هەردى شەفیق قەسیدەیەکە لێوانلێوە لەیاخیبوون.
شنۆ ئەحمەد
بەردەوام هەوڵ ئەدات بەڕستە سازیەکى جیاواز وێناو خەیاڵ و گەمەشیعریەکانى و جۆرێکى تر لە درک پێکردنەوە بێتەوە ناو گوڵزارەکەى شیعرو ئەزمونێکى تازە بەیان بکات شیعر لەو فۆرمە سادەو ساکارە قوتار بکات هەندێک بە ئەزمەى شیعرو هەندێک بەقەیرانى شیعر ناوزەدى دەکەن.
لەسەرەتاوە لەکەرەستەى فیکرى شیعرەوە دەست پێبکەم ئەویش جەستەى پارە پارەبووى نیشتیمانە دەتوانم بڵێم هەردى جوانسازیەکى زۆرو هونەر بڵاییەکى زۆرى نواندەوە تالەدوێنێوە ڕاڤەیەک بۆ ئەمڕۆ بکات،سبەى بخاتە ژێر پرسیارو گومانەوە.لەسەرەتاوە بەگوفتوگۆیەکى سەرنج ڕاکێشى نێوان نیشتیمان و شاعیر دەست پێدەکات و ئێستاو ڕابردوو شرۆڤە دەکات هەر بەو کەرەستە ئاساییانەى ڕۆژانە دەیبیننین بۆ ئەوەى وات لێبکات (دەموچاوت بشۆیت).
لەژێر تریفەى مانگدا ڕوتم کەرەوە، لەژێر باراندا ماچت دەکەم
تۆ دەزانى کوشتنى بوکەڵەیەک بە باوەشى مناڵێکەوە یانى چى ؟ دروست کردنى شەراب لە کەللەسەرى کوژراوێکدا یانى چى؟ قومار کردن لەنێو خوێنى شەهیدەکانتدا یانى چى؟ من لە لاڵەکانیشت تێدەگەم چى دەڵێن هاوارەکانت بەکەڕیش دەبیستم بەبێ بازاڕى مردوشۆرەکانیش دەزانم چ خوێنێ بەنێودڵى تۆدا دێت ودەچێ بەبێ تابووت سازەکانیشت دەزانم ژمارەى خۆکوژەکانت چەندە بەبێ دەف ژەنین دەزانم ژمارەى ئەو دەروێشانەت چەندە بە چەقۆ سەرى زمانیان لەت لەت دەکەن ................................
شاعیر هەمیشە پەڕو باڵى تازە دەردەکات و سەرزەمینى خەیاڵى و ئاسمانى خەیاڵى تازەتر دەدۆزێتەوە بۆ ئەوەى شیعرەکانى چێژ بەخش و زیندووبن بۆیە تابوو شکاندن لەشیعرى هەردی دا شتێکى تازەنیەو بووەتە ئولفەتێک لە ئولفەتە شیعریەکانى و لەم قەسیدەیەشدا بەردەوام بەشوێن بەها شێوێنراوەکاندا دەگەڕێ و دەیداتەوە بەناو چاوى شۆڕشدا.دەیداتەوە بەناوچاوى تەقدیسکراوەکاندا لێرەوە خاڵى سەرەتاى شیعرە کە دەست پێدەکات ئەویش ئەوەیە لاى شاعیر مرۆڤ لەهەموو شتەکانى دى موقەدەس ترەو نیشتمانێکى بێ مرۆڤ نیشتیمانێکى مردوە ،لاى شاعیر هیچ پیرۆزیەک بەپیرۆزى مرۆڤ ناگات بۆیە قەسیدەکە زیاتر لەگوفتوگۆیەکى کراوەى نێوان نیشتیمانێکى زاڵم و خەڵکێکى مەزڵوم دەچێت و جارێکیتر هەردى گەڕاوەتەوە سەر ستایلى هەردوو شیعرى (بۆنامکوژى) و (ژیان جەلادێکى بێگوناهە ).شاعیر دەیەوێت بڵێت لەهەر جێیەکدا مرۆڤ و ئەشکەنجە پێکەوە ژیان هەموو بەها پیرۆزەکان قابیلى ئەوەن جارێکى تر بخرێنەوە ژێر پرسیارو گومان و شرۆڤەوە ،لەهەر جێیەکدا موقەدەسێکى زاڵم هەبوو زەرورە مەزڵومێکى تەلیسم شکێن هەبێت ،لەهەر جێیەکدا قوربانى هەبوو خوێن پرسیارێکى گەورە لەسەر هەموو بە پیروزکراوەکان دائەنێت.
