په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٢\٣\٢٠١٤

ھەر بۆ ئەوەی ئۆلۆمپیادی سۆچی تێکنەچێ

ڤڵادیمیر پووتین ئوکرایینای کردە بەرخی قوربانی!


تەحسین عوسمان      

 

ئەمەریکا لە رووی تێکدان و ئاژاوە نانەوە دەستێکی تا بڵێی باڵاو چەپەڵی ھەیە .. کە ئەمەریکا بەرەو ناوچەکەمان ، رۆژھەڵاتی ناوین ، ملی بەڕێوەنا بە سەدان تۆن تاوان و گیروگرفتی خستە سەرکۆڵ و بۆ خەڵکی رەشوڕووتی ناوچەکەی ئێمەی کردە دیاری . یەکەمین تاوانی ئەمەریکا ئەوەبوو کاتێ سوپای عێڕاقی ھەڵوەشاندەوە . عێڕاق لەو کاتیەوە وەک وڵات نەما ! ئەوەی عێڕاقی ، تا رادەیەک ، جارێکیتر خستەوە باریەک سەرکردەکانی کورد بوون ! ئەمەریکا ئەو کارەی لەبەر ئەوە ئەنجام نەدا کە سوپای عێڕاق تاوانی زۆری دەرھەق بە گەلانی عێڕاق ، بەتایبەتی بە کورد ، ئەنجام داوە. بەڵکو ئامانجی سەرەکی لەم ھەڵوەشاندنەوەیەدا رێگە خۆشکردن بوو بۆ تیمە تیڕۆڕیستەکان ‌تاوەکو سەربەستانە و بێ ترس تاوان و کاری تێکدەرانە ئەنجام بدەن ئەنجا ، بۆ خۆ حەشاردان ، خۆ بکوتنە ناوچەی سەوز ‌پەنای ئەمریکییەکان ‌! دووەمین تاوان کە ئەمەریکا لە عێڕاق ئەنجامیدا ئەوە بوو ، دوای تەواوبوونی جەنگ ، وەزارەتی کارەبایان بۆردومان کرد و خەڵکەکەیان خستە تاریکی . ئەم کارەی لەکاتێکدا ئەنجامدا کە شەڕ کۆتایی پێھاتبوو!


ئەمەریکا ھیچ کات دژی تیڕۆڕ نەبوە و خۆی دەوڵەتێکی تیڕۆڕی پلە یەکەمە لە جیھان و درووستکەری ھەموو رێخراوە تیڕۆڕیستییەکانی جیھانە . کەچی دەیەوێ خۆڵمان بکاتە ‌چاوی گوایە ئەمەریکا بەدەست ئەو تیڕۆڕیستانەوە گیری خواردووە ! باڵەخانەکانی بنکەی بازرگانی لە واشینگتۆن تیمەکانی "القاعدە" تەقاندیانەوە . بەڵام لەراستیدا ئەمەریکا و ئیسڕائیل بە دوو‌قۆڵی ئەم کارەیان رێکخست و ھەر خۆشیان بە شایەدی ئەمریکییەکانەوە تەقاندیانەوە . من سەد دەر سەد لەوە دڵنیام کە ئەوە کاری خۆیان بوو . ئەوەتا سوزانا لینداوەر کە خۆی چەندان ساڵ لەگەڵ (سی ئای ئەی) کاری کردووە دەڵێ :" دە رۆژ بەر لە تەقینەوەکە بە سەیارەی بارھەڵگر بەردەوام کەرەستەی تەقینەوەیان کێشایە ناو باڵەخانەکە و بەسەر نھۆمەکاندا دابەشیان کرد .. من خەریک بوو شێت بم کاتێ ئەو شتانەم بەچاوی خۆم دەدی ، ئەو رۆژەی تەقینەوەکە روویدا ھەرچی جوولەکە بوو نەچووبوو بۆ سەرکار .. منیش ئەو کەسانەی نزیکی خۆم بوون ھەمووم تێگەیاندن لە ماوەی چەند رۆژی داھاتوودا نەچن بۆ واشینگتۆن " . سوزانا لینداوەر زیاتر دەچێتە نێو کارە نھێنییەکانی سی ئای ئەی و دەڵێ : " بۆیە ئەو کارەیان ئەنجامدا تاوەکو بیکەن بە بەھانە بۆ ھێرشبردنە سەر عێڕاق " . سوزانا لینداوەر درێژە بە قسەکانی دەدا و دەڵێ : " تەیارەکەی لۆکەربیش ھەر بەخۆیان تەقاندیانەوە .. سەرەتا سووریایان پێ تاوانبار کرد بەڵام سووریا زوو فریای خۆی کەوت بڕیاریدا بەشداری بکا لە ھیرشبردنە سەر عێڕاق لەکاتی داگیرکردنی کوێت ، ئەنجا تاوانەکەیان خستە پاڵ لیبیا کە ھەر ئاگاشی لەو تەقینەوەیە نەبوو! لیبیایان ناچار کرد دان بەو تاوانەدا بنێ بۆ ئەوەی پارەی لێ بسێنن !!" . ھەروا جۆن بێرکەنس کە ئەویش ئەندامێکی زۆر بەرزی (سی ئای ئەی) بوو بە نێوی بکوژی ئابووری کاری دەکرد ‌و کتێبێکی لەسەر تاوانەکانی سی ئای ئەی دەرکردووە و دەڵێ : " ئێمە کارمان ئەوە بوو سەرۆکی وڵاتەکان بخەینە نێوان دوو حاڵەت ، یا ئەوەتا لەگەڵ ئێمەدا دەبن یا ئەوەتا چارەنووسی سەلفادۆر ئەلێندی و دکتۆر مێدق و زۆرانیتر بەچاوی خۆیان دەبینن"!!. ھەروا دەڵێ : " رێکخراوی (سی ئای ئەی) گەورەترین رێکخراوی تیڕۆڕیستییە لە جیھاندا" . ئیتر ئەمەریکا ھەر با دەف و دۆڵی دیموکراسیەت بکوتی کێ ھەیە باوەڕ بە درۆکانی بکات! (ئەگەر دەتانەوێ گوێ لە جۆن بێرکەنس بگرن بڕۆن سەیری چاوپێکەوتنەکانی خالد الرشد بکەن لە کەنالی روسیا الیوم لەگەڵ سوزانا لینداوەر و جۆن بێرکەنسدا).


