤ کوژ و خۆفرۆشەکان. ئەمەش ئەوە
دەسەلمێنێت کە هەر باڵدارە و لە دوای پۆلی خۆی دەفڕێت. بۆ زانیاری
زیاتر کرتە لەسەر ئەم لینکەی خوارەوە بکە:
http://www.awene.com/opinion/2014/02/23/30007
ماڵپهڕی جهلال
محهمهد
|