نیشتیمان ئەو کاتەى ئەکەوێتە ژێر چەکمەى کوڕەکانى خۆى لەهەموو ساتێ کارە ساتبارترە ،ئیتر خاکى کارەسات لە ژێر دەستەیی و سەر بە خۆیدا دووبرینى سەر یەک لاشەن و یەک جۆر ئازارایان هەیە، ئیتر قوربانیدان بەهاو پیرۆزى خۆى لەدەست دەدات و شۆڕش دەبێت بەدوو مەڵێک لەسەر ڕۆحى کوڕە راستەقینەکانى و تەقاندن و نەتەقاندنى هەرەسى خوێنێکى ترو کارەساتێکى ترە.
لێرەوە ئیدى دەڕۆم بەرلەوەى وەکو گۆشتى قوربانى ماڵەو ماڵ بمگێڕیت وەکو زیناکەرێک شارەو شار سوارى کەرێکم کەیت پێت دەڵێم نمەک حەرام دەرچویت، نیشتیمان تۆ کەى ئاوا مناڵەکانى خۆتت بەبۆنى گوناه دەکوشت ؟ لەبیرتە وەک چۆن بیابان ڕێبوارەکان لەنێو لەپى خۆیدا ئەکوژێ ئاوا گوناهم لە خۆمدا ئەکوشت؟ وەک چۆن کوێستان گوڵاڵە سورە لەڕۆحى خۆیدا سەوز ئەکات ئاوا ڕۆحم لە خوێنى خۆمدا سەوز ئەکرد منێک کەسەر شۆڕى خۆم نەئەخزاندە نێو دێڕى ئینشایەک وەکو خوێنى قوربانى ئەمدەى لەدەرگاى پەرستگایەک ...................................
نیشتیمانێک ڕۆڵەکانى لە خۆگۆڕین ڕادەکەن و بەئومێدى خۆ گۆڕین دەروزایەک بەڕوى خۆ کوشتندا واڵا دەکەن.گەرچى هەردى لە سەراپاى ئەم قەسیدەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکات نیشتیمان بەبێ کورد هیچ ماناو مەفهومێکى نیە لەتەک ئەوەیشدا لەزۆر شوێنى ئەم قەسیدەدا چەندە هانا بۆ ڕزگاربوون دەبات ئەوەندەیش بۆدەست بەرزکردنەوە لەبەردەم مردندا ،چەن هانا بۆ دروستکردن دەبات ئەوەندەش هانا بۆ ڕوخاندن. !!