ھەموومان لەبیرمانە کاتێ لە سەعات ھەشتی بەیانی ، رۆژی ھەشتی مانگ و مانگی ھەشتی دووھەزارو ھەشت لە وڵاتی چین ئۆلۆمپیاد کرایەوە . ئەمەریکا ، لە رێگەی خۆفرۆشێکی گورجستان بە نێوی ساکاشڤیلی ، بەنیازی تێکدانی ئۆلۆمپیادەکەی چین ، لەھیکەوە ھێرشێکی دڕندانەو بەربڵاوی لە ھەمان رۆژدا کردە سەر ئۆسیتیای خواروو! ھەر بۆ ئەوەی ئۆلۆمپیاد لە چین تێکنەچێ ڤڵادیمیر پووتین ، کە ئەوکاتە لەوێ بوو ‌، وەک بڵێی خۆی نەشڵەژاند ، بەڵام بێدەنگیش نەبوو. بەھێمنی خشپەی کرد بەرەو لای جۆرج بووش رۆیشت ، کە ئەوکاتە ئەویش لەوێ بوو، لێی پرسی: ئەمە چیە ؟ جۆرج بووشیش خۆی لە گێلیداو وەک بڵێی ئاگای لەھیچ نیە بە پرسیار وەڵامی پووتینی دایەوە گوتی: چبوە؟ چبوە چیە ، پووتین زەردەخەنەیەکی کرد . ئێوە ھێرشتان ھێناوەتە سەر وڵاتەکەمان ! ئیتر ھەرچەند جۆرج بووش ویستی وا خۆی نیشان بدا کە ئەو ئاگای لەھیچ نیە ، بەڵام بۆ پووتین مەسەلەکە روونبوو بۆیە ، ھەر بە خشپەکردن ، بەرەو شوێنەکەی خۆی گەڕایەوە . ئەو رۆژەی لەوێ بەبێ حەجمانی بردە سەرو نەگەڕایەوە بۆ رووسیا . ھەڵبەت دەبێ ھەرواشبێ ئەگینا بە گەڕانەوەی پووتین لەھەمان رۆژدا لەوانەبوو بەوە لێکبدرایەوە کە پووتین بەنیازی تێکدانی ئۆلۆمپیاد ئۆلۆمپیادەکەی جێھێشت و شانەکەش لەسەری ئەودا بشکابا ! ھەرچەند بەشدار نەبووننی پووتین لەو رۆژەدا نەدەبوو بە ھۆی تێکچوونی ئۆلۆمپیاد ، بەڵام لە رووی ئەدەبەوە جوان نەبوو ھەر ھەمان رۆژ ئۆلۆمپیادەکە جێبێڵێ . باشە ئەمەریکا و گورجستان ئەگەر مەبەستیان تێکدانی ئۆلۆمپیادەکە نەبوو بۆ لە ھەمان رۆژدا ئەو ھێرشەیان کردە سەر ئۆسیتیای خواروو؟!


سوپای گورجستانەکان بە یارمەتی ھێزو پسپۆرەکانی ئەمەریکا خەڵکی ئۆسیتیایان زۆر بێبەزەییانە بەرباد کرد . دوای رۆژێک تێپەربوون بەسەر ئۆلۆمپیادەکە پووتین خشپەیەکی تری کردو بەرەو وڵات گەڕایەوە . گرینگ لەوەدا بوو نەیکرد بە ھەرا بۆ ئەوەی کاربکاتە سەر رەوشی بەڕێوەچوونی ئۆلۆمپیادەکە . ئەمەش ، بەپێچەوانەی ئەمریکییەکان ، لە رەوشت بەرزێتی ڤڵادیمیر پووتیندایە ‌! کاردانەوەی پووتین ئەوە بوو رووسیا ھێرشی پێچەوانەی دژ بە گورجستان دەستپێکرد کە لە ‌ماوەی چەند سەعاتێکدا قڕانیان لە سوپاکەی ساکاشڤیلییەوە ھێنا . زیاتر لە پازدە ھەزار سەربازی گورجستانی بوون بە قوربانی پیلانی رەشی ئەمەریکاو ساکاشڤیلی . ئیتر ئەوەبوو ساکاشڤیلی کون نەبوو خۆی تێ حەشار بدا!


ھەرای ئەمجارەی ئوکرایینا لەلایەن ئەمەریکا و رۆژئاوا لە پێناوی دوو مەبەستی گڵاوی سەرەکیدا بوو . یەکیان بۆ ئەوە بوو فشار بخەنە سەر رووسیا بۆ ئەوەی ھەڵوێستی خۆی بەرامبەر بە سووریا ، بەتایبەتی بەرامبەر بە سەرۆک بەشار ئەسەد ، بگۆڕێ و ، وەک دەڵێن لەسەر کەلی شەیتان بێتە خوار . مەبەستی گڵاوی دووەمیشیان ، ھەروەک پیشەی بەردەوامی ئەمەریکا ، لە تێکدان ، بۆ تێکدانی ئۆلۆمپیادی سۆچی بوو کە ڤڵادیمیر پووتین زۆر پەرۆشی ئەوەبوو ئۆلۆمپیاد تێکنەچێ و سەربگرێ ، چونکە زۆری پێوە شەکەتو ماندوو بوو بوو. بە درێژایی حەوت ساڵ ھەفتەی جارێک لە مۆسکۆوە بەرەو سۆچی ھەیپای دەکرد بۆ سازدانی پێویستییەکان . ماوەیەک بەر لە دەستپێکردنی ئۆلۆمپیادەکە لەلایەن شیشانییەکانەوە دوو کاری تەقینەوە لە ستالینگراد و شارێکی تر ئەنجام دران . لە بەرامبەر ئەم کارە گڵاوەدا ڤڵادیمیر پووتین ھاتە دەنگ و ھەڕەشەکردن لە سعوودییە کە لەژێر فشاری ئەمەریکا لەپشت ئەو تەقینەوانە دا بوو . پووتین ، بە ھەڕەشەکردن لە سعوودیە ، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەگەر بێت و جارێکیتر ، بەنیازی تێکدانی ئۆلۆمپیادی سۆچی ، تەقینەوە لە رووسیا دووبارە ببێتەوە ئەوا نەخشەی سعوودیە لەسەر زەوی ھەڵدەگرێ ! ئەوە بوو پیلانی رەشو چەپەڵی شیشانییەکان پووچەڵ کرایەوە و چیتر نەوێران لەپێستی خۆیاندا بجووڵێنەوە‌!


