په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

هەردى شەفیق:                                                  

من بڕوام وایە تەنها شیعر ئەتوانێت جوانى بە ڕۆحى مرۆڤ ببەخشێت.

 

سازدانی گفتوگۆ: یاسین فه‌قێ


یه‌کێکە لەو گەنجانەى کە ستایلێکى تایبەت خۆى هەیە و بەردەوام هەوڵ ئەدات خوێندنەوەیەکى تایبەت بەخۆى هەبێت و لەناو دیدو فەلسەفەیەکى جیاوازەوە بێتەوە ناو دونیاى شیعر.لەگەڵ ئەوەشدا ئەو هەوڵ ئەدات تایبەت مەندێتى خۆى هەبێت لە مۆسیقاى شیعر و جۆرى بیرکردنەوە. جگەلەوەش ئەو هەوڵ ئەدات هەمیشە بە شێوازێک بنووسێت دەقەکانى بە زیندوویى بمێننەوە.


یاسین فه‌قێ: با سەرەتاى پرسیارمان لەوێوەدەست پێبکەین مرۆڤ ئەتوانێت شاعیریش بێت وڕۆژنامەنووسیش بێت لە کاتێکدا پێکەوە دوو دونیاى جیاوازن؟
هه‌ردی شه‌فیق: بەڵى ئەتوانێت ڕۆژنامەنووس و شاعیریش بێت پێکەوە ،وەستاو شاعیربێت پێکەوە ئەمانە هیچیان کاریگەریان نیە لەسەر پەیامى شیعر ئەگەر شاعیر بۆخۆى خیانەت لەپەیامەکەى نەکات ئیشى شاعیر ئەوەیە شاعیر بۆخۆى ڕێگاى کانى نیشانى کۆترو ئاسکەکان ئەدات بۆ ئاو خواردنەوە و ڕاوچیش ئیشى ئەوەیە لەساتى ئەو خواردنەوە یان لەلەحزەى خافڵبووندا ڕاویان بکات وەک باسمکرد مرۆڤ ئەتوانێت کرێکارو شاعیربێت وەستاو شاعیربێت یاڕۆژنامەنوس و شاعیربێت بەڵام ناتوانێت سیاسى وشاعیربێت ،قەساب و شاعیربێت .شاعیربوون بۆ خۆى توانەوەیە لە جوانکردنى ژیان و توانەوەیە لەئازارى ویژداندا ،شاعیر بەرلەوەى بیر لەکوشتنى کۆترێک بکاتەوە ئازارى ویژدانى ئەیکوژێ بۆیە ناتوانێت بێت بەسیاسى وزیندان دروست بکات ببێ بە قەساب و وئیزرائیل بۆ گیان کێشانى ڕۆحلەبەرەکانى دى ببێ بەجەلاد بۆکوشتنى مرۆڤ .وەک چۆرن خاشاکێک گۆشەى کۆڵانێک پیس دەکات مرۆڤ گەڵێک هەن دەڵێ هەربۆ ئەوەدێنە دونیا ڕەنج وعەزابى ئەوانى دى زیاد بکەن و لەسەر مەرگى ئەوانى دى بژین لەگریانى ئەوانى دى پێکەنین دروست بکەن بەدرێژایی مێژوى بەشەریەتیش ئەمە هەرهەبووە بۆیە ئەرکى شاعیرەکان ئەوە یە پێت بڵێن باژیان بۆ هەموومان دروست بکەین بیر لەمردن وژیانى خۆمان لەشیعرێکدا بکەینەوە هەرئەمەشە جوانى بەشیعر دەبەخشێ تۆبتوانى مردن وژیان لەشیعرێکدا ببینى بەهەشت و جەهەنەم لەشیعرێکدا تاقى بکەیتەوە بەرلەمردن.


یاسین فه‌قێ: بەکام لەژنە شاعیرەکان سەرسامیت؟
هه‌ردی شه‌فیق: فڕوغى فروغزاد ئەو ژنێک لەو ژنانەى کەلەزەمەنێکدا دێن ودونیایەک جوانى دێنن وزەمەن هەرگیز دووبارەیان ناکاتەوە .هەرگیزیش لەو باوەڕەدا نیم ژیان جارێکى تر ژنێکى وەک ئەو لەئامێز بگرێ ،ئەو ژنێک بوو هەموو ژیانى پێشکەشى شیعرکرد ،ئەو قاچاخچى گوڵى سورى خۆشەویستى بوو وێرانیەک بوو لەڕۆح ودونیایەک لەشیعرو موحیبەت