دڵم دەخەمە شوشەیەک تێزاب و هەڵى دەگرم ڕۆحم لەنێو بۆنى ئەم گوڵ و باروتەدا مۆمیا ئەکەم ئێمە لەسایەى ئەرخەوانێکدا مەست دەبین بەرلەئێمە پایز جلەکانى بۆ یادگارى بردوە بۆماڵێک ئەچین ژنێک لەپەنجەرە خۆڵەمێشیەکانیەوە سەیرى خوائەکات لەسەر تەختە ڕەشێک وانە ئەخوێنین، ئاشوبى ساڵەکانى وێران بوونى پێوەیە دەرگاى ماڵێک ئەکوتین بۆ حەسانەوە، خاوەن ماڵ چاوەڕێ ى مردنى تیائەکات
بۆ ئەوەى ژیان نەمرێت بچۆرە سەنگەرەکانى مردن ،بۆ ئەوەى جەستەى ڕوتى هەقیقەت ببینى سەرەتا لەژیان پیرۆزیکان و پیرۆزیەکان لەپیرۆزى ڕوت کەرەوە بە بۆچونى من ئەمە بەشێکى سەرەکیە لەمەفهومى گشتى قەسیدەکە و شاعیر دەیەوێت بۆ ئەوەى ئینسان زیندوو بێت زەرورە لەناو ئازارى کۆمەڵگا کەیدا بمرێت زۆر بەڕونى ئەمە لەکۆتایی قەسیدەکەو لەچاوەڕوانى پێغەمبەرەکەدا دەر دەکەوێت .لەمەوە بۆمان دەر دەکەوێت فڕینى ئەو زێدەتر بەسەر زەمینى واقیعدایە نەک خەیاڵ بەرخورد لەتەک مەئلوفدا دەکات نەک نا مەئلوف.بۆیە لەهەر جێگایەکدا ڕوبەڕوى باڵندەمردوە سەر خوێنکەوتووەکانت دەکاتەوە جگە لەدانانى نیشانەى شۆک ئەو ڕۆلێ شینگیرى باڵندە کوژراوەکانیش دەگێڕێت، سەبکى دەربارو شایەرەکان تێک دەشکێنێ و ئەو گەمە دزێوەى شیعریش دەخاتەوە ژێر پرسیار جارێکیتر قوربانیکردنى قوربانیەکان چى ئەگەیەنێت ؟!نەخۆشیەکانى سیاسەت ،برینەکانى نشتیمان،وەک ڕەخنە گرێکى جدى بەزمانى شیعر شرۆڤە دەکات ئەرکە ڕۆژنامەنوسیەکەى خۆشى خستوەتە سەر باڵى شیعر و شیعرى لەچەپڵکوتان و پیاهەڵدان هێناوەتەوە سەر ئەمرى واقیع و وەزیفە ڕاستە قینەکەى .هەردى قوفڵى ئەو بێدەنگیە شیعریە دەکاتەوەو شاعیرى کردەوەتە ستایشکارو هەتا ئەگەر دنیا لە دوکەڵا ژێراو ژوربێت ئەو خەریکى عەیش و نۆش و ڕیتمى گۆرانیە کۆنەکەى خۆیەتى کەپیا هەڵدانە .
حەکیمە کانت ئەچنەوە بەر دەرگاى دێوانەکان بەڕەنگى خوێن و بۆنى خوێنەکەمدا بمناسەوە، نیشتیمان ئەوەتا لەو بازاڕەى دۆلفیەنکانت دەفرۆشرێن بەقەێابخانەکان پەپولەکانت دەسپێردرێن بەگۆڕستانەکان ئەوەتا نێو لەپت لەنێو لەپى سواڵکەرێکى جادەى (مەولەوى) ئەچێ سواڵى مردن ئەکاو کەسێک نیە بیکوژێ لەلەشفرۆشێکى شارى(منارە) ئەچێت دڵى بۆمردن ئەکاتەوە ئامێزى تۆ پڕبووە لەشەیتانى پیلانکارو پیاوى خیانەتکار ناو گەڵى تۆ پڕ بووە لەپەڕۆى شەهوەتاوى و خوێناوى کاتێکیش دەمەوێ ڕۆحم بخەمە جانتاکەم و بەجێت بێڵم بانگم دەکەن: ئەم هەوارە بۆ چۆڵ ئەکەى هەى حەیشەرى گوێ ناگرم نیشتیمان،گوێ ى نادەمێ نیشتیمان وەک چۆن پیاوێک ژنەکەى لەگەڵ حەشاماتێک نێرینەدا دەگرێ بەجێت دێڵم وەک چۆن ژنێک پیاوەکەى لەگەڵ دونیایەک سۆزانیدا دەگرێ بەجێت دێڵم
