١٠\٨\٢٠١٢
هەرێمەکى گەندەڵ!!!
هۆگر
ئامارەکانى پێشتر ئەوە نیشان دەدەن ئێراق دووەم گەندەڵترین وڵاتى جیهان
بووە، ئەگەر ئەو ئامارە لۆ هەرێمەکانیش بکرێ ئەوە بە بێ گومان هەرێمی
کوردستان پلەى یەکەم دەستەبەر دەکا، جا وڵاتێک بەو شێوەیە کلۆر و وێران
بێ پێویستە حەیرانەکى باشى لۆ ببێژین!
رێکەوتنە ژێربەژێرەکان پڕن لە بڕیارى شاراوەى وێرانکەر و کاریگەریی
ترسناکیشان لەسەر سیستەمى سیاسى هەر وڵاتێک هەیە چونکە ئەو رێکەوتننانە
هیچ سوود و قازانجەکی نیشتیمانییان تێدا نییە و حیزبە فەرمانڕەواکان
تەنیا لە پێناو بەرژەوەندیی و مەرامە بۆگەنەکانی خۆیان بەکاریدەهێنن،
هاوڵاتیی داماوى ئەو دەڤەرە هیچ زانیارییەکی نییە لەوەی کە داخۆ لە
کۆبوونەوە داخراوەکاندا باسی چ دەکرێ و چ دەگوزەرێ، پاش هەر
کۆبوونەوەکی داخراویش کە دەبیتە جێی سەرنج و لە نێو خەڵکدا مقۆمقۆی
لەسەر دەکرێ.. ئیدی دەسەڵاتداران لۆ چاوبەستنى خەڵکەکە لە سەرەتادا لە
چوارچێوەی دەنگوباس و کۆنفرانسی رۆژنامەنووسیی و لە چەند بەرنامەیەکی
دیکەی تەلەفزیۆنیی بە کۆمەڵەک وشە و دەستەواژەی عەلەق و بەلەق دێنە
ئاخاوتن و بە هەنگاوى زۆر ئەرێنیی و دەستکەوتی زۆر مەزن دەیخەنەڕوو! پاشانیش نووسەرە دەربارەکانیان لە نێو رۆژنامە و ماڵپەڕە حزبییەکان و
بە ناو ئازاد و ناحیزبییەکان (کە پارەیەکى خەیاڵیی بە فیڕۆ دەدەن)
دەخەنەگەڕ لۆ چەولشەکردنى هەر تاکێکی کۆمەڵ.. بە جۆرەکی وەها ستایشی
بەرپرسان دەکەن و بە زیرەکیی و دڵسۆزیی و نیشتمانپەروەریی و
کارەکانیاندا هەڵدەڵێن کە ئەگەر کەسەک هۆشیارییەکی باشی نەبی و زۆر
هووردبین نەبی ئەوە چەواشە دەبی و کۆلەوارانە بە دووی قسەکانیان دەکەوی..
خۆ ئەگەر کەسانەکی ئازادیخوازیش هەبن بیانەوێ راستگۆیانە بەدواداچوونەک
بکەن ئەوە قازانج سەری مایە دەخوا!
پێشکەوتنى هەر
جێیەک پەیوەستە بە خوێندنەوە.. هەر وڵاتێک ئاستى
خوێندەواریی تێدا بەرز بی ئەوە بە بێ بێگومان ئەو وڵاتە بیر و هزرى
زیندووە و بە شێوەیەکی بەردەوام لە گشت بوارەکان گەشە دەکا، بەڵام ئەو
بە ناو حکومەتى هەرێمە هەرگیز نایەوێ خەڵک ژیر و هۆشمەند بن و رەخنە
بگرن.. ئەگەر لە پێناو بەدیهێنانی ماف و ئازادییەکانیش جوولەجوولەک
بکەن ئەوە سەرکوتیان
دەکەن.. چونکە دەسەڵاتداران دڵنیان لەوەی کە ئەو
جۆرە خەڵکانە دەبنە مەترسیی لۆ سەر بەرژەوەندییەکانیان. لە کوردستان یاسا
زۆرن بەڵام رێکارە یاساییەکان و
جێبەجێکردنیان هەر لە بنەوە بوونی نییە
و وەک ئەستەمێک دێتە بەرچاوان، لەو هەرێمە دوو رەنگەدا مافیاکان بە
ئارەزوى خۆیان کلک و گێى یاسا و رێساکان دەکەن و هەر بەرگێک بیانەوێ لە
بەریان دەکەن! جا هەرێمەک بەو شێوەیە یاسا نەتوانێ کارى خۆى بکا ئەوە
ئازادیی بوونى نییە و مرۆڤەکان بەوپەڕی دڕندەیی دەکەونە ژێر گوشار
و شاڵاوەکانی دەسەڵات، کارەساتەکە لێرەدا ئەوەیە خەریکە نەوەى نوێش
لەسەر هەمان ئاراستەی کوێرانەى ئەو
حیزبانە هەنگاو دەنێن.. لۆ نموونە:
گەنجەک کە تەمەنى یاسایی تەواو نەکردییە چەکى دەدەنە دەست لۆ تۆقاندن و
سەرکوتکردنى هاوڵاتیان..