یاسین فه‌قێ: شیعر ئەتوانێت جیهان بگەڕێنێتەوە نێو دونیاى موحیبەت ،یاخود مرۆڤایەتى لەڕۆحە چڵکنەکان وجەنگ وجەللادەکان ڕزگاربکات؟
هه‌ردی شه‌فیق: من بڕوام وایە تەنها شیعر ئەتوانێت جوانى بە ڕۆحى مرۆڤ ببەخشێت بەڵام ئەو حەقیقەتەش لەبیر نەکەین پێغەمبەرەکان نەیان توانى مرۆڤایەتى لەجەنگ و خوداپەرستى مرۆڤ ڕزگاربکەن ئیتر شاعیرەکان چۆن ئەتوانن هەموو دەسەڵاتى ئەوان پەپولەى سپیە؟شاعیرەکان پێغەمبەرەکان نین موعجیزە بخوڵقێنن و نیشانى مرۆڤایەتى بدەن وەک چۆن کرێکارەکان بینا ڕوخاوەکان بونیاد ئەنێنەوە ئەوانیش بەهەمان شێوە ڕۆحە ڕوخاوەکان و مردوەکان زیندو ئەکەنەوە دیارە ڕوخان ومردنیش بەمانى خودپەرستى ومردنى مرۆڤ لەنێو دونیاى مادیاتدا.بەداخەوە ژیانیش تادێت ڕو لەوێران بوونە و بەدەردێک چووە تەکنەلۆژیا چەند بەرەو پێشتر بچێت هێند زیاتر مرۆڤەکان لەڕۆح دوردەخاتەوە ئەوەش شتێکى ئاشکرایە لەنێو دونیاى مادیاتدا مرۆڤ دەبێتە کاڵایەکى ڕوت قوتى سێکسکردن و کارکردن هەرئەمەشە وادەکات مرۆڤ تائەو کاتەبوونى هەیە وەک مرۆڤ تواناى کارکردن وسێکس کردنى هەیە دواتر وەک ئاژەلێکى پێرو کەنەفت پەراوێز ئەخرێت بەڵام لە دونیایەکدا کەڕۆحیەت تیایدا زیندوە موحیبەت ئەتوانێت ڕۆح بکاتەوە بەبەر مردوەکانیشدا بۆیە من پێموایە موحیبەت بمایە گوللەى ئەم وێران بوون وپیریە بەو ئاسانیە نەیدەکوشتین.


یاسین فه‌قێ: لەو دەقانەدا من خوێندومەتەوە هەمیشە جەللاد وقوربانى ،جەنگ وخاپورکردنى ڕۆح،گونها تیایدا بونى هەیە ئایا ئەمەڕەنگ دانەوەى ژیانى تاڵى شاعیرە؟
هه‌ردی شه‌فیق: سەیرکە ئەزیزەکەم کوشتن تەنها ئەوەنیە تۆ بە چەقۆ کەسێک بکوژیت ،دەتوانیت بە خیانەت،درۆ ،پیلان ،کوشتنى جوانیەکان،بون بەپۆلیس لەڕێگاى سەیرکردنەوە ،زەوتکردنى موحیبەت ،وێرانکردنى ڕۆحى مرۆڤ و ...هتد مرۆڤ بکوژیت کارەساتى ئێمە لەوێوە دەست هەموومان تەنها بۆ خۆمان دەژین وبەس،هەرئەمەشە وادەکات هەمیشە وابیردەکەینەوە لەسەر ئەم ئەستێرە گەورەیە تاقانەین و کەسێکیش تەنها بۆ خۆى بژى عاقیبەت تەنهایی ئەیکوژێ.خۆئەگەر ئێمە بۆ ئەوەش بژین ژیانى ئەوانى تر جوان بکەین ،ڕۆح بکەینەوە بەبەر جوانیدا ،ژیان بخەینەوە سەرسکەى جوانى ئەوابەرلەهەموو کەس خۆمانمان بەختەوەر کردوە.


یاسین فه‌قێ :تائێستا خوێندنەوە بۆ دەقەکانت کراوە ؟
هه‌ردی شه‌فیق: بەڵێ چەند جارێک بەڵام پێویستە ئەوەبڵێم دونیاى ڕەخنەى کوردى دوشێوازە یا عەیب لێ دۆزینەوەیە بەهۆى ئەوەى لەگەڵ شاعیرە کە یا نوسەرەکە دژى یەکترن یاخود ستایشو پیا هەڵدان وگەورە کردنە بۆیە تاڕەخنەى کوردى لەم کلتورە دابخولێتەوە ئەوا لەهەرخاڵێکدا بوەستێت هەر سفرەو خزمەت بە ئەدەبى کوردى ناکات.


یاسین فه‌قێ: چ هۆکارێک وادە کات دەقێک مردوبێت یا خود زیندو بێت؟
هه‌ردی شه‌فیق: تواناى خودى شاعیرەکەو ئەو فیکرەى کارى لەسەر دەکات لەگەڵ زەمەن و ئەو وێنایانەى تاچەند لەگەڵ زەماندا ئەمێنن.