بەو زمانە ئەفسوناویەى ئەوەى خستەوە ژێر پرسیار ئەوانەى بەقەد قورسى ووشەى شیعر دەتوانن شاعیربن کێن؟ ئەوانەى دەمامکى شیعر لەسەر دەکەنکێن؟ئەوانە ى بەڕاستى شیعر دەنوسن کێن؟جارێکى تر نیشتمانى لەبەردەم گۆڕەکەى خۆیدا تەوزیفکردەوە .بۆیە هەقى خۆیەتى بڵێم مەرگى شاعیر دەتوانێت پیرۆزى بەباڵایدا ببڕێت و شیعرەکانى و ڕۆحى شاعیرەکەى بگوازێتەوە بۆ سەردەمەکانى دواتر .سەرکێشیە ڕاست و بریندارکەرەکانى هەردى بۆ دەسەڵات لەسۆنگەیەکى مەنتیقیەوە یە ئەگەرچى ببنە هۆکارى مەرگیشى زیندوو کەرەوەى ڕۆحى ئەون لەجێیەکدا کەبێدەنگى نێوان زاڵم و مەزلۆم ستایشە .ترس لەسامان ترس لە بژێوى ترس لەمردن جوانى شیعر دەکوژێت ئەمانە وادەکات لەناو گۆمى بێدەنگیەکەدا بەردێک ئاوەکە بشڵەقێنێ و هەزار بازنەى بچوک و گەورە دروست بکات هەردى جارێکى تر ڕو دەکاتە ئەو شۆڕشەى بەناوى نیشتیمانەوە دە ئاخڤێت و دەنوسێت :
نیشتیمان ئێستا فۆبیاى قوربانیەکە لەژورێکى تاریک وتەنیادا ئێستا مەیزەدەیەکە هەرشەوەى لەماڵى سۆزانیەکى شاردا دەخەوێت ڕۆژیش لەپشت بادەو نائومێدیەوە بەسەر دەباو هەموو ڕۆژێ قومارچیەکان لەشەیتان خانەکانى شاردا ئەیدۆڕێنن باغێکى سەوزە هەموو ڕۆژێک داربڕەکان ئەیکەن بەخەڵوز ئەو نەلە قومار حاڵى دەبێ و نەسەرى لەماتماتیکەکانى مردن و ژیان دەر ئەچێت ئەو ئێستا پاکەتەکەى خاڵیکردوەتەوە لە جگەرەکانى نائومێدى ئەو ئێستا قومار خانەیەکە هەر شەوەى وەجبەیەک تیایدا ئەدۆڕێت هەرشەوەى کۆمەڵێک فریشتەى سپى کەڕەنگیان لەڕەنگى شیعر ئەچێت تیایدا دەکوژرێت
زمانى شاعیر لەم قەسیدە دا زمانێکى هەمە لایەنە لەهەندێک شوێندا ئەوەندە کۆمەڵایەتى دەبێتەوە وا هەست دەکەیت لەناو بازاڕدایت و گوێ لە ئاخاوتنى ڕاستەقینەى نێوان دوو کەس دەگریت بەگللەین لەیەکترى لەهەندێک شوێنیشدا وا دەزانیت تەنیا بۆ ئەوە دەنوسێت سەراسیمەت بکات و لە هەندێک شوێنیشدا بۆ ئەوەى بیهێنێتەوە یادت ژیان لە ناو عەسکەر تاریەتى دوێنێ و کوشتنى لەسەر خۆى ئەمڕۆدا.