ئیدی ئەو گەنجە لەو هەرێمە کاولبووە بە هۆی
پەروەردەکى ناتەندروست و لە ناهۆشیاریی خۆی لە پێناو پەیداکردنی بژێوی
ژیان و گوزەران دەبیتە داردەستی دەسەڵاتداران و دەکەویتە
ئازاردانی هاوچین و هاونیشتیمانیانییەکانی خۆی!
خەڵکی کوردستان چ وەک تاک چ وەک کۆمەڵ هەرگیز ئەستەم بووە چێژ لە ژیانی
خۆیان وەربگرن جا چ لە سەردەمی رژێمی بەعسییەکان بووبێ یان لە ئێستا کە
مافیاکانی کورد دەسەڵاتدارن، هەرچی کوشتن و بڕین و
ئازار و ئەشکەنجەدان و راونان و نابڕین و سەرکوتکردنی سەردەمی
رژێمی گۆڕبەگۆڕی بەعسی هەبوو لە ئێستادا بە شێوەیەکی دیکە کۆپی کرایە..
جوایەزییەکە هەر ئەوەیە کە ئەوەی پێشان وەک وێنەیەکی رەش و سپی بوو
بەڵام ئەوەی ئێستا هەر هەمان وێنە و بە شێوەی رەنگاوڕەنگ پێمان پیشان
دەدەن، ئەگەر نا ئەوە
هەرگیز بە سەدان هەزار کەس لەو خەڵکی هەرێمە لە
کاسبکاران و بیرمەندان و نووسەران و شاعیران و هونەرمەندان... هتد
ناچار نەدەبوون نیشتیمانەکی دەوڵەمەندی وەک کوردستان بەجێبهێڵن و روو
لە هەندەران بکەن و ژیانی تاراوگە هەڵبژێرن.. دەی باشە ئەگەر وەک
ئەوەی ئەو سیستەمە تۆتالیتارەی خۆمان
پڕوپاگەندەی دەکەن کە نان و ئازادیی و دیموکراسی هەیە لە کوردستان..
لەبەرچی ئەو سەدان هەزار پەنابەرە ئاوارەبووە کە تا ئێستا هەندێکیان
مافی نیشتجێبوونیشیان لە وڵاتان وەرنەگرتییە ناگەڕێنەوە نیشتیمانی
خۆیان؟! نەخێر.. ئەوانە و هەموو ئەوانەش کە ئێستا وڵات بەجێدەهێڵن
کەسیان لە نیشتمانی خۆیان خۆش نابن و لە دەرێش هەر
دژ بەو هەرێمە گەندەڵە درێژە بە خەباتی ئازادیخوازانەی خۆیان
دەدەن و ئەگەر لە تەمەنی خۆشیان نەتوانن بگەڕێنەوە سەر وڵاتەکی ئەوها
کە مرۆڤ بتوانی بە ئازادیی و ئاسوودەیی تێیدا بژیێ ئەوە نەوەیەکی نوێ و
بە بیر و هزرەکی سەردەمیانە لە پێناو ئایندەیەکی گەشاوە لۆ نیشتیمان
پەروەردە دەکەن.
hogirsozdar@yahoo.com
|