ھەروەکو گوتم ڤڵادیمیر پووتین زۆر پەرۆشی ئەوە بوو ئۆلۆمپیادەکە سەربگرێ . لەوەدا کەس ناحەقی ناگرێ ، بەڵام نەدەبایە بەم شێوە رووداوەکانی ئوکرایینا پەراوێز بکاو بیکاتە قوربانیی ئۆلۆمپیاد کە ئەمەریکا و رۆژئاوا بۆ مەبەستی گڵاوی خۆیان قۆستیانەوە ! قەرە بە قەرەی بەڕێوەچوونی ئۆلۆمپیادەکە شەڕو بەیەکدادان لە نێوان پۆلیسی ئوکرایینی و باندێرە فاشیستەکان زیاتر گەرمترو خوێناویتر دەبوو. پووتین لەبەر ئەو گرینگیدانە بە ئۆلۆمپیادەکەوە تا رادەیەک بەری بە رووداوەکانی ناو ئوکرایینەوە نەبوو . پشتی بە ترسنۆکێکی وەک ڤیکتۆر یانووکۆڤیچ بەستبوو بۆ بەرەنگاربوونەوەی باندێرەکان! ئەو باندێرانە کێن ؟ بەکورتی ، لەکاتی ھێرشی نازییەکانی ئەڵمانیا بۆ سەر یەکێتی سۆڤیەت ئەو باندێرانە پاڵیاندایە پاڵ سوپای فاشیستی ئەڵمانیا و دژی سوپای سووری یەکێتی سۆڤیەت دەجەنگان . بە ھەزاران تاوانیان لە دژی رووس و بێڵەرووسەکان ئەنجامدا . تاوانی ئەوان لە تاوانی ئەڵمانە نازیستەکان زۆر دڕندانەتر بوو! چەندان شارو گوندیان تاڵان و وێرانکرد . یەکێ لەو تاوانانە ، ھەروەک زۆربەی خەڵکی بێڵەرووسیا دەگێڕنەوە ، ئەوەبوو کە گوندی "خەتین" ی بێڵەرووسیایان بەخەڵکەکەوە سووتاند ! من خۆم چوومەتە ئەو گوندە کە ٢٦ بیست و شەش ماڵی تیابووە . ھەموو خەڵکەکەیان بە ژن و منداڵەوە کردۆتە سەرایەک و بەزیندووێتی ئاگریان تێبەرداون . ھەڵبەت سووتاندنی ئەو گوندە خراوەتە سەر ئەستۆی ئەڵمانەکان ، بەڵام خەڵکەکە دەڵێن باندێرەکان ئەو تاوانەیان ئەنجامدا ! ئەمانەی ئێستا سەری مەیدانیان لە حکومەتی یاسایی یانووکۆڤیچ و چارەنووسی خەڵکی ئوکرایینا گرتبوو ھەمان ئەو کەسانەن کە کاتی خۆی لە دژی سوپاو خەڵکی یەکێتی سۆڤیەتدا دەجەنگان ! زۆربەی ھەرە زۆری ئەو باندێرانە خەڵکی رۆژئاوای ئوکرایینن ، کە لە رووی ئابوورییەوە قەت بڵێی حەشتەبا‌ی خوایان نیە پێی بژین ! ھەرچی سامانی پیشەسازی و مەعدەن و خەڵووزی ئوکرایینا ھەیە ھەمووی کەوتۆتە رۆژھەڵات و خوارووی ئوکراییناوە.