یاسین فه‌قێ:نائومێدى باڵى کێشاوە بەسەر سەرجەم دەقەکانى تۆدا ئایا ئەمە ڕەنگدانەوەى ژیانى خۆتە ؟
هه‌ردی شه‌فیق: نائومێدیش جۆرى هەیە بەختەوەرى حەقیقەتێکى پوچەو ژیان بۆخۆى یەک پارچە نائومێدیە من زۆر پێکەنینم بەو کەسانە دێت کتێبێک دەگرێت بەدەستیەوە تا ڕێگاى بەختەوەرى نیشان بدات .بەختەوەرى من بەشێکى کورتى لەدەست خۆمدایە بەشەکانى دى لاى مرۆڤە کانى ترن تۆ واى دابنێ دەچیتە چێشت خانەیەک و دەتەوێ نان بخۆیت وزۆرت برسیە کەسێک بەئەنقەست دەڕشێتەوەو وات لێدەکات نان نەخۆیت ،یا مرۆڤێک لەبەر چاوتدا دەکوژرێ ئەمانە وادەکات تۆ بەردڵت بگیرێ وخواردنە کە نەخۆیت بۆی دەکرێت بڵێن بەختەوەرى بە هەموو مان دروست دەکرێت و هەموو شمان ناتوانین لەسەر ڕاستە هێڵێک بووەستین .هەناسە ساردى مرۆڤیش لەو ساتەوە دەست پێدەکات لەگەڵ لەدایک بوونیدا بەرەو مردن هەنگاو دەنَێت لەگەڵ ئەو هەموو ترس و نائومێد بونەى مردنیشدا مردن ڕۆڵى دەگێڕێت جوانیەکى زۆریش ئەداتەوە بەژیان .نائومێدى منیش لەوێوە دەست پێدەکات پڵنگێک ئازارى برسێتى دەیخاتە کەڵکەڵەى کوشتنى ئاسکێک لە کاتى ئاو خواردنەوە دا کەچى مرۆڤ بوغرابوون ئەیخاتە سەر هەواى کوشتنى سەرجەم بنەماڵەى بەشەریەت.


یاسین فه‌قێ:ئەو فەوزا شیعریەى ئەمڕۆ لە کوردستاندا دروست بووە چۆن دەیبینى؟
هه‌ردی شه‌فیق: ئەوە شتێکى ئاساییەو لە هەموو دونیادا هەیە بەڵام ئێمە ئەو حەقیقەتە ڕەچاو بکەین گرنگ نیە کێ دەنوسێ بەڵکو گرنگ ئەوەیە کێ دەمێنێتەوە .ئەوانە ناپەیامى شیعرنین بەڵکو زیاتر وەسیلەیەکن لەپێناو مەرامێکى کاتیدا وەک چۆن پارە لەبازاڕدا مامەڵەى پێدەکرێت بەهەمان شێوە ئەو جۆرە شیعرانەش وەسیلەى گەیشتنە بەمەرامەکانى گەنجانن و ئەوەش شتێکى کاتیەو وەک ئێکسپایەربوونى کاڵاکان هەرزوو تۆزى زەمانەیان لەسەر ئەنیشێ لەدونیاى دەروزەشدا ئەمە هەیە بەئەدەبیاتى سەرجادە یاخود بەئەدەبیاتى سوک ناوزەند دەکرێت .ئەمە لەکۆنیشدا هەر هەبووە بەڵام دواجار دەنگە جیدیە کانى وەک مەحوى ونالى و...هتد ماونەتەوە .مەرج نیە هەموو ئەوانەى دەنوسن شاعیربن شاعیربوون دودیوى تەواوى یەکتریە لەگەڵ شیعر دروست لە دراوێک دەچێت هەردوو دیوەکەى یەک کڵێشەیان لەسەر هەڵکۆڵراوە واتە ئەو دیوەى مرۆڤ لەسەر کاغەز دەیخوێنێتەوە پێویستە هەمان ئەو دیوە بێت مرۆڤ لەسەرکاغەز دەیخوێنێتەوە ،پێویستە هەمان ئەو دیوەبێت لەنێو ڕۆحى مرۆڤدا بوونى هەیە ئەمەش پێچەوانەیە لەگەڵ ئەوانەى دیوى ڕۆحیان شتێکى ترەو شیعر وەک دەماک بۆ شاردنەوەى دیوەکەى تریان بەکاردێنن و وەک وەسیلەیەک بۆ گەیشتن بەمەرامەکانیان دەینوسن چ ناوبانگ بێت یاخود گەیشتن بەمرازەکانى دڵبێت.جگە لەمەش شیعر تەنیا ئیحساسێکى ڕوت و خەیاڵێکى شاعیرانە نیە ئەکرێت زۆر کەس هەبن خوێنەواریشیان نەبێت بەڵام بەخەیاڵ و ڕۆرحیەت شاعیربن و شاعیربوونیش کۆمەڵێک بنەماى نوسینى تایبەت بەخۆى هەیە وەک یارى کردن بەخەیاڵو زمان و داڕشتن وفیکرەى گشتى دەق و...هتد کەئەمانە پێکەوە دەبێت هاوسەنگیەک دروست بکەن بۆئەوە چێژى خۆى ببەخشێ.
وەک لەپرسیارى پێشو تریش باسم لێوە کرد کێشەى شاعیرەکانى ئێمە ئەوەیە زیاتر لە هەڵچونیێکى عاتیفى دەچن یان کاتێک لەسەر مێزى قومارەکەى عیشق ئەیدۆڕێنن عاشق دەبن واتەتەنها دۆڕان ئەوانى کردووەبەشاعیر ئەگەرچى خودى شیعر نوسین پێویستى بەدونیایە ک ئازارەو نائومیدى دەقى جوان ئەخوڵقێنێت و هەموو ئەو دەقە جوانانەى کەمن پێیان سەرسامم پڕن لەنائومێدى جوان بەڵام شاعیربوون ونبوون نیە لەنێو نائومێدى خەیالێکى ئەبەدیدا ،یا خۆ دۆزینەوە لە عاتیفەیەکى سادەو ساکاردا بەڵکو پێویستى بەڕۆشنبیریەکى گشتى وخەیاڵ و فیکرەیەکى قوڵ و باکگراوندێکى فەلسەفیش هەیە و دروستکردنى پردێکە لەنێوان واقیع وخەیاڵدا هەربۆیە پێم وایە ئەوانەى لەهەمووکەس ئارەزوو پەرستترن کەمترین شانێى ئەوەیان هەیە ببن بەشاعیر لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەوانەى ئازاردیدەن بەپێچەوانەوە زۆرترینیان شاعیرە جیدى ودەنگە دیارەکانن و ئەوانەن زەمانە شاهیدیان لەسەر ئەدات ئەگەر هەوڵیان لەگەڵ پەروەردەکردنى خەیاڵ و مێشکى خۆیان دابێت.