ئێستاش پڕبەگەروم هاوار دەکەم:
بۆ جوانیەکانت پیردەبن و نهێنیەکانت گەورە دەبن ،نیشتیمان؟ ئاخر من خوێنى مێژویەکى لەبیر کراوم لەبەر دەڕوات نەزیفى دڵى ئەو کچە ڕەشپۆشانەم لێدێ بەرلەیەکەم ماچ،یەکەم گوللە دڵدارو دەسگیرانەکانى بردن پڕبە گەروم هاواردەکەم ئەو هەموو فریشتە بێ ناموسە بۆ لەسەرى مندا دەقریشکێنن ؟ ئەو هەموو سواڵکەرو سۆزانى و برین فرۆشە بۆ لەڕۆحى مندا دەبن بە جەللاد؟ ئەم هەموو شەقامە بۆدەبن بەزیندان؟ ئەم هەموو ڕۆحە بۆ دەبن بەلاشە؟ من چى بکەم لەشەربەت فرۆشەکانت هاوارى خوێنى شەهیدانت ئەکەن ؟؟ چى بکەم لەقارەمانە کانى دوێنێت قومار بەماناکانى دوێنى َى قوربانیدانت دەکەن؟؟
سەرنج لەم کورتە بەشانەبدەین تێدەگەین ئەو قاڵبێکى دیارى کراوى نیەو تەنیا فیکرەى قەسیدەکەیە بووە بەپەتى تەزبیح بۆ کۆکردنەوەى زمانو خەیاڵەجیاوازەکانى کۆپلەکانى قەسیدەکە.
وەک جاڕچیەک هاواردەکەم عابا ڕەشەکەت هەڵگرە باخوێنەکەت ببینم تۆش ئەتوانى بمدۆزیتەوە و بمکوژى من دەمەوێت کوڕەکانت نیشانى خۆیان و تۆ بدەم بۆئەوەى نەڵێت درۆ ئەکات جانتاى موسافیرەکانت ئەکەمەوە ڕێگایەکە بەرەو مردن بۆ ئەوەى نەلێیت درۆئەکات، دڵى موسافیرەکانت ئەکەمەوە پڕە لەڕۆحى کوژراو بۆ ئەوەى نەڵێیت درۆ ئەکات ،جەللادو قوربانیەکانت نیشان ئەدەم بە خوێنەوە بۆ ئەوەى نەڵێت درۆ ئەکات، بەر لەوەى پێت بڵێم: خوات لەگەڵ نیشتیمانى غەم ،وەسیەت نامەکەمت بۆ ئەنێرمەوە تۆئەزانى خوێنى ئەم عەزاب و خۆکوشتنەش لەپێناوى هیچدا ئەڕژێ ئاخرى هێندەى گوللەى دوژمنانت گومان لەپاکى شۆڕشگێرەکانت ئەمکوژێ
لێردا شاعیر دێتە سەر باسى زوڵم گەڵێک لەسەر جەستەى نیشتیمان کەهەر لەو پارچە گۆشتەزیادانە دەچن توشى سەرەتان بوون و کاتى ئەوەیان هاتووە بەنەشتەرگەرى لێبکرێنەوە بۆ ئەوەى نیشتیمان لەسەر مێزى نەخۆشخانە بێ دکتۆرەکەى گیانى دەرنەچێت،پێویستە نەشتەر گەرى بۆ بکرێت .گەر بەنێو وێنا شیعریەکانى هەردى و گەمە خەیاڵى وزمانیەکانی ئەم قەسیدە درێژدا ڕۆبچین کە خۆى لە 15 لاپەڕەدا دەبینێتەوە ئەوا کاتێکى زۆرمان دەوێت و دەسەڵاتى ئەویش بەسەر ئەو جۆرە وێنە شیعریانەدا کەخەسڵتێکى کەم وێنەى شیعرى ئەون ڕامان دەکێشن بۆناو باس و خواسێکى فرەتر نەخاسمە ئەویش کە فۆتۆ گرافەرێکى بەدیقەتى شیعرە و پێ بەپێ لەتەک واقیع شیعر دەست لەملان دەکات و لەتەک ئەو ڕیتمە شیعریەدا بەدواى وەڵامى پرسیارە دروستنەرکراوەکاندا دەتبات ئەگەربمانەوێت کورتەیەک لەوێنەکان بخەینە ڕو ئەوا خوێنەرى شیعر خۆى ئەتوانێت وردتر سەرنج لەم وێنە شیعریانە بدات :
من دەم ویست سەرم بخەمە سەرمەمکەکانى کچێک و خەوم لێبکەوێت جلە خوێناویەکانم لەبەر باراندا بشۆم و ئاوى گوڵە سورەکان بدەم ئەو مناڵە پەشیمان کەمەوە بەدارو لاستیکەوە بەردى ئەگرتە پەنجەرەى مانگ ئەو کچە بهێنمە پێکەنین مانگ بەبریندارى لەچاوەکانیدا ئەگریا ئەو عاشقانە پەشیمانکەمەوە فاڵیان بەپەڕەى گوڵەکان دەگرتەوە دەم ویست هاواربکەم بابێن تایەفەى پەپولەکان بابکوژرێن عەشیرەتى مرۆڤەکان دەم ویست ئەم قانونى کوشتنە تێک بدەم و گاڵتە لەگەڵ ئەم خوێنەدا بکەم کەچى شاعیرەکان هاواریان دەکرد : ڕەشەباى مەرگ هات بائەم هەوارە جێبێڵین تاعون هەڵیکرد بالێرە بڕۆین
هەردى بەڕۆحێکى شەرمەزارەوە لەتەریقیدا چاوەڕێ ى گیان کێشانە لە کۆتایی ئەم قەسیدە دا چیتر ئومێدێک ناهێڵێتەوە لەوێستگایەکدا چاوەڕوانى پێغەمبەرێکە کەئەشێت بێ یانەیەت پێغەمبەرێک لەپەناى دەسەڵاتدا پاروى دەمى دەستکورتێک نەخوات و گۆرانى بەباڵایدا بڵێت ،بەپلیکانەى شیعردا سەرۆکەکان بخاتە سەر کورسیەکان و لەسێبەرى کورسیەکاندا دڵنەوایی بۆ هەژاران بنوسێت ،دەیەویت بڵێت ئەو پێغەمبەرە ئیفلاسە لەشکۆ لەگەڵ سیاسەت گۆرانى بەباڵاى یەکتریدا ئەڵێن و دەمامک بۆ یەکترى دروست دەکەن. دەیەوێت ئەو پێغەمبەرە سیاسەت کوژە بێت هەموو کۆشکەکانى سیاسەت بڕوخێنێ لە خشتى ئازار هەڵچنراون و هەموو ئەو گەنجە قەرەجانە لەتەک نیشتیمانەکەیانا ئاشت بکاتەوە بەقەد شوێن پێیەک خاک لێیان بووە بەخەون وخەیاڵ ،پێغەمبەرێک کراسى فانتازیا لەبەر ئەو سوڵتانانە دابکەنێت بەژەهرى لەسەر خۆ مردنى خۆتت پێ نۆش دەکەن و ئەوەى شتۆکەیەک ڕاستیان پێ بڵێت چاڵ بۆ مردنى خۆى هەڵدەکەنێت .ئەوەیشى لە ستایش جەهل بەخێو دەکات ،لەستایش چاڵ بۆهونەر هەڵدەکەنێت بەدرۆ ڕاستى دەکوژێت لەپێکەنینى خۆیا گریان بۆ ئەوانى تر هەڵ دەچنێت.
ئاخر لێرە لەم کوشتارگا خوێن وپەپولە گوڵ و باروت بکوژو کوژراو جەنگ و جوانى جەللادو قوربانى پێکەوە سەما دەکەن هەر لەم کلیساش چاوەڕێ هاتنەوەى عیسا دەکەن ئەمەقسەى حەق بێژێکە ئەکرێت ڕۆژێک لەڕۆژان بیکات، یاهەر نەیکات قسەى ئەو ڕۆحە وێرانەیە لەوانەیە هەرئێستا لەتەریقیدا بمرێت ،یاهەر نەمرێت قسەى پێغەمبەرێکە ئەشێت لەسەدەکانى تردابێت، یاهەرنەیەت
بۆ نوسینى ئەم بابەتە سودم لەبابەتە ڕۆژنامەوانیەکانى شاعیر وەرگرتووە.
a.shno@yahoo.com
|