ناوچەی کڕیم کاتی خۆی سەر بە رووسیا بوو . لە سەردەمی یەکێتی سۆڤیەت کە نیکیتا خرووشۆڤ لە ساڵی ١٩٥٤ بوو بە سکرتێری گشتی حیزبی شیوعی سۆڤیەت ھەر لەھەمان ساڵدا ئەم ناوچانەی کردە دیاری بۆ ئوکرایینا کە خۆی و ژنەکەی ھەردووک ئوکرایینین! تاوانێکیتر کە خرووشۆڤ بەرامبەر بە بزووتنەوەی کۆمۆنیزم لە جیھاندا ئەنجامیدا ئەوە بوو کاتێ پەیوەندی نێوان یەکێتی سۆڤیەت و چینی میللی تێکدا ! پێشتر پەیوەندی نێوان ماوتسی تۆنگ و ستالین لەوپەڕی بەھێزیدا بوو . زۆرینەیەکی یەجگار زۆری دانیشتوانی کڕیم و ئەم ناوچانە رووسن و رووسیا بە وڵاتی خۆیان دەزانن . لەگەڵ ئەوەدان پەیوەندی دۆستانەیان لەگەڵ رووسیادا ھەبێ نەک بەرەو چارەنووسێکی نادیار ، بەرەو رۆژئاوای ئەوڕووپا ھەڵیاندێرن . لێرەدا دەمەوێ ھێما بۆ ئەو راستییە بکەم کە رووسیا دەبایە کاتێ ھەرسێ سەرۆکی رووسیا ، بێڵەرووسیا، ئوکرایینا ، بەیارمەتی ئەمەریکاو رۆژئاوا ، بە ھەمان شێوەی ئێستای باندێرەکان ، لە لایەن سێ وڵات فرۆشی ئەوکات سەرۆکی رووسیا بەریس یێلتسین ، سەرۆکی ئوکرایینا لیۆنید کراڤچووک و سەرۆکی بێڵەرووسیا ستانیسڵاڤ شووشکێڤیچ لە ھەشتی دیسەمبەری ١٩٩١ کودەتایان بەسەر یەکێتی سۆڤیەتدا کرد و ھەڵیانوەشاندەوە ، دەبایە ھەر ئەوکات رووسیا داوای کڕیم لە ئوکرایینا بکا‌تەوە ! شایانی باسە دانیشتوانی یەکێتی سۆڤیەت لە راپرسینی ١٧ ی ئاداری ساڵی ١٩٩١ لەژێر پرسیاری : " ئایا مانەوەی یەکێتی سۆڤیەت بە پێویست دەزانن ؟" لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا زیاتر لە سەدا ٨٤ % ی دانیشتوانی یەکێتی سۆڤیەت وتیان: بەڵێ ، یەکێتی سۆڤیەت دەبێ بمێنێ ، کەچی دوای راپرسینەکە بە ھەشت مانگ و ٢١ بیست و یەک رۆژ ، ئەو سێ کەسە بەدڕەوشتانە کودەتایان بەسەر یەکێتی سۆڤیەت و ئیرادەی گەلانی سۆڤیەتدا کرد ! بەدکارییەکی تریان ئەنجامدا ئەویش ئەوە بوو لە ‌٢١ ی سەبتەمبەرەوە تا ٤ چواری ئۆکتۆبەری ساڵی ١٩٩٣ دارودەستەکانی یێلتسین ، بەھەمان شێوەی ئێستای باندێرەکان لە ئوکرایینا ، بە پشتیوانی ئەمەریکا و رۆژئاوا بەتانک و ھەموو جۆرە چەکێک باڵەخانەی پەڕلەمانی رووسیایان بۆردوومان کرد ! لەناو باڵەخانەی سەفارەی ئەمریکییەوە لە مۆسکۆ تەقە ئاراستەی پەڕلەمان دەکرا . کارگەیشتە ئەو رادەیە دووکەڵ لەسەر باڵەخانەی پەڕلەمان بەرز بۆوە و لە ئەنجامدا ١٥٧ کەس کوژران و ٣٨٤ کەسیش بریندار بوون ! ھەر لەو کاتیشدا وەکو ئەوەی ئێستای شاری کیێڤ کەس نەیدەزانی لە کوێوە گوللـەی قەنناس دێ و بەر پۆلیس و خەڵکەکە دەکەوێ ! دوایی دەرکەوت ئەوکاتیش ئەوانەی خەڵکیان بە قەنناس دەکوشت خەڵکی رووسیا نەبوون ! بەدڕەوشتییەکە لەوەدا بوو ئەوڕووپا و ئەمەریکا ئەوکاتیش ئەو کارەی پیاکوژو کودەتاچییەکانیان بە کارێکی دیموکراسی لە قەڵەمدا ! بەڵام راستییەک ھەیە ھەموو خەڵکی پێشکەوتووخواز دەبێ بیزانێ و لەوە دڵنیابێ کە ئێستاش ئەگەر بێت و ھەڵبژاردنێکی دیموکراسی و بێ فڕوفێڵ لە رووسیاو لە ھەریەکێ لە کۆنە کۆمارەکانی تری یەکێتی سۆڤیەتدا بکرێ گومان لەوەدا نیە کە لەسەدا ھەشتای خەڵکەکە داوای گەڕانەوەی یەکێتی سۆڤیەت دەکەن ، بەڵام کوا مافی مرۆڤ و کوا دیموکراسیەت ؟! سەیرەکە لەوەدایە دوای ئەوەی ئەو سێ خۆفرۆشە واژۆ لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤیەت دەکەن بەریس یێلتسین ، وەک مژدەدان بە جۆرج بووش و گاڵتە بەخۆ کردن یەکسەر تەلەفۆن بۆ بووش دەکاو پێی دەڵێ :" سەرۆکی بەڕێز .. یەکێتی سۆڤیەت نەما!".


مەبەستی سەرەکی ئەمەریکا و رۆژئاوا لەم بەزمو رەزمە خوێناوییەی ‌ئوکرایینا و رۆژھەڵاتی ناویندا چیە؟


ھەڵبەت مەبەستی ئەمڕۆیان لە پێناوی ئامانجێکی سەرەکی ستراتیژی کەمێک دووردایە کە ھەر ئێستا بۆ خوێنەرانی بەڕێز، بێ پێچ و پەنا ، ھێمای بۆ دەکەم. مەبەستی ئێستای ئەوڕوپا و ئەمەریکا بۆ یارمەتیدانی خەڵکی ئوکرایینا نیە و بەڵێن پێدانی ٣٥ سی و پێنج ملیار دۆلاریش درۆیەکی زەقە! باری ئابووری ئێستای ئەمەریکا و ئەوڕوپا ، ئەڵمانیای لێدەرکە ، خۆی لەخۆیدا لەسەر قاچێکی شەل وەستاوە . چ رەھایەک ئەوە دەسەلمێنێ ئەوانە نیازی یارمەتیدانی خەڵکی ئوکرایینیایان ھەبێ ؟ خۆ ئەگەر قەرزیشی پێبدەن ئەوا بە نیازی خنکاندنی ئوکرایینا بە پڕەسێنتێکی زۆر ئەو قەرزەی پێدەدەن کە نەوەی نەوەکانیشیان نەتوانێ پشتی خۆ لەبەر ئەو قەرزە راستبکاتەوە . چەند وڵاتێکی ئەوڕووپی وەکو یۆنان ، ئیسپانیا ، ئیتاڵیا ، قوبرس لەرووی ئابوورییەوە خۆیان لەوپەڕی بارشلۆقیدا دەژین چۆن بەوە رازی دەبن ئەوڕووپا ٣٥ ملیار دۆلار بدا بە ئوکرایینا ؟ راستیش دەکەن خۆ ئەوڕووپا خانی دانەناوە!