یاسین فه‌قێ:ئیشى شاعیرەکان ئەوەیە ئازاره‌کان دروست بکەن یا بینووسنەوە ؟
هه‌ردی شه‌فیق: شاعیرەکان لەهەموو کەس ئازار کێشترن ئەوان دەتوانن ئازارەکانى هەمووان لەسەرشانى خۆیان هەڵگرن و بینووسنەوە تۆ سەیرکە من زۆر جار هێندە بەئازارى بریندار کردنى پاساریەک کاریگەربووم پێناچێت پاساریە کە بۆخۆى هێندەى ئازار کێشابێت .بۆیە من پێم وایە دەبێت شاعیر هەردووکیان بێت ئەو هەستەت لادروست بکات فێریبیت ئازارى پاساریە ک بکێشى و فێریش بیت پاساریە پێکراوەکان تیماربکەیت لەگەڵ ئەوەشدا شاعیربوون حاڵەتێکى ڕۆحیەو مەرج نیە لەهەموو کەسێکدا بوونى هەبێت وەک چۆن من ڕەنگم سورەو ناتوانم ڕەشبم ئەوى دى ڕەشەو ناتوانێت سوربێت بەڵام ئەشکرێت کارەساتەکان وڕەوتى ڕوداوەکان ئەو ڕۆحیەتە لاى مرۆڤ دروست بکەن و 180پلە پێچەوانەى بکەنەوە بۆیە دەکرێت بڵێین ئەشێت ئازارە ڕۆحیەکان شاعیرەکان بخوڵقێنن ،ئەڵبەت ئازار بەدیوە حەقیقیەکەیدا و بەدیوە خەیاڵیەکەشیدا بۆیە ئازار بەڕاى من دیوە حەقیقیەکەى شیعرە بەپیرۆز کردنى کەسو ئایدیا کان نیە بەڵکو دروستکردنەوەى ڕۆحى ڕوخاوى مرۆڤە کان و هێنانەوەى ڕۆحى ڕاستە قینەى مرۆڤە بۆ نێو لاشەى ،تۆسەیرکە ئێمە ڕۆحمان بەدواى موحیبەتا هاوار ئەکاو بەدواى ساماندا ڕائەکەین بۆیە منپێم وایە ئیشى شاعیرەکان ئەوەیە ژیان لەڕۆح هەڵکێشن وبڵێن ئەوەى ژیان بونیاد ئەنێتەوە ڕۆح وعیشقە نەک سامان وسیا سەت وجەنگ وهاوشێوەکانیان.