پێشتر باسی ھێرشە پیلانگێڕییەکەی گورجستانمان کرد کە بوو بە پەنجەی خۆ گەستنەوە بۆ دەستدرێژیکەران . مەبەستی سەرەکی ئەوڕوپا و ئەمەریکا لەو ھێرشەدا ئەوە بوو بەڵکو سەرکەوتن وەدەست بێنن و گورجستان بێتە ناو ناتۆ دا بتوانن کەشتی یە جەنگییەکان و ئوستووڵی خۆیان بێنن بۆ دەریای رەش . ھەڵبەت ئەوکاتە بە یارمەتی تورکیا ، سەگی دێرینە و ھەمیشەی ئەمەریکا و ئەوڕوپا ، بەم کارەیان دەیانتوانی ھەموو کون و کەلەبەرێکی ئاوی لە رووسیادا بگرن و رێگەی ھاتوچۆی دەریای سپی ناوەڕاستی نەمێنێ کە زۆر گرینگە بۆ رووسیا . مەبەستە گڵاوەکەی ئەو کاتیان سەری نەگرت بۆیە ئێستا ویستیان ھەمان قەوان لێبدەنەوە بەڵکو ئەمجارە لە رێگەی ئوکرایینەوە پیلانەکەیان سەربگرێ و خۆ بخزێننە دەریای رەش کە ئەم شوێنەیان زۆر ستراتیژیترە لەوەی پێشوو بۆ رووسیا . ھەر زوو وەزیری دەرەوەی تورکیا ھەیپایکرد خۆی گەیاندە کیێڤ ! سەیرە تورکیا بۆ ھێندە پەلەیکرد لە ناردنی وەزیری دەرەوە بۆ ئوکرایینا لەکاتێکدا ھێشتا بارودۆخی ئوکرایینا یەکلا نەبووبۆ‌وە ؟! تۆ بڵێی بە یادی جاران ، کە کاتی خۆی کڕیم لەژێر دەسەڵاتی عوسمانییەکاندا بوو ، ھەروا بەپشتبەستن بە تەتارەکان تورکیا ئەو ھەنگاوەینا بەڵکو لەتە ئێسقانێکی لەم کەینوبەینەدا بەر کەوێ یاخود ھەر سەگایەتیکردنەکە بوو بۆ ئەمەریکا؟!


سەیرەکە لەوەدایە ھەرکە کودەتاچییەکان بە شێوەیەکی نایاسایی دەستیان بەسەر دەسەڵاتدا گرت ھەموو ئەوانەی لەپشت ئەو کودەتایەوە بوون وشەی یەکەمیان ئەوەبوو کە دەبێ ئوکرایینا بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە! بۆ؟ چونکە زۆر لەوە دەترسان شتێک رووبدا کە روویدا . دەیانزانی رووسیا دەستەوەستان ناوەستێ و کاری پێویستی خۆی ئەنجام دەدا . لێرەدا پرسیارێک سەر ھەڵدەدا: ئەی بۆچی کە ئەوان شەڕیان لە دژی یۆگۆسڵاڤیا ھەڵگیرساندو کردیان بە حەوت دەوڵەتی بچووک بچووک کەسێک لەوان نەیگوت دەبێ یۆگۆسڵاڤیا بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە ! شەڕیان لە سوودان نایەوە خوارووی سوودانیان لە سوودان جیا کردەوە چونکە شوێنێکی نەوتدارە و یەکسەر سەرۆکەکەی ھەیپای کرد چوو بۆ ئیسڕائیل دیسان نەیانگوت سوودان دەبێ بە یەکپارچەیی بمێنێتەوە ! بەشێوەیەکی زۆر نایاسایی و بە کوشتوکوشتارێکی زۆر کۆسۆڤەیان لە سێربەکان سەند نەیانگوت ئەمە کارێکی بەدەر لە یاسایە ! بەڵام بۆ کورد چونکە لە بەرژەوەندی ئەواندا نیە کاتێ شەڕ لە دژی عێڕاق ھەڵدەگیرسێنن رۆژنیە دووپاتی یەکپارچەیی عێڕاق نەکەنەوە . لە سووریا کوردەکان خەریکن کاروباری خۆیان بەڕێوە ببەن کەچی ئەمەریکا لە دژیان دەوەستێ چونکە تورکیا پێی ناخۆشە . تا ئێستا تەنانەت جارێکیش چیە نە لە ئەمەریکا نە لە رۆژئاوامان نەبیست باسی کوردەکانی ئێران بکەن و بڵێن کوردیش نەتەوەیەکە لەسەر خاکی خۆی دەژی مافی جیابوونەوە و دەوڵەتی خۆی ھەیە!!


بەبۆنەی کردنەوەی زانکۆی " ئەمریکی " لە سلێمانی داوود ئۆغلۆ لە چواری ئاداری ئەم مانگەدا ، ھەر بۆ خۆڵ لەچاوکردن بە چەند وشەیەکی کوردی دەستی بە وتارە دوورو درێژە بێماناکەی کرد کە زۆر زۆر زۆر لەسەر مەسەلەی دیموکراسی ، بە ئاشتی و برایەتی بەیەکەوە ژیان و یەکسانی لە نێوان کوردو تورک و عەرەب و فارسدا ‌رۆیشت . بەڵام لەنێوان ھەر دوو وشەدا جەختی لە سەر یەکپارچەیی تورکیا و وڵاتانی دەوروبەردا دەکردەوە ! پێم خۆشبوو کاتێ ھۆشیار زێباری ئەو پەلارەی گرتە داوود ئۆغلۆ و گوتی: دنیاکە گۆڕاوە .. لەیلا زانایان لەسەر ئەوە کردە بەندیخانە چونکە بە زمانی کوردی سوێندی خوارد کەچی ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی تورکیا بە کوردی و لە کوردستان دەستی بە قسەکردن کرد . بەڵام داخی گرانم کەسێک نەبوو لەوانەی پرسیاریان ھەبوو لە داوود ئۆغلۆ لێی بپرسێ و بڵێ: ‌ مەبەستت لەو ھەموو جەختکردنەوەیە لەسەر یەکپارچەیی خاکدا چیبوو؟!! کوا دیموکراسیەت ئەگەر کورد خاکی داگیرکراوو لە مافی رەواو چورەنووسی خۆیدا بێبەش بێ ، کوا ئاشتی و برایەتی ئەگەر سەرۆک ئۆجەلان ، سەرەڕای بوونی سازش لە نێوانتاندا ، ھەر لە بەندیخانەدا ھەڵبکونجێ ، کوا یەکسانی لەنێوان کوردو تورک و عەرەب و فارسدا ئەگەر کورد دەوڵەتی خۆی نەبێ؟!


من پێشبینی ئەوە دەکەم کڕیم ، دوای راپرسین لە شانزەی ئەم مانگەدا ، وەک چۆن رووسیا دوای راپرسینەکان لە ئەبخازیا و ئۆسێتیای خواروو ، دانی بە دەوڵەتبوونی ئەو دوو ناوچەیە ناو حیسابی بۆ ھەڕووگیفی ئەمەریکا نەکرد ، ھەمان سیناریۆش لە نیوەدوورگەی کڕیم دووبارە دەبێتەوە . ئۆباما دەڵێ ئەگەر رووسیا کاری سەربازی لە ئوکرایینادا بەکاربێنێ ئەوا بە گران لەسەری دەکەوێ ! منیش دەڵێم بە پێچەوانەوە ئەگەر رووسیا بێدەنگی لە رووداوەکانی ئوکرایینادا بنوێنێ ئەوا زۆر بە گرانتر لەسەری دەکەوێ ! ئەمەش سەرکەوتنێکی تربوو بۆ رووسیا و بۆ ھەموو گەلانی دنیا کە ئەوڕوپا و ئەمەریکا جارێکیتر تووشی پەنجەی خۆ گەستنەوە ھاتن و ، کورد گۆتەنی ، با ھەر لە گووپی خۆیان بدەن!

ئامانجی ستراتیژی ئەمەریکا و ئەوڕوپا لەو تێکدان و ئاژاوە نانەوە لە ناوچەکەماندا لەژێر ناوی "بەھاری عەرەب" دا چیە؟


ئەوە سێ ساڵی رێکە من مکوڕم لەسەر ئەوەی کە رێژیمی بەشار ئەسەد دەمێنێ و ناکەوێ . کەچی ھەندێ کەس ، ھەر لەسەرەتای دەستپێکردنی دەستدرێژیکردنە سەر سووریا ، دەیانگوت رێژیمی ئەسەد دوو رۆژی ماوە ! بەڵام ئەو رۆژە زۆرم پێناخۆشبوو کە وەزیری دەرەوەی سووریا وەلید ئەلموعەلیم ، لەسەر داوای رووسیا ، گوتی ئێمە ئامادەین چەکی کیمیاوی خۆمان لەنێوبەرین ! ‌با ئەوانەی تەپڵی شادی دەکوتن بۆ نەمانی رێژیمی بەشار ئەسەد پێم بڵێن کام رێژیم باشترە لە سووریا، رێژیمی بەشار ئەسەد یاخود ئەو پیاو کوژو جانەوەرە دواکەوتووە بەناو موسڵمانانەی کە جورئەت ناکەین سەیری تاوانەکانیان بکەین لەسەر شاشەکاندا ؟ پێم بڵێن لەنێوان ھەموو دەوڵەتەکانی عەرەبیدا کام دەوڵەت خۆ لە قەرەی سووریا دەدا لەڕووی پێشکەوتنی شارستانی و دیموکراسیەتدا ؟ ھەر سووریا نەبوو ببوو بە پەناگا بۆ ھەموو لایەکمان لەکاتی تەنگانە و ھەڕەشەی رێژیمە فاشیستەکانی وەکو رێژیمی دیکتاتۆری بەغدای پێشوو ؟ باشە بۆ پێم ناڵێن کام دەوڵەتی عەرەبی ھێندەی سووریا بەتەنگ فەڵەستینییەکانەوە ھاتووە؟


بەڵام سووریا چۆن ئەو بڕیارە قورسەیدا چەکی کیمیاوی خۆی لەنێوبەرێ و رادەستی رێکخراوە جیھانییەکانی بکا ، نازانم ! چۆن ئەو متمانەی دا بە رووسیا لەکاتێکدا چارەنووسێکی زۆر نادیاری ھەیە ؟ ئایا نموونەی موعەمەر قەزافی بۆ ئەوان بەس نەبوو بە درۆکانی ئەمەریکا ھەڵنەخەڵەتێن ؟ ئایا ئەوەش نازانن کە رێکخراوە جیھانییەکان ، بە نێونەتەوەییە یەکگرتووەکانیشەوە ، ھەمووی دارودەستی ئەمەریکان ؟ ئیمپریالیزم بەچی خۆی راگرتووە ئەگەر چەکی کوشندەی نەبێ بۆ بەرگری لەخۆپێکردن ؟ کەواتە چەک ئامرازێکە بۆ بەرگری لەخۆکردن . شوانێک ئەگەر چەکی پێنەبێ ناتوانێ مەڕەکانی ببا بۆ ئەو لەوەڕگانەی مەترسی ئەوەیان ھەیە گورگی لێبێ . ئەو شوانە ئەم چەکە دەبات لەگەڵ خۆی بۆ ئەوەی بەرگری لە پێشدا لەخۆی و ئەنجا لە مەڕەکانی پێبکات . کاتی خۆی ماوتسی تۆنگ دەیگوت ئیمپریالیزم پڵینگێکی سەر کاغەزە ، بەڵام خۆ ئێستا وانیە ! بۆ ئیسڕائیل بۆی ھەیە ھەموو جۆرە چەکێکی کوشندەی ھەبێ ، بۆ سووریا بۆی نیە ؟ سەیرو نادادپەروەرێتییەکە لەوە دایە سووریا خۆیشی ناوێرێ ئەم پرسیارەی من بکات !! ئێرانیش ھەروا .. ئێران راستەوخۆ ناوێرێ بڵێ من ھەیتم چونکە بۆی نیە وابڵێ ! تەنیا کاتی خۆی جۆن کەنەدی وێرای بڵێ چۆن دەبێ ئیسڕائیل چەکی کوشندەی ھەبێ ، بەڵام کوشتیان! تۆ بڵێی منیش بەدوای مەرگی خۆمەوە بگەڕێم بۆیە دەوێرم ئەو قسانە بکەم؟ دوور نیە! دەک داوەشێن ئەو خەڵک و ئەو دەوڵەتانە گەر ھەر من ئازاکە بم!

کیسینجەر و پێشنیارەکانی!


‌ھێنری کیسینجەر چونکە جوولەکەیەکی ئەڵمانییە .‌ لە ساڵی ١٩٣٨ ‌خۆی و دایک و باوکی لەترسی ھیتلەر بەرەو ئەمەریکا ، بەرەو سەرچاوەی جوولەکان ، رایانکرد . خۆی لەترسی ئەوە رایکرد نەبادا ھیتلەر بیکوژێ کەچی خۆی بوو بە مرۆڤکوژێکی پلە یەک ! ئەوە عەیامێکیشە ھەر ئەو رێگەو پڵان و پیلان بۆ ئەمریکییەکان دادەنێ کێ بکوژن و کێ نەکوژن! درووشمی سەرەکی کیسینجەر ئەوەیە کە بەنووسین دەڵێ :" لەبەرژەوەندی ئەمەریکادا نیە کێشەی خەڵک حەل بکا ، بەڵکو لە بەرژەوەندی ئەمەریکادایە کلکی کێشەکان بە دەستی خۆیەوە بگرێ و تا بۆی دەکرێ قووڵترو ئاڵۆزتریان بکا " . لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ رۆژنامەی " دێلی سکایب" ی ئەمریکی کیسینجەری بەدفەڕ دەڵێ :" بەھۆی گرینگی ستراتیژی رۆژھەڵاتی ناوین پێویستە لەسەر ئیسڕائیل حەوت دەوڵەتی نەوتی عەرەب داگیر بکات و خوترمەیەکی کوشندەش لە ئێران بدات ! ھەڵبەت ھەموومان دەزانین ئیسڕائیل چ خوترمەیەکی بە دەستەوەیە . باشە کیسینجەر مەبەستی لەم لێدان و داگیرکردنەدا چیە ؟ مەبەستی کیسینجەر، ھەروەک خۆی دەڵێ ، لەوەدایە چونکە رۆژھەڵاتی ناوین گرینگییەکی زۆر ستراتیژی ھەیەو ناوچەکە پڕێتی لە نەوت . دیارە ناوچەی ستراتیژی و پڕ لە نەوت ھەر شیاوی ئەوانە و ئێمەش ھیچ ! کیسینجەر درێژە بە قسەکانی دەداو دەڵێ:" ئەگەر ھات و رووسیا و چین وشیاربوونەوە ، ئەو کاتە تەقینەوەیەکی گەورە و جەنگێکی بەرفراوان روودەدا کە لە ئەنجامدا تەنیا یەک ھێز تیایدا سەرکەوتوو دەبێ ئەویش ھێزی ئیسڕائیل و ئەمەریکایە . بۆیە پێویستە لەسەر ئیسڕائیل ھەرچی تواناو ھێزو چەکێکی ھەیەتی بەکاری بێنێ بۆ کوشتنی ژمارەیەکی یەجگار زۆری عەرەب و داگیرکردنی نیوەی رۆژھەڵاتی ناوین" ! کیسینجەر شەکرێکیتر دەشکێنێ و دەڵێ:" تەپڵی جەنگەکە لە رۆژھەڵاتی ناویندا ماوەیەکە دەستی بە لێدان کردوە ، ئەوەی گوێی لێ نیە دیارە کەڕە "! ھەڵبەت مەبەستی کیسینجەر لەو تەپڵەدا ئەو شەڕو پێکدادانەیە کە لە وڵاتە عەرەبییەکان سەری ھەڵداوەو ھێشتا ھەر بەردەوامە. عەرەب خۆیان ئەو پاییزە دژوارە بە " بەھاری عەرەبی" نێودەبەن!!


لە سەرتاپای جیھاندا یەک ملیار بەشەر دەمێنێ و بەس!


بەگوێرەی لێکدانەوەی پسپۆرو شارەزاکان لەبارەی ئاوو ھەواوە گوایە لە ماوەی پەنجا ساڵی داھاتوودا ئەوڕووپا دەکەوێتە مەلەکردن ، ئیتاڵیا وردە وردە نقوومی ناو دەریای سپی ناوەڕاست دەبی ، وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا یەک لە دوای یەک لە رووی ئابووری ، سیاسی و سرووشتەوە تووشی کارەسات دێن ! مەترسی ئەوە دەکرێ زەوی نەمێنێ یان زۆر کەم بێتەوە بۆیە ئەلیگارخەکان دەڵێن خواردن بەشی ئەو ھەموو خەڵکە ناکا ! ئەو زەوییەی کە دەمێنێ ھەر توانای ملیارێک یاخود کەمتری ھەیە بەخۆوەی بگرێ!


ئامانجە سەرەکییەکەی ئەلیگارخەکانی دنیا ئا لێرەدایە ! ئەم بیرۆکەیە دەمێکە ھەیە کە بە بۆچوونی ئەوان تەنیا دەوڵەمەندە ملیاردێرەکان ، ئەریستەکراتەکان شیاون و مافی ئەوەیان ھەیە بژین و لەسەر دنیادا بمێنن ! بەھانەشیان بۆ لەناوبردنی نزیکەی شەش ملیار کەس ئەوەیە گوایە خۆراک لەمەودوا بەشی ئەو ھەموو خەڵکە ناکات . ھەڵبەت ئەگەر بەپێی لێکدانەوەی پسپۆرەکان زەوی ھەمووی بکەوێتە ژێر ئاو ئەوا ئەو بەشە زەوییەی کە دەمێنێ بەشی ئەوە ناکا حەوت ملیار بەشەر تێربکا . بۆیە چاویان بڕیوەتە ناوچەکەی ئێمە و بەنیازی ئەوەن ھەموومان لەنێو بەرن ! ئەمە یاری نیە من باسی دەکەم .. ئەوان ، ئەگەر بۆیان بسەلمێ و وڵاتێکی وەکو رووسیاو ئێرانیش نەبێ ئەو رێگەیان لێبگرێ ، ئەوا بێ سێ و دوو یەکمان لەژیاندا ناھێلن!


دانیشتوانی ئەو وڵاتانەی کە ئەوان دەستنیشانیان کردوون بۆ مانەوەیان لەسەر رووی زەمین بریتین لە دانیشتوانی ئەم وڵاتانەی خوارەوە : ئەمەریکا ٣١٠.٥ سێ سەدو دە ملیۆن و نیو ، کەنادا ٣٤.٣ سی و چوار ملیۆن و سێ سەد ھەزار ، ئوستڕالیا ٢٢.٥ بیست و دوو ملیۆن و نیو ، یەکێتی ئەوڕوپا ٢٧ وڵات ژمارەی دانیشتوانیان ٥٠٠ پێنج سەد ملیۆن ، ژاپۆن ١٢٧.٤ سەدو بیست و حەوت ملیۆن و چوارسەد ھەزار ، لیختنشتاین ٣٥٨٠٠ سی و پێنج ھەزارو ھەشت سەد کەس ، مۆناکۆ ٣٣٠٠٠ سی و سێ ھەزار کەس ، لووکسمبوورگ ٠.٥ نیو ملیۆن کەس ، ئەندۆرا ٨٤٠٠٠ ھەشتاو چوار ھەزار کەس ، ھەڵبەت ئیسڕائیلیش . ئەم پڵەشیان لەسەرەتای سێیەمین ھەزار ساڵ دەست پێدەکا . واتە ئەمڕۆ کە سەرەتای سێیەمین ھەزار ساڵە.


بۆچی من نیشانەی سەرسوڕھێنەرم دانەنا ؟ دامنەنا چونکە بەڕاستی وا خەریکی جێبەجێکردنی ئەو پیلانە رەشەن دژ بە وڵاتێک یان ناوچەیەک نا، بەڵکو دژ بە بەشەریەت. بیرۆکەکەشیان نێوی بیرۆکەی "ملیارێکی زێڕینی"یە. وا خەریکن لە رێگەی ھەرای ئوکرایینەوە قەیرانێکی ئابووری لەسەر ئاستی جیھاندا درووست بکەن بۆ بەکارھێنانی لەدژی بەشەریەتدا. سزادانی ئابووری رووسیا لەلایەن وڵاتانی رۆژئاواو ئەمەریکاوە کارێکی زۆر ترسناک دەکاتە سەر گوزەرانی خەڵکی ھەژارو مام ناوەند. ئەو دەوڵەمەندانە دەست بەسەر سەرچاوەکانی خۆراکدا دەگرن و بەکاری دێنن بۆ لەناوبردنی ئەو دوو چینەی ناوم ھێنان؟ بە بۆچوونی ئەوان تا ساڵی ٢٠٢٠ دەبێ ژمارەی دانیشتوانی رووسیا دووجار کەمبێتەوە. واتە لە ١٥٠ سەدو پەنجا ملیۆنەوە ھەر پەنجا ملیۆنێک بمێنێ. کاتی خۆی مارگرێت تاتشەر دەیگوت دەبێ تەنیا پانزە ملیۆن لە یەکێتی سۆڤیەتدا بمێنن ئەوانیش وەکو کۆیلە نەک وەک مرۆڤی ئاسایی! خەڵکەش بەھۆی ھەژاری، بەکارھێنانی جەنگ ، گەنجەکانیش بە بەکارھێنانی کەرەستەی بێھۆشکردن و ئەلکەھۆل و فسق و فجوور لەنێودەبەن ! بەم شێوەیە ، بە بۆچوونی ھێنری کیسینجەر، ملیاردێک بەشەر ، ئەوانەی جەنگەکە دەبەنەوە، لەو شوێنانەی دەکەونە ژێر تیشکی خۆر دەمێننەوە! ئەو شوێنانە کێندەرن کە دەکەونە ژێر تیشکی خۆر؟ ھەڵبەت رۆژھەڵاتی ناوین لە ھەموو شوێنێک زیاتر بەر تیشکی خۆر دەکەوێ و دوا ناوچەشە ژێر ئاو بکەوێ، چونکە لە ھەموو شوێنێک زیاتر بەرزترە لەسەر ئاستی دەریا! کیسینجەر راست دەکا رۆژھەڵاتی ناوین شوێنێکی گرینگ و ستراتیژییە! ئێمە ئەگەر وشیاربین، چونکە وشیاری لێرەدا رۆڵێکی مەزن دەبینێ، دەبێ وابکەین ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوین تەنیا بۆ خۆمان گرینگ و ستراتیژی بێ نەک بۆ ئەوان!

 

ماڵپه‌ڕی ته‌حسین عوسمان

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک